راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان بۆ نیقاش:
یوسف محه‌مه‌د شه‌رعیه‌تی‌ نه‌ماوه‌و سكرتێری‌ په‌رله‌مانیش لایه‌نداربوو بۆ گۆڕان

ئاواره حه‌مید
"له‌رووی‌ شه‌رعی‌‌و عه‌مه‌لی‌‌و واقیعه‌وه‌ یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان نییه‌"، ئه‌مه‌ قسه‌ی‌ جێگره‌كه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانه‌ كه‌ به‌هۆی‌ ناكۆكی سیاسییه‌وه‌ كه‌متر له‌دوو ساڵ توانیان پێكه‌وه‌ هه‌ڵبكه‌ن.
3.08.2016  |  هه‌ولێر
جه‌عفه‌ر ئێمنیكی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ( :وێنه أواره حميد)
جه‌عفه‌ر ئێمنیكی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ( :وێنه أواره حميد)

جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمنیكی جێگری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان‌و وته‌بێژی‌ پێشووی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌م چاوپێكه‌وتنه‌ تایبه‌ته‌ی‌ "نیقاش"دا باس له‌هۆكاره‌كانی‌ په‌ككه‌وتنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌كات‌و لۆمه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان ده‌كات كه‌ نه‌یتوانیوه‌ بێلایه‌نانه‌ مامه‌ڵه‌ بكات، هه‌روه‌ها پێی‌ وایه‌ سكرتێری‌ په‌رله‌مانیش لایه‌نی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ گرتووه‌.

 

په‌رله‌مانی‌ كوردستان رۆژی‌ 23ی‌ ساڵی‌ رابردوو په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌ستیكرد به‌گفتوگۆكردن له‌سه‌ر یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم، چونكه‌ به‌پێی‌ یاسا مه‌سعود بارزانی‌ له‌ 19ی‌ ئاب دوای‌ ده‌ ساڵ سه‌رۆكایه‌تی‌، واده‌كه‌ی‌ كۆتایی‌ ده‌هات، ئه‌م گفتوگۆیانه‌ ناكۆكی‌ له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان دروست كردو له‌رۆژی‌ دیاریكراودا (19ی‌ ئاب) به‌هۆی‌ ته‌واونه‌بوونی‌ نیسابی‌ یاساییه‌وه‌ نه‌توانرا دانیشتنی‌ په‌رله‌مان رێك بخرێت.

 

رۆژی‌ 7ی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ ساڵی‌ رابردوو دواهه‌مین دانیشتنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌ڕێوه‌چوو، له‌وه‌ به‌دواوه‌ پارتی‌ دیموكرات نه‌یهێشت سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌ولێر، له‌و كاته‌وه‌ جه‌عفه‌ر ئیمنیكی‌ له‌هه‌ولێر رۆڵی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان ده‌گێڕێت، به‌ڵام په‌رله‌مان كۆنه‌بووه‌ته‌وه‌.

 

جه‌عفه‌ر ئێمنیكی‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ پێی‌ وایه‌ په‌ككه‌وتنی‌ په‌رله‌مان زیانی‌ به‌ناوبانگی‌ هه‌رێم گه‌یاندووه‌، به‌ڵام ئاماده‌ نییه‌ ئه‌گه‌ر یوسف محه‌مه‌د گه‌ڕایه‌وه‌ ئه‌و جێگری سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان بێت.

 

نیقاش: بۆ ده‌ مانگ ده‌چێت په‌رله‌مانی‌ كوردستان كۆنه‌بووه‌ته‌وه‌، لایه‌نی‌ به‌رامبه‌ریش ئێوه‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌په‌كخستنی‌ په‌رله‌مان له‌سه‌ر كورسی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم، رێگه‌چاره‌ی‌ تر نه‌بوو جگه‌ له‌و هه‌نگاوه‌؟

