راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

موچه‌ به‌رامبه‌ر به‌ده‌نگ
عه‌بادی سیحری‌ ناردنی‌ موچه‌ له‌سه‌ر ده‌نگده‌رانی‌ هه‌رێم تاقیده‌كاته‌وه‌

هه‌ستیار قادر
خۆپیشاندانی‌ فه‌رمانبه‌ران‌و مامۆستایانی‌ هه‌رێم دژ به‌حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و حه‌یده‌ر عه‌بادی‌، پێده‌چێت ئه‌و سیحره‌ی‌ به‌تاڵكردبێته‌وه‌ كه‌ عه‌بادی‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی‌ ده‌نگ له‌هه‌رێم پشتی‌ پێده‌به‌ست.
29.03.2018  |  هه‌ولێر
خۆپیشاندانی مامۆستایان لە سلێمانی ( :وێنه حمه سور)
خۆپیشاندانی مامۆستایان لە سلێمانی ( :وێنه حمه سور)

عه‌بادی‌ ده‌یه‌وێت له‌رێگه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقه‌وه‌ پێیه‌كی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌بێت كه‌ بڕیاره‌ له‌مانگی‌ ئایاری‌ داهاتوودا ئه‌نجامبدرێت، ئه‌وه‌ش بۆ سه‌لماندنی‌ ئه‌و فڕه‌ ره‌نگیه‌ی‌ پێشتر بانگه‌شه‌ی‌ بۆ ده‌كرد.

 

رزگار حه‌مه‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عێراق به‌ "نیقاش"ی وت "لیستی‌ نه‌سر به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ به‌شداری‌ له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق ده‌كات له‌به‌شێك له‌شاره‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و پاڵێوراوه‌كانیشی‌ كوردن".

 

 ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجاره‌ له‌دوای‌ ساڵی‌ 2003ه‌وه‌ لایه‌نێكی‌ شیعه‌ به‌و شێوه‌یه‌ به‌شدار بێت له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عێراقدا له‌سنوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ پێشتر ركه‌به‌ریی‌ ده‌نگدان تیایدا سنورداربوو بۆ حزبه‌ كوردییه‌كان بۆ دیاریكردنی‌ نوێنه‌رانیان له‌به‌غدا.

 

ئه‌م "سه‌ركێشیه‌ی‌" عه‌بادی‌ پشت به‌ستووه‌ به‌گۆڕانكاری‌ له‌هاوكێشه‌ی‌ هێز له‌نێوان هه‌رێم‌و ناوه‌نددا كه‌ له‌دوای‌ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆمی‌ سه‌ربه‌خۆییه‌وه‌ له‌مانگی‌ ئه‌یلولی ساڵی‌ رابردوودا هه‌ژموونی‌ به‌غدا به‌سه‌ر به‌شێك له‌جومگه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا دروست بوو، دواترینیان راده‌ستكردنه‌وه‌ی‌ فڕۆكه‌خانه‌كان بوو به‌حكومه‌تی‌ عێراقی‌ له‌13ی‌ ئازاردا.

 

پێده‌چێت پرسی ناردنی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌هێزترین چه‌كی‌ عه‌بادی‌ بێت بۆ راكێشانی‌ ده‌نگی‌ هاوڵاتیانی‌ هه‌رێم له‌هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقدا به‌تایبه‌ت كه‌ له‌ساڵی‌ 2014ه‌وه‌ بارودۆخی‌ ئابوری‌ هه‌رێم خراپ بووه‌و فه‌رمانبه‌رانیشی‌ موچه‌كانیان به‌پاشه‌كه‌وتكردنیشه‌وه‌  له‌واده‌ی‌ خۆیدا دواده‌كه‌وێت.

 

عه‌لی عه‌لاق سه‌ركرده‌ له‌هاوپه‌یمانی‌ نه‌سڕو كه‌سایه‌تی‌ نزیك له‌عه‌بادی‌ به‌"نیقاش"ی وت "به‌شدارییمان له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌هه‌رێمی‌ كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای‌ به‌رنامه‌ی‌ تایبه‌تمانه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای‌ هاندانی‌ جه‌ماوه‌ر دژ به‌سه‌ركردایه‌تییه‌كانیان یان خستنی‌ لایه‌نێكی‌ سیاسی‌".

 

عه‌لاق پێشبینی‌ كرد كه‌ پرسی‌ ناردنی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم كاریگه‌ریی‌ هه‌بێت له‌سه‌ر ده‌نگدان به‌لیستی‌ نه‌سڕ له‌لایه‌ن هاوڵاتیانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ وه‌ك هه‌نگاوی‌ "باش" به‌رانبه‌ریان له‌لایه‌ن عه‌بادیه‌وه‌.

 

بارودۆخی‌ ناوخۆی سیاسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌شێوه‌یه‌ك گۆڕدراوه‌ كه‌ پێشنبینی‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ داهاتوو ئاسان نابێت، به‌تایبه‌ت كه‌ ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجاره‌ له‌دوای‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌و سیاسی‌ ناوخۆی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ساڵی‌ 2014 ه‌وه‌ هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامبدرێت.

