هه‌فته‌ی رابردوو پڕبوو له پێشهاتی سیاسی له عێراق، چونكه ئه‌و وڵاته‌ی به‌م دواییانه هه‌ڵبژاردنێكی قورسی كۆتایی پێهێنا به‌هۆی ساخته‌كارییه‌وه، ئه‌مڕۆ رووبه‌ڕووی تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی قورس ده‌بێته‌وه له پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ‌دا به‌هۆی ململانێی نێوان چه‌ند حزبێكی ته‌قلیدی كه بیر له دووباره‌كردنه‌وه‌ی سیناریۆی ساڵانی رابردوو ده‌كه‌نه‌وه‌و چه‌ند حزبێكی شۆڕشگێڕی دیكه‌ش كه بڕیاریان داوه سه‌ركێشی بكهنو سیاسیه‌تێكی نوێ بگرنه‌به‌ر كه داواكاری عێراقییه‌كان جێبه‌جێ بكات له هێنانه‌دی یه‌كێتی نیشتمانی‌و سنوورداركردنی هه‌ژموونی ده‌ره‌كی.
ئێران كه به دیارترین یاریزانی سه‌ر گۆڕه‌پانی عێراق داده‌نرێت، تائێستا شكستی هێناوه له یه‌كخستنی حزبه شیعه براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن كه بریتین له "نه‌سر"و ره‌وتی سه‌درو "ده‌وڵه‌تی یاسا"و "فه‌تح"و "حیكمه"، فه‌رمانده‌ی سوپای پاسدارانی ئێرانیش كه هاوكات له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی دانوستانه‌كان گه‌یشته عێراق، شكستی هێنا له‌و ئه‌ركه‌دا، به‌ڵام ئه‌ركێكی دیكه‌ی ده‌ستپێكرد.
چوار هاوپه‌یمانییه شیعه براوه‌كه‌ی هه‌ڵبژاردن دابه‌شبوون بۆ دوو گرووپی دژبه‌یه‌ك، یه‌كه‌میان هه‌ریه‌ك له "نه‌سر" (42 كورسی) به‌سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وهزیرانو ره‌وتی سه‌در به‌رێبه‌رایه‌تی موقته‌دا سه‌در (54 كورسی)و "ره‌وتی حیكمه" (19 كورسی) به‌رێبه‌رایه‌تی عه‌ممار حه‌كیم له‌خۆده‌گرێت كه ره‌تكردنه‌وه‌ی هه‌ژموونی ئێرانیان راگه‌یاندووه‌و بڕیاریان داوه هاوپه‌یمانییه‌كی ده‌گمه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌یاد عه‌لاوی سه‌رۆكی ئیئتیلافی "وه‌ته‌نییه" (22 كورسی)و چه‌ند هێزێكی بچووكی سوننه پێكبهێنن.
هه‌رچی گرووپی دووه‌میشه ئه‌وا هاوپه‌یمانی "ده‌وڵه‌تی یاسا" (25 كورسی) به سه‌رۆكایه‌تی نوری مالیكی‌و "فه‌تح" (47 كورسی) به سه‌رۆكایه‌تی هادی عامری لهخۆدهگرێتو له ئێرانه‌وه نزیكه.
هه‌ردوو گرووپه‌كه‌ش له كێبڕكێدان بۆ پێكهێنانی گه‌وره‌ترین فراكسیۆن له‌ڕووی ژماره‌وه له په‌رله‌مانی نوێ‌دا له‌پێناو وه‌رگرتنی ئه‌ركی ده‌ستنیشانكردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێ‌و پێكهێنانی حكومه‌ت به‌پێی ده‌ستووری عێراق، ئه‌ویش به پێچه‌وانه‌ی ساڵانی رابردووه‌وه كه شیعه له یه‌ك كوتله‌ی گه‌وره‌دا یهكیاندهگرتو دانوستانیان له‌گه‌ڵ كورد‌و سوننه ده‌كرد بۆ دابه‌شكردنی پۆسته‌كان.
هه‌فته‌ی رابردوو "نه‌سر"و ره‌وتی سه‌درو "حیكمه"و "وه‌ته‌نییه"و چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی سوننه كۆبوونه‌وه‌یه‌كی مێژووییان له یه‌كێك له هۆتێله‌كانی به‌غدا ئه‌نجامداو بڕیاربوو گه‌وره‌ترین فراكسیۆن رابگه‌یه‌ندرێت، به‌ڵام ئێران ده‌ستی وه‌رداو رێی له به‌شداریكردنی چه‌ند حزبێكی دیكه‌ی كورد‌و سوننه له كۆبوونه‌كه‌دا گرت كه ئه‌وه‌ش بووه‌هۆی شكستی كۆبوونه‌وه‌كه.