جه‌عفه‌ر ئێمنیكی‌: ئه‌وه‌ی‌ به‌سه‌ر په‌رله‌ماندا هات په‌یوه‌ست نه‌بوو به‌یاسای سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌، به‌ڵكو دوو هۆكاری‌ هه‌بوو، یه‌كێك له‌وانه‌ لیستی‌ نیمچه‌ كراوه‌ بوو كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ خه‌ڵكانێك هاتنه‌ په‌رله‌مان نه‌یانتوانی‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پرسه‌كان بكه‌ن‌و كێشه‌كان به‌دیالۆگ چاره‌سه‌ربكه‌ن، هۆكاری‌ دووه‌م په‌یوه‌سته‌ به‌خه‌ڵكه‌وه‌، چه‌ند لایه‌نێكی‌ سیاسی‌ هه‌وڵی‌ وروژاندنی‌ شه‌قامیان ده‌دا‌و به‌شێوه‌یه‌ك مامه‌ڵه‌یان ده‌كرد كه‌ دام‌و ده‌زگاكان قه‌رزاری‌ ئه‌وانن، ئه‌مانه‌ په‌رله‌مانیان په‌كخست.

 

نیقاش: قسه‌كانت وا دیاره‌ له‌ئه‌دای‌ په‌رله‌مان رازی‌ نه‌بوویت؟

جه‌عفه‌ر ئێمنیكی‌: به‌ڵی‌ تیبینم هه‌بوو، له‌یه‌كه‌م رۆژه‌وه‌ هاتنه‌ ناو په‌رله‌مان به‌ویستی‌ خۆم نه‌بوو به‌رنامه‌شم نه‌بوو خۆم كاندید بكه‌م‌و ویستم ئه‌ركی‌ خۆم هه‌ڵگرم‌و هاوكاری‌ فراكسیۆن‌و لایه‌نه‌كان بم بۆ ئه‌وه‌ی‌ نه‌گه‌ینه‌ ئه‌و خاڵه‌ی‌ ئێمه‌ گه‌یشتین.

 

نیقاش: ئێوه‌و گۆڕان دوو هێزی‌ نه‌یاری‌ یه‌كتر بوون، به‌ڵام سه‌ره‌تا توانیتان پێكه‌وه‌ له‌سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان هه‌ڵبكه‌ن، دواتر جیاوازییه‌كان ئه‌وه‌نده‌ زۆر بوو كه‌ نه‌تانتوانی‌ درێژه‌ی‌ پێبده‌ن؟

جه‌عفه‌ر ئێمنیكی‌: له‌راستیدا جیاوازی‌ ده‌بێت ببێته‌ مایه‌ی‌ به‌هێز بوون، هه‌بوونی‌ جیاوازی‌ شتێكی‌ ته‌ندروست‌و نۆڕماڵه‌، به‌ڵام چۆن ئه‌و جیاوازیانه‌ به‌كار دێنین، هه‌رلایه‌نه‌و بۆچونی‌ خۆی‌ هه‌یه‌، به‌لای‌ منه‌وه‌ گرنگ بوو ئه‌و كاته‌ی‌ قه‌یرانیش هه‌بوو به‌كه‌مترین زیان چاره‌سه‌ری‌ بكه‌ین، هه‌موو هه‌وڵێكمدا له‌دانیشتنی‌ په‌رله‌مان له‌ 19ی‌ ئاب كێشه‌كان به‌م ئاراسته‌یه‌ نه‌گه‌ن.

 

نیقاش: ئێستا له‌و هه‌ڵوێستانه‌ت په‌شیمان نیت؟

جه‌عفه‌ر ئێمنیكی‌: ئه‌به‌ده‌ن له‌ناو په‌رله‌مان له‌هیچ په‌شیمان نیم، ره‌نگه‌ پێش په‌رله‌مان هه‌ندێك هه‌ڵوێست‌و نه‌رمی‌ نواندن هه‌بێت لێ په‌شیمان بم، هه‌ستم ده‌كرد دروستبوونی‌ گۆڕان ته‌ندروسته‌، به‌ڵام تێگه‌یشتم كه‌ ته‌ندروست نه‌بوو، ئۆپۆزسیۆنێكی‌ راسته‌قینه‌ نه‌بوو، له‌ 19ی‌ ئاب هه‌وڵمدا سه‌رۆكایه‌تی‌ بێ لایه‌ن بێت، شه‌و تا به‌یانی‌ به‌چاودێری‌ وڵاتانی‌ ئه‌مریكاو به‌ریتانیا هه‌وڵماندا په‌رله‌مان بێلایه‌ن بێت، نه‌ك ده‌سه‌ڵاتی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان به‌سه‌ر په‌رله‌مان فه‌رزبكات.

