كێشه‌ی هه‌ره سه‌ره‌كی ده‌روازه‌ی سنووریی عه‌رعه‌ر ئه‌وه‌یه ده‌كه‌وێته سنووری ئیداری ناوچه جێناكۆكه‌كانی نێوان ئهنبارو كهربهلاو نه‌جه‌ف.
"كاركردن به‌رده‌وامه بۆئه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی سنووری "جه‌دیده عه‌رعه‌ر" تایبه‌ت به جموجوجوڵی بازرگانی پێش وه‌رزی داهاتووی حه‌ج بكرێته‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك كه شیاوی هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی عێراق‌و سعودیه بێت" به‌م وشانه عه‌بدولعه‌زیز شه‌ممه‌ری باڵیۆزی سعودیه نزیكبوونه‌وه‌ی كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی جه‌دیده عه‌رعه‌ری به‌شێوه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی راگه‌یاند، شه‌ممه‌ری له دیدارێكی ته‌له‌فزیۆنیدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه هه‌ردوو لایه‌نی عێراقی‌و سعودی له‌سه‌ر ته‌واوی ئه‌و رێوشوێن‌و لایه‌نه په‌یوه‌ندیدارانه رێككه‌وتوون كه زامنی كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌كه‌ن بۆ مه‌به‌ستی بازرگانی.
ئه‌مه یه‌كه‌م جار نییه سعودیه ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی دهوازهكه راده‌گه‌یه‌نێت، له‌گه‌ڵ هه‌ر راگهیاندنێكیشدا ده‌نگی لایه‌نگرانی ئاساییبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ سعودیه به‌رزده‌بێته‌وه، لهبهرامبهریشیدا ده‌نگی به‌رهه‌ڵستی سه‌باره‌ت به خاوه‌ندارێتی ئیداری ده‌روازه‌كه سه‌رهه‌ڵده‌دات، چونكه ده‌روازه‌كه ده‌كه‌وێته سنووری ئیداری قه‌زای نخێب (308 كم له باشووری خۆرئاوای رومادی ناوه‌ندی پارێزگای ئه‌نبار) كه تائێستا ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه له‌نێوان هه‌ردوو پارێزگای ئهنبارو كه‌ربه‌لادا.
ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی پارێزگای ئه‌نبار پشتیان پێ ده‌به‌ستێت ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه خاوه‌ندارییه‌تی ناحیه‌ی نخێب كه ده‌روازه سنوورییه‌كه له‌خۆده‌گرێت له‌ڕووی ئیدارییه‌وه سه‌ر به پارێزگاكه‌یه، چونكه پێشتر سه‌ر به قه‌زای روتبه بوو (450 كم له خۆرئاوای به‌غدای پایته‌خت) به‌رله‌وه‌ی له‌ساڵی 2016دا به‌ده‌نگی زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای ئه‌نبار ببێته قه‌زا.
نخێب به‌پێی مه‌رسومێكی كۆماری له ساڵی 1960دا بووه ناحیه‌و تا ساڵی 1978 به‌سترابووه‌وه به قه‌زای روتبه‌ی سه‌ر به پارێزگای ئه‌نبار ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی خرایه سه‌ر پارێزگای كه‌ربه‌لا بۆ ماوه‌ی 14 مانگ‌و پاشان له ساڵی 1979دا خرایه‌وه سه‌ر پارێزگای ئه‌نبار ئه‌ویش دوای دروستبوونی قه‌یرانێك له‌نێو دانیشتووانی ناحیه‌ی نخێبو حكومه‌ته‌كه‌ی ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر سه‌رۆكی پێشووتری عێراق.
ده‌روازه‌ی جه‌دیده عه‌رعه‌ریش ده‌كه‌وێته سه‌ر سنوری عێراق‌و سعودیه (97 كم له باشووری خۆرئاوای قه‌زای نخێب)و له‌ساڵی 2003وه ته‌نیا له وه‌رزی حه‌جدا به‌ڕه‌سمی ده‌كرێته‌وه بۆ ره‌وانه‌كردنی حاجیانی عێراق به‌ره‌و مه‌ككه‌ی پیرۆز، دوو ئاڕاسته‌شی هه‌یه یه‌كه‌میان به پارێزگای كه‌ربه‌لادا تێدهپهڕێتو دووه‌میش به پارێزگای ئه‌نباردا.
