راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

له‌ناوبژوانه‌وه‌ بۆ ناوبژیوانیكراو
ئه‌مجاره‌ عه‌ره‌ب فریای‌ كورد ده‌كه‌وێت

هه‌ستیار قادر
هاوكێشه‌كه‌ پێچه‌وانه‌ بووه‌ته‌وه‌، له‌وه‌ته‌ی‌ هه‌یه‌ كورد خه‌ریكی‌ ناوبژی‌ هێزه‌ عێراقییه‌كانه‌، كه‌چی‌ ئێستا ئه‌وان ناوبژی‌ كورد ده‌كه‌ن.
17.12.2015  |  سلێمانی
لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كان نه‌یانتوانی‌ له‌حكومه‌تدا پێكه‌وه‌ هه‌ڵبكه‌ن ( :وێنه موقع حكومة اقليم كردستان)
لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كان نه‌یانتوانی‌ له‌حكومه‌تدا پێكه‌وه‌ هه‌ڵبكه‌ن ( :وێنه موقع حكومة اقليم كردستان)

ناكۆكی‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌سه‌ر پرسی‌ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم به‌جۆرێك گه‌یشتووه‌ته‌ بنبه‌ست كه‌ خۆیان نه‌توانن له‌نێوان خۆیاندا گرێكوێره‌كه‌ی‌ بكه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ش ده‌رگای‌ له‌سه‌ر ده‌سیپێشخه‌ری‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌ عه‌ره‌بیه‌كان كرده‌وه‌ به‌هه‌ردوو مه‌زهه‌بی‌ سونه‌و شیعه‌وه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی‌ رابردودا كورد ناوبژیوانی‌ كێشه‌كانیان بوو.

 

ناوبژیوانی‌ كورد سنوری‌ عێراقی‌ تێپه‌راندوه‌و وڵاتانی‌ هه‌رێمی‌‌و جیهانیش رۆڵده‌گێرن له‌هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ری‌ ئه‌و دۆخه‌ كه‌ ره‌نگه‌ ئاڵۆزبونی‌ بارودۆخه‌كه‌ كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیانی‌ ئه‌وانیش هه‌بێت له‌ناو هه‌رێمی‌ كوردستاندا.

 

 پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ مه‌سعود بارزانی‌‌و یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ جه‌لال تاڵه‌بانی‌‌و هه‌ریه‌ك له‌بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆران‌و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌‌و یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌ سێ لایه‌نی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ پێشوو له‌دوای‌ نۆ كۆبونه‌وه‌ی‌ پێنج قۆڵی‌ نێوانیان نه‌گه‌یشتنه‌ رێكه‌وتن له‌سه‌ر هه‌ستیارترین پرسی‌ ئێستای‌ هه‌رێم كه‌ كورسی‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌و له‌ 19ی‌ مانگی‌ ئابی‌ رابردوه‌وه‌ ویلایه‌تی‌ بارزانی‌ تیایدا كۆتایی‌ هاتووه‌، له‌دوای‌ 12ی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌میشه‌وه‌ به‌هۆی‌ رێگریكردن له‌سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان‌و وه‌زیره‌كانی‌ گۆڕان بۆ چوونه‌ هه‌ولێر، هێنده‌ی‌ تر ناكۆكییه‌كان قووڵ بوونه‌وه‌.

 

له‌سایه‌ی‌ په‌ككه‌وتنی‌ په‌رله‌ماندا لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانیش نه‌یانتوانی نه‌ بگه‌نه‌ رێكه‌وتن بۆ كۆتایی‌ هێنان به‌و گرژیانه‌‌و نه‌ دانیشتنی‌ رێخۆشكه‌ریش بۆ كۆبونه‌وه‌ی‌ پێنج قۆڵیش ئه‌نجام بده‌ن، ئه‌و دابڕانه‌ سیاسیه‌ش ده‌رگای‌ له‌سه‌ر ده‌ستپێشخه‌ری‌ لایه‌نی‌ تری‌ غه‌یره‌ كوردی‌ كرده‌وه‌ بۆ كۆتایی‌ هێنان به‌ ئاڵۆزیه‌كان.

 

له‌نۆی‌ مانگی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ رابردوودا سه‌لیم جبوری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق نامه‌یه‌كی‌ كراوه‌ی‌ ئاڕاسته‌ی‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كرد سه‌باره‌ت به‌و كێشانه‌ی‌ به‌م دواییه‌ له‌هه‌رێم رویانداوه‌و تیایدا داوای‌ له‌لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كرد كه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر مێزی‌ گفتوگۆ .