 

نیقاش: په‌كخستنی‌ په‌رله‌مان زیانی‌ به‌ناوبانگی‌ هه‌رێم نه‌گه‌یاندووه‌؟ ئه‌ی‌ خۆتان نیگه‌ران نین له‌م بارودۆخه‌؟

جه‌عفه‌ر ئێمنیكی‌: به‌ڵێ‌، زۆر زیانی‌ پێگه‌یاندووه‌و ئێستاش به‌رده‌وامه‌، له‌سه‌ر ئاستی‌ نێوده‌وڵه‌تیش زۆر زه‌ره‌رمه‌ند بووین، ئه‌گه‌ر بڵێم بێتاقه‌ت نیم راست ناكه‌م، نه‌ك هه‌ر من، بگره‌ هه‌موو ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مان به‌م بارودۆخه‌ بێتاقه‌تن.

 

نیقاش: پێت وایه‌ یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانه‌؟ به‌تایبه‌تی‌ كه‌ ئه‌و وه‌كو سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان به‌م دواییه‌ سه‌ردانی‌ چه‌ند وڵاتێكی‌ كرد؟

جه‌عفه‌ر ئێمنیكی‌: نه‌خێر له‌رووی‌ شه‌رعی‌‌و عه‌مه‌لی‌‌و واقیعه‌وه‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان نییه‌، كاتێكیش سه‌فه‌ری‌ بۆ وڵاتانی‌ ده‌ره‌وه‌ كرد پێم وت كاتی‌ سه‌فه‌ر نییه‌، له‌وێ پرسیارت لێده‌كه‌ن‌و به‌هۆی‌ وه‌ڵامه‌كانه‌وه‌ زیاتر كێشه‌كان ته‌شه‌نه‌ ده‌كه‌ن، هه‌رواش بوو، بۆچوونه‌ هه‌ڵه‌كانی‌ ئێره‌ی‌ دووباره‌ كرده‌وه‌، له‌وێ‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ به‌میلیشا له‌قه‌ڵه‌مدا، ئه‌وه‌ تاوان بوو ده‌رهه‌ق به‌پێشمه‌رگه‌ كردی‌.

 

نیقاش: ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان له‌سێ‌ كه‌س پێكهاتوون، پێم وایه‌ جگه‌ له‌سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان تۆ تێبینیت له‌سه‌ر سكرتێری‌ په‌رله‌مانیش هه‌یه‌؟

جه‌عفه‌ر ئێمنیكی‌: له‌رووی‌ سیاسیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سكرتێری‌ په‌رله‌مان (كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌) جیاوازیمان زۆره‌و بۆچونه‌كانی‌ به‌ڕێز سكرتێری‌ په‌رله‌مان هه‌میشه‌ لایه‌نداری‌ پێوه‌بوو بۆ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، به‌رده‌وام ده‌مزانی‌ چۆن بڕیار ده‌دات‌و چی‌ ده‌كات، ئه‌گه‌ر هه‌ندێك جار پرسیبام كه‌ رای‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان چییه‌، ئه‌وا هی‌ سكرتێری‌ په‌رله‌مانم ده‌زانی‌ هه‌ر هه‌مان شته‌، پاشكۆیه‌تیه‌كی‌ عه‌جائیبی‌ پێوه‌ دیاربوو، لای‌ من جێی‌ سه‌رسوڕمان بوو، تێگه‌یشتنی‌ ئێمه‌ بۆ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ تێگه‌یشتنێكی‌ تر بوو، پێمان وابوو ره‌وتێكی‌ نیشتمانی‌ سه‌ربه‌خۆیه‌، به‌ڵام وا ده‌رنه‌چوو، له‌واقیعدا ده‌رچوو كه‌ سه‌ربه‌خۆ نه‌بوون، به‌ڵام وه‌ك كه‌سایه‌تی‌ په‌یوه‌ندیمان هه‌یه‌و كه‌سێكی‌ به‌ڕێزه‌.