حكومه‌تی خۆجێیی له پارێزگای ئه‌نبار شانازی به سه‌ركه‌وتنی پلانه ئهمنیو خزمه‌تگوزارییه‌كانیه‌وه ده‌كات له هه‌ر وه‌رزێك له وه‌رزه‌كانی حه‌جدا هه‌رچه‌نده به‌رده‌وام دووپاتیده‌كاته‌وه كه پاره بۆ ده‌روازه‌كه ته‌رخان ناكرێت، به‌ڵام هه‌موو ساڵێك به‌شدار ده‌بێت له پارمهتیدانی ده‌روازه‌كه‌و قه‌زاكه‌ش به توانا ناوخۆییه‌كانی، ئه‌ویش وه‌ك هه‌وڵێكی بۆ چه‌سپاندنی حاڵه‌ته‌كه‌و سووربوونی له‌سه‌ر مافی له خاوه‌ندارێتی قه‌زای نخێبو ده‌روازه سنوورییه‌كه‌ی له‌ڕووی ئیدارییه‌وه.
ته‌ها عه‌بدولغه‌نی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای ئه‌نبار له‌وباره‌یه‌وه قسه‌ی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "قبوڵكراو نییه هیچ كه‌سێك باسی مافی له ئیداره‌دانی ده‌روازه‌ی جه‌دیده عه‌رعه‌ر بكات جگه له پارێزگای ئه‌نبار، چونكه هه‌موو به‌ڵگه‌نامه‌و دۆكیۆمێنته‌كان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه قه‌زای نخێبو ده‌روازه‌ی عه‌رعه‌ر له سنووری ئیداری پارێزگای ئهنباردان، هه‌ر ئیدیعاكردنێكیش جگه له‌وه بوختانه له‌دژی پارێزگای ئهنبارو ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر مافه‌كانیه‌تی".
هه‌روه‌ها وتی: "پانزه ساڵه پارێزگای ئه‌نبار ئه‌ركی ئیداره‌دانی ناحیه‌ی نخێبی گرتووه‌ته ئه‌ستۆ پێش ئه‌وه‌ی به‌بڕیارێكی پشتیوانیكراو له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی پارێزگای ئه‌نباره‌وه ببێته قه‌زاو پاره‌یه‌كی زۆر له بودجه‌كه‌ی دهبڕێتو بۆ خزمهتگوزاریو پرۆژه‌كانی قه‌زای نخێبی ته‌رخان ده‌كات، ئه‌مه جگه له پشتیوانیكردنی سه‌رجه‌م كهرتهكانو دابینكردنی پێداویستییه لۆجستی‌و خزمه‌تگوزارییه‌كان تا سه‌ركه‌وتنی پلانه ئهمنییهكانیو ره‌وانه‌كردنی حیاجیان له ده‌روازه‌ی جه‌دیده عه‌رعه‌ره‌وه مسۆگه‌ر بكات".
ناكرێت گرنگی ده‌روازه‌ی سنووری عه‌رعه‌ری نێوان عێراق‌و سعودیه ته‌نیا له مه‌به‌ستی بازرگانی یاخود گه‌شتیاریدا قه‌تیس بكرێت، چونكه پێگه‌یه‌كی سیاسی‌و ئه‌منیشی هه‌یه بۆ لایه‌نه سیاسییه جیاجیاكان چ نێوده‌وڵه‌تی بن یان ناوخۆیی، هه‌ندێك هه‌ندێك له پسپۆران‌و ئاگایانیش هه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌یان هه‌یه كه دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه ئه‌و ململانێیه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ر په‌ره‌سه‌ندنێكی تایبه‌ت به قه‌زای نخێب یان ده‌روازه‌كه‌دا به‌ره‌و هه‌ڵكشان ده‌چێت، ناكرێت ته‌نیا بۆ ئامانجی ئابووری بێت.
