ده رۆژ زیاتره هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌كوردستان به‌ڕێوه ده‌چێت، هێرشكردنه سه‌ر یهكترو ناوزڕاندن‌و هه‌ڵدانه‌وه‌ی مهلهفهكانو دروستكردنی قسه‌و هێرشه‌كانی سۆشیال میدیا له‌دیارترین سیماكانی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ن له‌هه‌رێمی كوردستان.
ئه‌وه‌ی له‌كوردستان رووده‌دات به‌جۆرێكه هه‌موو هێزه سیاسییه‌كان جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان وه‌ها راهێناوه له‌بری ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی ته‌ركیزیان له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنی هێزه سیاسییه‌كان بێت، هه‌مووچاویان چووه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی بزانن چۆن كه‌موكوڕی نه‌یاره‌كانیان ده‌رده‌كه‌وێ.
هه‌رچی سه‌ركرده‌ی هێزه سیاسییه‌كانیشه ده‌زانن ئه‌گه‌ر تا كۆتایی بانگه‌شه بارودۆخه‌كه به‌م شێوه‌یه بڕوات، دوور نییه توندوتیژی زیاتری لێ به‌رهه‌م بێت.
عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن وته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ده‌ڤه‌ری سلێمانی بۆ "نیقاش" ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ی له‌چه‌ند رۆژی رابردوو له‌هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن بینیمان، هه‌ڵمه‌تێكی توند بوو، به‌رده‌وامی ئه‌و توندییه، كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی لایه‌نه‌كان داده‌نێت، به‌تایبه‌تی له‌دوای هه‌ڵبژاردن".
ده‌شڵێت "ده‌بێت لایه‌نه‌كان كار بۆ ئه‌وه بكه‌ن، كه له‌رێگه‌ی به‌رنامه‌یه‌كی تایبهتو میدیاكانی خۆیان دۆخه‌كه هێوربكه‌نه‌وه، چونكه به‌رده‌وامی ئه‌و دۆخه هه‌موو ئه‌گه‌رێكی لێدهكرێتو ره‌نگه ببێته هۆی پێكدادان هێزه‌كانیش".
هه‌ڵمه‌ت له‌شه‌قامه‌وه بۆ ناو تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان
جیاوازی ئه‌مجاره‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ئه‌وه‌یه، كه زۆرترین بانگه‌شه له‌تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش رێگای خۆشكردووه بۆ سڕینه‌وه‌ی یه‌كتری، چونكه نه كۆمسیۆن‌و نه یاسا كارپێكراوه‌كانی هه‌رێمیش ناتوانن لێپێچینه‌وه له‌هێزه سیاسییه‌كان بكه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و هێرشانه‌ی له‌سۆشیال میدیاوه ده‌كرێ.
پێشتر لایه‌نه‌كانی هه‌رێم بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن زیاتر شه‌قامه‌كانیان به‌كارده‌هێنا، ئه‌وه‌ش به‌كۆكردنه‌وه‌ی ههوادارانیانو ریزكردنو رازاندنه‌وه‌ی ئۆتۆمبیل‌و گه‌ڕان به‌ناو شوێنه گشتییه‌كان، به‌ڵام بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه ئه‌م دیارده‌یه له‌زۆربه‌ی شاره‌كان كه‌مبووه‌ته‌وه.
زمناكۆ جه‌لال رێكخه‌ری ژووری هه‌ڵبژاردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌و باره‌وه بۆ "نیقاش" ده‌ڵێت "ئه‌مساڵ پێچه‌وانه‌ی ساڵانی رابردوو ئه‌و گه‌رموگوڕییه‌ی له‌شه‌قامه‌كان هه‌بوو، نه‌ماوه‌و لایه‌نه‌كانیش زۆر پشت بهههڵمهتهكان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان نابهست".
