راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

عەشیرەت لەدەوڵەت باڵادەسترە
گەندەڵی بكەو خەمت نەبێ‌، عەشیرەتەكەت دێت بەهاناتەوە

موسته‌فا حه‌بیب
ساڵانێكی زۆرە عەشیرەتەكان لەعێراقدا دەسەڵاتێكی زۆریان بەسەر هەموو بوارە جۆربەجۆرەكاندا هەیە، بەڵام هەنگاوەكانی هەفتەی رابردوویان گەیشتە قۆناغێكی مەترسیدار.
18.08.2016  |  بەغدا
كاریكاتێرێكی هونەرمەندی عێراقی ئەحمەد فەلاح لەسەر دادپەروەری عەشایەری
كاریكاتێرێكی هونەرمەندی عێراقی ئەحمەد فەلاح لەسەر دادپەروەری عەشایەری

لەپاش ساڵی 2003وە رۆژ بەرۆژ یاسا لەعێراق پاشەكشە دەكات‌و عەشیرەتەكان رۆڵی گەورەو كاریگەرتر دەگێڕن، تەنانەت ئەنجومەنی عەشایەرەكان بەئاشكرا دەست وەردەدەنە كاروباری كۆمەڵایەتی‌و ئاینی‌و سیاسی‌و یاساییەوە، بگرە كاریگەریان لەسەر دادگاو یاساكانیش دروستكردووە.

 

لەو دانیشتنە پەرلەمانیەی رۆژی 1ی ئاب بەڕێوەچوو كە تایبەت بوو بەلێپرسنەوە لەخالید عوبێدی وەزیری بەرگری لەسەر دۆسێكانی گەندەڵی، عوبێدی هەمووانی تووشی سەرسوڕمانكرد كاتێك بەشێوەیەكی ئاشكرا سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمان‌و هەردوو پەرلەمانتار محەمەد كەربولی‌و تالب معماری تۆمەتباركرد بەگەندەڵی كارگێڕی‌و دارایی.

 

چەند كاتژمێرێك دوای دانیشتنەكە، عوبێدی چووە دەستەی دەستپاكی‌و چەند بەڵگەیەكی خستەروو، وای نیشاندا كە بەڵگەی تێوەگلانی سەرۆكی پەرلەمان‌و ئەو دوو پەرلەمانتارەن بەگەندەڵییەوە، هەر لەسەر ئەوەش پەرلەمان لیژنەیەكی تایبەتی پێكهێناو سەرۆكی پەرلەمانیش بەتۆمەتی درۆكردن داوای یاسایی لەسەر عوبێدی تۆماركرد.

 

چیرۆكەكە لێرەدا كۆتایی نەهات، بەڵكو ئەو بەرپرسە عێراقییانەی كە دەبوو رێزی یاسایان بگرتایە، رویانكردە عەشیرەتەكانیان‌و داوای پشتیوانیان لێكردن، لێرەوە وەرزێكی نوێ لەدیمەنی سیاسی عێراقی دەستی پێكرد، ئیتر عەشیرەتەكان كەوتنە پاراستنی ئەو بەرپرسانەی سەر بەخۆیانن تەنانەت ئەگەر لەگەندەڵیشەوە گلابن.

 

وەزیری بەرگری پەنای بردە بەر عەشیرەتی عوبێدی‌و داوای پشتیوانی لێكردن، دوو رۆژ تێنەپەڕی بەسەر دانیشتنەكەی پەرلەماندا تا سەرۆك‌و كەسە دیارەكانی ئەو عەشیرەتە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیان گرێداو رایانگەیاند كە پشتیوانی تەواوی وەزیری بەرگری دەكەن، هەڕەشەشیان لەهەموو ئەو كەسانە كرد كە بەخراپ رووبەرووی دەبنەوە.

 

لەبەرامبەردا سەرك‌و پیاوماقوڵانی عەشیرەتی جبور پشتیوانی سەرۆكی پەرلەمانیان كردو هەڕەشەیان لەوەزیری بەرگری كردو بەدرۆكردن تۆمەتباریان كرد، جەختیان لەوەش كرد كە لەپشت سەرۆكی پەرلەمانەوە دەوەستن‌و رێنادەن كەس رووبەرووی ببێتەوە.

 

لەگەڵ ئەمانیشدا پیاوماقوڵانی عەشیرەتی كەرابلە كۆنگرەی رۆژنامەنووسیان گرێداو پشتیوانی پەرلەمانتار محەمەد كەربولیان كرد‌و هەموو ئەو تۆمەتانەیان رەتكردەوە كە رووبەرووی كرابوونەوە، هەڕەشەیان لەهەر لایەنێكیش كرد كە گرفت بۆ ئەو پەرلەمانتارە دروست بكات.