به‌پرسێكی سیاسی باڵای شیعه كه داوایكرد ناوی نه‌هێنرێت به "نیقاش"ی وت: "كۆبوونه‌كه‌ی هۆتێل بابل سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی نه‌یتوانی ئامانجه‌كه‌ی به‌دیبهێنێت، به‌ڵام به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌ژموونی ئێران بوو، ده‌بووایه نوێنه‌رانی چه‌ند حزبێكی كورد‌و سوننه به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌یان بكردایه، به‌ڵام چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی ئێرانی كه سه‌ردانی وڵاتیان كردووه، گوشاریان لێ‌كردن ئه‌وه‌ش بووه رێگر له به‌شداریكردنیان له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا".
له‌وه‌شدا ئه‌و به‌رپرسه مه‌به‌ستی سه‌ردانه جێمشتومڕهكهی جه‌نه‌ڕاڵ قاسم سوله‌یمانی له سوپای پاسدارانی ئێرانه بۆ عێراق، چه‌ند كه‌ناڵێكی راگه‌یاندنی ئێرانی‌و عێراقی نزیك له ئێرانیش دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر به‌مه‌به‌ست چه‌ند وێنه‌یه‌كی ئه‌و به‌رپرسه‌یان له عێراق بڵاوكرده‌وه.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه به‌پێی ئه‌وه‌ی هه‌ندێك كه‌ناڵی راگه‌یاندنی ناوخۆیی بڵاویان كردووه‌ته‌وه، عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران رێگه‌ی نه‌داوه ئه‌و فڕۆكه‌یه له عێراق بنیشێته‌وه كه سوله‌یمانی هه‌ڵگرتبوو، بۆیه ناچار بووه له هه‌ولێر بنیشێته‌وه.
دوای ئه‌وه‌ی عه‌بادی پابه‌ندبوونی به سزاكانی ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئێران راگه‌یاند، په‌یوه‌ندی نێوان عهبادیو تاران هه‌ره‌سی هێنا، ئیتر عه‌بادی كه‌وته هه‌ڵوێستێكی ناخۆشهوهو خواستی بۆ مانه‌وه له پۆسته‌كه‌یدا قورس بوو، بۆیه بڕیاری دا بچێته پاڵ سه‌درو حهكیمو له ته‌وه‌ری ئێران دووربكه‌وێته‌وه كه "فه‌تح"و "ده‌وڵه‌تی یاسا" نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن.
ئێران كۆبوونه‌وه‌كه‌ی "هۆتێل بابل"ی شكست پێهێنا نه‌ك ته‌نیا به‌هۆی رێگریكردنی له چه‌ند حزبێكی كورد‌و سوننه به‌شداری تێدا بكه‌ن، به‌ڵكو توانی هاوپه‌یمانی "نه‌سر"یش دابه‌ش بكات كاتێك فالح فه‌یاز راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی به‌شێوه‌یه‌كی نهێنی جیابوونه‌وه‌ی له "نه‌سر" رایگه‌یاند كه ئه‌ندام بوو تێیدا، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی "ده‌وڵه‌تی یاسا"و "فه‌تح" توانییان قه‌ناعه‌تی پێبهێنن بۆ ئه‌و كاره له‌به‌رامبه‌ر كاندیدكردنی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران.
له‌وباره‌یه‌وه سه‌روه حه‌لفی په‌رله‌مانتاری هاوپه‌یمانی "نه‌سر" به "نیقاش"ی وت:"چه‌ند مانگێك بوو هاوپهیمانیهكهمان كراوه‌ته ئامانج، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئامانجه‌كانمان نیشتمانینو هه‌ژموونی ده‌ره‌كی ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌و بڕیارمان عێراقییه‌و ناكه‌وێته ژێر كاریگه‌ری هیچ بڕیارێكی نێوده‌وڵه‌تی، هه‌ینی رابردوو كۆبوونه‌وه‌مان ئه‌نجامداو ته‌ئكیدمان له‌سه‌ر یه‌كگرتوویی هاوپه‌یمانییه‌كه‌مان كردووه هه‌رچه‌نده هه‌ندێك له ئه‌ندامان ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌كه نه‌بوون".
شه‌ممه‌ی رابردووش ناوه‌رۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌ی ئێران له‌گه‌ڵ هێزه كوردی‌و سوننه‌كان بۆ رێگریكردن له‌وه‌ی بچنه پاڵ عهبادیو سه‌در، ئاشكرابوو، كاتێك ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی "حه‌شدی شه‌عبی" سه‌ر به‌ئێران بڕیارێكی كتوپڕی ده‌ركرد بۆ كشانه‌وه‌ی هه‌موو گرووپه شیعه‌كان له شاره سوننه‌كان‌و ئه‌و شارۆچكانه‌ی كورد‌و عهرهبو توركمانیان تێدا ده‌ژی، ئه‌و داواكارییهش كرۆكی ئه‌وه‌یه كه حزبه كوردی‌و سوننه‌كان ده‌یخوازن، ههنگاوهكهش كارێكی باشه، به‌ڵام كاته‌كه‌ی جێی مشت‌ومڕ بوو.