 

نیقاش: به‌م دواییه‌ سه‌رۆكی‌ دیوانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم هه‌وڵێكی‌ ده‌ست پێكردوه‌ و بۆ سه‌ردانی‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان تا چه‌نده‌ ئومێدت به‌چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان هه‌یه‌؟

جه‌عفه‌ر ئێمنیكی‌: ئومێدم پێ هه‌یه‌و هه‌میشه‌ ده‌بێت ئومێدمان به‌هه‌موو هه‌وڵێك هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌و ئومێده‌ چه‌نده‌و به‌چ ئه‌نجامێك ده‌گات ناتوانم تا خۆی‌ (فوئاد حسێن- سه‌رۆكی‌ دیوانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم) قسه‌ نه‌كات.

 

نیقاش: پارتی‌ نیه‌تی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ هه‌یه‌؟

جه‌عفه‌ر ئێمنیكی‌: به‌راشكاوی‌‌و به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌یڵێم پارتی‌ ده‌یه‌وێت له‌ریشه‌وه‌ چاره‌سه‌ری‌ گرفته‌كان بكات، تێپه‌ڕاندنی‌ قۆناغه‌كه‌ زۆر سود به‌خش نییه‌و مه‌ترسیه‌كان ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌ن ناكرێت هه‌روا له‌روكه‌شه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ بكرێت‌و به‌تاكتیك له‌گه‌ڵ یه‌كتر بجوڵێینه‌وه‌، مێژوی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان ده‌ریده‌خات هێزێك نییه‌ چه‌ند ساڵێك بێت دروست بوبێت، بۆ وه‌رگرتنی‌ ده‌سه‌ڵات‌و هیچی‌ تر، به‌گشتی‌ زۆر پرس هه‌یه‌ ده‌كرێت له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی‌ تر به‌یه‌كه‌وه‌ چاره‌سه‌ری‌ بكه‌ین، له‌سه‌ره‌تای‌ ئه‌م خوله‌ی‌ په‌رله‌مانیشه‌وه‌ ئێمه‌ بڕوامان وابوو ده‌بێت كێشه‌كان به‌ته‌وافوق چاره‌سه‌ر بكه‌ین.

 

نیقاش: ئه‌گه‌ر حزبه‌كان گه‌یشتنه‌ رێكه‌وتن‌و سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان گه‌ڕایه‌وه‌، تۆ وه‌ك جێگر ده‌مێنیته‌وه‌؟

جه‌عفه‌ر ئێمنیكی‌: به‌تائیكد نامێنمه‌وه‌

 

نیقاش: ئومێدت هه‌یه‌ په‌رله‌مان كۆببێته‌وه‌؟

جه‌عفه‌ر ئێمنیكی‌: ئه‌گه‌ر رێكه‌وتنی‌ سیاسی‌ تازه‌ هه‌بێت ده‌كرێت په‌رله‌مان دانیشتن بكات.

 

نیقاش: پێشتر له‌راپۆرتێكی‌ نیقاش به‌ڕێوه‌به‌ری‌ راگه‌یاندنی‌ په‌رله‌مان ده‌یوت زیاتر له‌سه‌رده‌می‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆ ده‌ست وه‌ردان له‌راگه‌یاندنی‌ په‌رله‌مان هه‌یه‌، ئه‌م قسه‌یه‌ وایه‌؟

جه‌عفه‌ر ئێمنیكی‌: له‌كاتی‌ خۆی‌ هه‌بوو، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ من وته‌بێژی‌ پارتی‌ بووم، هه‌رچه‌نده‌ زوو داوام له‌سه‌ركردایه‌تی‌ كرد كه‌سێكی‌ تر له‌وته‌بێژ دابنرێت، له‌كاتی‌ پێویست بڕیاره‌كه‌ ده‌رنه‌چوو، دوا كه‌وت، كه‌ قسه‌م بۆ كه‌ناڵه‌كان ده‌كرد نوێنه‌رایه‌تی‌ په‌رله‌مان‌و پارتیم ده‌كرد، له‌به‌رامبه‌ردا په‌رله‌مانتارانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان به‌گشتی‌ بایه‌خی‌ زۆریان به‌میدیاو سۆشیال میدیا ده‌دا، بۆیه‌ جه‌وێكی‌ وایان دروست كردبوو كه‌ ئه‌وانیش كاروباری‌ حیزبیان تێكه‌ڵ ده‌كرد، به‌شێك له‌كێشه‌كان په‌یوه‌ندی‌ به‌په‌خشی‌ راسته‌وخۆی‌ دانیشتنه‌كانی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌بوو، پێم وابوو ده‌بێت په‌رله‌مانتاران به‌ڵێنی‌ شه‌ره‌ف واژۆبكه‌ن كه‌ نه‌چن پرسه‌كان‌و گرفته‌كان ببه‌نه‌ میدیاكان، دوو روویی‌ له‌ناو په‌رله‌مانتاراندا دروست بووبوو، ئه‌وه‌ی‌ له‌میدیا باس ده‌كرا لێره‌ باس نه‌ده‌كرا، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌وه‌ی‌ لێره‌ باس ده‌كرا له‌میدیا باس نه‌ده‌كرا، ئه‌مه‌ حاڵه‌تێكی‌ ناته‌ندروست بوو.

