راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

مانۆڕێكی‌ نوێی‌ سیاسی‌
گۆڕانكاری‌ گه‌وره‌ له‌به‌رده‌م هه‌رێمی‌ كوردستاندایه‌

هونەر حەمەرەشید
دوو حیزبه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی‌ هه‌رێم به‌رنامه‌یان بۆ واژووكردنی‌ رێككه‌وتنێكی‌ نوێ‌ داناوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر سه‌ربگرێت، گۆڕانكاری‌ گه‌وره‌ له‌هاوكێشه‌ی‌ حوكمڕانیدا ده‌خوڵقێنێت.
3.12.2015  |  سلێمانی
پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ سه‌رله‌نوێ‌ نه‌خشه‌ی‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان داده‌ڕێژنه‌وه‌ ( :وێنه سفين حميد)
پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ سه‌رله‌نوێ‌ نه‌خشه‌ی‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان داده‌ڕێژنه‌وه‌ ( :وێنه سفين حميد)

به‌رنامه‌كه‌ی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان خۆی‌ له‌بواره‌كانی‌ سیاسی‌‌و ئابووری‌‌و ئیداری‌ ده‌بینێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش بۆ سه‌رله‌نوێ‌ داڕشتنه‌وه‌ی‌ شێوازی‌ حكومڕانی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان.

 

رۆژی 22ی‌ مانگی‌ رابردوو (تشرینی‌ دووه‌م) مه‌كته‌بی سیاسی پارتی‌و یه‌كێتی له‌شاری هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌، دوای‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ نێچیرڤان بارزانی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ پارتی‌‌و مه‌لا به‌ختیار كارگێڕی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌، كه‌ سه‌رپه‌رشتی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌یان ده‌كرد، له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا ئاشكرایانكرد، ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ سه‌ره‌تایه‌كی‌ نوێ‌ ده‌بێت بۆ دروستكردنی‌ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ نوێ‌ له‌نێوانیان.

 

پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ دوو گه‌وره‌ترین هێزی‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانن، ئه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌میان له‌ساڵی‌ 1946و ئه‌وه‌ی‌ دووه‌میشیان له‌ساڵی‌ 1976 دامه‌زراوه‌، له‌ئێستا هه‌ردووكیان له‌باشووری‌ كوردستان هێزو ناوچه‌ی‌ جێنفوزی‌ تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه‌.

 

پارتی‌‌و یه‌كێتی‌، كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان سه‌رپه‌رشتی‌ شۆڕشێكیان دژی‌ حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوای‌ یه‌كه‌كانی عێراقیان كردووه‌، تا ئه‌وه‌ی‌ له‌ساڵی‌ 1991 به‌شداری‌ راپه‌ڕینی به‌هاری‌ باشووری‌ كوردستان كردو چه‌ند ناوچه‌یه‌كیان كۆنتڕۆڵكرد، له‌و كاته‌وه‌ تائێستا به‌هاوبه‌شی‌ حكومڕانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كه‌ن.

 

له‌دوای‌ راپه‌ڕینه‌وه‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ به‌رده‌وام ململانێیان بووه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، تا ململانێكه‌یان گه‌یشت به‌ئاستی‌ دروستكردنی‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆو دابه‌شكردنی‌ هه‌رێم به‌سه‌ر دوو ئیداره‌دا (ئیداره‌ی‌ هه‌ولێرو سلێمانی‌)، كه‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵێك درێژه‌ی‌ كێشا، تا ئه‌وه‌ی‌ له‌ساڵی‌ 2005 به‌واژووكردنی‌ رێككه‌تننامه‌ی‌ ستراتیژی‌ كۆتاییان به‌و ململانێ‌ هێناو یه‌كیان به‌هه‌ردوو ئیداری‌ سلێمانی‌‌و هه‌ولێر گرته‌وه‌و به‌پێی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی‌ نێوانیشیان پۆسته‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و به‌غدایان له‌نێوان خۆیان دابه‌شكرد.