 

 سه‌لیم جبوری‌ وتی‌ "ئه‌و په‌یامه‌مان له‌په‌رۆشیمانه‌وه‌یه‌ بۆهه‌رێمی‌ كوردستان‌و گه‌له‌كه‌ی‌ كه‌ به‌شێكن له‌پێكهاته‌ی‌ عێراق".

 

تائێستا ئه‌و په‌یامه‌ی‌ جبوری‌ به‌ره‌سمی‌ له‌لایه‌ن لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ وه‌ڵام نه‌دراوه‌ته‌وه‌ ئه‌گه‌رچی‌ به‌ر له‌ئاڕاسته‌كردنی‌ ئه‌و په‌یامه‌ی‌  سه‌ردانی‌ هه‌رێمی‌ كردو له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ هه‌رێم كۆبۆوه‌ به‌تایبه‌ت هه‌ریه‌ك له‌بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆران‌و پارتی‌ كه‌ دوو جه‌مسه‌ری‌ سه‌ره‌كی‌ ئاڵۆزیه‌ سیاسه‌كانن.

 

به‌وته‌ی‌ ره‌عد ده‌هله‌كی‌ په‌رله‌مانتاری‌ سونه‌ی‌ عێراق كه‌ نزیكه‌ له‌جبوریه‌وه‌ ئه‌و په‌یامه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان رۆڵی‌ هه‌بووه‌ بۆ ره‌خساندنی‌ كه‌شی‌ نوێ بۆ دانوستان.

 

ره‌عد ده‌هله‌كی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت"جبوری‌ خۆی‌ ئاماده‌ ده‌كات بۆ راگه‌یاندنی‌ قۆناغی‌ دووه‌می‌ هه‌نگاوه‌كانی‌ بۆ ئاسایی‌ كردنه‌وه‌ی‌ بارودۆخی‌ سیاسی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان له‌دوای‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ په‌یامه‌كه‌ی‌ كه‌ ئه‌ویش قۆناغی‌  پێكشه‌شكردنی‌ ده‌ستپێشخه‌ریه‌كی‌ نوێیه‌"، بی َئه‌وه‌ی‌ ناوه‌رۆكی‌ ده‌ستپێشخه‌ریه‌كه‌ ئاشكرابكات.

 

ئه‌وه‌ ته‌نها ده‌ستپێشخه‌ری‌ لایه‌نه‌ عه‌ره‌بیه‌كانی‌ عێراقی‌ نه‌بوو  بۆ كۆتایی‌ هێنان به‌ناكۆكی سیاسی‌ لایه‌نه‌كانی‌ هه‌رێم‌و پێشتریش له‌هه‌مان كاتدا عه‌مار حه‌كیم سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ئیسلامی‌ عێراقی‌ شیعه‌ سه‌ردانی‌ هاوشێوه‌ی‌ بۆ لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كانی‌ هه‌رێم ئه‌نجامدا به‌هه‌مان مه‌به‌ست.

 

سه‌لیم شه‌وقی‌ ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌كوتله‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ئیسلامی‌ ئاشكرایكرد كه‌ رۆژانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ نیمچه‌ به‌رده‌وام په‌یوه‌ندی‌ له‌نێوان حه‌كیم‌و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ هه‌رێمدا هه‌یه‌ بۆ كۆتایی‌ هێنان به‌ كێشه‌كانی‌ نێوانیان.

 

شه‌وقی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت"حه‌كیم  له‌رێگه‌ی‌ ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌یه‌وه‌ رێ بۆ راگه‌یاندنی‌ ده‌ستپێشخه‌ریه‌كی‌ نوێ خۆش ده‌كات".

 

ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجاره‌ له‌ دوای‌ ساڵی‌ 2003 ه‌وه‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌ عه‌ره‌بیه‌  عێراقیه‌كان ببنه‌ ناوبژیوانی‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌ كوردیه‌كانه‌وه‌ به‌وپێیه‌ی‌ له‌ماوه‌ی‌ رابردودا كورد یه‌كگرتوو تر ده‌بینرا به‌به‌راورد به‌قه‌باره‌ی‌ ناكۆكی‌ نێوان لایه‌نه‌ عه‌ره‌بیه‌كان كه‌ كێشه‌ی‌ سیاسی‌‌و تائیفی به‌رده‌وامیان له‌نێواندا هه‌بوو.

