راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

كێبڕكێی سیاسیه‌تمه‌داران ده‌كه‌ن
شه‌ڕی‌ هه‌ڵبژاردن كه‌وته‌ ناو رۆژنامه‌نووسانیشه‌وه‌

سه‌لیم وه‌ززان
خۆپاڵاوتنی هونه‌رمه‌ند‌و میدیاكار‌و ئه‌دیبان له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌ماندا، بووه‌ته‌ جێی سه‌رنج، ره‌نگه‌ خاڵی كۆكه‌ره‌وه‌شیان ئه‌وه‌ بێت كه‌ وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن ده‌یانه‌وێ‌ بارودۆخه‌كه‌ بگۆڕن.
5.04.2018  |  ه‌سره‌

فایز ناسر ده‌رهێنه‌ری سینه‌مایی له‌ لیستی "ته‌مه‌دون" پێی وایه‌ له‌ خۆپاڵاوتنیدا به‌پێچه‌وانه‌ی كاندیده‌كانی به‌سره‌‌و ته‌نانه‌ت عێراقیش ده‌ستیپێكردووه‌، چونكه‌ ئه‌وان له‌ رێی به‌رنامه‌ی سیاسییه‌وه‌ ئاڕاسته‌ ده‌كرێن‌و زۆرجاریش به‌رنامه‌كانیان هاوشێوه‌ن، ده‌شڵێت: "هه‌مووان یه‌ك گوتاریان هه‌یه‌، چونكه‌ هه‌ست به‌ ناوه‌ندگه‌راییه‌كی گشتی‌و نه‌ریتییه‌ك له‌ گوتاری سیاسی عێراقیدا ده‌كه‌ین، بۆیه‌ من له‌وه‌ دووركه‌وتمه‌وه‌‌و روومكرده‌ گوتاری كه‌لتوری له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆم سه‌ر به‌و توێژه‌م. پێموایه‌ رۆشنبیری‌و هونه‌ر‌و مه‌عریفه‌ كۆڵه‌كه‌ی شارستانین كه‌ له‌ڕێیانه‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ ده‌وڵه‌تێكی هاوچه‌رخ، ده‌وڵه‌تێكی نا ئایدیۆلۆجی‌و به‌دامه‌زراوه‌ییكراو".

 

ئه‌و به‌ "نیقاش"ی وت: "زۆربه‌ی كاندیده‌كان شێوازێكی بێ به‌ها له‌ به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگ په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن وه‌ك پاره‌دان‌و خه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵك به‌ دابینكردنی هه‌لی كار. به‌م جۆره‌ سیاستی په‌یڕه‌وكراوی حزبه‌ حوكمڕانه‌كان كردووینی به‌ گه‌لێكی ته‌مه‌ڵ كه‌ باوه‌ڕی به‌ خورافه‌ هه‌یه‌ له‌بری ئه‌وه‌ی گه‌لێكی به‌رهه‌مهێن‌و شارستانی بێت".

 

به‌سره‌ كه‌ به‌ ده‌وڵه‌مه‌ندترین پارێزگا داده‌نرێت له‌ڕووی ئابوورییه‌وه‌، به‌درێژایی خوله‌كانی پێشووی هه‌ڵبژاردن كێبڕكێیه‌كی توندی له‌نێوان هێزه‌ ده‌ستڕۆیشتووه‌كان به‌خۆوه‌ بینیووه‌ كه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستی له‌ناوبردنی خوێناویش، ئه‌مڕۆش (28) حزب‌و هاوپه‌یمانی هه‌ڵبژاردن كێبڕكێی تێدا ده‌كه‌ن‌و ژماره‌ی كاندیده‌كان گه‌یشتووه‌ته‌ (522) كاندید كه‌ كێبڕكێ بۆ بردنه‌وه‌ی (25) كورسی په‌رله‌مانی عێراق ده‌كه‌ن.

 

توێژی رۆشنبیران‌و ژێرخانی كه‌لتوری له‌م پارێزگا ده‌وڵه‌مه‌نده‌دا به‌ده‌ست فه‌رامۆشكردنێكی گه‌وره‌وه‌ ده‌ناڵێنێت ئه‌وه‌ش وای له‌ به‌ د. سه‌لمان گاسد سه‌رۆكی یه‌كێتیی ئه‌دیبان‌و نووسه‌ران له‌ به‌سره‌ كرد له‌ لیسته‌كه‌ سه‌رۆك وه‌زیران له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی نه‌سر خۆی كاندید بكات.

