راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

چیرۆكی هه‌ڵبژاردن بێ پاڵه‌وانه‌
دابه‌شبوونی لیسته‌كان چانسی‌ زۆرینه‌ی‌ له‌خوارووی‌ عێراق نه‌هێشتووه‌

ئه‌حمه‌د وه‌حید
ناونیشانه‌كانی هه‌ڵبژاردن زۆربوون‌و جیاوازی نێوان كوتله‌كانیش فره‌ن، به‌ڕاده‌یه‌ك پاڵه‌وانی چیرۆكی هه‌ڵبژاردنیان له‌باشووری عێراقدا نه‌هێشتووه‌ كه‌ وا راهاتبووین له‌هه‌ر چاپێكی رۆمانی هه‌ڵبژاردندا ده‌ربكه‌وێت.
3.05.2018  |  به‌سره
 ( :وێنه 					)
( :وێنه )

پاش ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنی (2005 و 2006)دا حزبه‌ شیعه‌كانی عێراق له‌ژێر سایه‌ی لیستێكدا كۆبوونه‌وه‌ كه‌ بووه‌ هۆی راكێشانی هه‌موو ده‌نگه‌كانی شیعه‌، ئه‌و حزبانه‌ له‌ ساڵی 2010دا دابه‌شبوون بۆ سێ لیست (ده‌وڵه‌تی یاسا، هاوپه‌یمانی نیشتمانی، ره‌وتی سه‌در)، هه‌مان ئه‌م دابه‌شبوونه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی 2014یشدا به‌رده‌وامبوو، كه‌ نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو (نه‌هه‌نگی هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2010‌و 2014) بوو.

 

له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووشدا لیسته‌ شیعه‌كان دابه‌شبوون بۆ پێنج لیست (ده‌وڵه‌تی یاسا، نه‌سر، فه‌تح، حیكمه‌، سائرون) كه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستا پاڵه‌وانه‌كه‌یان نه‌بوو – كه‌ پێویست بوو ئه‌و بێت – ئه‌ویش له‌به‌رئه‌وه‌ی زمانی ئاگرین‌و هه‌ڕه‌شه‌ی نییه‌ كه‌ گرنگترین خه‌سڵه‌تی سوارچاكی خه‌ونه‌كانی ده‌نگده‌رانی عێراقن.

 

سالم سه‌عد كه‌ فه‌رمانبه‌ری كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌ له‌ به‌سره‌ به‌ "نیقاش"ی وت: "كۆمسیۆن له‌ هه‌موو هه‌ڵبژادنه‌كانی پێشوودا تێبینی هه‌ڵكشانی به‌پیره‌وه‌چوونی لیستی سه‌رۆك وه‌زیرانی له‌ پارێزگاكه‌دا كردووه‌، به‌جۆرێك ئه‌و لیسته‌ له‌ یه‌كه‌م لیسته‌ كامڵه‌كان ده‌بێت‌و یه‌ده‌گێكی گه‌وره‌شی ده‌بێت".

ئه‌وه‌ش كاتێك روون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ده‌بینین چه‌ند ناوێك له‌ریزی پێشه‌وه‌ی لیسته‌كانی دیكه‌دان، به‌ڵام له‌ لیسته‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیراندا له‌ ناوه‌ڕاست یاخود كۆتایی ریزبه‌ندی لیسته‌كه‌دا ده‌بن، وتیشی: "ئه‌مه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا رووی نه‌داوه‌، چونكه‌ چانسی لیسته‌كان هێنده‌ی نه‌ماوه‌ یه‌كسان بێت كه‌ پێشتر ئه‌نجامه‌كانی نیمچه‌ یه‌كلایی بوو".