 

چیرۆكێكی‌ دوورو درێژ له‌پشت رێكه‌وتننامه‌ی‌ ستراتیژی‌ دوو پارته‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی‌ هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام كورتییه‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌دوای‌ 21ی‌ ئه‌یلولی‌ 2013 ئه‌و رێكه‌وتننامه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ رانه‌گه‌یه‌ندراو هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌.

 

ئه‌نجامی‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ به‌شێوه‌یه‌ك بوو، كه‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان به‌ 38 كورسی‌ له‌پله‌ی‌ یه‌كه‌م مایه‌وه‌ (خولی‌ پێشوو 29 كورسی‌ هه‌بوو)، بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان به‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ 24 كورسی‌ بووه‌ دووه‌م هێزی‌ سیاسی‌ هه‌رێم (خولی‌ پێشوو 25 كورسی‌ هه‌بوو هێزی‌ سێیه‌م بوو)، یه‌كێتی‌ نیشتیمانیش به‌ 18 كورسی‌ بووه‌ هێزی‌ سێیه‌م (خولی‌ پێشوو 28 كورسی‌ هه‌بوو، كه‌ هێزی‌ دووه‌مبوو)، ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تای‌ گۆڕانكاریبوو، له‌نه‌خشه‌ی‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ڕووی‌ ژماره‌ی‌ ده‌نگه‌وه‌ له‌ناو هێزه‌ سیاسییه‌كان.

 

هه‌رچه‌ند هه‌ر دوای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌، مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ قبووڵكرد، به‌ڵام هه‌میشه‌ به‌رپرسه‌كانی‌ ئه‌و حیزبه‌ ره‌تیانده‌كرده‌وه‌، كه‌ هێزی‌ سێیه‌می‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بن‌و له‌لێدوانه‌كانیاندا جه‌ختیان ده‌كرده‌وه‌، "یه‌كێتی‌ گه‌وره‌تره‌ له‌هه‌ژده‌ كورسی‌، به‌و پێیه‌ی‌ هێزی‌ سه‌ربازی‌‌و ناوچه‌ جێنفوزی‌ خۆی‌ هه‌یه‌".

 

له‌سه‌روبه‌ندی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تدا، كه‌ نێچیرڤان بارزانی‌ وه‌ك كاندیدی‌ پارتی‌ بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌ت راسپێرا، ئه‌و حیزبه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان به‌نده‌كانی‌ رێككه‌وتننامه‌ی‌ ستراتیژی‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌ هه‌ڵپه‌ساردو له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان‌و یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌‌و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ به‌بێ‌ یه‌كێتی‌ رێككه‌وتنی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ بنكه‌فراوانی‌ واژووكرد.

 

هه‌رچه‌نده‌ له‌دوای‌ واژووكردنی‌ رێككه‌وتنی‌ پارتی‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان، یه‌كێتی‌ به‌ناچاری‌ چووه‌ حكومه‌ته‌وه‌و ئه‌و پۆستانه‌شی‌ وه‌رگرت، كه‌ پارتی‌ بۆی‌ دیاریكردبوو، به‌ڵام هه‌میشه‌ یه‌كێتی‌ وه‌ك "غه‌درلێكراو" خۆی‌ نیشانده‌دات.

 

پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ بنكه‌فراوان، یه‌كه‌م گۆڕانكاریی‌ فیعلی‌ بوو، كه‌ له‌نه‌خشه‌ی‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌دوای‌ ساڵی‌ 2005 روویدا، كه‌ چیتر پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ حاكمی‌ موتله‌قی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان نه‌مان، به‌ڵام ئه‌م گۆڕانكارییه‌ زۆری‌ نه‌خایاند‌و ئێستا به‌هۆی‌ كێشه‌ی‌ نێوان لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكی‌ سیاسی‌ ئه‌گه‌ر زۆره‌ جارێكی‌ تر نه‌خشه‌ی‌ سیاسی‌ هه‌رێم بگۆڕێت‌و پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ پێكه‌وه‌و به‌هاوبه‌شی‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ نه‌خشته‌ كۆنه‌كه‌، بۆ حكومڕانیكردنی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.