 

نیقاش: ده‌ڵێن به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی‌ تۆدا بێت نوسراوێكت بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ شورا كردو به‌و هۆیه‌وه‌ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم وه‌ك خۆی‌ مایه‌وه‌، ماوه‌ی‌ رابردووش له‌درێژكردنه‌وه‌ی‌ یاسای‌ تیرۆردا دیسان نوسراوێكی‌ ترت بۆ ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ كرد، په‌رله‌مانتاران ده‌ڵێن ئێوه‌ ده‌تانه‌وێ‌ به‌ئه‌نجومه‌نی‌ شورا رۆڵی‌ په‌رله‌مان پڕ بكه‌نه‌وه‌؟

جه‌عفه‌ر ئێمنیكی‌: ئه‌گه‌ر له‌پرۆسه‌كه‌ حاڵی‌ بوبن وا ناڵێن، نوسراوی‌ جاری‌ یه‌كه‌م به‌پێی‌ یاسایی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ شورا خۆی بوو كه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كان ده‌توانن پرس به‌ئه‌نجوومه‌نی‌ شورا بكه‌ن، ده‌كرا سه‌رۆك‌و جێگر سه‌رۆك (هه‌رێم، په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت) ئه‌مه‌ بكه‌ن به‌ته‌نها یان هه‌ردوكیان، ئه‌و كاته‌ی‌ منیش كردم ئه‌ركێكی‌ یاسایی‌‌و ئه‌خلاقی‌ له‌سه‌ر شانم بوو ئه‌گه‌ر ئه‌و پۆسته‌م نه‌بوبا نه‌م ده‌كرد، هاوڵاتیش ده‌توانێت پرسیار ئاڕاسته‌ی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ شورا بكه‌ن، جاری‌ دووه‌م بۆ یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ تیرۆر بوو، كه‌لێنه‌كه‌ ئه‌وه‌ بوو یاسایه‌كی‌ وا گرنگ دوو ساڵ بۆ ته‌مه‌نی‌ دیاریكرابوو، ئه‌وه‌بوو دیسان ئه‌ركێكی‌ ترم له‌سه‌ر شان بوو كه‌ ئه‌ركی‌ من بوو ئه‌و پرسه‌ ئاڕاسته‌ی‌ ئه‌وان بكه‌م، هیچ ده‌سه‌ڵاتێكمان بۆخۆمان نه‌بردوه‌و هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ شورا زیاد نه‌كراوه‌، ئه‌مه‌ش زۆر نۆرماڵ‌‌و ته‌ندروسته‌.

 

نیقاش: پێت وایه‌ په‌رله‌مان به‌م سه‌رۆكایه‌تییه‌ی‌ ئێستاوه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ باری‌ ئاسایی‌ خۆی‌؟

جه‌عفه‌ر ئێمنیكی‌: ئه‌گه‌ر ده‌سته‌یه‌كی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ نوێ هه‌ڵبژێردرێت، سود له‌هه‌ڵه‌كانی‌ پێش خۆی‌ وه‌رگرێت‌و دوباره‌ی‌ نه‌كاته‌وه‌ په‌رله‌مان ده‌توانێت ئه‌ركه‌كانی‌ خۆی‌ ببینێت، ره‌نگه‌ زۆری‌ په‌رله‌مانتارانیش ئه‌وه‌ی‌ پێشوی‌ كردبویان دوباره‌ی‌ نه‌كه‌نه‌وه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