رۆژی 16ی ئازار دوای ماوه‌یه‌كی زۆر له‌دابڕان، "دیداری سلێمانی" كه له‌زانكۆی ئه‌مه‌ریكی به‌ڕێوه ده‌چێت سه‌رۆكی پهرلهمانو سه‌رۆكی حكومه‌تی كۆكرده‌وه كه بۆ شه‌ش مانگ ده‌چێت رێبه‌رایه‌تی دوو به‌ره‌ی نه‌یاری یه‌كتر ده‌كه‌ن.
نێچیره‌ڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌وته‌یه‌كدا په‌رله‌مانی كوردستانی تۆمه‌تباركرد به‌وه‌ی رۆڵی هه‌بووه له‌تێكدانی دۆخی سیاسی له‌كوردستاندا.
چه‌ند خوله‌كێك دواتر یوسف محه‌مه‌د سادق سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌توندی هێرشی كرده سه‌ر سه‌رۆكی حكومهتو ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌ی لێگرتن كه خراپ ده‌سه‌ڵاتیان به‌ڕێوه بردووه‌و به‌بێ ئه‌وه‌ی ناوی ببات، وتی "حوكمڕانی له‌م سه‌رده‌مه‌دا پێویستی به مهعریفهیهو به‌كه‌سانی نه‌خوێنده‌وار ناكرێت"، ئه‌م لێدوان‌و رووبه‌رووبوونه‌وه‌یه به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی هێنده‌ی تر ناكۆكییه‌كان قوڵبێته‌وه.
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كه له‌مانگی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی رابردووه‌وه (2015) له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه رێگه‌ی لێگیراوه بچێته‌وه هه‌ولێرو رێبه‌رایه‌تی په‌رله‌مان بكات، له‌چاوپێكه‌وتنێكی تایبه‌تی "نیقاش"دا گفتوگۆ له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانی له"دیداری سلێمانی"و دۆخی سیاسی‌و ئابوری كوردستان ده‌كات.
رۆژی 25ی حوزه‌یرانی ساڵی رابردوو په‌رله‌مانی كوردستان گفتوگۆی چڕوپڕی له‌سه‌ر "كۆتایی هاتنی پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم" ده‌ست پێكرد، ئه‌مه‌ش درزێكی گه‌وره‌ی خسته ناو لایه‌نه سیاسییهكانهوهو سه‌ره‌نجام په‌ككه‌وتنی په‌رله‌مانی لێكهوتهوه.
نیقاش: له‌هه‌رێمی كوردستان ماوه‌یه‌كه باسی چاكسازی ده‌كرێت، تۆش له"دیداری سلێمانی" وتت چاكسازی به‌كه‌سانی نه‌خوێنده‌وار ناكرێت مه‌به‌ستت چی بوو له‌وه؟
یوسف محه‌مه‌د: له‌هه‌رێمی كوردستان پێویسته چاكسازی له‌بواری سه‌رچاوه‌كانی داهات بكرێت، ئه‌مه‌ی كه كراوه زیاتر تهقهشوفو ده‌ستگرتنه‌وه‌یه، ئه‌مه‌ش زیاتر له‌سه‌ر چین‌و توێژه هه‌ژاره‌كان ره‌نگی داوه‌ته‌وه، چونكه به‌شی زۆری هاووڵاتیانی هه‌رێم موچه خۆرنو موچه‌كانیشیان له‌ئاستێكی نزمدایه، ئێستا هاتوون له‌و موچه كه‌مه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی تر كه‌میان كردووه‌ته‌وه، هێشتا ناتوانن له‌وه‌ش موچه بده‌ن، له‌كاتێكدا سه‌رچاوه‌كانی داهات له‌هه‌رێمی كوردستان ناڕوونه، بۆیه په‌رله‌مانتاران پێش په‌كخستنی بانگهێشتی ئاشتی هه‌ورامی كرد، چونكه په‌رله‌مانی كوردستان ئاگاداری داهاتی نه‌وت نه‌بوو، ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه پێویسته سه‌رچاوه‌كانی داهات له‌هه‌رێم كوردستان روون بكرێته‌وه.
