پزیسكی ناڕه‌زاییه‌كان وه‌كو جاران له ناوه‌ندی پارێزگاكه‌و له‌ڕێی جموجوڵی چالاكوانانه‌وه ده‌ستی پێنه‌كرد، به‌ڵكو له‌و كه‌سانه‌وه بوو كه له دووكه‌ڵی كێڵگه نه‌وتییه‌كان تێربوون به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به باشبوونی گوزه‌رانیان بكه‌ن، چونكه قه‌زاو ناحیه‌كانی قوڕنه‌و مه‌دینه له‌باكووری به‌سره كه پێشتر ناوچه‌ی كشتوكاڵی بوون، به‌ده‌ست خراپی خزمهتگوزاریو بێكارییه‌وه ده‌ناڵێنن.
رووكاری گشتی ناڕه‌زاییه‌كان شێوازی توێژی گه‌نجانی هه‌ڵگرتبوو، دیاربوو خۆپیشاندانه‌كانیش له‌وه گه‌وره‌ترن كه هیچ حزب یاخود لیژنه‌یه‌كی هه‌ماهه‌نگی توانای رێكخستنیانی هه‌بێت، هه‌روه‌ك هه‌ندێك جار هه‌ندێكیان خۆڕسك دیاربوون.
به‌ڵام په‌نابردن بۆ گه‌مارۆدانی كێڵگه نه‌وتییه زه‌به‌لاحه‌كان له ناوچه‌كانی مه‌جنون‌و نه‌هران عومه‌رو به‌رجسیه له خۆرئاوای به‌سره، به‌مه‌به‌ست بوو، ئه‌مه جگه له رووداوه‌كانی دواتریش له داخستنی ده‌روازه سنوورییه‌كان له‌گه‌ڵ ئێران‌و كوه‌یت به‌نده‌ره‌كانی عێراق.
خۆپیشانده‌ر نه‌جاح شه‌ممه‌ری (28 ساڵ) كه ده‌رچووی كۆلیجی زانسته‌و كاری چاككردنی مۆبایل ده‌كات، سه‌باره‌ت به‌و هه‌نگاوه‌یان به "نیقاش"ی وت: "هه‌ستكردنی گه‌نجان به‌وه‌ی ته‌واوی ئابووری وڵات پشت به به‌رهه‌می نه‌وتی به‌سره ده‌به‌ستێت، هانی دان بۆئه‌وه‌ی گوشار بخه‌نه سه‌ر ئه‌و ده‌ماره هه‌ستیاره. گه‌نجان هۆشیاری ئه‌وه‌یان هه‌یه گوشار بخه‌نه سه‌ر سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی تێركردنی رژێم بۆیه بینیمان سه‌رۆك وه‌زیران وه‌ڵامی داواكارییه‌كانی داینه‌وه ئه‌گه‌ر به زاره‌كیش بێت".
به‌ڵام گه‌مارۆدانی كێڵگه نه‌وتییه‌كان رووبه‌ڕووی به‌رگرییه‌كی توندی هێزه ئه‌منییه‌كان بووه‌و له ده‌رئه‌نجامدا ژماره‌یه‌ك كوژراو‌و برینداری له هه‌ردوولا لێكهوتهوه.
خۆپیشانده‌ر ئه‌حمه‌د مالیكی (27 ساڵ) له قه‌زای قوڕنه له هه‌موولایه‌كه‌وه رووبه‌ڕووی ده‌ستڕێژی گولله بووه‌ته‌وه‌و له‌باره‌ی ئه‌و چركهساتانهشهوه به "نیقاش"ی وت: "له چه‌ند شوێنێكی جیاجیاوه ته‌قه‌مان لێكرا، پۆلیس‌و هێزه‌كانی سوات‌و پۆلیسی پاراستنی دامه‌زراوه نه‌وتییه‌كان، هه‌روه‌ك ئه‌ندامانی میلیشیا حزبییه‌كان رێنمایی هێزه ئه‌منییه‌كانیان ده‌كرد بۆ شوێنی رێبه‌رانی خۆپیشاندانه‌كان تا ده‌ستگیریان بكه‌ن".
له‌م رووه‌شه‌وه چالاكوانی سیاسی عه‌باس جورانی دووپاتی ده‌كاته‌وه كه ئه‌دای خراپی ده‌زگا ئهمنییهكانو سوپا له‌دژی خۆپیشانده‌ران حاڵه‌ته‌كه‌ی ئاڵۆزكردو ئه‌نجامی پێچه‌وانه‌ی دا به‌ده‌سته‌وه به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی له مێشكی فه‌رمانده ئه‌منییه‌كاندا بوو، ئه‌وه‌ش بووه ئاڵنگارییه‌ك بۆ خۆپیشانده‌ران.