 

ئه‌و لایه‌نانه‌ چاره‌نوسی‌ هاوبه‌شی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و عێراق پێكه‌وه‌و مێژوی‌ پێشتری‌ په‌یوه‌ندیان به‌پاڵنه‌ری‌ ئه‌و ده‌ستپێشخه‌ریانه‌یان ده‌زانن بۆ كۆتایی هێنان به‌ناكۆكی‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ هه‌رێم وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ هه‌ردوولا له‌یه‌ك كه‌شتیدابن‌و به‌كونبوونی‌ پێكه‌وه‌ نقوم ده‌بن.

 

ره‌عد ده‌هله‌كی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌ عێراق‌و ناوچه‌كه‌ روبه‌روی‌ مه‌ترسی‌ گه‌وره‌ بۆته‌وه‌و ئاسایشی‌ هه‌رێمیش په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ ئاسایشی‌ عێراقه‌وه‌و كاریگه‌ریان له‌سه‌ر یه‌كتری‌ ده‌بێت.

 

  سه‌لیم شه‌وقیش جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ عێراق روبه‌روی‌ ئه‌سته‌می‌ گه‌وره‌ ده‌بێته‌وه‌ كه‌ سه‌ره‌كیترینیان مه‌ترسی‌ چه‌كدارانی‌ داعشه‌و عێراق له‌به‌رژه‌وه‌نیدا نییه‌ كێشه‌ی‌ تری‌ بۆ زیاد بێت‌و وتیشی‌ "ئێمه‌ هاوبه‌شی‌ ستراتیژی‌ كوردین‌و مێژووی‌ هاوبه‌شی‌ خه‌باتیشمان هه‌یه‌".

 

 تائێستا وه‌ك ده‌هله‌كی‌ ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات ده‌ره‌نجامی‌ ده‌ستپێشخه‌ریه‌كه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان دیار نیه‌، به‌ڵام سه‌لیم شه‌وقی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌ به‌هۆی‌ ده‌ست پێشخه‌ریه‌كه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ئیسلامیه‌وه‌ لایه‌نه‌ كوردیه‌كان هه‌ڵمه‌تی‌ راگه‌یاندنیان هێوركردۆته‌وه‌و به‌ڵێنیشیان پێداوه‌ كه‌ له‌سه‌ر مێزی‌ گفتوگۆ دابنیشن.

 

كورد له‌دوای‌ 2003 رانه‌هاتوه‌ لایه‌نی‌ عه‌ره‌بی‌ ناوبژیوانی‌ بكات به‌وپێیه‌ی‌ پێشتر لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ هه‌رێم ناوبژوانی‌ لایه‌نه‌ عه‌ره‌بیه‌كان بوون له‌یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ به‌شێك له‌كێشه‌كانی‌ نێوانیان به‌تایبه‌ت له‌نێوان هێزه‌ عه‌ره‌بیه‌ سونه‌و شیعه‌كاندا.

 

  دیارترینیان رۆڵی‌ كورد له‌یه‌ك خستنی‌ لایه‌نه‌ عه‌ره‌بیه‌كان رێكه‌وتنامه‌ی‌ هه‌ولێری‌ ساڵی‌ 2010 بوو بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌ت ئه‌وكاته‌ی‌ عێراق كه‌ به‌ده‌ستپێشخه‌ری‌ مه‌سعود بارزانی‌ ناسرا ئه‌وه‌ش به‌هۆی‌ رێكنه‌كه‌وتنی‌ ئه‌یاد عه‌لاوی‌ سه‌رۆكی‌ لیستی‌ عێراقیه‌و نوری‌ مالیكی‌ سه‌رۆكی‌ لیستی‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا له‌سه‌ر پۆسی‌ سه‌رۆك وه‌زیران.

 

بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆران گه‌شبینه‌ به‌ده‌ره‌نجامه‌كانی‌ هه‌وڵی‌ حه‌كیم‌و جبوری‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ سیاسیه‌كانی‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ هه‌رێم ئه‌گه‌رچی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان‌و وه‌زیره‌كانی‌ كردۆته‌ مه‌رجی‌ پێشوه‌ختی‌ دانوستان له‌گه‌ڵ پارتیدا.