تهقهشوفو ده‌ستگرتنه‌وه كارێكی ئێجگار باشه، گرتنه‌وه‌ی ئه‌و نه‌زیفه له‌سامانی گشتی كارێكی باشه له‌هه‌رێم، به‌ڵام گرنگتر‌و له‌پێشتر روونكردنه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌كانی داهاته، كه له‌ئێستا له‌هه‌رێم زۆر ناشهفافو ناڕوونه به‌تایبه‌تی داهاتی نه‌وت.
نیقاش: قسه‌كانی تۆ كاردانه‌وه‌ی لێكهوتهوه هه‌ندێك بهباشو هه‌ندێك به‌خراپ، ئه‌گه‌ر هه‌مان رووداو رووبداته‌وه هه‌مان قسه دهكهیتو پێتوایه چاكسازی به‌كه‌سانی نه‌خوێندوار ناكرێت؟
یوسف محه‌مه‌د: دیداری سلێمانی دیدارێكی ئێجگار گه‌وره‌یه‌و له‌ڕێی نیقاشه‌وه ده‌مه‌وێت ده‌ستخۆشی لهههڵسوڕێنهرانی ئه‌م دیداره بكه‌م، كه بۆ ماوه‌ی چوار ساڵه له‌سه‌ر یه‌ك نوخبه‌ی عێراق‌و نوخبه‌ی هه‌رێمی كوردستان‌و نوخبه‌ی په‌یوه‌ندیدار به‌دۆسیه‌ی ههرێمو عێراق له‌سه‌ر ئاستی دونیا لێره كۆده‌كه‌نه‌وه بۆ باسكردنی كێشه‌و گرفته‌كانی ئێستای عێراق‌و هه‌رێمی كوردستان، ئێمه خوازیار بووین له‌كه‌شێكی ئارام‌و له‌گفتوگۆیه‌كی ئارام‌دا گفتوگۆی ئه‌م بابه‌تانه‌ی سه‌ر ئاستی كوردستانیش بكرێت، به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی پلانی بۆ داڕ‌ێژرابوو به‌و شێوه‌یه نه‌كرا.
سه‌باره‌ت بهحكومڕانیو چاكسازی له‌راستیدا پێویستی به‌پلانه پێویستی به‌بوونی تایبه‌مه‌ندیی هه‌موو ئه‌و بوارانه‌یه كه حكومڕانی پێویستییه‌تی، ئابووری‌و یاسا‌و سیاسه‌ت بواره‌كانی تر، خۆ ئه‌گه‌ر كه‌سێك شاره‌زایی له‌مه‌ش نه‌بێت پێویسته راوێژكاری تایبه‌تمه‌ندیان هه‌بێت، كه شاره‌زایی په‌یدا بكهنو راوێژیان بده‌نێ.
ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا هه‌رێمی پێدا ده‌گوزه‌رێت له‌ڕووی سیاسی‌و ئابووری ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه، كه له‌سیسته‌می حكومڕانی ئێمه‌دا، كه‌سی شیاو له‌شوێنی شیاو نییه، به‌ڵكو به‌داخه‌وه كۆمه‌ڵێك پێوه‌ری تر هه‌یه، كه ئێستا پێوه‌ری بنه‌ماڵه‌یی زیاتر زاڵه به‌سه‌ر كۆی پێوه‌ره‌كانی تر له‌هه‌رێمی كوردستان.
نابێت هه‌رێمی كوردستان به‌و حاڵه بڕوات، كه هه‌موومان ئاواتی پێ ناخوازینو كه‌سیش به‌رپرسیاریه‌تییه‌كه‌ی هه‌ڵناگرێت.