 

حه‌یده‌ر مه‌ولی یه‌كێك له‌به‌رپرسانی‌ لیستی‌ نه‌سڕ به‌"نیقاش"ی وت"به‌شداریمان له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ هه‌رێمدا زیاتر په‌یامێك بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ لیسته‌كه‌مان نیشتیمانیه‌ بۆ هه‌موو عێراقیه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ ده‌شزانین كه‌ ركه‌به‌ریكردن له‌هه‌رێمی‌ كوردستان كارێكی‌ سه‌خته‌".

 

زاڵبونی‌ رێژه‌یی هه‌ژمونی‌ به‌غدا به‌سه‌ر هه‌رێمدا به‌م دواییه‌ كارێكی‌ وایكردووه‌ كه‌ ببێته‌ گۆڕه‌پانی‌ مانۆری‌ سیاسی‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ش كه‌ پێشتر جێ پێیان له‌ناوچه‌كانی‌ تری‌ عێراق هه‌بووه‌ .

 

عه‌بادی‌ له‌ئێستادا یه‌كێكه‌ له‌و هێزه‌ شیعانه‌ی‌ ده‌یه‌وێت چانسی خۆی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان تاقی بكاته‌وه‌ سه‌ره‌ڕای‌ جیاوازی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌و مه‌زهه‌بی.

 

د ئیحسان شمه‌ری‌ سه‌رۆكی‌ ناوه‌ندی‌  فیكری‌ عێراقی‌ پێیوایه‌ عه‌بادی‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ ده‌نگی‌ هاوڵاتیانی‌ هه‌رێم پشت به‌گوتاری‌ نیشتیمانی‌ خۆی‌ ده‌به‌ستێت كه‌ به‌راورد به‌وانی‌ تر دوور بووه‌ له‌گوتاری‌ گرژی‌ دژ به‌كوردو بڕواشی به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ هه‌رێم به‌شێكه‌ له‌عێراق.

 

شمه‌ری‌ به‌"نیقاش"ی وت "عه‌بادی‌ ده‌یه‌وێت سود له‌زیاد بوونی‌ ئینتیمای‌ هاوڵاتیانی‌ هه‌رێم بۆ عێراق ببینێت‌و به‌تایبه‌ت كه‌  پێشتر خۆپیشاندانیشی بینی‌ له‌هه‌رێم بۆ پاڵپشتیكردنی‌‌و ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندیشی به‌شكستی‌ به‌شێك له‌ حزبه‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌ هاوڵاتیان خۆیان هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ بۆ ده‌كه‌ن‌و به‌دوای‌ پڕۆژه‌ی‌ به‌دیلدا ده‌گه‌ڕێن كه‌ ویسته‌كانیان بهێنێته‌ دی‌".

 

به‌ده‌ستهێنانی‌ زۆرینه‌و دووباره‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ پۆستی‌ سه‌رۆك وه‌زیران بۆ عه‌بادی‌ پێویسی به‌كاركردنه‌ له‌چه‌ندین گۆڕه‌پانی‌ سیاسی جیاوازدا كه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان یه‌كێكیانه‌، ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌یه‌وه‌ كورسییه‌كانی‌ كوتله‌كه‌ی‌ له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق پێ زیاد بكات كه‌ رۆڵی‌ هه‌یه‌ له‌یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و پرسه‌دا.

 

ئه‌و كارته‌ی‌ عه‌بادی‌ خه‌ونی‌ پێوه‌ ده‌بینی‌ كه‌ مووچه‌ بوو به‌رانبه‌ر به‌ده‌نگ پێده‌چێت له‌جێگه‌ی‌ خۆیدا نه‌مابێت به‌وپێیه‌ی‌ كاتێك له‌ 18ی‌ ئازاردا بڕێك پاره‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ ناوه‌ندییه‌وه‌ نێردرا بۆ هه‌رێم كه‌وته‌ به‌ر كێشمه‌كشێمی‌ نێوان حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و فه‌رمانبه‌رانیه‌وه‌.

 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ بڕیار بوو ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بۆ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌ردوو وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستی‌ بێت به‌بێ پاشه‌كه‌وت، به‌ڵام حكومه‌تی‌ هه‌رێم موچه‌ی‌ به‌و دوو توێژه‌یدا به‌پاشه‌كه‌وته‌وه‌.

 

له‌رونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه‌ هه‌مان رۆژی‌ ناردنی‌ موچه‌ له‌به‌غداوه‌ بڵاویكرده‌وه‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌و ئابوری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌قی بڕیاری‌ بانكی‌ ناوه‌ندی‌ بۆ ناردنی‌ پاره‌كه‌ بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ موچه‌ی‌ مانگێكی‌ فه‌رمانبه‌رانه‌ نه‌ك ته‌نیا وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستی‌ كه‌ بڕه‌كه‌ی‌ زیاتر له‌ 317 ملیار دینار بوو له‌كاتێكدا به‌پێی‌ داتاكانی‌ هه‌رێم موچه‌ی‌ مانگێك به‌بێ پاشه‌كه‌وت پێویست به‌ 900 ملیار دیناره‌.

