راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

له‌داواكاری‌ ئازادییه‌وه‌ بۆ شه‌ڕی‌ نان
ژنان ترسی خۆپیشاندانه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیان شكاند

کۆسار عوسمان
ژنان خۆپیشاندانه‌كانی هه‌رێمی‌ كوردستانیان ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر ره‌نگاو ره‌نگرد كاتێك ته‌لیسمی‌ ترسی به‌شداریكردنی‌ ئه‌و ره‌گه‌زه‌یان له‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌دا شكاند كه‌ پێشتر پیاوان هه‌ژمونیان كردبوو.
12.04.2018  |  سلێمانی‌
 ( :وێنه كوسار عثمان )
( :وێنه كوسار عثمان )

به‌شداری‌ ئه‌مجاره‌ی‌ ژن له‌خۆپیشاندانه‌كاندا له‌رووی‌ ژماره‌وه‌ زیاتر بوو له‌خۆپیشاندانه‌كانی‌ پێشترو له‌روی‌ كاریگه‌ریشیه‌وه‌ به‌هێزتر بوون.

 

 له‌ 20ی ئازاری ئه‌مساڵه‌وه‌ تا سه‌ره‌تای‌ ئه‌م مانگه‌ له‌زۆربه‌ی شارو شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی‌ كوردستان خۆپیشاندان دژ به‌دواكه‌وتنی‌ موچه‌و پاشه‌كه‌وتكردنی‌ ئه‌نجامدرا، به‌ڵام رۆڵی‌ ژنان تیایدا خاڵی‌ جیاواز بوو به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌و خۆپیشاندانه‌ی‌ له‌ماوه‌ی‌ چوار ساڵی‌ رابردوودا ئه‌نجام ده‌درا. 

 

ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆیه‌ی‌ كه‌ شایان كاكه‌ ساڵح به‌ ئامێری‌ مۆبایله‌كه‌ی‌ له‌خۆپیشاندانه‌كانی‌ 25ی‌ مانگی‌ ئازاری‌ شاری‌ هه‌ولێر تۆماری‌ كردو بڵاویكرده‌وه‌ هه‌رزوو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی‌ ته‌نی‌ كاتێك داوا له‌ئه‌ندامانی‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ده‌كات به‌شدار بن له‌خۆپیشاندانه‌كاندا بۆ داواكردنی‌ مووچه‌.

 

ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و ژنه‌ خۆپیشانده‌ره‌ كردی‌ ترسی ژنانی‌ تری‌ له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌كان شكاند به‌تایبه‌ت كه‌ روداوه‌كه‌ له‌هه‌ولێری‌ پایته‌خت بوو كه‌ یه‌كه‌مجار بوو خۆپیشاندانی‌ له‌وجۆره‌ی‌ تێدا روبدات.

 

ئه‌وه‌ ته‌نیا وێنه‌ نه‌بوو بۆ به‌شداری‌ ژنان له‌خۆپیشاندانه‌كاندا، له‌شاره‌كانی‌ تری‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیش ژنان گۆڕه‌پانه‌كانی‌ خۆپیشاندانیان ته‌نی‌.  

 

به‌درێژایی‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ رۆژانه‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ ژنه‌ مامۆستاو فه‌رمانبه‌ره‌كان له‌ به‌رده‌م دادگای سلێمانی‌ به‌شداری‌ خۆپیشاندانه‌كانیان ده‌كرد، به‌شێكیان منداڵه‌كانیان‌و هه‌ندێك جاریش هاوسه‌ره‌كانیان له‌گه‌ڵ خۆیان راپێچی‌ رێوڕه‌سمی‌ ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ ده‌كرد.

 

چیمه‌ن سه‌لیم (50) ساڵ له‌ترسی راكردن‌و ونبوونی منداڵه‌ توشبووه‌كه‌ی‌ به‌نه‌خۆشی‌ ئۆتیزم له‌نێو قه‌ره‌باڵغی خۆپیشانده‌راندا، سه‌ری په‌تێكی له‌ده‌ستی منداڵه‌كه‌ی گرێدابووو سه‌ره‌كه‌ی تریشی به‌ده‌ستی خۆیه‌وه‌ گرتبوو، ئه‌و له‌یه‌ك كاتدا بۆ پشتیوانی له‌خۆپیشانده‌ران‌و داواكاری‌ چاره‌سه‌ری‌ نه‌خۆشی‌ منداڵه‌كه‌شی‌ به‌شداریكردبوو.