نیقاش: پێشبینی ده‌كرا دیداری سلێمانی ببێته هۆی له‌یه‌ك نزیكبوونه‌وه‌ی پارتی‌و گۆڕان، به‌ڵام ئه‌مه نه‌كرا، بۆچی؟
یوسف محه‌مه‌د: به‌ڕێز به‌رهه‌م ساڵح، كه سه‌رۆكی بۆردی زانكۆی ئه‌مریكییه له‌گه‌ڵ هه‌ڵسوڕێنه‌رانی دیداره‌كه‌ی سلێمانی ده‌یانه‌وێت دۆخه‌كه به‌ئاقاری ئه‌و له‌یه‌ك نزیكبوونه‌وه‌یه بڕوات، به‌ڵام دیسانه‌وه گفتوگۆ توند‌و راشكاوانه هه‌ر كارێكی گونجاوه بۆ ئه‌وه‌ی له‌یه‌ك تێكبگهینو خه‌ڵكێش تێبگات كه كێشه‌كان چین، ئه‌وه‌ی له‌دیداری سلێمانیدا روویدا، بووه هۆی به‌رچاو روونی بۆ زۆرێك له‌وانه‌ی له‌و دیداره ئاماده‌بوون كه كێشه‌كانی هه‌رێم په‌یوه‌ندی به‌چییه‌وه هه‌یه، بۆیه پێموایه دیداری سلێمانی له‌م رووه‌شه‌وه سه‌ركه‌وتوو بوو، هه‌ر كه‌سه‌و له‌ڕوانگه‌ی خۆیه‌وه باسی كێشه‌كان بكات.
نیقاش: ماوه‌یه‌كی زۆره په‌رله‌مان په‌كخراوه، پێتوایه ده‌رفه‌تێك ماوه بۆ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان؟
یوسف محه‌مه‌د: ئه‌مه پێویستی به‌گۆڕینی شێوازی حكومڕانكردنی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، ده‌توانم بڵێم ئه‌مه په‌یوه‌سته بهفراكسیۆنهكانی په‌رله‌مانی كوردستان‌و هه‌ڵوێستی پارتی له‌پرۆسه‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان، هیچ كێشه‌یه‌ك نییه له‌سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان، منیش ئه‌دای ئه‌ركی خۆم ده‌كه‌م به‌رانبه‌ر به‌خواو خه‌ڵكی كوردستان‌و به‌رانبه‌ر به‌و سوێنده‌ی لهپهرلهمانش خواردوومه.
نیقاش: پارتی دیموكراتی كوردستان ئێوه تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌وه‌ی بوونه‌ته هۆكاری تێكدانی بارودۆخی سیاسی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ڵوێستی ئێوه چییه؟
یوسف محه‌مه‌د: پێشتر چه‌ند جارێك پارتی دیموكراتی كوردستان‌و بارزانیشی رووبه‌ڕوو پیان وتووم ئه‌دات له‌په‌رله‌مان زۆر باشه، ئه‌مه ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه، كه ئێمه بێ لایه‌نانه كارمان كردووه، ئه‌وه‌ی تر په‌یوه‌ندی به‌پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌وه هه‌یه، بۆ ئه‌م پرسه‌ش ئێمه هه‌وڵی زۆرماندا، كه كێشه‌كه‌ی به‌گفتوگۆ له‌نێوان فراكسیۆنه‌كاندا به‌ڕێوه بچێت، به‌داخه‌وه ئه‌مه نه‌كراوه، ئێستاش هیچ لایه‌نێكی سیاسی ناتوانێت به‌ڵگه‌یه‌كی هه‌بێت كه ئێمه بۆ هه‌موو پرسه‌كانی ناو پهرلهمانو به‌پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمیشه‌وه له‌ده‌ره‌وه‌ی په‌یره‌وی ناوخۆ‌و یاسا كارپێكراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كارمان كردبێت، ئه‌مه په‌یوه‌ندی به‌وه هه‌یه، كه پارتی خۆی بهزهرهرمهند ده‌زانێت له‌و یاسایه‌ی په‌رله‌مانتاران ئاماده‌یان كردووه، خۆ من ئاماده‌م نه‌كردووه.
ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانیش به‌پێی په‌یره‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان كاری كردووه، خۆ من رێگه‌م له‌پارتی نه‌گرتووه پرۆژه پێشكه‌ش بكات، پارتی پرۆژه یاسای نه‌هێناوه بۆ ئه‌م پرسه تا پهرازوێزمان خستبێت، رێگه‌مان لهپارتیو فراكسیۆنی پارتی نه‌گرتووه كه له‌په‌رله‌ماندا گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌م پرسه بكات، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی هه‌یه به‌پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم په‌یوه‌ندی به به‌رژه‌وه‌ندی حیزبێكی دیاریكراوه‌وه هه‌یه، بۆیه به‌و ئاقاره برا.
نیقاش: ئه‌گه‌ر بچیته‌وه په‌رله‌مان هه‌مان هه‌ڵوێستی جارانت ده‌بێت له‌سه‌ر پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم؟
یوسف محه‌مه‌د: من بگه‌ڕێمه‌وه هه‌ولێرو یان نهشگهڕێمهوه، ئێستا كه‌سێك نابینم به‌شێوه‌یه‌كی شه‌رعی له‌پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم بێت، كاتێكیش كه‌سێك نییه به‌شێوه‌یه‌كی شه‌رعی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌م، به‌دڵنیایه‌وه یه‌كێك له‌هه‌نگاوه‌كانی په‌رله‌مان ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه هه‌ولێر پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ده‌بێت، له‌سه‌ره‌تاوه به‌گفتوگۆ له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌كان دوایی رێكاره یاسایه‌كانی له‌په‌رله‌مانی كوردستان.
نیقاش: له‌چاوپێكه‌وتنێكی رۆژنامه‌ی ئه‌لمۆنیته‌ر بارزانی وتی: تا ده‌وڵه‌تی راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆی واز له‌سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ناهێنێت، رای تۆ چییه؟
یوسف محه‌مه‌د: له‌راستیدا قه‌ت حه‌زم نه‌ده‌كرد بارزانی، كه یه‌كێكه له‌سه‌ركرده میژووییه‌كانی گه‌لی كوردستان‌و به‌هه‌موو چاكی‌و خراپییهكانیهوه سه‌رۆكی هه‌رێم بووه بۆ ماوه‌ی ده ساڵ یه‌كێكه له‌سه‌ركرده‌كانی وڵاته‌كه‌مان بووه بكه‌وتایه‌ته ئه‌م دۆخه‌وه، ئێستا وا خۆی وێنا ده‌كات، كه موتهمهسیكه بهكورسییهوه، به‌ڵكو خوازیاری ئه‌وه بووم له‌ناو گه‌لی كوردیش ماندێلایهكمان هه‌بوایه‌و جۆرج واشنتۆنێكمان هه‌بێت، كه خۆی واز له‌ده‌سه‌ڵات بهنێت، بارزانی ئه‌گه‌ر له‌كاتی خۆی‌و له‌دوای ته‌واوبوونی واده‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی بهاتایه‌و ده‌ستاوده‌ستی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی بكردایه، ئه‌وه ده‌بووه مێژوو بۆ خودی خۆیشی‌و هه‌رێمی كوردستانیش، ته‌نانه‌ت ده‌بووه په‌ندیش بۆ ئه‌وانه‌ی دوای خۆی ده‌بنه سه‌رۆكی هه‌رێم، چونكه بارزانی یه‌كه‌م سه‌رۆكی هه‌رێمه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی نه‌كرد، كه ئێستاش نه‌چووه‌و بچێت ده‌توانێت بیكات.