ئه‌و بۆ "نیقاش"ی روونكرده‌وه: "له ناوچه‌ی هوێر له‌نزیك كێڵگه نه‌وتییه‌كان هه‌ر كه بڵاوه به خۆپیشاندان یاخود مانگرتنێك ده‌كرێت، یه‌كێكی تر ده‌ستپێده‌كات. تێبینی ئه‌وه‌ش كراوه كه كوشتن‌و به‌كارهێنانی توندترین شێواز له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه له نزیك كێڵگه‌كانی نه‌وت بووه. دیاره فه‌رمانی توند هه‌بووه بۆ پاراستنی كێڵگه‌كانی نه‌وت تاڕاده‌ی كوشتن. له خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌م دواییه‌دا دوو كه‌س كوژران‌و كه‌سێكی دیكه‌ش برینداره‌و له بارێكی مه‌ترسیداردایه".
شێوازی توندوتیژی ته‌نیا لایه‌نه‌كانی به‌سره‌ی نه‌گرته‌وه، چونكه له ناوه‌ندی پارێزگاكه‌دا كه پزیسكی خۆپیشاندانه‌كانی پێگه‌یشت، هێزه ئه‌منییه‌كان به‌هێزو گولله‌ی راسته‌قینه رووبه‌ڕووی خۆپیشاندهرانو مانگرتووان بوونه‌وه‌و ده‌ستیان به‌سه‌ر خێمهكانیاندا گرت، هه‌روه‌ها فڕۆكه‌ی بێفڕۆكهوانیشیان به‌كارهێنا بۆ وێنه‌گرتنی خۆپیشانده‌ران، له‌كاتێكدا توڕه‌یی خۆپیشانده‌ران له حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات هانیدان بۆ هێرشكردنه سه‌ر نووسینگه‌ی حزب‌و میلیشیاكان كه هه‌ندێكیان به ته‌قه‌كردن وه‌ڵامیان دانه‌وه.
به‌وته‌ی چالاكوان كازم سه‌هلانی مامۆستا له زانكۆی به‌سره، له‌وه‌ته‌ی خۆپیشاندانه‌كان ده‌ستیان پێكردووه 10 خۆپیشانده‌ر به ته‌قه‌ی هێزه ئهمنییهكانو پاسه‌وانانی باره‌گا حزبییهكانو دامه‌زراوه نه‌وتییه‌كان كوژراون‌و زیاتر له 900ی دیكه‌ش ده‌ستگیركراون.
ئه‌و له‌باره‌ی ده‌ستگیركردنه‌كانه‌وه به "نیقاش"ی وت: "به‌شێكی زۆری خۆپیشانده‌ران دووچاری ئه‌شكه‌نجه‌دان بوونه‌ته‌وه‌و پاشان زۆربه‌یان به به‌ڵێننامه‌ی زۆره‌ملێ بۆ به‌شدارینه‌كردن له خۆپیشاندانه‌كان ئازادكراون كه ئه‌وه‌ش پێشێلكردنی ئاشكرای یاسایه".
هه‌ر زووش حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران كۆمه‌ڵێك رێوشوێنی گرته‌به‌ر له‌وانه له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له شێخی عه‌شیره‌ته‌كان كۆبووه‌وه‌و چاوی كه‌وت به هه‌ندێك له سیمبولی خۆپیشاندانه‌كان‌و ته‌رخانكردنی بڕی سێ ملیار دۆلاری بۆ به‌سره راگه‌یاند به مه‌به‌ستی دابینكردنی هه‌لی كار بۆ گه‌نجان. هاوكات ده‌سه‌ڵاتداران خزمه‌تگوزاری ئینته‌رنێتیان له سه‌رجه‌م شاره‌كانی عێراق بڕی.
"جگه له‌وه‌ی ره‌وشه‌كه باش نه‌بووه، هێشتا به‌سره به بێده‌نگی ده‌كوژرێت" موهه‌ند كه‌ریم (26 ساڵ) به‌م وشانه نائومێدبوونی خۆی دهردهبڕێتو باسی به‌شداریكردنی ده‌كات له‌و خۆپیشاندانه‌ی له ناوه‌ندی پارێزگاكه‌وه ده‌ستیپێكرد بۆ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین به‌رامبه‌ر ئه‌و واقعه خراپه‌ی تێیدا دهژیو خۆی له نه‌بوونی خزمهتگوزاریو بڵاوبوونه‌وه‌ی گهندهڵیو زیادبوونی بێكاریدا ده‌بینێته‌وه.