زمناكۆ جه‌لال هۆكاری ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌وه گێڕایه‌وه كه دۆخی ئابووری خه‌ڵك زۆر باش نییه‌و لایه‌نه‌كانیش نایانه‌وێت ئه‌و رووداوانه‌ی له‌رابردوو روویداوه رووبداته‌وه، هه‌روه‌ها لایه‌نه‌كان ده‌رفه‌تی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش به‌ئاسانترین رێگه ده‌زانن بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ن بهدهنگدهرو له‌وێوه بانگه‌شه‌ی خۆیان بكه‌ن.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی گۆڕان ده‌شڵێت "ساڵان به‌كارهێنه‌ری تۆره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وه‌ك ئێستا نه‌بوو، زۆری به‌كارهێنانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هۆكارێكی تره بۆ ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی لێوه‌بكرێت بۆ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن".
شكاندنی كاندیده‌كان
هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره له‌كوردستان به‌شێوه‌یه‌كه لایه‌نه‌كان كار له‌سه‌ر شكاندنی یه‌كتری ده‌كه‌ن، قوربانی یه‌كه‌میش كاندیده‌كانن.
یه‌كه‌م قوربانی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته، جوان ئیحسان سه‌رۆكی لیستی یه‌كێتی نیشتمانی له‌پارێزگای سلێمانی بوو، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی به‌شداری به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنی كرد‌و له‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیارێك له‌باره‌ی كابینه‌كه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، ئیتر گرته ڤیدیۆییه‌كه‌ی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ته‌نیو ده‌یان ئهكاونتو په‌یج له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك پۆستیان له‌سه‌ر كرد‌و ره‌خنه‌ی توندیان لێگرت، به‌وه‌ی نه‌یتوانیوه وه‌ڵامی پرسیارێك بداته‌وه.
له‌دوای جوان ئیحسان، كاندیدێكی تری پارتی دیموكرات به‌ناوی هێشوو رێبوار عه‌لی، به‌هه‌مان شێوه له‌به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنی سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو له‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیارێك، ئه‌ویش بووه جێگه‌ی باس‌و خواسی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان‌و ده‌یان پۆست‌و كۆمێتی له‌سه‌ر ڤیدیۆكه‌ی كرا، ته‌نانه‌ت كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی چه‌ند ڤیدیۆ‌و وێنه‌یه‌كی تایبه‌تی خێزانی بڵاوكرایه‌وه كه به‌قسه‌ی كاندیده‌كه له‌مۆبایله تایبه‌تییه‌كه‌ی خۆیه‌وه دزرابوون.
جوان ئیحسان، سه‌رۆكی لیستی یه‌كێتی بۆ پارێزگای سلێمانی نایشارێته‌وه، به‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی له‌تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌سه‌ری كراوه نیگه‌ران بووه، چونكه وه‌ك خۆی بۆ "نیقاش"ی باسكرد هه‌وڵدراوه له‌كه‌سایه‌تی بدرێت‌و بشكێنرێت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وادارانی یهكێتیو خه‌ڵكی كوردستان ساردببنه‌وه له‌ده‌نگدان پێی.
جوان ئیحسان ده‌شڵێت: "ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی له‌تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌یه، هه‌ڵمه‌تێكی رێكخراوه‌و له‌لایه‌ن چه‌ند حیزبێكی دیاریكراو ده‌كرێته سه‌ر چه‌ند كاندید‌و لایه‌نێك، چونكه ئه‌و لایه‌نانه ده‌بنه ركابه‌ری سه‌ره‌كییان له‌هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق".
جگه له‌و هه‌ڵمه‌ته، هه‌ڵمه‌تێكی تریش له‌تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌یه، ئه‌ویش هه‌ڵمه‌تی بڵاوكردنه‌وه‌ی پۆستهرو زانیاری ناڕاسته له‌سه‌ر كاندیده‌كان، كه "نیقاش" له‌رێگه‌ی تیمی ساخكردنه‌وه‌ی، ده‌یان پۆستی ساخكردووهتهوه، كه له‌سه‌ر كاندیده‌كان له‌تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه.