 

له‌سه‌ره‌تای‌ ئه‌مساڵه‌وه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌تایبه‌تی‌ پارتی‌‌و گۆڕان له‌سه‌ر پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان مشتومڕیانه‌، كه‌ ئه‌م مشتومڕانه‌ی‌ لایه‌نه‌كان گه‌یشت به‌ئاستێك ته‌قینه‌وه‌ی‌ سیاسی‌ له‌نێوان لایه‌نه‌كان روویداو له‌ 11ی‌ تشرنی‌ یه‌كه‌م پارتی‌ به‌هۆی‌ ململانێكانه‌وه‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ له‌گه‌ڵ گۆڕان راگه‌یاند.

 

ئه‌م بڕیاره‌ی‌ پارتی‌ به‌رانبه‌ر به‌گۆڕان، سه‌ره‌تایه‌ك بوو بۆ دانه‌وه‌ له‌ده‌رگای‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ بۆ سه‌رله‌نوێ‌ كاردنه‌وه‌یان له‌حكومداریكردنی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئێستا له‌گفتوگۆدان‌و به‌رنامه‌یه‌كی‌ سه‌ره‌تاییان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئاماده‌كردووه‌.

 

ئێستا هه‌ریه‌ك له‌پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان كه‌ دوو پێكهاته‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ حوكمڕانی‌ هه‌رێمن ناكۆكی‌ قوڵیان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا هه‌یه‌و ئاماده‌نین كار پێكه‌وه‌ بكه‌ن، بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان سه‌رۆكی‌ هه‌رێم مه‌سعود بارزانی‌ به‌"سه‌رۆكی‌ ناشه‌رعی‌ هه‌رێم" وه‌سف ده‌كات به‌و پێیه‌ی‌ له‌مانگی‌ ئابه‌وه‌ واده‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی‌ به‌سه‌رچووه‌.

 

هه‌رچی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانیشه‌ له‌كاردانه‌وه‌ی‌ هه‌وڵه‌كانی‌ گۆڕاندا، رێگری‌ كردووه‌ له‌وه‌ی‌ یوسف محه‌مه‌دی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان كه‌ سه‌ر به‌گۆڕانه‌ بچێته‌وه‌ هه‌ولێرو رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌ناده‌ن ئه‌و سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان بێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ چوار وه‌زیره‌كه‌ی‌ گۆڕانیشیان له‌حكومه‌ت ده‌ركردووه‌.

 

ئه‌م گۆڕانكاریانه‌ رێگه‌ی‌ بۆ هاوپه‌یمانه‌ كۆنه‌كه‌ی‌ پارتی‌ (یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌) خۆشكردووه‌ جارێكی‌ تر وه‌ك ژماره‌یه‌كی‌ به‌هێز ده‌ربكه‌وێت، ئێستا یه‌كێتی‌ پرۆژه‌یه‌كی‌ ئاماده‌كردووه‌، بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان، هه‌رچه‌نده‌ تائێستا یه‌كێتی‌ به‌فه‌رمی‌ ناوه‌ڕۆكی‌ پرۆژه‌كه‌ی‌ ئاشكرانه‌كردووه‌، به‌ڵام چه‌ند زانیارییه‌ك له‌باره‌ی‌ پرۆژه‌كه‌وه‌ دزه‌یان كردووه‌ته‌ ناو میدیاكان.