 

لیستی نه‌سری سه‌ر به‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ به‌سره‌ پشت به‌ جه‌بار لعێبی وه‌زیری نه‌وت ده‌به‌ستێت كه‌ دیارترین كه‌سایه‌تی به‌سره‌یه‌ له‌بواری نه‌وتدا ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ سه‌عه‌د عیدانی پارێزگار، هاوكات لیسته‌ ركابه‌ره‌كه‌ی كه‌ لیستی ده‌وڵه‌تی یاسایه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو، پشت به‌ خه‌ڵه‌ف عه‌بدولسه‌مه‌د پارێزگاری پێشووی به‌سره‌‌و سه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ی شه‌هیدان‌و په‌رله‌مانتاری ئێستا ده‌به‌ستێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ كازم حه‌مامی وه‌زیری گواستنه‌وه‌ كه‌ كاپتنێكی ده‌ریاوانیی ناسراو بووه‌ له‌ به‌سره‌ به‌رله‌وه‌ی پۆستی وه‌زیری گواستنه‌وه‌ وه‌ربگرێت.

 

لیستی فه‌تحیش كێبڕكێ به‌ چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی حه‌شدی شه‌عبی ده‌كات له‌وانه‌ فالح خه‌زعه‌لی‌و ئه‌وانه‌ی له‌ ره‌وتی سه‌در جیابوونه‌ته‌وه‌ وه‌كو عوده‌ی عه‌واد، ئه‌مانه‌ش له‌ ناودارترین به‌رپرسانی كه‌رتی وزه‌ن له‌ پارێزگاكه‌دا، هاوپه‌یمانی سائیرونیش به‌چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی سه‌ربه‌خۆ‌و دوور له‌ حزبایه‌تی كێبڕكێ ده‌كات، ئه‌ویش وه‌ك هه‌وڵێك بۆ راكێشانی ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ی هه‌وڵی گۆڕانكاری‌و ده‌ربازبوون له‌ ده‌موچاوه‌ كۆنه‌كان له‌ پێناو جێبه‌جێكردنی ویستی مه‌رجه‌عیه‌ت له‌ راسپارده‌ به‌ناوبانگه‌كه‌یدا كه‌ ده‌ڵێت: "تاقیكراوه‌ تاقی ناكرێته‌وه‌".

 

له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ ئه‌حمه‌د عه‌قیل به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری راسدی سه‌ربه‌خۆ به‌ "نیقاش"ی وت:"هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ كه‌سایه‌تییه‌كی وای تێدا نییه‌ خاوه‌نی پاره‌‌و ده‌سه‌ڵات بێت به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت‌و بڕیاره‌كانی كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجی له‌گه‌ڵ بوونی قه‌واره‌یه‌كی گه‌وره‌ی به‌شدار له‌ ده‌وڵه‌ت، به‌ڵام به‌ مه‌یلی ئۆپۆزسیۆنبوونه‌وه‌ (ده‌وڵه‌تی یاسا)، ئه‌مانه‌ كاریگه‌ریان له‌سه‌ر كه‌سایه‌تی سه‌رۆك وه‌زیران هه‌بووه‌ كه‌ له‌ هه‌موو خوله‌كانی هه‌ڵبژاردنی پێشوودا كاریگه‌ر بووه‌".

 

روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ "زۆرێك له‌ لیسته‌كان دروشمی زۆرینه‌یان به‌رزكردووه‌ته‌وه‌‌و رایده‌گه‌یه‌نن كه‌ نزیكن له‌ به‌ده‌ستهێنانی ره‌زامه‌ندی زۆرترین رێژه‌ی جه‌ماوه‌ر، به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌شێكه‌ له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن‌و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵك به‌وه‌ی لیسته‌كه‌یان مه‌به‌ستی هاووڵاتیانه‌ ئه‌مه‌ش ده‌نگده‌ر وا تێده‌گه‌یه‌نێت كه‌ به‌شداری ئه‌و ویسته‌ بكات، هه‌روه‌ك ناشكرێت پاڵه‌وانی چیرۆكی هه‌ڵبژاردن دیاری بكرێت، چونكه‌ لیستی فه‌تح ئیدیعای نوێنه‌رایه‌تیكردنی گرووپه‌كانی حه‌شد ده‌كات كه‌ جه‌ماوه‌رێكی زۆریان هه‌یه‌، عه‌بادیش كه‌یسێكی باشی سه‌ركردایه‌تیكردنی هه‌یه‌ به‌هۆی به‌رٍِێوه‌بردنی شه‌ڕی دژ به‌ داعش به‌باشترین شێوه‌، مالیكیش به‌ كه‌سایه‌تییه‌ك داده‌نرێت كاریگه‌رییه‌كی زۆری به‌سه‌ر ئه‌و هاووڵاتیانه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ كاریزمای هه‌ڕه‌شه‌‌و گوڕه‌شه‌یان پێباشه‌".

 

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م دابه‌شبوونه‌ی نێوان لیسته‌ شیعه‌كانیشدا دابه‌شبوونێكی دیكه‌ له‌و لیستانه‌دا هه‌یه‌ كه‌ خۆیان وه‌ك مه‌ده‌نی‌و دوور له‌ "ئیسلامیبوون" ده‌ناسێنن، به‌وپێیه‌ ئه‌و دوو بۆچوونه‌ گرنگترین ئه‌و ئاڕاستانه‌ن كه‌ ده‌نگده‌رانی به‌سره‌ روویان تێده‌كه‌ن له‌ كاتێكدا لیسته‌ سوننه‌كان بوونیان نییه‌، چونكه‌ لیستی "هاوپه‌یمانی مه‌ده‌نی دیموكراتی" له‌ ساڵی 2014دا یه‌كه‌م‌و دوا رووگه‌ی مه‌ده‌نییه‌كانی عێراق بوو، له‌ كاتێكدا لیستی "ته‌مه‌دون" وه‌ك ركابه‌رێكی هاته‌ مه‌یدانه‌كه‌، هاوكات دێرینترین بژارده‌ی مه‌ده‌نی له‌ پارێزگاكه‌ (حزبی شیوعی) چووه‌ هاوپه‌یمانی "سائیرون" كه‌ ره‌وتی سه‌در سه‌رپه‌رشتی ده‌كات، ئه‌مه‌ش مانای وایه‌ كارته‌ مه‌ده‌نییه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌ ده‌نگدانی گشتیدا كه‌ رۆژی 12ی ئایاری داهاتوو به‌ڕێوه‌ده‌چێت، سه‌ركرده‌یه‌كیان نییه‌.

 

هه‌روه‌ها هه‌ڵمه‌ته‌كانی بایكۆتكردنیش ده‌بنه‌ هۆی له‌ده‌ستدانی تێڕوانین‌و قورسی له‌ دیاریكرنی به‌هێزترین ژماره‌ی ده‌نگدانی گشتی، چونكه‌ بایكۆتكه‌ران باوه‌ڕیان وایه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی ئێستا ده‌موچاوی نوێی نه‌هێناوه‌ته‌وه‌ پێشه‌وه‌ له‌سایه‌ی یاسایه‌كی هه‌ڵبژاردندا كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی سیاسییه‌ گه‌نده‌ڵه‌كان داڕێژراوه‌ به‌جۆرێك مانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م حزبه‌ حوكمڕانه‌كانی ئێستا له‌ ده‌سه‌ڵاتدا مسۆگه‌ر بكات، بۆیه‌ هه‌ر بایكۆتكردنه‌ كه‌ – به‌پێی قسه‌ی ئه‌وان – په‌یامێك سه‌باره‌ت به‌ توڕه‌یی ده‌نگده‌ران به‌رامبه‌ر هه‌ڵبژاردن ده‌داته‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كه‌ ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ده‌ستوه‌ردان بكات‌و یاسای هه‌ڵبژاردن بگۆڕێت.

 

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