راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

لێدانی‌ یه‌كترو ئاماده‌نه‌بوونی به‌كۆمه‌ڵ
په‌رله‌مان خولێكی پڕ ده‌مه‌قاڵێ‌و كۆنفرانسی رۆژنامه‌وانی به‌ڕێكرد

موسته‌فا حه‌بیب
دوای چوار ساڵی پڕ له‌رووداو، چه‌ند رۆژێكی دیكه‌ په‌رله‌مانی عێراق خولی هه‌ڵبژاردنی ته‌واو ده‌كات، كه‌ ده‌یان یاسا په‌سه‌ندكراو‌و چه‌ندینی دیكه‌ی فه‌رامۆش كراو، ئه‌و ناكۆكییانه‌ی هاوپه‌یمانی سه‌یریان لێ هاته‌ به‌رهه‌م.
12.04.2018  |  به‌غدا

ده‌مه‌قاڵێی په‌رله‌مانتاران‌و هه‌ڵمه‌ته‌كانی لێدانی یه‌كتر‌و كۆنفرانسه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان، نیشانه‌ هه‌ره‌ دیاره‌كانی ئه‌م خوله‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق بوون.

 

هه‌فته‌ی رابردوو سه‌لیم جبوری سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند رۆژی 30ی ئه‌م مانگه‌ دوا دانیشتنی په‌رله‌مان ده‌بێت به‌ر له‌ كۆتاییهاتنی كاره‌كانی، هه‌رچه‌نده‌ به‌پێی یاسا ئه‌و واده‌یه‌ 30ی حوزه‌یرانی داهاتووه‌، به‌ڵام په‌رله‌مان له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ نه‌یتوانیوه‌ دانیشتنه‌كانی به‌ رێكوپێكی ئه‌نجام بدات له‌به‌ر سه‌رقاڵی په‌رله‌مانتاران به‌ هه‌ڵمه‌تی پێشوه‌ختی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌.

 

بۆ نموونه‌ مانگی رابردوو په‌رله‌مان ته‌نیا پێنج دانیشتنی كردووه‌، تا ئه‌مڕۆش په‌رله‌مان له‌م مانگه‌دا دانیشتنێكی نه‌كردووه‌، له‌كاتێكدا به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان ده‌بێت له‌ یه‌ك مانگدا هه‌شت دانیشتن ئه‌نجام بدرێت.

 

په‌رله‌مانتاران نایشارنه‌وه‌ كه‌ كاری په‌رله‌مان پێشكه‌وتنی له‌سه‌ر ئاستی ئه‌دای چاودێری‌و یاسادانان تۆماركردووه‌، به‌ڵام شكستی هێناوه‌ له‌ په‌سه‌ندكردنی پرۆژه‌یاسای گرنگیشدا، هاوكات دیارده‌ی ئاماده‌نه‌بوون باڵی به‌سه‌ر كاره‌كانی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌دا كێشابوو، ئه‌وه‌ش رێگربوو له‌ ئه‌نجامدانی ده‌یان دانیشتن به‌هۆی ته‌واونه‌بوونی ژماره‌ی یاسایی په‌رله‌مانتارانه‌وه‌.

 

هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌دای په‌رله‌مان له‌ ساڵی یاسادانانی یه‌كه‌میدا دوو لایه‌ن له‌خۆده‌گرێت كه‌ بریتین له‌ یاسادانان‌و چاودێری، له‌م رووه‌شه‌وه‌ ئه‌رشیفی سایتی ره‌سمی په‌رله‌مان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ چوار ساڵی رابردوودا توانیویه‌تی (165) یاسا په‌سه‌ند بكات، له‌ كاتێكدا نه‌یتوانیوه‌ ده‌نگ له‌سه‌ر (108) یاسا بدات كه‌ یاسای گرنگیان تێدایه‌.

 

له‌ دیارترین ئه‌و یاسایانه‌ش كه‌ په‌رله‌مان په‌سه‌ندی كردوون یاساكانی "ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران"، "حزبه‌كان"، "لێبوردنی گشتی"، "حه‌شدی شه‌عبی"، "ده‌زگای دژه‌تیرۆر"‌و "كۆمپانیای نه‌وتی نیشتمانی"، به‌ڵام زۆربه‌ی ئه‌م یاسایانه‌ جێگای مشتومڕبوون‌و كه‌ڵكێكی كۆمه‌ڵایه‌تیان نه‌بووه‌.

