ئه‌گه‌ر هه‌موو شتێك وه‌ك خۆی بڕوات، رۆژی 30ی ئه‌یلولی داهاتوو هه‌ڵبژاردنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
هه‌موو هێزه‌كان ئه‌گه‌ر خۆیشیان دانی پیادا نه‌نێن، ده‌زانن هه‌ر پارتی دیموكراتی كوردستان له‌پله‌ی یه‌كه‌مدا ده‌مێنێته‌وه، بۆیه ئه‌مجاره سه‌رنج له‌سه‌ر پله‌ی دووهمییهو یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان‌و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌سه‌ختی بۆی ده‌كۆشن.
له‌دوا هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، كه له‌ساڵی 2013 به‌رێوه‌چوو، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌بردنه‌وه‌ی 24 كورسی بۆ یه‌كه‌مجار، پله‌ی دووه‌می له‌یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان سه‌ند، كه ئه‌مه‌ی دووه‌میان 18 كورسی به‌ده‌ستهێنا، هه‌رچی پارتی دیموكراتی كوردستانه به 38 كورسی له‌پله‌ی یه‌كه‌مدا مایه‌وه.
بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه یه‌كێتی نیشتمانی به‌چڕی كار ده‌كات پله‌ی دووه‌م له‌گۆڕان وه‌ربگرێته‌وه‌و گۆڕانیش نایه‌وێت به‌ئاسانی ده‌ستبه‌رداری ببێت.
دواین كێبڕكێی هه‌ڵبژاردن، گۆڕان‌و یه‌كێتی چوونه ناوی‌و ململانێكه له‌سودی یه‌كێتی نیشتمانی كۆتایی هات، هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق بوو، كه 12ی ئایاری رابردوو به‌رێوه‌چوو، به‌پێی ئه‌نجامی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه ده‌نگی یه‌كێتی له‌گۆڕان زیاتر بووه، یه‌كێتی له‌سێ پارێزگاكه‌ی هه‌رێمی كوردستان 10 كورسی به‌ده‌ستهێناو گۆڕانیش نیوه‌ی ئه‌و ژماره‌یه بوو.
هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ته‌نیا له‌سێ پارێزگاكه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌رێوه‌ده‌چێت‌و به‌پێی ئاماره‌كانی كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن‌و راپرسی هه‌رێمی كوردستان-یش نزیكه‌ی سێ ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌یه.
ئه‌نجامی ده‌نگه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق بۆ یه‌كێتی هیوابهخشو بۆ گۆڕان مایه‌ی نیگه‌رانی قووڵه.
هه‌رچه‌نده به‌رپرسانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان زۆر باوه‌ڕیان به‌و ئه‌نجامه نییه‌و باس له‌وه ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر "ساخته‌كاری"یان لێنهكرایه، ئه‌وه ده‌نگی بزووتنه‌وه‌كه‌یان زۆر له‌وه زیاتر ده‌بوو له‌وه‌ی ئێستا راگه‌یه‌نراوه.
به‌ڵێن ئیسماعیل ئه‌ندامی ژووری هه‌ڵبژاردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ڵێت: "ئه‌و ئه‌نجامه‌ی راگه‌یه‌نراوه، ده‌نگی راسته‌قینه‌ی لایه‌نه‌كان نییه، به‌تایبه‌تی گۆڕان‌و یه‌كێتی، چونكه یه‌كێتی ده‌نگی 4 كورسی له‌پارێزگای سلێمانی هه‌بووه، به‌ڵام هه‌شت كورسی هێناوه، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه ده‌نگی گۆڕان هه‌شت كورسی بووه، چوار كورسی هێناوه".
به‌ڵێن ئیسماعیل بۆ "نیقاش" به‌ڵگه‌ی به‌وه هێنایه‌وه، كه له‌و ئه‌نجامانه‌ی به‌ده‌ستیان گه‌یشتووه، بۆیان ساخبووه‌ته‌وه، گۆڕان 38%ی ده‌نگه‌كانی هه‌رێمی به‌ده‌ستهێناوه، له‌به‌رانبه‌ردا یه‌كێتی 21%ی ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێناوه.
له‌به‌رانبه‌ردا یه‌كێتی نیشتمانی ره‌تیده‌كاته‌وه "ساخته‌كاری" كرابێت‌و له‌و باره‌وه بڕیار ره‌شید وته‌بێژی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنی ئه‌و حیزبه ده‌ڵێت: "ئه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كان سه‌لماندی ئه‌وه‌ی له‌باره‌ی یه‌كێتییه‌وه ده‌وترا هیچ بنه‌مایه‌كی نه‌بوو، چونكه جیاوازی له‌نێوان ئه‌ژماری ئهلیكترۆنیو ده‌ستی ده‌نگه‌كان نه‌بوو".
ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی 12 ئایار له‌كوردستان ناكۆكی قووڵی لێكهوتهوه، حیزبه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات (گۆڕان، هاوپه‌یمانی، یه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵی ئیسلامی) به‌توندی دژی وه‌ستانه‌وه‌و داوای ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كانیان كرد، هه‌رچه‌ند ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش هیچی له‌ئه‌نجامه‌كه نه‌گۆڕی.