نیقاش: پێتوایه ده‌بێت بارزانی چی بكات؟
یوسف محه‌مه‌د: ده‌بێت بارزانی رێگه بدات یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هه‌مواربكرێته‌وه‌و سه‌رۆكێكی نوێ له‌په‌رله‌مانه‌وه هه‌ڵبژێرێت، وه‌ك چۆن له‌خولی یه‌كه‌می سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی بارزانی خۆی له‌په‌رله‌مانه‌وه هه‌ڵبژێرا، هه‌روه‌ها واده‌ی دوو ساڵیشی له‌په‌رله‌مانه‌وه بۆ درێژكرایه‌وه.
نیقاش: به‌ڵام بارزانی ده‌ستپێشخه‌ری كردووه‌و ده‌ڵێت: باحیزبهكان له‌سه‌ر كه‌سێك رێكبكه‌ون، بۆ ئه‌وه‌ی من پۆسته‌كه‌ی راده‌ست بكه‌م؟
یوسف محه‌مه‌د: بارزانی ده‌ڵێت ده‌بێت هه‌موو حیزبه‌كان له‌سه‌ر كه‌سێك رێكبكه‌ون، كه ئه‌مه زۆر مه‌حاڵه، ئه‌وه‌تا چوار حیزبی گه‌وره‌ی كوردستانی پرۆژه‌یان پێشكه‌ش كردووه، به‌ڵام رێگه ناده‌ن پرۆژه‌كه‌یان چوارچێوه‌ی یاسایی وه‌ربگرێت.
نیقاش: گه‌ره‌نتی چییه، ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان كارا بكربێتهوه جارێكی تر‌و له‌رووداوێكی تردا په‌كی نه‌خرێته‌وه؟
یوسف محه‌مه‌د: گه‌ره‌نتی ئه‌وه‌یه، كه یاسا سه‌روه‌ر بێت‌و دادگا سه‌روه‌ر بن، حیزبه سیاسییه‌كان نه‌توانن هێزه چه‌كداره‌كان بۆ مه‌به‌ستی سیاسی به‌كاربهێنن، له‌كاتێكدا من دڵنیام هێزی پێشمه‌رگه‌و هێزه‌كانی تری ناوخۆ، ده‌یانه‌وێت بهقارهمانییهتی خۆیان شه‌ره‌فیان پارێزراو بێت ته‌نیا به‌رگری له‌خاك‌و نیشتیماتن بكات نه‌ك به‌كار بهێنرێن بۆ مه‌به‌ستی به‌رگریكرن له‌حیزبێكی دیاریكراو، یان كه‌سێكی دیاریكراو.
نیقاش: ئه‌گه‌ر بێینه سه‌ر باسی عێراق، ده‌وترێت ئێستا شتێك نه‌ماوه به‌ناوی عێراقێكی یه‌كگرتوو بۆچوونی تۆ چییه؟
یوسف محه‌مه‌د: ده‌وڵه‌تێكی عێراقی یه‌كگرتوو كه سیاده‌ی هه‌بێت به‌سه‌ر هه‌موو خاكه‌كه‌یدا به‌ڵێ راسته ئێستا ده‌وڵه‌تێكی له‌م شێوه‌یه نه‌ماوه، به‌شێك له‌خاكی عێراق ئێستا له‌لایه‌ن رێكخراوی تیرۆرستی داعش داگیركراوه، له‌لایه‌كی تریشه‌وه هه‌رێمی كوردستان له‌ڕووی سیاسی‌و ئابوورییه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ مامه‌ڵه ده‌كات.