 

بۆ نموونه‌ له‌و دانیشتنه‌دا كه‌ ده‌نگ له‌سه‌ر دانانی هێزه‌كانی "حه‌شدی شه‌عبی" (گرووپه‌ شیعه‌كان) به‌ هێزێكی ره‌سمی درا، په‌رله‌مانتارانی سوننه‌‌و په‌رله‌مانتارانی "پارتی دیموكراتی كوردستان" بایكۆتیان كرد، له‌كاتێكدا په‌رله‌مانتارانی شیعه‌ بایكۆتی دانیشتنی ده‌نگدانیان كرد له‌سه‌ر یاسای "لێبوردنی گشتی" كه‌ رێگه‌ ده‌دات تیرۆریستان له‌ سزا ده‌ربازیان ببێت، دواتریش په‌رله‌مان ناچار بوو هه‌مواری بكات، دوایین یاساش یاسای "ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران" بوو كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ئیمتیازی دارایی په‌رله‌مانتاران‌و نیگه‌رانی هاووڵاتیانی لێكه‌وته‌وه‌.

 

شرۆڤه‌كاری سیاسی غالب شابه‌نده‌ر پێی وایه‌ "په‌رله‌مان شكستی هێناوه‌ له‌ په‌سه‌ندكردنی چه‌ند یاسایه‌كی گرنگدا كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ كرۆكی كۆمه‌ڵگه‌‌و سه‌روه‌ری ده‌وڵه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌‌و چه‌ند یاسایه‌كی په‌سه‌ندكردووه‌ پێویست نین‌و یاسای گرنگی فه‌رامۆش كردووه‌ كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ ئابووری‌و سامانه‌وه‌ هه‌یه‌‌و چه‌ند یاسایه‌كیش ساڵانێكه‌ دواخراون".

 

شابه‌نده‌ر له‌میانی قسه‌كانیدا بۆ "نیقاش" وتی: "ئاماده‌نه‌بوونی زۆری په‌رله‌مانتاران له‌ هه‌ر دانیشتنێكدا به‌كه‌م سه‌یركردنی ده‌نگده‌رانی عێراقه‌، هاوكات دیمه‌نی لێپرسینه‌وه‌ له‌ وه‌زیر‌و به‌رپرسانیش له‌ په‌رله‌مان رووكه‌شی بوون، هه‌ندێك په‌رله‌مانتاریش هه‌ن داوای لێپرسینه‌وه‌ له‌ به‌رپرسانی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن ده‌كه‌ن بۆ مه‌به‌ستی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن".

 

یاسا دواخراوه‌كان

په‌رله‌مانی عێراق شكستی هێنا له‌ په‌سه‌ندكردنی چه‌ند یاسایه‌كی گرنگدا كه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ دواخراون‌و دیارترینیشیان ته‌واوكردنی هه‌مواره‌ ده‌ستوورییه‌كان‌و پێكهێنانی "ئه‌نجومه‌نی خزمه‌تی فیدراڵی"یه‌ كه‌ به‌رپرسیار ده‌بێت له‌ پرۆسه‌ی دامه‌زراندن له‌ فه‌رمانگه‌كانی ده‌وڵه‌ت‌و "یاسای نه‌وت‌و گاز"یش كه‌ به‌ كێشه‌ی سه‌ره‌كی نێوان حكومه‌تی فیدراڵ‌و هه‌رێمی كوردستان‌و هه‌روه‌ها نێوان حكومه‌تی فیدراڵ‌و پارێزگا شیعه‌ به‌رهه‌مهێنه‌كانی نه‌وت له‌ باشووری وڵات، داده‌نرێت.

 

به‌ڵام گرنگترین یاسای په‌یوه‌ست به‌ كاری ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان یاسای دامه‌زراندنی "ئه‌نجومه‌نی ئیتیحادی"ه‌ كه‌ به‌ به‌شێكی سه‌ره‌كی له‌ كاری په‌رله‌مان داده‌نرێت، به‌ڵام په‌رله‌مانتاران شكستیان هێنا له‌ په‌سه‌ندكردنی سه‌ره‌ڕای گرنگییه‌كه‌ی‌و بوونی ده‌قێكی ده‌ستووری توند كه‌ پابه‌ندیان ده‌كات به‌ دامه‌زراندنی.