كه‌ریم له ساڵی 2015 له به‌شی جوگرافیای كۆلیجی ئادابی زانكۆی به‌سره ده‌رچووه، له‌و كاته‌شه‌وه هیچ ده‌رفه‌تێكی گونجاوی كاری ده‌ستنه‌كه‌وتووه، هه‌روه‌ها زۆربه‌ی هاوڕێكانیشی هه‌مان حاڵیان هه‌یه، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مجاره به‌شداری خۆپیشاندان ده‌كات.
ئه‌و له‌و باره‌یه‌وه به "نیقاش"ی وت: "دامه‌زراندن له دامه‌زراوه حكومییه‌كاندا نییه، ئه‌گه‌ر هه‌شبێت ئه‌وا تایبه‌ته به توێژێكی دیاریكراو له خێزانی شه‌هیدان یان زیاندانیانی سیاسی یاخود ناسیاوانی بهرسانو حزبه‌كان، خه‌ڵكی ئاساییش به‌ده‌ست پهراوێزخستنو دوورخستنه‌وه‌وه ده‌ناڵێنن".
توندی خۆپیشاندانه‌كان له ناوه‌ندی پارێزگا كه‌مبووه‌ته‌وه‌و چالاكوانی بواری رێكخراوه‌یی عه‌بدولكه‌ریم عه‌بدوڵڵایش هۆكاره‌كه‌ی بۆ رۆڵی هه‌ندێك هێزی حزبی ده‌گه‌ڕێنیته‌وه كه ترسیان له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان هه‌یه ئه‌گه‌ر ناڕه‌زاییه‌كان به‌لاڕێدا ببرێن. ئه‌و روونیكرده‌وه "وه‌كو كه‌سانی بواری رێكخراوه‌یی هه‌وڵمان دا خۆپیشاندانه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه به‌ڕێوه‌ببه‌ین، به‌ڵام هه‌ندێك له لیژنه‌كانی هه‌ماهه‌نگی دزه‌كردووی سه‌ر به‌حزبه‌كان كاریان بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی فه‌وزا ده‌كرد تا رێڕه‌وی خۆپیشاندانه‌كان به‌لاڕێدا ببهنو متمانه‌ی خۆپیشانده‌ران به‌یه‌كتری لاواز بكه‌ن".
هه‌روه‌ك سووربوونی سه‌رۆك وه‌زیران له‌سه‌ر رێچكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ته‌قلیدی له‌ڕێی فه‌رامۆشكردنی پێداویستی راسته‌قینه‌ی خه‌ڵك‌و په‌نابردن بۆ به‌ده‌ستهێنانی دڵسۆزی سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كان به ئومێدی كپكردنه‌وه‌ی ناڕه‌زاییه‌كان، به‌رای عه‌بدوڵڵا وه‌ك ئاسانكارییه‌ك ده‌ركه‌وت، چونكه خه‌ڵك دوور له ئینتیماو دڵسۆزییان ده‌هاتنه ده‌ره‌وه بۆ خۆپیشاندان.
هه‌روه‌ها بۆ "نیقاش"ی روونكرده‌وه‌و وتی: "هیچ شتێك شێخانی سه‌ر به ده‌سه‌ڵات به خۆپیشانده‌رانه‌وه نابه‌ستێته‌وه، بۆیه هه‌ر كه عه‌بادی چاوی به وه‌فدێكی عه‌شایری ده‌كه‌وێت، خێرا خۆپیشانده‌ران بێبه‌ریبوونی خۆیانی لێ رادهگهیهننو وه‌ك چۆن توڕه‌ییان له حزبه‌كان پیشان ده‌ده‌ن، ئه‌وه‌ش كاردانه‌وه‌یه‌كی پێشبینیكراوه به‌رامبه‌ر زیادهڕهوییكردنی ئه‌و حزبانه، هاوكات ئێمه ده‌زانین كه پرۆسه‌ی سیاسی به‌بێ ژیانی حزبایه‌تی دروست راست نابێته‌وه".
پاشه‌كشه‌كردنی توندی ناڕه‌زاییه‌كان نیشانه‌ی كۆتاییهاتنیان نییه، چونكه خۆڵه‌مێشی بێكاری‌و خراپی ئابووری‌و گوزه‌ران هێشتا پشكۆی تۆڕهییهكی جه‌ماوه‌ری شاردۆته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی داواكاری خۆپیشانده‌ران له قه‌زاو ناحیه‌كان‌و ناوه‌ندی پارێزگا گه‌ڵاڵه بوون.
له‌وباره‌یه‌شه‌وه چالاكوانی مه‌ده‌نی حه‌سه‌ن ئه‌سه‌دی روونیكردهوهو به "نیقاش"ی وت: "داواكارین كێشه‌ی ئاو‌و كاره‌باو دابینكردنی هه‌لی كار بۆ رۆڵه‌كانی به‌سره له خاوه‌ن بڕوانامه‌و شاره‌زاییه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێت‌و كرێكارانی بیانی له كۆمپانیاكانی نه‌وت به‌پێی پێویستی ئیزن بدرێن".