 

چیمه‌ن كه‌ زوو زوو ده‌ستی‌ منداڵه‌كه‌ی‌ به‌رز ده‌كرده‌وه‌و ماچی‌ ده‌كرد  به‌"نیقاش"ی‌ وت"داوای مافی مندڵه‌كه‌م ده‌كه‌م كه‌ پشتگوێ خراوه‌، سه‌نته‌رێكی تایبه‌ت نییه‌ تا ئه‌و منداڵانه‌ له‌خۆ بگرێت، ئاخر منداڵێكی ئاوها به‌ مووچه‌یه‌كی 90 هه‌زاری چۆن دابین ده‌كرێت؟!".

 

 به‌شێكی‌ زۆری‌ ئه‌و ژنانه‌ی‌ كه‌ له‌سنوری‌ سلێمانی‌ به‌شداری‌ خۆپیشاندان‌و گردبوونه‌وه‌كانیان ده‌كرد بۆ دابینكردنی‌ مووچه‌ی‌ بێ پاشه‌كه‌وت، مامۆستا بوون.

 

به‌پێی ئامارێكی به‌ڕێوه‌به‌رێتی گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی له‌كۆی‌ )39750( مامۆستا كه‌ له‌و سنوره‌ هه‌یه‌ زۆرینه‌ی‌ (24275) یان له‌گه‌زی‌ مێن.

 

 شیلان عومه‌ر مامۆستا له‌یه‌كێك له‌خوێندنگه‌كانی‌ سلێمانی كه‌ به‌شداری خۆپیشاندانه‌كانی‌ كردبوو به‌"نیقاش"ی وت"له‌وانه‌یه‌ پیاوان به‌هۆی سه‌رقاڵییان به‌ئیشوكاری بازاڕو بژێوی ماڵ‌و منداڵه‌وه‌ نه‌توانن به‌شدار بن، ئێمه‌ له‌جیاتی ئه‌وانیش مه‌یدانه‌كه‌ گه‌رم ده‌كه‌ین".

 

به‌شێك له‌مامۆستا ژنه‌كان ته‌نیا به‌شدارییان له‌خۆپیشاندانه‌كاندا نه‌ده‌كرد، به‌ڵكو به‌شێكبوون له‌ده‌سته‌ی‌ رێكخستنی‌ ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌.

 

بێخاڵ عه‌لی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی مامۆستایانی ناڕازی‌و رێكخه‌ری خۆپیشاندانه‌كان سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی‌ كه‌ وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت لێی‌ كراوه‌ به‌رده‌وام بووه‌ له‌سه‌رپه‌رشتی‌‌و به‌شداری‌ خۆپیشاندانه‌كان. 

 

ئه‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌گه‌ر خۆپیشاندانه‌كان بكرێت به‌سێ به‌شه‌وه‌ دوو به‌شی ژنانن، له‌به‌رئه‌وه‌ی ژنان خاوه‌ن ئیراده‌ی خۆیانن داوای مافه‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن وه‌كو ژنێك، نه‌ك پشت ببه‌ستێت به‌پیاوان تا ئه‌وان مافه‌كانیان بۆ بسه‌ننه‌وه‌".

 

ژنان وێنه‌ی‌ خۆپیشاندانه‌كانیان ره‌نگاوڕه‌نگتر كردبوو، داواكاریه‌كانیشیان له‌پێدانی‌ مووچه‌وه‌ به‌رزكرده‌وه‌ بۆ گۆڕانكاری‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسیدا كه‌ ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجار بوو له‌ماوه‌ی‌ چوار ساڵی‌ رابردوودا ژنان خۆیان له‌پرسێكی‌ له‌و جۆره‌ بده‌ن.

 

به‌شداری‌ ژنان ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شیانی‌ گرته‌وه‌ كه‌ مووچه‌ خۆر نه‌بوون‌و بۆ پاڵشتی‌ ژنانی‌ تر له‌وێ بوون.