 

مادده‌ی (48)ی ده‌ستوور ده‌ڵێت: "ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان له‌ په‌رله‌مان‌و ئه‌نجومه‌نی ئیتیحادی پێكدێت" مادده‌ی (65)یش ده‌ڵێت: "ئه‌نجومه‌نێكی یاسادانان به‌ ناوی ئه‌نجومه‌نی ئیتیحادی پێكده‌هێنرێت كه‌ نوێنه‌ری هه‌رێمه‌كان‌و ئه‌و پارێزگایانه‌ی له‌ هه‌رێمێكدا رێكنه‌خراون له‌خۆبگرێت‌و پێكهاته‌‌و مه‌رجه‌كانی ئه‌ندامێتیی‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی‌و هه‌موو شتێك كه‌ په‌یوه‌ند پێوه‌ هه‌بێت به‌ یاسایه‌ك  رێكده‌خرێن كه‌ به‌زۆرینه‌ی دوو له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان په‌سه‌ند ده‌كرێت".

 

ئیاس ساموك وته‌بێژی دادگای باڵای فیدراڵی ده‌ڵێت: "پێكنه‌هێنانی ئه‌نجومه‌نی ئیتیحادی كه‌موكوڕییه‌كی ئاشكرایه‌ له‌ بیاتنانی دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كاندا، چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان ته‌نیا له‌ په‌رله‌ماندا كورتكراوه‌ته‌وه‌‌و ئه‌مه‌ش نه‌نگییه‌كی دیاره‌ له‌ په‌یڕه‌وكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانیدا، ناشزانین نهێنی پێكنه‌هێنانی تائێستا چییه‌".

   

ساموك وتی: "هه‌ندێك ده‌ڵێن ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ سوودی نییه‌‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانیشی نه‌زانراون، به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌پێی ده‌قی ده‌ستوور سه‌پێندراوه‌، ئه‌گه‌ر گرنگییه‌كه‌شی نه‌بووایه‌ ئه‌وا به‌ ده‌قێكی ئاشكرا باس نه‌ده‌كرا به‌وپێیه‌ی یه‌كێكه‌ له‌ كۆڵه‌گه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان له‌ وڵاتدا".

 

له‌ڕووی چاودێرییه‌وه‌ په‌رله‌مان رۆڵێكی دیاری له‌ چاودێریكردنی كاری حكومه‌ت‌و به‌رپرساندا هه‌بووه‌‌و په‌رله‌مانتاران توانیویانه‌ میوانداری چه‌ندین به‌رپرس‌و فه‌رمانده‌ی ئه‌منی وڵات بكه‌ن‌و لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن له‌وانه‌ش حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران كه‌ هاوكاری زۆری په‌رله‌مانی كرد، به‌پێچه‌وانه‌ی نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێش خۆی.

 

ئه‌رشیفی په‌رله‌مان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ته‌نیا لێپرسینه‌وه‌ی له‌ هه‌شت به‌رپرس كردووه‌‌و ده‌نگی له‌سه‌ر لابردنی دوو وه‌زیر داوه‌ كه‌ ئه‌وانیش خالید عوبه‌یدی وه‌زیری به‌رگری‌و هۆشیار زێباری وه‌زیری دارایی بوون، هه‌ردوو بڕیاره‌كه‌ش به‌ پاڵنه‌ری سیاسی دراون، هاوكات په‌رله‌مان میوانداری 31 به‌رپرسی كردووه‌ كه‌ 11یان سه‌ر به‌ سه‌رۆك وه‌زیران بوون.

 

لیپرسینه‌وه‌ش جیاوازه‌ له‌ میوانداریكردن، چونكه‌ لێپرسینه‌وه‌ی به‌رپرسان له‌سه‌ر داواكاری په‌رله‌مانتاران ده‌بێت به‌هۆی دۆسێی گه‌نده‌ڵی‌و ره‌نگه‌ له‌كۆتاییشدا بگاته‌ ئاستی ده‌نگدان له‌سه‌ر له‌سه‌ركارلابردن، له‌كاتێكدا میوانداریكردن ته‌نیا بۆ گفتوگۆكردنه‌ له‌باره‌ی مه‌سه‌له‌یه‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسان ئه‌ویش له‌سه‌ر داوای په‌رله‌مانتاران یاخود له‌سه‌ر داوای به‌پرسانی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان.

 

به‌ڵام واقیع ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ په‌رله‌مان رێككاری بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌ڵه‌كان نه‌گرتووه‌ته‌به‌ر‌و ته‌نیا میوانداری به‌رپرسانی كردووه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بكات، بۆ نموونه‌ په‌رله‌مان مافی خۆی په‌یڕه‌نه‌كردووه‌ له‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر فه‌رمانده‌ ئه‌منییه‌كان‌و لێپێچینه‌وه‌شی له‌گه‌ڵ كه‌مته‌رخه‌مه‌كانیان نه‌كردووه‌، هه‌روه‌ك ده‌یان به‌رپرس هه‌ن ساڵانێكه‌ پۆسته‌كانیان به‌ وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن.