یوسف محه‌مه‌د، سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له‌پارێزگای سلێمانی یه‌كێك بوو له‌و كاندیدانه‌ی كه‌وته به‌ر هه‌ڵمه‌ته‌كه‌و له‌چه‌ند په‌یجێكی فه‌یسبووك زانیاری ناڕاسیان له‌باره‌یه‌وه بڵاوكرده‌وه، ئه‌مه‌ش یه‌كێك بوو له‌و بابه‌تانه‌ی "نیقاش" راستییه‌كه‌ی ده‌رخستن.
یوسف محه‌مه‌د له‌و باره‌وه بۆ "نیقاش" وتی: "هه‌ڵمه‌تێكی گه‌وره‌ی چه‌واشه‌كاری له‌سه‌ر كاندیده‌كان هه‌یه، ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن دهبێتو پرۆسه‌ی دیموكراسی له‌ناوچه‌كه له‌كه‌دار ده‌كات".
سه‌رۆكی لیستی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ پارێزگای سلێمانی، باسی له‌وه‌ش كرد، ئه‌وان ئاگاداری ههڵمهتهكهنو وتی "هه‌ڵمه‌تێكی رێكخراوه‌و چه‌ند لایه‌نێكی دیاریكراو له‌رێگه‌ی به‌كارهێنانی كۆمه‌ڵێك په‌یجی گه‌وره ئه‌و هه‌ڵمه‌ته ده‌كه‌ن".
شه‌ڕی میدیایی
هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی په‌رله‌مانی عێراق وه‌ك هه‌ڵمه‌ته‌كانی پێشوو شه‌ڕێكی میدیایی گه‌وره‌شی له‌نێوان لایه‌نه‌كان دروستكردووه‌و ئامانج له‌و شه‌ڕه میدیاییه بۆ ئه‌وه‌یه، كه لایه‌نه‌كان بتوانن زۆرترین ده‌نگ له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان كۆبكه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ش چه‌ندین مه‌له‌فی یه‌كتری، هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌و پرسه‌كانی رابردوو به‌گوێی هاووڵاتیانی هه‌رێم ده‌ده‌ن.
یه‌كێك له‌و لایه‌نانه‌ی هه‌ڵمه‌تێكی توندی میدیایی به‌رێوه‌ده‌بات، لیستی نه‌وه‌ی نوێ-یه، كه له‌لایه‌ن شاسوار عهبدولواحیدی بزنسمانهوه سه‌رۆكایه‌تی دهكرێتو یه‌كه‌مجاره به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كات.
رابون مه‌عروف وته‌بێژی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ، هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یان به‌هه‌ڵمه‌تێكی ئاسایی ناو دهباتو بۆ "نیقاش" ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌یكه‌ن، هه‌ڵمه‌تێكی ره‌خنه‌یی سیاسییه لهركابهرهكانمان، كه من پێم وایه ئه‌گه‌ر هه‌ڵمه‌تێكی له‌و شێوه‌یه نه‌بێت، ئه‌وه ئاسایی نییه".
ده‌شڵێت: "به‌رده‌وامده‌بین له‌و هه‌ڵمه‌ته میدیاییه ره‌خنه‌ییه له‌ماوه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بزانێت له 27 ساڵی رابردوو لایه‌نه‌كانی هه‌رێم چیان به‌رانبه‌ر خه‌ڵكی كردووه".
له‌هه‌رێمی كوردستان سێ ملیۆن‌و 144 هه‌زارو 730 كه‌س مافی ده‌نگدانی هه‌یه، 25 قه‌واره له‌هه‌ڵبژاردنه‌كه به‌شدارن، ئه‌و قه‌واره‌و حیزبانه‌ش 503 پاڵیوراویان هه‌یه، كێبڕكێی به‌ده‌ستهێنانی 46 كورسی په‌رله‌مانی عێراق ده‌كه‌ن له‌پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ كورسی ناوچه جێناكۆكه‌كان.