وتیشی: "هه‌روه‌ها داوا ده‌كه‌ین واقیعی خزمه‌تگوزاری باش بكرێت‌و كارگه له‌كاركه‌وتووه‌كان بخرێنه‌وه كار‌و گه‌نده‌ڵكاران له به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتی‌و ئه‌و فه‌رمانده ئه‌منیانه‌ی پارێزگاكه له‌سه‌ر كار لاببرێن كه بوونه‌ته هۆی خراپبوونی بارودۆخی خزمهتگوزاریو ئهمنیو یاداشته‌كانی ده‌ستگیركردن له‌دژی به‌رپرسه تۆمهتباركراوهكان له دۆسێی گه‌نده‌ڵیدا كارا بكرێن".
به‌ڵام وادیاره ئه‌و داواكاریانه له توانای هه‌ردوو حكومه‌تی ناوهندیوخۆجێیی گه‌وره‌ترن، چونكه ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له خوله‌كانی ساڵانی پێشوودا نه‌یتوانیوه یه‌ك كێشه‌ی وه‌ك دابینكردنی ئاوی ماڵان چاره‌سه‌ر بكات. هه‌روه‌ك خۆپیشانده‌رانیش به گهندهڵیو ئه‌نجامنه‌دانی رۆڵی چاودێری تۆمه‌تباریان ده‌كه‌ن.
چالاكوان كازم سه‌هلانی پێی وایه: "زۆرجار ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا لۆمه‌ی حكومه‌تی ناوه‌ندی ده‌كه‌ن له وه‌ڵامنه‌دانه‌وه‌ی داواكارییه‌كانیان، له‌م حاڵه‌ته‌شدا ئێمه ده‌پرسین كه‌واته بوونیان سوودی چییه؟ هه‌روه‌ك نه‌شیانتوانی خۆپیشانده‌رانی بێ چه‌ك بپارێزن. ئه‌وه‌ی ئێستا پێیدا تێپه‌ڕده‌بین هۆكاره‌كه‌ی حكومه‌تی خۆجێییه به هه‌ردوو لایه‌نی یاسادانان‌و جێبهجێكارییهوه، چونكه نه‌یانتوانیوه هیچ كێشه‌یه‌ك له كێشه‌كانی به‌سره چاره‌سه‌ر بكه‌ن".
كاردانه‌وه‌ی حكومه‌تی به‌سره لاواز بوو، به‌ڵكو هه‌ندێك كه‌س به بێ توانا وه‌سفیان كرد، هه‌ندێك زانیاری دزهپێكراویش باس له‌وه ده‌كه‌ن ئه‌نجومه‌نه‌كه له‌كاتی ئه‌و رووداوانه‌ی به‌سره‌یان گرته‌وه نیسابی ته‌واو نه‌كردووه، هه‌ندێك زانیاریش باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌نجومه‌نه‌كه له‌نێو خۆیاندا دابه‌شبوون له‌نێوان لایه‌نگری خۆپیشاندان‌و نه‌یارانیدا.
له‌كاتێكیشدا وه‌لید گیتان سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا هه‌ڕه‌شه‌ی له خۆپیشانده‌ران كرد كه رێوشوێنی بهرپهرچدهرهوهیان له‌دژ ده‌گرێته‌به‌ر، ئه‌نجومه‌نه‌كه راگه‌یه‌ندراوێكی رووكه‌شی سه‌باره‌ت به دامه‌زراندنی هه‌رێمی به‌سه‌ر بڵاوكرده‌وه كه ئه‌ویش دروشمێكه ناو به‌ناو به‌رزده‌كرێته‌وه وه‌ك بابه‌تێك بۆ به‌تاڵكردنه‌وه‌ی توڕه‌یی جه‌ماوه‌ر.
ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی خۆڕسكانه دهستیانپێكردو له ئه‌نجامی كه‌ڵه‌كه‌بوونی قه‌باره‌ی خراپبوونی ئابووری‌و خومهتگوزاریو بڵاوبوونه‌وه‌ی بێكاری‌و مادده‌ی هۆشبه‌ردا پێگه‌یشتن، ره‌نگه سه‌رله‌نوێو به‌شێوه‌یه‌كی توندوتیژتریش بگه‌ڕێنه‌وه، له‌سایه‌ی جێبه‌جێنه‌كردنی هیچ یه‌كێك له‌و به‌ڵێنانه‌ی هه‌ردوو حكومه‌تی ناوهندیو خۆجێیی دابوویانو ره‌نگه سه‌قفی داواكارییه‌كانیش بۆ ئاستی گه‌وره‌تر به‌رزببنه‌وه.