 

له‌ مادده‌ی (80)ی ده‌ستووردا هاتووه‌ كه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی په‌رله‌ماندایه‌ ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر دانانی "سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپا‌و یاریده‌ده‌رانی‌و ئه‌وانه‌ی له‌ پۆستی فه‌رمانده‌ی فیرقه‌ به‌ره‌وسه‌رن‌و سه‌رۆكی ده‌گازی هه‌واڵگری بدات".

 

سێیه‌كی په‌رمانتاران ئاماده‌نه‌بوون

په‌رله‌مانی ئێستا خۆی له‌ دیارده‌ی ئاماده‌نه‌بوونی دووباره‌بووه‌وه‌ی په‌رله‌مانتاران ده‌ربازنه‌كردووه‌ كه‌ بووه‌ته‌ هۆی په‌كخستنی ته‌واوكردنی ژماره‌ی یاسایی پێویست بۆ ئه‌نجامدانی دانیشتنه‌كان‌و گفتوگۆكردن له‌سه‌ر یاساكان، به‌ده‌یان جاریش سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ناچاربووه‌ دانیشتنه‌كان هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ له‌به‌ر ته‌واونه‌بوونی ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامان.

       

له‌دواین دانیشتنی په‌رله‌ماندا كه‌ رۆژی 27ی مانگی رابردوو به‌ڕێوه‌چوو، ژماره‌ی ئاماده‌بووان (174) په‌رله‌مانتار بوو له‌كۆی (328) په‌رله‌مانتار، ئه‌و ژماره‌یه‌ش رێژه‌ی راسته‌قینه‌ی ئاماده‌بووانه‌ له‌ هه‌ر دانیشتنێكدا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش كه‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان هه‌ڕه‌شه‌ی سزادانی ئاماده‌نه‌بووانی كردووه‌، به‌ڵام كه‌س گوێی پێنه‌داوه‌.

 

حه‌نین قه‌دۆ په‌رله‌مانتاری "هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا" به‌رپرسیارێتی دیارده‌ی ئه‌و ئاماده‌نه‌بوونه‌ زۆره‌ی په‌رله‌مانتاران ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كه‌ سزای یاساییان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ ناكات، ئه‌و به‌ "نیقاش"ی وت: "نزیكه‌ی (100) په‌رله‌مانتار له‌ هه‌ر دانیشتنێكدا ئاماده‌نابن كه‌ ئه‌وه‌ش دیارده‌یه‌كی نه‌رێنییه‌‌و رێگربووه‌ له‌ كاری په‌رله‌مان‌و په‌سه‌ندكردنی چه‌ند پرۆژه‌یاسایه‌كی گرنگ".

 

به‌پێی مادده‌ی (18) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان ده‌بێت ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌كی نووسراو ئاڕاسته‌ی په‌رله‌مانتار بكرێت له‌كاتی ئاماده‌نه‌بوونی بۆ پێنج جاری له‌سه‌ر یه‌ك یاخود 10 جاری پچڕپچڕ به‌بێ بوونی بیانوویه‌كی ره‌وا، رێژه‌یه‌كی دیاریكراویش له‌ پاداشته‌كه‌ ببڕدرێت كه‌ په‌رله‌مان دیاری ده‌كات، هه‌روه‌ها ده‌بێت لیستی ئاماده‌نه‌بووان له‌ رۆژنامه‌ ناوخۆییه‌كاندا بڵاوبكرێته‌وه‌ بۆ ئاگاداربوونی رای گشتی".

 

له‌ دانیشتنه‌كانی ساڵی یه‌كه‌می یاسادانانی په‌رله‌ماندا مشتومڕی توند له‌نێوان په‌رله‌مانتاراندا له‌ئارادابوو كه‌ هه‌ندێكیان گۆڕان بۆ ده‌مه‌قاڵێ‌و پێكدادانی نێوان په‌رله‌مانتاران له‌ زۆر بۆنه‌دا، میدیاكار‌و رۆژنامه‌نووسان‌و نێردراوانیش بۆ روماڵی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان ده‌ڵێن "ئه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌ په‌رله‌مانی جیاكردبووه‌وه‌ زۆری كۆنفرانسه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان بوو كه‌ زۆربه‌یان لێدانی سیاسی‌و تۆمه‌ت ئاڕاسته‌كردنیان له‌خۆگرتبوو".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