راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: إحاطات من داخل وعبر العراق
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

شۆڕشی‌ كراس سپییه‌كان
مامۆستایان خۆپیشاندان ده‌كه‌ن‌و زانكۆكان تۆڵه‌یان لێ‌ ده‌كه‌نه‌وه‌

له‌چه‌ند زانكۆیه‌كی‌ خوارووی‌ عێراق مامۆستایان ناڕه‌زایی‌ به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن، سه‌رۆكایه‌تی‌ زانكۆكانیش ده‌یانده‌نه‌ دادگا‌و چه‌ندین سزایان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنن.
31.03.2016  |  به‌سره
خوێندكاران له‌هۆڵێكی‌ وانه‌ وتنه‌وه‌ی‌ زانكۆی‌ به‌سره‌ ( :وێنه Staff Sgt. Adelita Mead)
خوێندكاران له‌هۆڵێكی‌ وانه‌ وتنه‌وه‌ی‌ زانكۆی‌ به‌سره‌ ( :وێنه Staff Sgt. Adelita Mead)

دكتۆر جاسم حه‌بجی‌ نه‌یده‌زانی‌ به‌شداریكردنی‌ له‌خۆپیشاندانێكدا راپێچی‌ به‌رده‌م پۆلیسی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوانی‌ ده‌كات‌و وه‌ك تاوانبار مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.

 

دكتۆر جاسم كه‌ مامۆستای‌ كۆلێژی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ زانكۆی‌ به‌سره‌یه‌ دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ وانه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ ته‌واو ده‌كات، داوای‌ لێده‌كه‌ن بچێته‌ به‌شی‌ یاسایی‌ زانكۆ، له‌وێش ده‌بینێت كه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوانه‌وه‌ ئاگانامه‌یه‌ك بۆ ئه‌وو چه‌ند مامۆستایه‌كی‌ تر هاتووه‌.

 

ئه‌و بانگكردنه‌یان له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ به‌هۆی‌ ئه‌وه‌وه‌ بووه‌ كه‌ به‌شداری‌ خۆپیشاندانێكیان كردووه‌ بۆ لابردنی‌ سه‌رۆكی‌ زانكۆو ئه‌نجامدانی‌ چاكسازی‌ ئیداری‌ له‌زانكۆكه‌دا، له‌به‌رامبه‌ردا دكتۆر سامر حه‌مدانی‌ سه‌رۆكی‌ زانكۆكه‌ له‌لای‌ پۆلیس سكاڵای‌ له‌سه‌ر تۆمار كردوون.

 

حه‌بجی‌ باسی‌ ئه‌و پرسیارانه‌ ده‌كات كه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوانه‌وه‌ لێی‌ كراوه‌‌و ده‌ڵێت "پاش چه‌ند كاتژمێرێك له‌هێشتنه‌وه‌، پرسیاره‌كانیان له‌سه‌ر ئه‌و پۆستانه‌ بوو كه‌ له‌فه‌یسبووك كردومن‌و داوام له‌هاوپیشه‌كانم كردووه‌ به‌رده‌وام بن له‌خۆپیشاندان بۆ لابردنی‌ سه‌رۆكی‌ زانكۆ".

 

وه‌ك خۆیشی‌ ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات له‌لایه‌ن یه‌كێك له‌میلیشیاكانه‌وه‌ داوای‌ لێكراوه‌ سه‌ردانی‌ باره‌گاكه‌یان بكات، به‌ڵام ئه‌و گوێی‌ پێنه‌داوه‌و نه‌چووه‌ به‌ده‌میانه‌وه‌.

 

ئه‌و سزا كارگێڕیانه‌ی‌ رووبه‌رووی‌ دكتۆر جاسم كراوه‌ته‌وه‌ خۆی‌ به‌بێوێنه‌ ناویان ده‌بات‌و ده‌ڵێت "سه‌رۆكی‌ زانكۆ سزای‌ داوم به‌رووبه‌رووكردنه‌وه‌ی‌ دادگای‌ تایبه‌ت‌و گواستنه‌وه‌م له‌شوێنی‌ كاره‌كه‌م، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌سزای‌ سه‌رزه‌نشتكردن كه‌ قورسترین سزای‌ بواری‌ خوێندنه‌ به‌ر له‌ده‌ركردن".

 

مامۆستایه‌كی‌ كۆلێژی‌ ئه‌ندازیاری‌ هه‌مان زانكۆ كه‌ خۆی‌ داوایكرد ناوی‌ بڵاو نه‌كرێته‌وه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ چه‌ند مامۆستایه‌كی‌ تریش به‌هه‌مان شێوه‌ سزای‌ سه‌رزه‌نشتكردنیان ئاڕاسته‌ كراوه‌.

 

مامۆستایانی‌ ناڕازی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ناڕه‌زایه‌تتیان له‌به‌رامبه‌ر سه‌رۆكی‌ زانكۆ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رێز له‌مامۆستایان ناگرێت‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه‌و به‌شێكیانی‌ گواستووه‌ته‌وه‌ بۆ زانكۆكانی‌ ناوه‌ڕاست‌و باشوور‌و ئه‌و مینحانه‌ش دوا ده‌خات كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی‌ خوێندنی‌ باڵاوه‌ ده‌رده‌چێت.