له‌ڕاستیدا نه‌خشه‌ی ئه‌م ناوچه‌یه له‌ڕابردوودا به به‌رنامه‌ی رێككه‌وتنێك داڕێژراوه، كه رێككه‌وتنامه‌ی سایكس بیكۆیه به‌پله‌ی یه‌كه‌م له‌گه‌ڵ چه‌ند رێككه‌وتنێكی تر له‌نێوان لایه‌نه براوه‌كانی شه‌ڕی جیهانی یه‌كه‌م ئیمزا كرا‌و له‌ئه‌نجامی ئه‌وه ئه‌م ده‌وڵه‌تانه هاتنه كایه‌وه، رووداوه‌كانی سه‌د ساڵی رابردوو ئه‌وه‌یان سه‌لماند، كه ئه‌م رێككه‌وتنامه‌یه ناتوانێت ئاشتی‌و ئارامی بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست دابین بكات، كه وابكات سه‌قامگیری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ر سهقامگیریو ئارامی جیهان.
نیقاش: له‌و هاوكێشه‌و رووداوانه‌ی تۆ باستكرد ئایندهی كورد چی ده‌بێت له‌عێراقیش به‌تایبه‌تی؟
یوسف محه‌مه‌د: ئێستا كورد رۆڵێكی كاریگه‌ر ده‌بینێت له‌ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی رێكخراوی تیرۆرستی داعش، نه‌ك له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵكو له‌رۆژئاوای كوردستانیش، ئه‌وه‌ی لهههرێمو رۆژئاواش ده‌گوزه‌رێت كوردی هه‌مووی یه‌كخستووه، ئێستا پێشمه‌رگه‌ی باشوور له‌گه‌ڵ شه‌ڕڤانی رۆژئاوا‌و گه‌ریلای باكوور له‌یه‌ك سه‌نگه‌ردان له‌دژی داعش، ئه‌گه‌ر كورد خۆی ئاماده بێت بۆ ئه‌و گۆڕانكاریانی كه هه‌ن، ئه‌وا به‌دڵنیایه‌وه له‌م گۆڕانكاریانه‌ی له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست رووده‌ده‌ن رۆڵی كاریگه‌ری دهبێتو ده‌توانێت به‌شێكی زۆری له‌مافه‌كانی له‌ماوه‌ی رابردوودا لێی زه‌وت كراوه به‌ده‌ستی بێنێته‌وه.
به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌ندێك هێزی ناو كوردستان به‌پێچه‌وانه‌ی یه‌كگرتوویی هێزه كوردییه‌كان مامه‌ڵه ده‌كات، وایان كردووه له‌یه‌ك پارچه‌یی گوتاری كورد په‌رت بكه‌ن، ده‌بینین كێشه هه‌یه له‌نێوان ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستا له‌ڕۆژئاوای كوردستان ده‌یه‌وێت له‌چوارچێوه‌ی فیدراڵیدا خۆی رێكبخاته‌وه له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له‌حیزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه ده‌سه‌ڵاتیشیان به‌ده‌سته، له‌ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان قه‌یرانی قۆرخكردنی دهسهڵاتو په‌كخستنی دیموكراستیو په‌كخستنی ده‌زگاو دامه‌زراوه شه‌رعییه‌كانی هه‌رێم هه‌یه، كه ئه‌مه وایكردووه كورد لاواز‌و بێت.