نێوه‌نده سیاسییه‌كانیش تووشی شۆك بوون به‌و دیدارانه‌ی دژه‌كانیان پێكه‌وه كۆكردبووه‌وه، نوری مالیكی چاوی به ئوسامه نوجێفی ده‌كه‌وێت كه له‌ماوه‌ی سێ ساڵی رابردوودا یه‌كتریان تۆمه‌تبار ده‌كرد سه‌باره‌ت به كه‌وتنی موسڵ به‌ده‌ستی "داعش"، هه‌روه‌ها دیداری نوجێفی له‌گه‌ڵ هادی عامری سه‌ركرده‌ی هاوپه‌یمانی "فه‌تح" كه گرووپه‌كانی "حه‌شدی شه‌عبی" له‌خۆده‌گرێت به‌ئاماده‌بوونی خه‌میس خه‌نجه‌ر سیاسه‌تمه‌داری سوننه كه بۆ یه‌كه‌مجاره دێته نێو كاری سیاسیه‌وه‌و پێشتر له‌پشتی په‌رده‌وه كاری ده‌كرد له‌ڕێی پشتیوانیكردنی حزبه سوننه‌كانه‌وه.
به‌ڵام عه‌بادی له‌میانی سه‌ردانێكی كتوپڕدا بۆ باره‌گای ده‌سته‌ی "حه‌شدی شه‌عبی" به ئاماده‌بوونی هه‌موو سه‌ركرده‌ی گرووپه‌كان جگه له ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس، بڕیاره‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و دووپاتی كرده‌وه كه ئه‌و بڕیاره‌ی موهه‌ندیس داویه‌تی مه‌به‌ستی سیاسییه‌و هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستكه‌وت ده‌دات له دانوستانه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌ت نه‌ك جێگیركردنه‌وه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كان، ته‌ئكیدیشی كرده‌وه كه پێویسته "حه‌شدی شه‌عبی" خۆی نه‌خزێنێته نێو سیاسه‌ت.
بڕیاره‌كه‌ی عه‌بادی پاڵی به هێزه سوننه‌كانه‌وه نا چاو به هاوپهیمانییهكانیاندا بخشێننه‌وه‌و رایانگه‌یاند كه تائێستا به‌دوای گرووپی گونجاو‌دا ده‌گه‌ڕێن بۆ پێكهێنانی گه‌وره‌ترین فراكسیۆن، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی بینییان بڕیاره‌كه‌ی ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس له‌سه‌ر زه‌وی جێبه‌جێ نه‌كرا.
ناهیده داینی په‌رله‌مانتار له هاوپه‌یمانی "میحوه‌ر"ی نیشتمانی (سوننه) به"نیقاش"ی وت: "تائێستا حزبه سوننه‌كان بێلایه‌نن له‌نێوان هه‌ردوو گرووپی ركابه‌ری شیعه بۆ پێكهێنانی گه‌وره‌ترین فراكسیۆن"، دووپاتیشی كرده‌وه كه دانوستان له‌گه‌ڵ هه‌موو حزبه‌كان به‌رده‌وامه.
رۆژی 19ی ئه‌م مانگه دادگای فیدراڵی په‌سه‌ندكردنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی راگهیاندو ئه‌وه‌ش پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی خسته واده ده‌ستوورییه‌كانه‌وه كه ناكرێت پێشێل بكرێن، له‌لایه‌ن خۆشیانه‌وه حزبه عێراقییه‌كان پێشبڕكێیان له‌گه‌ڵ كاتدا ده‌ستپێكرد.
ئێستاش پێویسته سه‌رۆك كۆمار فوئاد مه‌عسوم مه‌رسومێكی كۆماری دهربكاتو تێیدا داوا له په‌رله‌مانی نوێ بكات به سه‌رۆكایه‌تی به‌ته‌مه‌نترین ئه‌ندام كۆببێته‌وه بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی پهرلهمانو هه‌ردوو جێگره‌كه‌ی.
دوای ئه‌وه‌ش پێویسته په‌رله‌مان سه‌رۆك كۆمارێكی نوێ به ده‌نگی زۆرینه‌ی سێ له‌سه‌ر دووی ئه‌ندامانی ههڵبژێرێتو سه‌رۆك كۆماری نوێش كاندیدی گه‌وره‌ترین فراكسیۆن له‌رووی ژماره‌وه راده‌سپێرێت بۆ پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌ماوه‌ی 15 رۆژدا له به‌رواری هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماره‌وه، ئه‌گه‌ر سه‌رۆك وه‌زیرانیش له ئه‌ركه‌كه‌یدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، ئه‌وا سه‌رۆك كۆمار كاندیدێكی تر راده‌سپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت له‌ماوه‌ی 15 رۆژدا.