 

ناهیده‌ حه‌مه‌ سه‌عید (76 ساڵ) كه‌ سه‌روبه‌ستێكی تایبه‌ت به‌جلوبه‌رگی‌ كوردی‌ به‌ستبوو، به‌هۆی‌ زۆری‌ ته‌مه‌نه‌كه‌یه‌وه‌ له‌سه‌ر كورسیه‌ك له‌نێو خۆپیشانده‌راندا دانیشتبوو.

 

 ئه‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "هیچ وه‌زیفه‌یه‌كه‌م نییه‌ له‌حكومه‌تدا، به‌ڵام هاتووم داوای‌ مافی‌ كچ‌و كوڕه‌كانم بكه‌م".

 

 كیژان كامه‌ران (25 ساڵ)یش به‌ حه‌ماسه‌وه‌ دروشمی‌ خۆپیشانده‌رانی‌ ده‌وته‌وه‌ بۆ داواكردنی‌ مووچه‌ بێ ئه‌وه‌ی‌ خۆی‌ فه‌رمانبه‌ر بێت، ئه‌و  بۆ "نیقاش" وتی‌ "من بۆ پاڵپشتی‌ هاوسه‌ره‌كه‌م به‌شداری‌ خۆپیشاندانه‌كان ده‌كه‌م كه‌ مامۆستایه‌، من بۆ داوای‌ مافی خۆم‌و منداڵه‌كانم هاتومه‌ته‌ ئێره‌".

 

پێده‌چێت  قورسبوونی‌ ئه‌ركی‌ ژنان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ دابینكردنی‌ بژێوی‌ ژیان وای لێكردبن به‌شداری‌ ئه‌و جۆره‌ خۆپیشاندانه‌ بكه‌ن‌و رۆڵی‌ دیاریان تیایدا هه‌بێت له‌كاتێكدا پێشتر له‌و پرسانه‌دا ده‌رده‌كه‌وتن كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ ئازادی‌ ژنانه‌وه‌ هه‌بوو.  

 

كه‌ژاڵ هادی، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی داكۆكیكردن له‌مافی ئافره‌تان له‌په‌رله‌مانی كوردستان به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌هه‌موو بارودۆخێكی نه‌خوازراودا ژنان زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م ده‌بن‌و زۆرترین زیانی گیانی‌و مه‌عنه‌وییان به‌رده‌كه‌وێت له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وان جگه‌ له‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رن، كابانی ماڵیشن‌و زیاتر هه‌ست به‌ئازارو ناڕه‌حه‌تییه‌كان ده‌كه‌ن".

 

داواكارییه‌كانی ژنان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان به‌پێی‌ بارودۆخه‌كان ده‌گۆڕێت، پێشتر ئازادی‌ ژن‌و رێگری‌ له‌دیارده‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ زیانبه‌خشه‌كان ئه‌وانی‌ ده‌هێنایه‌ سه‌ر شه‌قام، به‌ڵام به‌مدواییه‌  بۆیه‌كه‌مجار له‌گه‌ڵ پیاواندا داواكاریه‌كانیان یه‌كی‌ گرته‌وه‌.

 

ئه‌مه‌ل جه‌لال ئه‌ندامی كارای ئه‌نجوومه‌نی باڵای خانمانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ ده‌سته‌یه‌كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌ دروستكراوه‌و راسته‌وخۆ سه‌ر به‌ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانه‌، به‌"نیقاش"ی وت "هه‌موو خۆپیشاندانێك ئامانجی ده‌سته‌به‌ركردنی مافێكه‌ كه‌ به‌پێی‌ زه‌مینه‌و به‌پێی بارودۆخه‌كه‌ ده‌گۆڕێت، له‌م خۆپیشاندانانه‌ی‌ دواییشدا ژنان جیاوازتر له‌خۆپیشاندانه‌كانی تر باسیان له‌مافه‌كانیان ده‌كرد به‌تایبه‌ت كه‌ پرسه‌كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌قووتی ژیانه‌وه‌ هه‌بێت كه‌ سه‌ره‌تاییترین مافه‌ ژن وه‌كو دایك‌و وه‌ك په‌روه‌رده‌كار‌و مرۆڤیش پێویستی‌ پێیه‌تی‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