نیقاش: حكومه‌تی به‌غدا سه‌رقاڵی چاكسازییه، لهگۆڕانكاری كابینه‌كه‌یدا به‌بڕوای تۆ چاره‌نووسی كورد چی ده‌بێت؟
یوسف محه‌مه‌د: ئه‌وه‌ی له‌به‌غدا رووده‌دات هه‌ندێكی كێشه‌یه‌و هه‌ندێكیشی به‌راستی وانه‌یه بۆ ئێمه‌ی كورد، كه سودی لێوه‌ربگرین، ئێستا به‌سه‌دان هه‌زار كه‌س ده‌ڕژێنه سه‌ر شهقامهكانو داوای گۆڕینی حكومه‌ت دهكهنو داوای گۆرینی ده‌سه‌ڵات دهكهنو داوای چاكسازی ده‌كه‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی لوتی كه‌س خوێنی لێبێت، مایه‌ی په‌ند لێوه‌رگرتنه بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان، كه به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌ر خۆپیشاندانێك له‌هه‌رێم كرابێت كێشراوه بۆ توندوتیژی له‌ئه‌نجامی ئه‌وه خه‌ڵك بووه بهقوربانیو شه‌هید بووه، له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر ژماره‌یی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌هه‌رێمی كوردستان خۆپیشاندانیان كردووه له‌ماوه‌ی رابردوو به به‌راورد به‌ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌عێراق خۆپیشاندان ده‌كه‌ن ژماره‌یان ئێجگار كه‌مه، ئه‌مه ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا له‌ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم زیاتر بڕوایان به‌ئازادی را دهربڕینو رێزگرتن له‌رای شه‌قام هه‌یه، ئه‌مه دێوێكی، دیوه‌كه‌ی تری ئه‌وه‌یه خۆپیشاندان له‌عێراقدا له‌به‌رده‌م ناوچه‌ی سه‌وز ده‌كرێت، كه ئه‌مینترین ناوچه‌ی عێراقه به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌س ئازار بدرێت، ئه‌گه‌ر له‌هه‌رێمدا بڕۆیته به‌رده‌م ماڵی به‌رپرسه حكومییه‌كان بزانه چی كاره‌ساتێكی گه‌وره روو ده‌دات، وانه‌ی سێیه‌م ئه‌وه‌یه كه ده‌سه‌ڵاتداران عێراق ئێستا به‌ده‌م داوای خۆپیشانده‌رانه‌وه دهچنو ده‌یانه‌وێـت گۆڕانكاری له‌حكومه‌تدا بكه‌ن، كه ماوه‌یه‌كی كه‌میشه حكومه‌تیان پێكهێناوه، حكومه‌تی عێراق له‌چاو حكومه‌تی هه‌رێم زۆر كه‌متر كێشه‌ی هه‌یه، حكومه‌تی ئێمه شه‌ش مانگ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران قه‌رزداره به‌و روبعه موچانه‌ی كه ده‌شدرێت، له‌كاتێكدا حكومه‌تی عێراق یه‌ك رۆژ مووچه‌ی دوانهخستووهو پرۆژه‌كانی خۆی دوانه‌خستووه، به‌ڵام هێشتا ئه‌وان ئاماده‌ن گوێ له‌شه‌قام بگرن‌و گۆڕانكاری بكه‌ن، ئێستا حكومه‌ت ده‌گۆڕن، له‌كاتێكدا له‌هه‌رێم رێك به پێچه‌وانه‌وه‌یه‌و قه‌ت ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم خۆیان له‌و ئاسته نه‌بینوه گوێ له شه‌قام بگرن، ئه‌سڵه‌ن خۆیان زۆر له‌وه گه‌وره تر بینیوه، كه گوێ له شه‌قامی ناره‌زایه‌تی خۆیان بگرن.
ئه‌م گۆڕانكاریانه‌ی ئێستا له‌عێراق ده‌ستیان پێكردووه، پێویسته كوتله كوردستانییه‌كان رۆڵی یهكهمو كۆتایایان پێ بدرێت له‌گفتوگۆكاندا بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ئه‌م پرسانه، ناكرێت لایه‌نه سیاسییه‌كان له‌جیاتی په‌رله‌مانی كوردستان‌و په‌رله‌مانی عێراقیش دابنیشن‌و بڕیار بده‌ن، خه‌ڵكی كوردستان نوێنه‌ری خۆی هه‌ڵبژاردووه بۆ عێراق ئه‌وانه كوتله كوردستانییه‌كانن، من دڵنیام متمانه‌یان پێ بدرێت ده‌توانن به‌باشترین شێوه گفتوگۆ بكه‌ن له‌سه‌ر داواكارییه‌كانی كورد.