 

ئه‌و رونكردنه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر قوڕی‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان دژ به‌عه‌بادی‌ خه‌ستكرده‌وه‌ له‌كاتێكدا فه‌رمانبه‌ران چاوه‌ڕوانی‌ مووچه‌ی‌ بێ پاشه‌كه‌وت بوون.

 

له‌ 20 ی‌ ئازاردا بۆ جارێكی‌ تر خۆپیشاندانی‌ مامۆستایان له‌سنوری‌ سلێمانی‌ ده‌ستیپێكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مجاره‌ تیغی‌ ره‌خنه‌كان عه‌بادیشی گرته‌وه‌.

 

"عه‌بادی‌ كوا وه‌عده‌كه‌ت، جورئه‌ت بنوێنه‌ جورئه‌ت" ئه‌مه‌ دیارترین ئه‌و دروشمانه‌بوون كه‌ خۆپیشانده‌ران له‌گه‌ڵ به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ وێنه‌یه‌كی‌ عه‌بادی‌ به‌جامانه‌ی‌ سوره‌وه‌ ده‌وترایه‌وه‌ وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ رێكه‌وتنی‌ به‌غداو هه‌ولێر له‌سه‌ر دابه‌شكردنی‌ چاره‌كه‌ موچه‌.

 

عادل حه‌سه‌ن ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ مامۆستایانی‌ ناڕازیی كه‌ سه‌رپه‌رشتی‌ خۆپیشاندانه‌كانیان ده‌كرد ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات بڕیاره‌كه‌ی‌ عه‌بادی‌ توشی‌ "شۆك و نائومێدی‌" كردوون به‌وپێیه‌ی‌ به‌وته‌ی‌ ئه‌و به‌رنامه‌یان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ داناوه‌ كه‌ موچه‌ی‌ ته‌واو وه‌ربگرن نه‌ك به‌پاشه‌كه‌وته‌وه‌.

 

عادل حه‌سه‌ن به‌"نیقاش"ی وت "ده‌ركه‌وت عه‌بادیش وه‌ك هه‌موو سیاسییه‌كانی‌ تری‌ عێراق‌و هه‌رێم راستگۆ نه‌بوو، ئه‌وه‌ش كاردانه‌وه‌ی‌ خراپی‌ ده‌بێت له‌سه‌ر ده‌نگی‌ لیسته‌كه‌ی‌ له‌هه‌رێم".

 

بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئاوێك بكات به‌ئاگری‌ ناڕه‌زاییه‌كان له‌دژی‌، له‌ناو هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌، عه‌بادی‌ له‌رونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه‌ له‌ 23ی‌ ئازار بڵاویكرده‌وه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ ناتوانێت له‌پرسی ناردنی‌ موچه‌دا هه‌موو لایه‌ك رازی بكات‌و به‌ناچاریش پاره‌كه‌ی‌ له‌رێگه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌ ره‌وانه‌ كردووه‌.

 

هه‌ڵدانی‌ تۆپی‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كان له‌لایه‌ن عه‌بادییه‌وه‌ بۆ گۆڕه‌پانی‌ هه‌رێم له‌سه‌ر موچه‌ رێگر نه‌بوو له‌وه‌ی‌ له‌25ی‌ ئازاردا خۆپیشاندانی‌ گه‌وه‌تر ئه‌نجامبدرێت دژ به‌دابه‌شكردنی‌ موچه‌ به‌پاشه‌كه‌وته‌وه‌ كه‌ بۆجارێكی‌ تر  ره‌خنه‌كان ئۆباڵی‌ عه‌بادیشی گرته‌وه‌.

 

لێره‌دا سیحری‌ موچه‌  بۆ عه‌بادی‌ به‌ره‌و به‌تاڵ بوونه‌وه‌ چوو كه‌ هیوای‌ له‌سه‌ر هه‌ڵچنیبوو بۆ  كۆكردنه‌وه‌ی‌ ده‌نگ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ مووچه‌ بۆته‌ داواكاری‌ پله‌یه‌كی‌ هاوڵاتیانی‌.

 

د. عابد خالید راگری‌ كۆلێژی‌ زانسته‌ رامیارییه‌كانی‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌ به‌"نیقاش"ی وت "له‌بنه‌ڕه‌تدا لیسته‌ عه‌ره‌بیه‌كان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان چانسی‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ ده‌نگیان لاوازه‌، به‌ڵام بڕیاره‌كه‌ی‌ عه‌بادیش سه‌باره‌ت به‌شێوازو بڕی‌ ناردنی‌ موچه‌ ئه‌و كارته‌شی سوتاند بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ ده‌نگ كه‌ پێشتر چاوه‌ڕوانی‌ لێده‌كرد". 

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