شۆفێری تاكسییه‌كه سه‌ری دانه‌واند تا له‌ژێر لافیته‌یه‌كی گه‌وره‌وه كه وێنه‌ی كاندیدێكی پێوه‌بوو، سه‌یر بكات، كاتێكیش دڵنیابوو له‌وه‌ی شه‌قامه‌كه ئۆتۆمبێلی تێدا نییه، به‌لای راستدا پێچی كرده‌وه، كه سه‌ری هێنایه‌وه دواوه هه‌ناسه‌یه‌كی دایه‌وه‌و به گله‌ییه‌وه وتی: "كه‌ی له‌م فه‌وزایه رزگارمان ده‌بێت، خنكاین، جگه له لافیته هیچ شتێك نابینین".
شه‌قامه‌كانی شاره‌كه به‌هۆی هه‌ڵمه‌ته‌كانی بانگه‌شه بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان كه رۆژی 12ی ئایاری داهاتوو به‌ڕێوه‌ده‌چێت، نوقمی فه‌وزا بوون، ناوه‌ندی شهقامهكانو دیوار‌و ستوونی رووناكی سه‌ر شهقامهكانو كاره‌باو ته‌نانه‌ت نیشانه‌كانی هاتووچۆش، پڕن له وێنه‌ی كاندیدانی پیاوو ژن، هاوكات هۆڵه‌كانی ئاهه‌نگیش به‌كۆبوونه‌وه‌ی قه‌واره‌كانی هه‌ڵبژاردن قه‌ره‌باڵغ بوون.
"قه‌ره‌باڵغی كاندیدان"
ئه‌مه یه‌كه‌مجاره پارێزگای نه‌ینه‌وا ئه‌م قه‌ره‌باڵغییه گه‌وره‌یه به‌خۆوه ببینێت، (921) پیاووژن كێبڕكێ ده‌كه‌ن له‌سه‌ر (34) كورسی په‌رله‌مان، واته رێژه‌ی 13%ی كۆی كاندیدانی عێراق كه زیاتر له دوو ئه‌وه‌نده‌ی كاندیدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوون.
هۆكاری ئه‌وه‌ش بۆ سه‌قامگیری ئه‌منی له موسڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه پاش ئه‌وه‌ی له مانگی ته‌مموزی رابردووه له چنگی رێكخراوی "داعش" ئازاد كرا، ئێستاش كاندیده‌كان ئازادییه‌كی ته‌واوی هاتووچۆكردنیان له شاره‌كه‌و به‌ستنی كۆڕ‌و كۆنفرانسی هه‌ڵبژاردن هه‌یه به‌شێوه‌یه‌ك كه له 2003وه رووی نه‌داوه. ژماره‌یه‌كیان سه‌ردانی گازینۆی كه‌لتوری قه‌نته‌ره له خۆرهه‌ڵاتی شاره‌كه‌و چه‌ند گازینۆیه‌كی دیكه دهكهنو وه‌ك هه‌ر كه‌سێكی دیكه به‌بێ ترس دادهنیشنو چالاكییه‌كانی بانگه‌شه به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن.
له‌وباره‌یه‌وه ژنه كاندید هیند جاسم باس له‌و ده‌كات كه به‌وپه‌ڕی ئاسووده‌ییه‌وه هاتووچۆ دهكاتو بانگه‌شه بۆ به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنی ده‌كات، هه‌روه‌ها رافع سلێمانی كاندید‌و چه‌ند كاندیدێكی دیكه‌ش به‌هه‌مان شێوه واده‌كه‌ن.
"چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر خۆكاندیدكردن مانای خۆكوشتن بوو" ئه‌مه قسه‌ی وه‌جیه محه‌مه‌ده كه له ساڵی 2013دا كاتێك خۆی كاندید كردبوو بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان چه‌كدرانی "داعش" هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر ماڵه‌كه‌ی‌و به‌دوایدا گه‌ڕان تا بیكوژن، به‌ڵام توانی هه‌ڵبێت، له كاتێكدا نزیكه‌ی 15 كاندید له‌و ماوه‌یه‌دا به رووداوی جیاجیا كوژران.
دكتۆر تارق تائی مامۆستای زانسته سیاسییه‌كان له زانكۆی موسڵ روونیكرده‌وه مه‌سه‌له‌كه ته‌نیا ژماره نییه، به‌ڵكو جۆریشهو ئێستا ژماره‌یه‌كی زۆر كاندیدی گه‌نج هه‌ن، باسی له‌وه‌ش كرد كه سێ هێز له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا ململانێ ده‌كه‌ن ئه‌وانیش بریتین له هێزه عهشایرییهكانو هێزی گهنجانو هێزی نوخبه‌و خاوه‌ن تواناكان.