یه‌كێكی تر له‌و لایه‌نانه‌ی هه‌ڵمه‌تێكی توندی میدیایی به‌رێوه‌ده‌بات، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه، كه له‌رێگه‌ی ئۆرگانه فه‌رمییه راگه‌یاندنه‌كانی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی له‌ماوه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌ستپێكردووه‌و به‌رده‌وامی هه‌یه، به‌تایبه‌تی له‌دژی پارتی دیموكرات.
یوسف محه‌مه‌د، له‌باره‌ی هه‌ڵمه‌تی میدیایی‌و شه‌ڕی راگه‌یاندنی گۆڕان ده‌ڵێت: "له‌رێگای میدیاوه كه‌موكوڕییه‌كانی ده‌سه‌ڵات ده‌خه‌ینه‌ڕوو، بۆ ئه‌وه‌ی بۆ هه‌موو لایه‌كی بسه‌لمێنن، حكومداری به‌و كه‌سانه ناكرێت".
هه‌ر له‌یه‌كه‌م رۆژی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌شێك له‌رۆژنامه‌نووسان‌و چالاكوانانی كۆمه‌ڵی مهدهنیو سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان له‌سلێمانی له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا داوایان كرد، كه بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان دووربێت له "تهشهیرو زمانی زبر‌و گرژی".
ئه‌وان له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رایانگه‌یاند "چه‌ند رۆژێكی دیكه ده‌كه‌وینه هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه، هه‌ر له‌ئێستاوه ته‌پوتۆزی شه‌ڕی بانگه‌شه باڵی كێشاوه به‌سه‌ر بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا، كه به‌داخه‌وه ئه‌مه‌ش هێمای ئه‌وه‌مان پێده‌دات رۆژانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن رۆژانێكی سهختو پڕ لهكێبڕكێو گرژی ده‌بێت".
كۆمیسیۆن هچی پێناكرێت
تاكه لایه‌ن بتوانێت رۆڵی ههبێتو رێگری بكات له‌و هه‌ڵمه‌ته بانگه‌شه تونده‌ی لایه‌نه‌كان، كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقه، به‌ڵام وه‌ك به‌رپرسانی كۆمسیۆنه‌كه رایده‌گه‌یه‌نن، ناتوانن كۆنتڕۆڵی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی لایه‌نه‌كان بكه‌ن، به‌تایبه‌تی له‌تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.
رزگار حه‌مه جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بۆ "نیقاش" رایگه‌یاند، ئه‌وان ئاگاداری ئه‌و هه‌ڵمه‌ته تونده‌ن، كه له‌تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان لایه‌نه‌كان له‌دژی یه‌كتر بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن بهڕێیوه ده‌به‌ن.
رزگار حه‌مه راشیگه‌یاند، هه‌رچه‌نده هه‌ڵمه‌ته‌كه تونده‌و ده‌بێت رێكاری بۆ بگیرێته به‌ر بۆ راگرتنی، به‌ڵام كۆمسیۆن به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌ڵمه‌ته هیچی پێناكرێت، چونكه تۆڕه كۆمهلاَیهتییهكان كه‌س خۆی ناكات بهخاوهنیو ئه‌وانیش ناتوانن بگه‌ن به‌خاوه‌نی ئه‌و په‌یجانه‌ی هه‌ڵمه‌تی توند به‌رێوه‌ده‌بن، تا سزا بدرێن.
له‌باره‌ی ئاماری تۆماركردنی سكاڵا، ئه‌و به‌رپرسه‌ی كۆمسیۆن ئاشكرایكرد، تائێستا 10 سكاڵا له‌لایه‌ن لیسته‌كانی هه‌رێم تۆماركراون‌و "ئێمه به‌دواداچوونی خۆمان ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی ئاگاداربم سكاڵاكان لاوازن‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه چه‌ند دانه‌یه‌كیان ره‌تكراونه‌ته‌وه".