 

شۆڕش حاجی‌ وته‌بێژی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆران به‌"نیقاش"ی‌ وت"پێشوازی‌ له‌و هه‌وڵانه‌ ده‌كه‌ین ئه‌و لایه‌نانه‌ له‌دڵسۆزیانه‌وه‌ بۆ ئه‌زمونی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌وڵی‌ له‌و جۆره‌ ده‌ده‌ن، ئومێدمان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و هه‌وڵانه‌ ده‌ره‌نجامی‌ باشیان هه‌بێت".

 

 به‌ڵام پێده‌چێت بۆ جه‌مسه‌ری‌ دووه‌می‌ كێشه‌كه‌ كه‌ پارتیه‌ چاره‌سه‌ری‌ ناوخۆیی‌ باشتر بێت له‌نێوه‌ندگیری‌ ده‌ره‌كی‌ ئه‌گه‌رچی‌ ناوبژیوانه‌ نوێیه‌كان عێراقیش بن.

 

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌حمه‌د كانی‌ به‌رپرسی‌ په‌یوه‌ندیه‌ عێراقیه‌كانی‌ پارتی‌ سوپاسگوزاری‌ ده‌ستپێشخه‌ریه‌كانی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان‌و سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ئیسلامی‌ كرد بۆ كۆتاییهێنان به‌ئاڵۆزیه‌ سیاسیه‌كانی‌ هه‌رێم، به‌ڵام به‌"نیقاش"ی‌ وت "باشتر وایه‌ كورد خۆی‌ ناوماڵی‌ خۆی‌ رێكبخاته‌وه‌ نه‌ك چاوه‌روانی‌ لایه‌نی‌ تر بین ئه‌و كاره‌ بكات‌و ئه‌وه‌ش ئه‌سته‌م نیه‌".

 

په‌یوه‌ندی‌ نێوان كوردو لایه‌نه‌ عه‌ره‌بیه‌كانی‌ عێراق پاڵنه‌ری‌ جیاوازی‌ هه‌یه‌، لایه‌نه‌ سیاسیه‌ كوردیه‌كان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ شیعه‌كاندا مێژوی‌ خه‌باتی‌ هاوبه‌شیان پێكه‌وه‌ هه‌بووه‌ له‌دژی‌ رژێمی‌ حیزبی‌ به‌عس‌و له‌دوای‌ روخانی‌ ئه‌و رژێمه‌شه‌وه‌ به‌هۆی‌ ناكۆكیه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ زۆرینه‌ شیعه‌وه‌ ناچاری‌ په‌یوه‌ندی‌ بوون له‌گه‌ڵ سونه‌كاندا.

 

 به‌تێروانینی‌ سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ به‌رپرسی‌ مه‌كته‌بی‌ په‌یوه‌ندیه‌ نیشتیمانیه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان دۆخی‌ ئێستای‌ ناوخۆی‌ هه‌رێم نه‌گه‌یشتۆته‌ ئاستی‌ لێكترازانی‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان، به‌ڵام پێشوازی‌ له‌و دوو هه‌وڵه‌ عه‌ره‌بیه‌ ده‌كات كه‌ به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا دراون‌و پێشی‌ وایه‌ كاریگه‌ری‌ خۆیان ده‌بێت.

 

سه‌عدی‌ ئه‌حمه‌د پیره‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئێمه‌ وه‌ك كورد په‌یوه‌ندی‌ به‌هێزمان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عه‌ره‌بیه‌كانی‌ عێراق هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت شیعه‌كان كه‌ له‌زیندانه‌كانی‌ به‌عسه‌وه‌ یه‌كترمان ناسیوه‌و په‌یوه‌ندی‌ خوێن له‌نێواماندا هه‌یه‌".

 

ئه‌و گه‌شبینیه‌ی‌ له‌نێوخۆی هه‌رێمی‌ كوردستاندا هه‌یه‌ بۆ هه‌وڵی‌ لایه‌نه‌ عه‌ره‌بیه‌كانی‌ عێراق بۆ ناكۆكی‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ كورد پێده‌چێت له‌به‌غدا كاریگه‌ری‌ پێچه‌وانه‌ی‌ له‌سه‌ر پێگه‌ی‌ كورد هه‌بێت.

 

ئه‌حمه‌د حاجی‌ ره‌شید سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ كورد له‌به‌غدا  یه‌ك گوتاری‌ سیاسیان له‌ده‌ستداوه‌ به‌هۆی‌ كێشه‌كانیان له‌هه‌رێم  نێوه‌ندگیری كردنی لایه‌نه‌كانی‌ هه‌رێمیش له‌لایه‌ن لایه‌نه‌ عه‌ره‌بیه‌كانه‌وه‌ پێَگه‌ی‌ كورد له‌به‌غدا لاواز ده‌كات‌و"ئیحراج"یان بۆ دروستده‌كات.

