هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان‌و خه‌ڵكیش چاوه‌ڕێ بوون نێچیره‌ڤان بارزانی ده‌ست بهجموجۆڵهكانی بكات بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان، چونكه بووه‌ته نیمچه عورف هه‌موو جارێك پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌رۆكایه‌تی كابینه وه‌زارییه‌كان بهنێچیرهڤان ده‌سپێرێت، كه‌چی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حیزبه رۆژی 3ی ئه‌م مانگه ئه‌ركه‌كه‌ی به‌كه‌سێكی دیكه سپارد، هه‌رچه‌نده له‌وه‌شدا دوور نهڕۆیشتو پۆسته‌كه هه‌ر بۆ كه‌سێكی دیكه‌ی ناو بنه‌ماڵه‌ی بارزانی بوو، كه ئه‌ویش مه‌سرور بارزانی كوڕی مه‌سعوده بارزانییه.
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی ئێستای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ساڵی 1996، پۆستی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی وه‌رگرت، له‌ساڵی 1999 به‌سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ستنیشان كرا، له‌ئازاری 2006 نێچیرڤان بارزانی بۆ جاری دووه‌م پۆستی سه‌رۆكی كابینه‌ی پێنجه‌می یه‌كگرتووی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی وه‌رگرته‌وه‌و له‌ساڵی 2009 به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی وه‌رگرت له‌كابینه‌ی شهشهمداو دواتر و له 2012 تا 2014 نێچیرڤان بارزانی بووه‌وه به‌سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌كابینه‌ی حهوتهمداو چوار ساڵی رابردووش له‌كابینه‌ی هه‌شته‌م سه‌رۆك وه‌زیران بوو.
له‌به‌رامبه‌ر مه‌سرور بارزانی وه‌ك یه‌كێك له‌كاراكته‌ره ناو پارتی‌و حوكمڕانی هه‌میشه له‌سێبه‌ردا كاری كردووه‌و شوێنپه‌نجه‌ی ئه‌و له‌سه‌ر هێزه ئه‌منییه‌كان دیاره، به‌و پێیه‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستانه، ئه‌مه یه‌كه‌مینجاره وه‌ك كه‌سی یه‌كه‌می نێو ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن خۆی نمایش ده‌كات.
پارتی، نێچیره‌ڤان بارزانی له‌كاندیدی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت دورخسته‌وه، به‌ڵام به‌مه‌ش خۆری برازاكه‌ی مه‌سعود بارزانی ئاوا نه‌بوو، به‌ڵكو بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پاڵێورا.
سه‌ركردایه‌تی پارتی له‌یه‌ك كاتدا ناوی هه‌ردوو كاراكته‌ره‌كه‌ی بۆ پۆستی سه‌رۆكی ههرێمو سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌یانكرد، ئه‌مه‌ش ره‌نگه گرێدراوی ئه‌و ناكۆكییه رانهگهیهندراوهی نێوان هه‌ردوو ئامۆزاكه بێت، چونكه نه‌ده‌بوو له‌و ململانێیه‌دا هیچ كامیان به‌دۆڕاو بزانرێن.
هه‌رچه‌نده بڕیاره‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی پارتی بۆ دیاریكردنی مه‌سرور بارزانی بۆ زۆرێك چاوه‌ڕواننه‌كراو بوو، به‌ڵام فرسه‌ت سۆفی ئه‌ندامی خولی چواری په‌رله‌مانی كوردستان له‌فراكسیۆنی پارتی، ئه‌و بڕیاره به‌ئاسایی دهزانێتو ده‌ڵێت: "پارتی هه‌میشه گۆڕانكاری له‌پۆسته‌كان ده‌كات، ئه‌م گۆڕانكارییهشی له‌و چوارچێوه‌دایه".
فرسه‌ت سۆفی، كه ئه‌ندامی شاندی پارتی دیموكراتیشه بۆ گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتوو، بۆ "نیقاش" ده‌شڵێت: "پارتی ده‌یه‌وێت له‌كابینه‌ی داهاتوو ده‌موچاوی نوێ بهێنێته پێشه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و رێگه‌یه‌وه گۆڕانكاری بكات‌و ئه‌و به‌ڵێنانه‌شی له‌كاتی هه‌ڵبژاردن داویه‌تی به‌خه‌ڵكی وه‌ك خۆی جێبه‌جێی بكات".
هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له 30 ئه‌یلوولی رابردوو به‌رێوه‌چوو، پارتی دیموكرات 45 كورسی به‌ده‌ستهێناو بووه براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كه، به‌مه‌ش كاندیدی ئه‌و حیزبه راده‌سپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت.
پارتی به‌ته‌نیا ناتوانێت حكومه‌تی داهاتوو پێكبهێنێت، بۆیه له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی تری گفتوگۆ ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رێككه‌وتن كابینه‌ی داهاتوو دروست بكه‌ن، ئه‌و لایه‌نانه‌ش، كه گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ ده‌كات، یه‌كێتی نیشتمانی (21 كورسی دووه‌می هه‌ڵبژاردن)، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان (12 كورسی سێیه‌می هه‌ڵبژاردن) ده‌بێت، كه ره‌نگه لایه‌نی تریش بهێنێته ناو حكومه‌ته‌وه‌و ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر گفتوگۆكان ده‌مێنێته‌وه.
هه‌ڵوێستی یه‌كێتی له‌باره‌ی گۆڕانكارییه‌كه‌ی پارتی ئه‌وه‌یه كه ئه‌و حیزبه سه‌رپشكه له‌وه‌ی چ كاندیدێك بۆ سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت كاندید دهكاتو ئاماده‌شه گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه بكات، بۆ زوو یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت.
سه‌عدی پیره وته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی بۆ "نیقاش" وتی: "بڕیاری پارتی بۆ دیاریكردنی مه‌سرور بارزانی بۆ سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت له‌ده‌ستی خۆیانه‌و ئێمه‌ش پێشوازی لێده‌كه‌ین".
سه‌عدی پیره وتیشی: "به‌بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی، هه‌وڵه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت هه‌نگاوێكی باش ده‌چێته پێشه‌وه"و هیوای خواست به‌زوویی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومه‌ت له‌نێوان لایه‌نه‌كان ده‌ستپێبكات.
مه‌سرور بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانی به‌وه‌رگرتنی پۆسته نوێیه‌كانیان كۆمه‌ڵێك ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنیان له‌سه‌رۆكایه‌تی حكومهتو هه‌رێم ده‌بێت، ره‌نگه ئه‌و تێكه‌ڵبوونی ده‌سه‌ڵاته رووبه‌رووی ململانێیه‌كی دیكه‌یان بكاته‌وه.
كه‌مال ره‌ئوف نوسه‌رو چاودێری سیاسی له‌و باره‌وه ده‌ڵێت: "به‌ركه‌وتنی نێچیرڤان بارزانی‌و مه‌سرور بارزانی ده‌مێكه به‌رده‌وامه، بوونی دوو میدیای جیاوازی كه‌ناڵه‌كانی "كوردستان ٢٤ و رووداو"، بوونی دوو پرۆژه‌ی خێرخوازی "روانگه‌و ده‌زگای بارزانی"، هه‌روه‌ها له‌ماوه‌ی ١٧ ساڵی حوكمرانی نێچیرڤان بارزانی، مه‌سرور بارزانی ئاماده نه‌بوو وه‌ك وه‌زیرێكی حكومه‌ت په‌یوه‌ست بێت به‌سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه، له‌گه‌ڵ بوونی دوو گوتاری جیاواز، ئه‌وانه نموونه‌ی زیندووی ئه‌وه‌ن، كه ئامۆزاكان شه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتدارییه‌تی پارتی ده‌كه‌ن بۆ دوای مه‌سعود بارزانی".
كه‌مال ره‌ئوف هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: "ئه‌وه‌ی تائێستا شه‌ڕه‌كه‌ی راگرتووه، خودی مه‌سعود بارزانییه، كه به‌قوه‌ته‌وه له‌پشته‌وه وه‌ستاوه‌و ئه‌م به‌ریه‌ككه‌وتنه خاوترو دورتر ده‌خاته‌وه، به‌ڵام به‌ئاشكرا له‌رۆژه‌كانی ئایندهی حوكمرانی ئه‌واندا ناكۆكییه‌كان زیاتر دهردهكهونو هیچ زهمانهتیكیش نییه بۆ چاره‌سه‌ر".