 

پەنابردنی بەرپرسە "گەندەڵەكان" بۆ عەشیرەتەكانیان دیاردەیەكی نوێیە‌و عێراقییەكانیش رەخنەیان لەزۆربوونی دەسەڵاتی عەشیرەتەكان گرت لەكاروباری سیاسیەتدا، لەكاتێكدا لەرابردوودا بە باڵادەستیان بەسەر كاروباری كۆمەڵایەتییەوە چەندین یاسایان بۆ خۆیان داڕشتووەو رێیان داوە بەتۆڵەكردنەوەی راستەوخۆ لەرێی كوشتنەوە یان ناچاركردنی كەسوكاری بكوژ بەپێدانی بڕێك پارەی زۆر.

 

ئەوانەی رەخنەیان لەم هەنگاوە هەیە لەوە دەترسن دیاردەكە تەشەنە بسێنێت‌و ئیتر عەشیرەتەكان ئەوەندە دەسەڵاتیان هەبێت كە دادگا هیچی بۆ نەكرێت لەگەڵ گەندەڵیدا، تەنانەت ئەگەر حكومەتیش بیەوێت یاسا بسەپێنێت ئەوا عەشیرەتەكان دەكەونە شەڕكردن لەگەڵ یەكتردا وەك ئەوەی لەخواروی عێراق روودەدات.

 

عەبود عیساوی سەرۆكی لیژنەی پەرلەمانی تایبەت بەكاروباری عەشیرەتەكان بە"نیقاش"ی وت "لەسەر عەشیرەتەكان پێویستە نەچنە نێو ململانێی نێوان حیزب‌و بەرپرس‌و سیاسییەكانەوە، بەڵكو دەبێت دادگا دۆسێكان یەكلایی بكاتەوە".

 

عیساوی وتیشی "دەستوەردانی عەشیرەتەكان لەم ناكۆكیانە، كەرتبوونی مەترسیداری لێدەكەوێتەوە، ئەبێ سەرۆكی عەشیرەتەكان پشتیوانی دەوڵەت بكەن بۆ سەپاندنی یاسا نەك بەپێچەوانەوە... چونكە ناكۆكی نێوان عەشیرەتەكان چەند ساڵێك دەخایەنێت‌و ئاسایشی كۆمەڵایەتی دەخاتە مەترسییەوە"، دەشڵێت "پەرلەمان لەگفتوگۆی دەركردنی یاسایەكدایە بۆ رێكخستنی كاروباری عەشیرەتەكان‌و رۆڵیان لەژیانی گشتیدا".

 

دیاردەیەی باڵادەستی عەشیرەتەكان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی هەڵبژاردنەكان، چونكە لەو پرۆسەیەدا عەشیرەتەكان یاریزانی یەكەم بوون‌و هۆكاری بردنەوەی بەرپرسەكان بوون، بەر لەهەر هەڵبژاردنێكیش بەرپرسەكان دەگەڕێنەوە بۆ لای عەشیرەتەكانیان تا دەنگ‌و پشتیوانی ئەوان بەدەست بهێنن.

 

لەبەرامبەردا ئەو سیاسیەی دەیباتەوە دەستكەوتی گەورە بۆ عەشیرەتەكەی دەستبەر دەكات لەدامەزراندنی خەڵك‌و پێدانی گرێبەستی بازرگانی‌و كارئاسانی ئەمنی، تا وایلێهاتووە بەرژەوەندی عەشیرەت‌و سیاسییەكان لەیەك جیا نەبێتەوە.

 

ئیدریس قەیسی توێژەی كۆمەڵایەتی بە"نیقاش"ی راگەیاند زیادبوونی دەسەڵاتی عەشیرەتەكان مانای لاوازبوونی یاسایە لەدوای ساڵی 2003وە، دەشڵێت "سیاسییەكان سوود لەعەشیرەتەكان دەبینن بۆ بەدەستهێنانی دەنگ‌و دواتر هەموو ئەندامانی عەشیرەتەكەیان فەرامۆش دەكەن‌و سەرۆكی عەشیرەتەكە دەگرن بەپێدانی بەرتیل‌و چەندین دەستكەوت".

 

قەیسی دەشڵێت "زۆربەی سەرۆك عەشیرەتەكان دەوڵەمەندبوون، بۆیە گوندو ناوچە كشتوكاڵییەكانیان جێهێشتووەو لەشوێنە خۆشەكانی بەغداو ناوەندی شارەكاندا دەژین‌و رۆڵیان هەبووە لەبێسەروبەرەیی سیاسی‌و كێبڕكێی دەسەڵات‌و باڵادەستی عەشیرەتەكان".

 

چەند ساڵی رابردوو ساڵانی زیادبوونی رۆڵی كۆمەڵایەتی عەشیرەتەكان بوو، ئەگەر كەسێكی ئەو عەشیرەتە بكوژرایە یان دزی لێبكرایە، ئەوا دەگەڕایەوە بۆ عەشیرەتەكەی بۆ ئەوەی مافی خۆی وەربگرێت لەبری ئەوەی پەنا بباتە بەر دادگا، لێرەشدا عەشیرەتەكە پشتیوانی دەكرد لەبەرامبەر بڕێك پارەو هەموو هەوڵێكیان دەدا بۆ ئەوەی مافی كوڕی عەشیرەتەكەیان بەدەست بهێنن.