 

 ئه‌حمه‌د حاجی‌ ره‌شید به‌"نیقاش"ی‌ وت "شیعه‌و سونه‌كان به‌رژه‌وه‌ندیان له‌و نێوه‌ندگیریه‌دا هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ئیسلامی‌ نزیكه‌ له‌ئێرانه‌وه‌و جبوریش له‌چاره‌نوسی‌ ئه‌و دوو میلۆن ئاواره‌ عه‌ره‌به‌ سونه‌یه‌ ده‌ترسێت كه‌ له‌هه‌ێمی‌ كوردستاندان".

 

به‌ته‌نها لایه‌نه‌ عه‌ره‌بیه‌كان رۆڵیان له‌نێوه‌ندگیری‌ لایه‌نه‌ كوردیه‌كاندا نه‌بوو به‌ڵكو وڵاتانی‌ درواسێ‌و ناوچه‌كه‌ش هه‌مان رۆڵی‌ لایه‌نه‌ عێراقیه‌كانیان  گێرا كه‌ دیارترینیان كۆبونه‌وه‌یه‌ی‌ 18ی‌ مانگی‌ ئابی‌ رابردووی‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ هه‌رێم بوو كه‌ به‌سه‌رپه‌رشتی‌ نێرده‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌عێراق‌و ئاماده‌یی‌ نوێنه‌رانی‌ باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكاو به‌ریتانیا ئه‌نجامدرا له‌دواین رۆژی‌ كۆتایی‌ ولایه‌تی‌ بارزانی‌ له‌پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمدا.

 

به‌ڵام ئه‌و هه‌وڵه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان‌و به‌ریتانیا‌و ئه‌مه‌ریكا نه‌یتوانی‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ له‌هۆڵی‌ په‌رله‌ماندا بگه‌ێنێته‌ رێكه‌وتن له‌سه‌ر پرسی‌ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم.

 

سه‌ره‌ڕای‌ هه‌وڵی‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌ عێراقیه‌كان‌و نێوه‌ندگیری‌ وڵاتانی‌ هه‌رێمی‌‌و جیهانی‌ هێشتا لایه‌نه‌ كوردیه‌كان به‌تایبه‌ت گۆران‌و پارتی‌ خاڵی‌ سه‌ره‌تای‌ ناكۆكیه‌كانیان تێنه‌په‌ڕاندوه‌و ئاماده‌نین له‌سه‌ر مێزی‌ گفتوگۆ دابنیشت.

 

د. ئیحسان شمه‌ری‌ سه‌رۆكی‌ ناوه‌ندی‌ بیری‌ عێراقی‌ پێی‌ وایه‌ زۆری‌ نێوه‌ندگیری‌‌و ده‌ستپێشخه‌ری‌ لایه‌نه‌ عێراقی‌‌و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان بۆ كۆتاییهێنان به‌كێشه‌ی‌ نێوان لایه‌نه‌ كوردیه‌كان به‌ڵگه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و كێشانه‌ ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌ بوون كه‌ خۆیان توانای‌ چاره‌سه‌ركردنیان نیه‌و گه‌یشتونه‌ته‌ رێگایه‌كی‌ داخراو.

 

ئیحسان شمه‌ری‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "لایه‌نه‌ عێراقیه‌كان به‌تایبه‌ت شیعه‌كان كه‌ هاوپه‌یمانی‌ ستراتیژی‌ كوردن په‌رۆشن بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كانی‌ هه‌رێم سه‌ره‌ڕای‌ بونی‌ ناكۆكی‌ له‌نێوانیاندا، چونكه‌ ده‌زانن ئاڵۆزبونی‌ بارودۆخی‌ هه‌رێم كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر هه‌موو عێراق ده‌بێت".

 

سه‌باره‌ت به‌هه‌وڵه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانیش شمه‌ری‌ وتی‌ "زۆرێك له‌و وڵاتانه‌ به‌رژه‌وه‌ندیان له‌هه‌رێم هه‌یه‌ ده‌شزانن به‌تێكچونی‌ بارودۆخی‌ سیاسی‌‌و ئه‌منی‌ هه‌رێم به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ بۆیه‌ هه‌وڵی‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان ده‌ده‌ن".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