 

گاسد له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ "نیقاش"ی وت: "وه‌ك كاندیدێكی سه‌ربه‌خۆ تێده‌كۆشم بۆ پشتیوانیكردنی رۆشنبیری له‌ به‌سره‌، چونكه‌ دامه‌زراوه‌ رۆشنبیرییه‌كان له‌ پارێزگاكه‌دا فه‌رامۆش كراون. ساده‌ترین نموونه‌ش ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ هۆڵێكی گه‌وره‌مان نییه‌ چالاكییه‌ رۆشنبیرییه‌كان له‌خۆبگرێت‌و پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی كتێبیش له‌ به‌سره‌ رێكناخرێت كه‌ به‌ پایته‌ختی باشوور داده‌نرێت‌و به‌سه‌ر كه‌نداودا ده‌ڕه‌وانێت. ئه‌دیبان‌و بیرمه‌ندان ده‌نگیان نییه‌‌و له‌ ده‌ره‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسین، ئه‌گه‌ر له‌ناو پرۆسه‌ی سیاسیدا نه‌بیت ئه‌وا ناتوانیت له‌م ده‌وڵه‌ته‌دا داوای هیچ شتێك بكه‌یت كه‌ بووه‌ته‌ ئامرازێك به‌ده‌ستی دز‌و درۆزن‌و ناته‌واوه‌كانه‌وه‌".

 

عه‌باس جۆرانی هه‌ڵسوڕاوی سیاسی گومانی له‌ ئاستی سه‌ركه‌وتنیان هه‌یه‌‌و له‌باره‌ی ئه‌و ئه‌زموونه‌شه‌وه‌ به‌ "نیقاش"ی وت: "حزبه‌ ئیسلامییه‌كان تێبینی جووڵه‌یه‌كی رێژه‌یی شه‌قامیان كردووه‌ به‌ره‌ولای مه‌ده‌نییه‌كان بۆیه‌ ئه‌وانیش به‌ره‌ولایان چوون".

 

ئه‌گه‌ر پێداچوونه‌وه‌یه‌ك به‌ چالاكی‌و چاره‌نووسی ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ سه‌ربه‌خۆیانه‌دا بكه‌ین كه‌ به‌شداری ئه‌زموونی رابردوویان كردووه‌، ئه‌وا ئه‌نجامه‌كه‌ی هانده‌رانه‌ نییه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌م ئه‌زموونه‌دا، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ میدیاكارانی سه‌ركه‌وتوو پێگه‌ی خۆیان تێدا له‌ده‌ستداوه‌‌و هیچ شتێكی ئه‌وتۆیان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا پێشكه‌ش نه‌كردووه‌، هه‌روه‌ك ئه‌و رۆڵه‌شیان له‌ده‌ستداوه‌ كه‌ له‌ میدیادا ده‌یانگێڕا. بۆ نموونه‌ بینیمان به‌ڕێز محه‌مه‌د تائی چ باجێكی قورسی دا كاتێك له‌ گوێڕایه‌ڵی فراكسیۆنه‌كه‌ی ده‌رچو‌و كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌ندامێتی په‌رله‌مان ده‌ربكرێت".

 

به‌ڵام كه‌سانێك هه‌ن پێیان وایه‌ ئه‌زموونی حزبه‌ ئیسلامییه‌كان كه‌ به‌ شكستخواردوو وه‌سف ده‌كرێت زه‌مینه‌ی خۆشكردووه‌ له‌به‌رده‌م نوخبه‌دا تا پێگه‌یه‌كی به‌رفراوانیان هه‌بێت‌و ره‌نگه‌ بۆچوونی توێژی خوێندكارانی زانكۆ‌و رۆشنبیران‌و خه‌ڵك به‌گشتی پالًنه‌رێك بێت بۆ گۆڕانكاری.

 

عوده‌ی فه‌لاح هاجیری میدیاكار له‌ گردبوونه‌وه‌ی بنیاتنان‌و چاكسازی وه‌ك ده‌نگێكی سه‌ربه‌خۆ له‌ خۆپاڵاوتنی ده‌ڕوانێت كه‌ نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و گه‌نجانه‌ ده‌كات كه‌ ده‌خوازن رۆڵێكی راسته‌قینه‌یان له‌ وێناكردنی سیاسیه‌تێكی روون بۆ گۆرٍانكاری‌و چاكسازی هه‌بێت، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ به‌ "نیقاش"ی وت: "به‌درێژایی 14 ساڵ گه‌نجان رۆڵیان له‌ پرۆسه‌ی سیاسیدا نه‌بوو، كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ رۆڵێكی میحوه‌ری بگێڕین‌و هه‌ژموونی حزبه‌ گه‌وره‌كان كه‌م بكه‌ینه‌وه‌‌و چاكسازی له‌ ده‌سته‌كانی لێپرسینه‌وه‌دا بكه‌ین‌و پته‌وتریان بكه‌ین، هه‌ربۆیه‌ پێشنیاری ئه‌و حزبانه‌م قبوڵ نه‌كرد كه‌ ده‌یانویست بچمه‌ نێو لیسته‌كانیانه‌وه‌، چونكه‌ ده‌زانم كاندیده‌كانیان به‌ ئه‌جێندا‌و كارنامه‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستنه‌وه‌ جیاوازه‌ له‌ بیركردنه‌‌و پره‌نسیپه‌كانی من‌و خواستی ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ی نوێنه‌رایه‌تیان ده‌كه‌م".