 

شێخ كازم قاید یەكێك لەسەرۆك عەشیرەتەكان لەبەغدا بیانوو بۆ رۆڵی عەشیرەتەكان دەهێنێتەوەو بە"نیقاش"ی وت "رۆڵەكانمان بۆیە پەنامان بۆ دەبەن، چونكە حكومەت‌و دادگاكان ناتوانن بەبێ‌ جیاكاری یاسا بەسەر هەمواندا بسەپێنن، هەندێ‌ تاوانبار بەئاسانی دەربازیان دەبێت، بۆیە عێراقییەكان دەگەڕێنەوە بۆ عەشیرەتەكانیان بۆ وەرگرتنی مافی خۆیان".

 

دەشڵێت "رۆڵی عەشیرەتەكان ئیجابیە نە سلبی، ئەگەر عەشیرەتەكان رۆڵەكانی خۆیان نەپارێزن، ئەوا تاوان لەكۆمەڵگا زیاد دەكات‌و كەس ناتوانێت رێیان لێبگرێت".

 

لەهەموو عەشیرەتێكدا چەند كەسێك هەن كە راسپێردراون بەوەرگرتنی مافی رۆڵەكانی عەشیرەتەكەیان، ئەمانە دەچنە لای عەشیرەتی بەرامبەرو داوای بڕێك پارەیان لێدەكەن لەبەرامبەر ئەو تاوانەی كەسێكی عەشیرەتەكە كردوویەتی لەكوشتن یان دزی كردن، بڕی پارەی قەرەبوكردنەوەكە بەپێی جۆری تاوانەكە دەگۆڕێت‌و دەگاتە سەدان ملیۆن دینار.

 

ئەگەر نەگەیشتنە ئەنجام، ئەوا ئەم كەسانە ماڵ‌و كۆمپانیاكانی عەشیرەتی دووەم دادەخەن‌و لەسەر دیوارەكانی دەنوسن "خاوەنەكەی بەپێی یاسای عەشیرەتەكان داواكراوە"، ئەم دەستەواژەیەش بەسە بۆ ئەوەی خاوەن ماڵ یان خاوەن كارەكە بترسێت‌و رابكات.

 

مانگی حوزەیرانی رابردوو شەڕە قسە لەنێوان فەرمانبەرێكی كۆمپانیای "دایۆ"ی كۆری‌و كرێكارێكی خەڵكی ناوچەكە روویدا، كۆمپانیای دایۆ كە كاریان دروستكردنی بەندەری فاوە لەشاری بەسرە، فەرمانبەرەكەیان لەكرێكارەكەی دابوو، بەڵام ئەم دۆسێیە تەشەنەی كرد تا گەیشتە عەشیرەتەكان.

 

كرێكارەكە كە خۆی خەڵكی بەسرەیە چوو بۆ لای عەشیرەتەكەی تا مافی خۆی وەربگرێت، بەراستیش عەشیرەتەكە بوونە هەڕەشە بەسە كۆمپانیاكەوەو داوای مافی خۆیان كرد، دواجار بەپێی بنەمای عەشیرەتەكان رێككەوتن‌و كۆمپانیاكە حەوت هەزار دۆلاری دا بەعەشیرەتەكە لەگەڵ مۆڵەتی دوو مانگ بەموچەی تەواوە بۆ كرێكارەكە.

 

نە حكومەت‌و نە هێزە ئەمنییەكانیش هیچیان لەسەر ئەم رووداوە نەوت كە هەڕەشە بۆ سەر كۆمپانیا بیانییەكان‌و وەك ئەوەی سەمیر قازی ئەندامی ژووری بازرگانی عێراق ئاماژەی پێدەكات كە رەنگە ئەم رووداوانە ببنە هۆی دەركردنی كۆمپانیا بیانییەكان لەعێراق.

 

قازی بە"نیقاش"ی وت "كۆمپانیا بیانییەكان زۆر بیر دەكەنەوە پێش ئەوەی وەبەرهێنان لەعێراق بكەن، جگە لەزەحمەتی ئیشكردن‌و بیرۆكراتی، دەبێ‌ كۆمپانیاكان بیر لەوەش بكەنەوە چۆن مامەڵە لەگەڵ كۆمەڵگا عەشایەرییەكاندا دەكەن، ئەوەی لەبەسرە روویدا كار لەئابوری عێراق دەكات".

 

دەستوەردانی عەشیرەتەكان دەبێتە دیاردەیەكی مەترسیدارو دەچێتە سەر ئەو هەموو كێشە ئەمنی‌و سیاسیانەی لەعێراقدا هەن‌و هەڕەشەی راستەوخۆن بۆ سەر دەوڵەت‌و دامەزراوە فەرمییەكان، چەند مانگێكە عەشیرەتی شارەكانی بەسرەو میسان‌و ناسرییە لەشەڕێكی قورسدان لەگەڵ یەكتر، عەشیرەتەكانی ئەنبارو سەلاحەدینیش ناكۆكی قوڵیان هەیە لەسەر بەڕێوەبردنی شارەكانیان لەپاش داعش.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