به‌وته‌ی تائی گه‌نجان خه‌ریكن رۆڵی خۆیان دهبیننو له جاران كاریگهرتربوون، به‌ڵام هێزی ته‌واویان بۆ كێبڕكێكردنی لیسته گه‌وره‌كان نییه، بۆیه لیستێك نییه نوێنه‌رایه‌تی گه‌نجان بكات، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی هه‌یه كاندیدی ژن‌و پیاون‌و چوونه‌ته نێو لیسته گه‌وره‌كانه‌وه.
له‌میانی گه‌ڕان به‌نێو شاره‌كه‌دا وێنه‌ی ژنه كاندیده‌كان دیارن كه به‌شێوه‌یه‌كی بێ پێشینه كێبڕكێی كاندیده‌كان ده‌كه‌ن، به‌پێی داتاكانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن له عێراقیش نه‌ینه‌وا 255 كاندیدی ژنی تێدایه، واته 27.5%ی كۆی كاندیده‌كانی پارێزگاكه، كه ئه‌وه‌ش به‌رزترین رێژه‌یه له پارێزگاكه‌دا تا ئێستا.
"ریكلامی ره‌نگاوڕه‌نگ له‌سه‌ر داروپه‌ردووی جه‌نگ"
كاتێك چووینه به‌ری خۆرئاوای موسڵ كه وێرانكارییه‌كی زۆری به‌ركه‌وتووه، بینیمان چالاكی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ببووه جێی نیگه‌رانی دانیشتووان به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌وانه‌ی خانووه‌كانیان رووخاوه‌و چه‌ند ئه‌ندامێكی خێزانه‌كانیان له جه‌نگدا له‌ده‌ست داوه.
زه‌ینه‌ب سه‌عد (28 ساڵ) كه له ده‌رمانخانه‌یه‌كدا كار ده‌كات، ده‌ڵێت: "دوا ده مانگ له ئازادكردنی شاره‌كه هێشتا ته‌رم هه‌یه هی هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی یاخود چه‌كدارانی داعشن‌و ههڵنهگیراونهتهوهو بۆنیان لوت پڕده‌كات، له هه‌مان كاتدا كاندیده‌كان ئه‌وه‌نده بوێرییان هه‌یه وێنه‌كانیان به دیواره‌كانی شاری كۆنی وێرانكراودا هه‌ڵده‌واسن! ئه‌مه چ سووكایه‌تییه‌كه به هه‌ستی خه‌ڵك ده‌كرێت".
هه‌روه‌ها زه‌ینه‌ب وتی: "چارمان نیه، به‌دڵنیاییه‌وه من‌و ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌شم به‌هه‌مان شێوه ده‌نگ ده‌ده‌ین، به‌و ئومێده‌ی گۆڕانكارییه‌ك به‌دیبێت ئه‌گه‌ر ساده‌ش بێت، له دوای 2003وه ئازاری زۆرمان چه‌شتووه".
سه‌ره‌ڕای بێئومێدبوونی به‌شێكی زۆری دانیشتووانی موسڵ له نوێنه‌رانیان له پهرلهمانو حكومه‌ت، به‌ڵام زۆرینه‌یان به‌ره‌و به‌شداریكردن له هه‌ڵبژاردن ده‌چن، نابێ ئه‌وه‌ش فه‌رامۆش بكرێت كه هه‌ندێكیان له‌وڕووه‌وه ساردبوونه‌ته‌وه.
"هیچ كه‌سێك هه‌موو كێكه‌كه ناباته‌وه"
موسڵ قورساییه‌كی زۆری هه‌ڵبژاردنی هه‌یه، چونكه دووه‌م گه‌وره شاری عێراقه له‌ڕووی ژماره‌ی دانیشتووانه‌وه، به‌پێی دوا لێدوانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنیش پارێزگای نه‌ینه‌وا زیاتر له دوو ملیۆن‌و (200) هه‌زار ده‌نگده‌ری تێدایه 70%یان مافی ده‌نگدانیان ده‌بێت كه كارتی ده‌نگدانیان وه‌رگرتووه‌ته‌وه.
بۆیه لیسته‌كان كێبڕكێی به‌هێز له‌م پارێزگایه‌دا ده‌كه‌ن كه دیارترینیشیان بریتین له "هاوپه‌یمانی نه‌سر" به‌سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وهزیرانو "هاوپه‌یمانی قه‌رار" كه ئوسامه نوجێفی جێگری سه‌رۆك كۆمار سه‌رۆكایه‌تی دهكاتو "ئیئتیلافی وه‌ته‌نییه" به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌یاد عه‌لاوی جێگری سه‌رۆك كۆمار‌و "نه‌ینه‌وا ناسنامه‌مانه"ی محه‌مه‌د ئیقبال وه‌زیری په‌روه‌رده‌و لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان.