 

له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ كه‌سانێك هه‌ن چوونه‌ته‌ لیستێكی ناسراوی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانیان، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ حه‌یده‌ر سه‌عد به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌ناڵی ئاسمانی به‌سره‌ سه‌باره‌ت به‌ بڕیاره‌كه‌ی وتی: "وه‌ك كاندیدێكی سه‌ربه‌خۆ چوومه‌ته‌ لیستی ده‌وڵه‌تی یاسا، چونكه‌ لیستێكی جێگیره‌‌و پاشخانێكی سیاسی هه‌یه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌و توورٍه‌ییه‌ی جه‌ماوه‌ر ده‌ریده‌بڕێت. توڕه‌ییه‌كی گشتی دژ به‌ پرۆسه‌ی سیاسی‌و به‌شدارینه‌كردن له‌ ده‌نگدان هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌وڵده‌ده‌ین بۆچوونه‌كان بگۆڕین. ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنیشدا ده‌رچووم ئه‌وا پارێزگاری له‌م سه‌ربه‌خۆبوونه‌م ده‌كه‌م، ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ش پشت به‌ راده‌ی باوه‌ڕبوونی كاندید به‌ پره‌نسیپه‌كانی‌و قورسایی جه‌ماوه‌ر‌و ره‌هه‌ندی عه‌شایری پشتیوانیكه‌ری ده‌به‌ستێت".

 

سه‌عد خۆی به‌ ئه‌ڵته‌رناتیڤی زۆرێك له‌وانه‌ ده‌زانێت كه‌ به‌رپرسیارێتیان وه‌رگرتووه‌، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ به‌ "نیقاش"ی وت: "ئه‌زموونی كاره‌كه‌م وایكردووه‌ په‌یوندیم له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌دا هه‌بێت كه‌ بڕیاریان به‌ده‌سته‌ له‌ پارێزگار‌و داروده‌سته‌كه‌ی، ئه‌وه‌ی كه‌ ترساندوومی ئه‌وه‌یه‌ به‌پرس هه‌ن شایسته‌ی ئه‌وه‌ نین بڕیاری چاره‌نووسسازیان به‌ده‌ست بێت، بۆیه‌ رێگری نییه‌ تا بچینه‌ قۆناغی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بۆ هێنانه‌دی ئه‌و گۆڕانكارییه‌ی زۆر جار له‌ بابه‌ته‌ میدیاییه‌كانماندا باسمان كردووه‌".

 

پێده‌چێت توێژی رۆشنبیران یه‌ك ئامانجیان هه‌بێت، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ كازم زوهێری رۆژنامه‌نووس‌و میدیاكار له‌ لیستی ئیراده‌ پێی وایه‌ ده‌رفه‌ت له‌باره‌ بۆ ئه‌نجامدانی گۆڕانكاری، ئه‌و به‌ "نیقاش"ی وت: "له‌ ساڵی 2003وه‌ تا ئه‌مڕۆ عێراق وڵاتێك بووه‌ له‌لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ براوه‌ كه‌ له‌ ده‌وڵه‌تانی جیاجیای جیهانه‌وه‌ هاتوون به‌تایبه‌تی خاوه‌ن دوو ره‌گه‌زنامه‌كان، باشترین نموونه‌ش بۆ ئه‌وه‌ شاری به‌سره‌یه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی ئابووری عێراق پێكده‌هێنێت‌و ئێستا وێرانه‌یه‌".

 

هاوكات عه‌باس جۆرانی هۆشداری ده‌دات له‌وه‌ی ره‌نگه‌ به‌شداریپێكردنی ئه‌م ناوانه‌ له‌ هه‌ندێك لیستدا وه‌ك بۆسه‌یه‌ك وابێت‌و ده‌ڵێت: "ده‌ترسم رۆڵیان له‌ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگ زیاتر نه‌بێت، ناشبێت خواست‌و مافیان له‌ نوێنه‌رایه‌تیكردنی جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان نادیده‌ بگیرێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی هه‌ندێكیان ئه‌زموونه‌كه‌یان به‌لاوه‌ ئاسانه‌ به‌ ئومێدی به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستكه‌وتی ده‌سه‌ڵات‌و ئیمتیازه‌كانی".

 

سه‌ره‌نجام ئه‌م توێژه‌ توانای سوودگه‌یاندنیان به‌گه‌ل له‌رێی ئاماده‌یییان له‌ گۆڕپانی سروشتی خۆییاندا له‌ده‌ست ده‌ده‌ن‌و سه‌ركێشی ده‌كه‌ن به‌ چوونه‌ نێو ئه‌زموونیكی ناسه‌قامگیر كه‌ خۆیان بۆ ئاماده‌ نه‌كردووه‌‌و ته‌نیا ژماره‌یه‌كی سه‌ر به‌ كوتله‌یه‌ك ده‌بن دوور له‌ خه‌یاڵی درۆزنانه‌ی ئیدعای سه‌ربه‌خۆبوون.

 

كه‌واته‌ ئایا توێژی رۆشنبیران بایه‌خی شه‌قامی به‌سره‌‌و عێراق به‌گشتی سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان ده‌جووڵێنن تا له‌بری روخساره‌ كۆنه‌كان هه‌لیانبژێرن‌و ئه‌و هیوایه‌ به‌دیده‌هێنن كه‌ ده‌كرێت له‌ ناو په‌رله‌مانه‌وه‌ گۆڕانكاری بكرێت؟

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