مه‌سرور بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانی له‌ناو حیزبه‌كه‌یان‌و ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و حیزبه‌ش هێزو ده‌سه‌ڵاتێكی زۆریان هه‌یه‌و زه‌حمه‌ته له‌ئێستادا بتوانرێت باڵاده‌ستی یه‌كێكیان به‌سه‌ر ئه‌وی دیكه‌یاندا ده‌ربخرێت، ئه‌وه‌ش ده‌سه‌ڵاتانه توانای ململانێكردنیان زیاتر ده‌كات.
له‌سه‌ر ئاستی میدیا نێچیرڤان بارزانی خاوه‌ندارییه‌تی كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی (رووداو) ده‌كات، كه گه‌وره‌ترین كه‌ناڵی كوردییه، ئه‌مه جگه لهههفتهنامهو ده‌زگای رۆشنبیری دیكه‌ش، له‌به‌رنبه‌ردا مه‌سرور بارزانی خاوه‌نی كه‌ناڵێكی دیاری وه‌ك (كوردستان 24) ده‌كات دیسانه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌فته‌نامه‌و چه‌ند ناوه‌ندێكی میدیایی‌و رۆشنبیری دیكه، زانكۆی كوردستان هی نێچیرڤان بارزانییه‌و زانكۆی ئه‌مه‌ریكی له‌دهۆك هی مه‌سرور بارزانییه، نێچیرڤان بارزانی "ده‌زگای روانگه‌ی" خێرخوازی هه‌یه‌و مه‌سرور بارزانیش خاوه‌نی "ده‌زگای خێرخوازی بارزانی"یه.
بۆ هه‌موو سێكته‌رو بواره‌كانی دیكه‌ش به‌م شێوه‌یه‌یه، به‌ڵام ره‌نگه دیارترینیان ئاستی ئهمنیو سه‌ربازی بێت، كه له‌مه‌یاندا مه‌سرور بارزانی باڵاده‌ستتر ده‌نوێنێت، چونكه مه‌سرور بارزانی ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ده‌زگاكانی ئاسایش‌و دژه‌تیرۆری كوردستان‌و هێزه‌كانی زێرهڤانیو به‌شێكی زۆر له‌لیواكانی یه‌كه‌ی هه‌شتای سه‌ر به‌پارتی هه‌یه‌و نێچیرڤان بارزانیش له‌رێگه‌ی ره‌وان ئیدریس بارزانی برایه‌وه ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر چه‌ند لیوایه‌كی پێشمه‌رگه هه‌یه.
وه‌ك هه‌موو حیزبه‌كانی دیكه‌ی كوردستان له‌كاتی ئاماده‌بوونی كه‌سی یه‌كه‌مدا به‌ده‌گمه‌ن باسی شوێنگره‌وه ده‌كرێت، بۆ پارتیش به‌هه‌مان شێوه‌یه، به‌ڵام له‌دوای پاشه‌كشه‌ی مه‌سعود بارزانییه‌وه زۆر كه‌س پێیان وایه جموجۆڵه ناوخۆیی‌و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی ئه‌و دوو ئامۆزایه بۆ ئه‌وه‌یه وه‌ك شوێنگره‌وه‌ی ئه‌و خۆیان نمایش بكه‌ن.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌زۆربه‌ی ئاسته‌كاندا ململانێی دوو ئامۆزا دیاره، به‌ڵام تائێستا هه‌ردوولا ده‌ستیان بهمهركهزییهتی پارتییه‌وه گرتووه‌و لهتۆكمهییدا كه‌وتوونه‌ته پێش حیزبه‌كانی تر‌و ره‌نگه له‌ئاینده‌شدا به‌پێچه‌وانه‌ی حیزبه‌كانی دیكه‌وه له‌سه‌ر جۆرێك له‌دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات رێك بكه‌ون كه به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولایان بپارێزێت.
فرسه‌ت سۆفی له‌باره‌ی چاره‌نووسی مه‌سعود بارزانی ده‌ڵێت: "ئه‌و به‌هۆی كه‌سایه‌تییه كارێزماییهی هه‌یه‌تی، كه‌س ناتوانێت وه‌ك ئه‌و رۆڵ له‌هه‌رێمی كوردستان بگێڕێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش هه‌موو كارێكی بۆ ئه‌وه‌یه نێچیره‌ڤان بارزانی‌و مه‌سرور بارزانی وه‌ك خۆیان رۆڵ بگێڕن".