له‌وباره‌یه‌وه لیوای خانه‌نشین محه‌مه‌د كهرتاح قسه‌ی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "كۆنترۆڵكردنی قه‌زای نخێبو ده‌روازه‌ی عه‌رعه‌ر به‌دیاریكراوی له‌لایه‌نی عێراقییه‌وه یه‌ك پاڵنه‌ری هه‌یه، بۆ نموونه ئه‌نبار هه‌وڵده‌دات پارێزگاری له ده‌روازه‌كه‌ی بكات به‌ره‌و ده‌وروبه‌ره سوننهكهیو به‌دیاریكراویش به‌ره‌و كه‌نداو، هه‌رچی كه‌ربه‌لا یاخود نهجهفیشه ئه‌وا له‌پێناو سه‌پاندنی كۆنترۆڵ‌و ههژموونیانو دابڕینی پێكهاته‌ی سوننه‌یه له وڵاتانی كه‌نداو كه پالًپشتی سه‌ره‌كین بۆی".
وتیشی: "ئه‌وه‌ی كۆنترۆڵی ده‌روازه‌ی جه‌دیده عه‌رعه‌رو قه‌زای نخێب بكات، ئه‌وا كۆنترۆڵی ئه‌ڵقه‌یه‌كی گرنگی په‌یوه‌ندی نێوان عێراق‌و سوریای كردووه كه هاوكات له‌گه‌ڵ داگیركردنی زۆربه‌ی شاره‌كانی پارێزگای ئه‌نبار له‌لایه‌ن گرووپه‌كانی داعشه‌وه په‌یدابووه، ئه‌ویش له هه‌وڵێكدا بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگای جێگره‌وه كه یارمه‌تیده‌ر بێت له گه‌یشتنی پشتیوانی دارایی‌و لۆجستی بۆ سوریا به‌بێ تێپه‌ڕبوون به نێو گرووپه‌كانی داعشدا، ئه‌مه جگه له كۆنترۆڵكردنی ده‌روازه‌ی عێراق به‌ره‌و ده‌وڵه‌تانی كهنداوو به‌نده‌ره‌كانی ده‌ریای سوور".
سه‌رله‌نوێ ژیانه‌وه‌ی ده‌روازه‌كه ره‌نگه ده‌رچه‌یه‌كی گرنگ بێت بۆ بازرگانی نێوان عێراق‌و سعودیه، به‌ڵام گورزێكی ئابووری جه‌رگبڕیش ده‌بێت كه سعودیه به پشتیوانی عێراق له بازرگانی ئێرانی ده‌دات كه بهزۆریو به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌خۆ پشت به بازاڕی عێراق ده‌به‌ستێت.
كه‌ریم نوری سه‌ركرده له هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌و باره‌یه‌وه به "نیقاش"ی وت: "ئه‌گه‌ر گریمانه‌ی ئه‌وه دابنێین سعودیه نیازی پاكه ئه‌وا بڕیاری به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی بازرگانی به‌شێوه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی له ده‌روازه‌ی سنووری عه‌رعه‌ر بڕیارێكی باش‌و به‌سووده بۆ گێڕانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق‌و سعودیه بۆ دۆخی پێشووی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌یبینین بڕیارێكی سیاسییه‌و كاته‌كه‌شی نه‌گونجاوه به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ سزاكانی ئه‌مریكادا بۆ سه‌ر ئێران".
وتیشی: "كردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌روازه‌یه كه كه‌وتووه‌ته شارێكی ههستیارو گرنگه‌وه دۆسێكه‌ی یهكلانهكردووهتهوهو هێشتا له چوارچێوه ناوچه جێناكۆكهكاندایهو ره‌نگه قه‌یرانێكی راسته‌قینه ههڵگیرسێنێتو په‌ره‌بسێنێت بۆ ململانێیه‌ك له نێوان پێكهاته‌كانی یه‌ك گه‌لدا، راگه‌یاندنی كردنه‌وه‌ی ده‌روازه ده‌روازه‌كه‌ش له‌م كاته‌دا بڕیارێكی نامهدروسهو پێویسته چاوی پێدا بخشێندرێته‌وه".
دانیشتووانی پارێزگای ئه‌نبار بهگشتیو قه‌زای نخێب به‌تایبه‌تی دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه كه به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی سنووری جه‌دیده عه‌رعه‌ر یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ بوژاندنه‌وه‌ی ئابووری زۆربه‌ی شاره‌كانی ده‌وروبه‌ری ده‌روازه‌كه كه له‌وه‌ته‌ی له ساڵی 1990وه داخراوه له‌ڕووی ئابوورییه‌وه زیانیان به‌ركه‌وتووه.