 

له‌به‌رامبه‌ردا سه‌رۆكایه‌تی‌ زانكۆی‌ به‌سره‌ به‌یاننامه‌یه‌كی‌ ده‌ركردووه‌ كه‌ تیایدا هاتووه‌ "دكتۆر جاسم حه‌بجی‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ سه‌دان مامۆستای‌ زانكۆ ناكات".

 

هه‌ر له‌مڕووه‌وه‌ عه‌لی‌ كه‌نانی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ راگه‌یاندنی‌ زانكۆ ده‌ڵێت "زانكۆی‌ به‌سره‌ نه‌ كه‌سێك خاوه‌نێتی‌‌و نه‌ ته‌نها كه‌سێك ده‌كاته‌ ئامانج، به‌ڵكو دامه‌زراوه‌یه‌كی‌ زانستییه‌ كه‌ 25 هه‌زار ئه‌ندامی‌ هه‌یه‌و بڕیاره‌كانی‌ له‌لایه‌ن ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ ده‌رده‌چێت كه‌ سیاسه‌ته‌كه‌ی‌ داده‌ڕێژن".

 

جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ سزای‌ ئه‌و دكتۆره‌ كه‌ دراوه‌ "به‌پێی‌ بڕیاری‌ لیژنه‌ی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ وه‌زاره‌ت‌و به‌نوسراوی‌ فه‌رمی‌ بووه‌، له‌سه‌ر شێواندنی‌ ناوو ناوبانگی‌ زانكۆ، نه‌ك خۆپیشاندان".

 

كه‌نانی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "زانكۆ رووبه‌رووی‌ هێرشی‌ ناوزڕاندن بووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ سه‌رۆكه‌كه‌ی‌ په‌نای‌ بۆ یاسا بردووه‌".

 

مامۆستاكان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ پێنجیان له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ بانگهێشت كراون، چوار له‌وان بڕوانامه‌ی‌ دكتۆراو یه‌كێكیان پرۆفیسۆر بووه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌كارمه‌ندێكی‌ به‌شی‌ كارگێڕی‌ كه‌ دوای‌ لێكۆڵینه‌وه‌ به‌كه‌فاله‌تی‌ دارایی‌ ئازادكراون.

 

سه‌نا ئه‌سه‌دی‌ راوێژكاری‌ یاسایی‌ له‌زانكۆی‌ به‌سره‌ به‌پێچه‌وانه‌ی‌ گێڕانه‌وه‌ی‌ فه‌رمی‌ زانكۆكه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌تۆمه‌تی‌ خۆپیشاندان له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ بانگهێشت كراون.

 

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ جه‌واد مریشون نه‌قیبی‌ مامۆستایانی‌ به‌سره‌ بانگهێشتكردنی‌ ئه‌و مامۆستایانه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ به‌تاوان‌و پێشێلكاری‌ ئازادی‌ راده‌ربڕین ده‌زانێ‌، هه‌رچه‌نده‌ لۆمه‌ی‌ خودی‌ مامۆستاكانیش ده‌كات‌و ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ی‌ هانی‌ سه‌رۆكی‌ زانكۆی‌ داوه‌ داوای‌ یاسایی‌ تۆمار بكات، لاوازی‌ خودی‌ مامۆستاكانه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ په‌نایان بۆ سه‌ندیكای‌ مامۆستایان نه‌بردووه‌".

 

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ محه‌مه‌د كه‌نانی‌ پسپۆڕی‌ یاسایی‌ پێی‌ وایه‌ ته‌نها له‌حاڵه‌تی‌ ناوزڕاندن‌و ساخته‌كاری‌ ده‌توانرێت مامۆستایان له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ بانگ بكرێن‌و ده‌ڵێت "مامۆستایان مافی‌ خۆپیشاندانی‌ ناڕه‌زایه‌تییان هه‌یه‌و نابێ‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بترسێنرێن".

 

وانه‌بێت ئه‌م ناڕه‌زاییانه‌ ته‌نها به‌زانكۆی‌ به‌سره‌وه‌ وه‌ستابێت، به‌ڵكو ماوه‌ی‌ رابردوو به‌به‌شداری‌ مامۆستاو خوێندكارانی‌ زانكۆكانی‌ به‌سره‌و موسه‌نناو ناسرییه‌و عه‌مماره‌و كوت‌و كه‌ربه‌لاو دیوانیه‌و به‌غدا زنجیره‌یه‌ خۆپیشاندان ئه‌نجامدرا له‌ژێر ناوی‌ "شۆڕشی‌ كراس سپییه‌كان" كه‌ داواكاری‌ سه‌ره‌كی‌ تیایدا ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ حسێن شارستانی‌ وه‌زیری‌ خوێندنی‌ باڵا بوو له‌گه‌ڵ گۆڕانی‌ ئیداره‌ی‌ زانكۆكان.

 

له‌به‌رامبه‌ریشدا له‌لایه‌ن خودی‌ زانكۆكانه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك مامۆستاو خوێندكار رووبه‌رووی‌ دادگا كراونه‌ته‌وه‌و له‌گه‌ڵ سزادانیان به‌چه‌ندین شێوه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