به‌هۆی لێدوانه دژ به‌یه‌كه‌كانی یهكێتیو گۆڕان له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق ئه‌وه روونه له‌هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانیش ململانێیه‌كی توند له‌نێوان هه‌ردوو لایه‌ن ده‌بێت، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌بێت، كامیان بتوانن له‌م هه‌ڵبژاردنه ده‌نگی زیاتر بهێنن، بۆ ئه‌وه‌ی دووهمبوونی خۆیان له‌سه‌ر ئاستی حیزبه‌كانی هه‌رێم بسه‌لمێنن.
بڕیار ره‌شید له‌و باره‌وه ده‌ڵێت: "یه‌كێتی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان پرۆژه‌و به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تی ده‌بێت، زیاتر خۆی له‌خزمه‌تگوزاری خه‌ڵكی هه‌رێم ده‌بینێته‌وه، بۆیه له‌وه دڵنیاین له‌رێگه‌ی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌وه ململانێیه‌كی باشی بردنه‌وه‌ی زۆرترین ده‌نگ بكه‌ین".
وته‌بێژی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتی جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه، ئه‌وان له‌هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق پله‌ی دووه‌میان له‌گۆڕان سه‌ندووه‌ته‌وه‌و بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ش كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، ركابه‌ری پله‌ی یه‌كه‌م بكه‌ن.
گۆڕانیش ئه‌و هێزه نییه به‌ئاسانی خۆی بدات به‌ده‌سته‌وه‌و باس له‌وه ده‌كات، له‌م جاره‌دا رێگری له "ساخته‌كاری" دهكهنو بۆ خه‌ڵكی ده‌سه‌لمێنن، كه ئه‌وان ئه‌و هێزه‌ن ده‌توانن له‌یه‌كێتی زیاتر ده‌نگ به‌ده‌ست بهێنن، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌رابردوو كردویانه.
به‌ڵێن ئیسماعیل له‌و باره‌وه ده‌ڵێت: "گۆڕان هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات، به‌گرتنه‌به‌ری چه‌ند رێكارێك رێگری له‌و ساخته‌كارییه بكات له‌هه‌ڵبژاردنی رابردوو لێیكرا، ئه‌وه‌ش به‌تاكه رێگه ده‌زانین بۆ ئه‌وه‌ی به‌خه‌ڵكی بڵێن ده‌نگی زیاتر له‌لایه‌نه‌كانی تر، به‌تایبه‌تی یه‌كێتی ده‌هێنن".
كێشه‌كه ئه‌وه جه‌ماوه‌ری ئه‌م دوو هێزه له‌یه‌كه‌وه نزیكن‌و بگره له‌رابردوودا به‌نزیكه‌یی یه‌ك جه‌ماوه‌ربوون، چونكه به‌شێكی هه‌ره دیاری سه‌ركرده‌كانی گۆڕان له‌هه‌ناوی یه‌كێتییه‌وه هاتوونه‌ته ده‌ر.
ته‌نانه‌ت ناوچه‌ی ململانێشیان هه‌ر یه‌كه، پارێزگای سلێمانی كه جاران به‌زۆنی سه‌وز ناوده‌برا، ئێستا بووه‌ته زۆرنی سه‌وزو نیلی – وه‌ك هێمایه‌ك بۆ ره‌نگی ئاڵای ئه‌و دوو حیزبه -.
ئه‌م جاره‌ش ده‌نگی پارێزگای سلێمانی چه‌كی یه‌كلاكه‌ره‌وه ده‌بێت بۆ هه‌ردوو حیزبه، به‌وه‌ی هه‌ركامیان توانیان زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌و پارێزگایه به‌رنه‌وه، ئه‌وه به‌دڵنیایی براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه ده‌بن.
له‌سنووری پارێزگای سلێمانی ١ ملیۆن و ١٩٣ هه‌زار كه‌س مافی ده‌نگدانی هه‌یه، ئه‌گه‌ر رێژه‌ی ده‌نگدان تیایدا به‌رز بێت نزیكه‌ی 35 كورسی په‌رله‌مان پێكده‌هێنێت – له‌كۆی 111 كورسی-
گۆڕان ئێستا كارده‌كات له‌و پارێزگایه زۆرترین ده‌نگ به‌ده‌ستبهێنێت، به‌ڵێن ئیسماعیل له‌و باره‌وه ده‌ڵێت: "سلێمانی خاڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه بۆ ده‌نگه‌كانی گۆڕان، بۆیه له‌هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كارده‌كه‌ین زۆرترین ده‌نگی ئه‌و پارێزگایه به‌رینه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ش به‌رنامه‌یه‌كی تۆكمه‌مان داناوه"، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماده‌بێت ناوه‌ڕۆكی به‌رنامه‌كه بخاته‌ڕوو.
به‌هۆی بێهیوابوونی خه‌ڵكێكی زۆر مه‌زه‌نده ده‌كرێت ئه‌مجاره رێژه‌ی به‌شداری ده‌نگدان، به‌تایبه‌تی له‌پارێزگای سلێمانی له‌خواره‌وه بێت، ئه‌مه‌ش كه‌متر له‌به‌رژه‌وه‌ندی گۆڕانه.