به‌هۆی ئه‌و وێرانكارییه زۆره‌ی جه‌نگیش كه زیاتر له ده هه‌زار بیناو ژێرخانی شاره‌كه‌ی گرتووه‌ته‌وه، كێشه‌ی لۆجستی له بنكه‌كانی ده‌نگداندا هه‌یه، به‌ڵام كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن توانیویه‌تی (740) بنكه‌ی هه‌ڵبژاردن بكاته‌وه كه نزیكه‌ی (4300) وێستگه‌ی ده‌نگدان له‌خۆده‌گرن، بێجگه له شاری كۆن كه هیچ بنكه‌یه‌كی تێدا نییه له‌به‌رئه‌وه‌ی تائێستا ژیانی بۆ نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه.
به‌دڵنیاییه‌وه پرۆسه‌ی ده‌نگدان له ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كه ئاسان نابێت، بۆیه له ناوچه‌كانی خۆرئاوای موسڵ وه‌كو شهنگالو ناوچه‌كانی دیكه وێستگه‌ی گه‌ڕۆكی ده‌نگدان ته‌رخان كراون كه كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن ناوی (وێستگه‌كانی جموجوڵی دانیشتووان)ی لێناون، هاوكات كێشه‌یه‌كی دیكه له‌وه‌دایه كه نزیكه‌ی (180) هه‌زر ده‌نگده‌ر نیشته‌جێی كامپی ئاواره‌كانن له دهۆكو هه‌ولێرو باشووری موسڵ، كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنیش رایگه‌یاندووه كه رێگه‌یان پێده‌دات ده‌نگ بده‌ن، به‌ڵام به‌شێك له چالاكوانان‌و كاندیدان هۆشیاری ده‌ده‌ن له به‌كارهێنانی ئه‌و ده‌نگه زۆره بۆ ساخته‌كاری.
"نه‌خشه‌یه‌كی نوێ"
هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره له سایه‌ی هه‌لومه‌رجێكی نوێ‌دا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، بۆیه سه‌ره‌ڕای ئه‌و وێرانكارییه زۆره‌ی له ئه‌نجامی جه‌نگدا روویداوه‌و ئه‌و سه‌قامگیرییه ئه‌منییه رێژه‌ییه‌ی له‌ئارادایه، پێشبینی ده‌كرێت گۆڕانكارییه‌ك له نه‌خشه‌ی سیاسی‌دا رووبدات دوای پاشه‌كشه‌كردنی هه‌ژموونی هه‌ردوو لیستی كوردی (پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان) له نه‌ینه‌وا.
چونكه هێزه‌كانی سه‌ر به‌حكومه‌تی فیدراڵی له مانگی تشرینی یه‌كه‌می رابردووه‌وه (12) یه‌كه‌ی ئیداریان كۆنترۆڵ كردووه‌ته‌وه كه پێشتر له‌ژێر ئیداره‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌دا بوون، ئه‌وش یارمه‌تیده‌ر ده‌بوو بۆئه‌وه‌ی هه‌ردوو لیسته‌كه سێیه‌كی ده‌نگی پارێزگاكه به‌ده‌ستبهێنن چ له په‌رله‌مان یاخود له حكومه‌تی خۆجێییدا، به‌ڵام هه‌ردوو لیسته‌كه هیچیان له‌به‌رده‌ستدا نه‌ماوه كامپی ئاواره‌كان نه‌بێت كه له مانگی ئابی 2014وه به‌هه‌زاران ئێزدییان تێدا نیشته‌جێیه.
سه‌ره‌نجام زه‌حمه‌ته هه‌ردوو لیسته كوردییه‌كه جارێكی تر سێیه‌كی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ستبهێننه‌وه، هه‌روه‌ها به‌شێك له‌و لیستانهش پاشه‌كشێ ده‌كه‌ن كه زیاتر له ده‌یه‌یه‌كه له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی موسڵدا باڵادهستنو له‌لایه‌ن هه‌ردوو برا ئوسامه نوجێفی جێگری سه‌رۆك كۆمار‌و ئه‌سیل نوجێفی پارێزگاری پێشووی نهینهواو حزبی ئیسلامییه‌وه سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێن، له‌به‌رامبه‌ریشدا یاریزانی نوێ ده‌رده‌كه‌ون وه‌كو لیستی نه‌سر به‌سه‌رۆكایه‌تی عهبادیو خالید عوبه‌یدی وه‌زیری پێشووی بهرگریو ئیئتیلافی وه‌ته‌نییه به‌سه‌رۆكایه‌تی عهلاویو فه‌تح به‌سه‌رۆكایه‌تی هادی عامری سه‌ركرده‌ی رێكخراوی به‌در.
كه‌واته كێبڕكێكه گه‌رم دهبێتو ره‌نگه هیچ یه‌كێك له‌و لیستانه زیاتر له پێنج كورسی به‌ده‌ست نه‌هێنێت، به‌و پێیه‌ش ده‌نگه‌كان په‌رشوبڵاو ده‌بن. ئه‌نجامه‌كان هه‌رچۆنێك بن گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌م هه‌ڵبژاردنه وه‌ك شۆفێری تاكسییه‌كه وتی: "به‌خێر كۆتایی بێت‌و سه‌رله‌نوێ رێگاكه‌مان به‌باشی ببینینه‌وه".