 

سه‌عدی‌ ئه‌حمه‌د پیره‌، ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمان، بۆ "نیقاش" ئه‌وه‌ی‌ دركاند كه‌ ئه‌وان پرۆژه‌یه‌كی‌ چه‌ند خاڵیان ئاماده‌كردووه‌ بۆ هێوركردنه‌وه‌و چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانی‌ هه‌رێم، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ئاماده‌بێت هیچ زانیارییه‌ك له‌سه‌ر پرۆژه‌كه‌ ئاشكرابكات.

 

سه‌عدی‌ ئه‌حمه‌د پیره‌، كه‌ هاوكات ئه‌ندامی‌ شاندی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانییه‌ بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان، وتیشی‌: "پرۆژه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نێكی‌ سیاسی‌ تاوتوێكردووه‌، به‌شێك له‌لایه‌نه‌كانیش به‌ده‌مه‌وه‌هاتنی‌ باشیان هه‌یه‌ بۆ پرۆژه‌كه‌ به‌تایبه‌تی‌ پارتی‌ دیموكرات".

 

زانیارییه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، خاڵی‌ سه‌ره‌كی‌ له‌پرۆژه‌كه‌ی‌ یه‌كێتی‌ گۆڕانكارییه‌ له‌ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان، كه‌ خواستی‌ پارتییه‌، هه‌روه‌ها قسه‌ له‌سه‌ر ئوه‌ كراوه‌ مه‌سعود بارزانی‌ له‌پۆسته‌كه‌یدا بمێنێته‌وه‌ به‌چه‌ند ده‌ستكارییه‌كی‌ كه‌مه‌وه‌، به‌ڵام بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ئه‌و دوو داوایه‌ به‌توندی‌ ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر زۆره‌ گۆڕان بخرێته‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ رێككه‌وتنه‌ نوێیه‌كه‌.

 

له‌و باره‌وه‌ دڵشاد شه‌هاب ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی‌ دیموكرات، كه‌ هاوكات یه‌كێك بووه‌ له‌ئه‌ندامه‌ به‌شداربووه‌كانی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌، بۆ "نیقاش" نه‌یشارده‌وه‌، كه‌ حیزبه‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌ هه‌نگاوی‌ گه‌وره‌یان بڕیوه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ دۆخی‌ سیاسی‌ هه‌رێم، به‌تایبه‌تی‌ دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ردوولا سووربونی‌ خۆیان بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان ده‌ربڕیوه‌.

 

دڵشاد شه‌هاب، جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ حیزبه‌كه‌ی‌ له‌وه‌ یه‌كلابووه‌ته‌وه‌، كه‌ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان له‌گۆڕان وه‌رده‌گرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش نه‌بوو به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌نادات جارێكی‌ تر یوسف محه‌مه‌د وه‌ك سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان بچێته‌وه‌ هه‌ولێر، وه‌ك چۆن له‌ڕابردوو رێگه‌ی‌ لێگرتووه‌.

 

له‌باره‌ی‌ گۆڕانكاری‌ له‌هاوكێشه‌ی‌ نوێی‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، دڵشاد شه‌هاب وتی‌: "به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌ 23 حوزه‌یرانی‌ رابردووه‌وه‌ گۆڕانكاری‌ له‌هاوكێشه‌ی‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان روویداوه‌، چونكه‌ جارێكی‌ تر پارتی‌ وه‌ك جاران مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕان ناكات، ئه‌وه‌ی‌ ئێستا هه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌ رێككه‌وتنێكی‌ نوێ‌ واژووبكه‌ین بۆ ئیداره‌دانی‌ هه‌رێم له‌ڕووی‌ ئابووری‌‌و سیاسییه‌وه‌".

 

له‌رۆژی‌ 23 حوزه‌یرانی‌ ئه‌مساڵ، په‌رله‌مانی‌ كوردستان یه‌كه‌م هه‌نگاوی‌ نا بۆ هه‌مواری‌ یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم‌و به‌پێی‌ ئه‌و پرۆژانه‌ی‌ ئاماده‌كرابوون مه‌سعود بارزانی‌ وه‌ك جاران له‌پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمدا نه‌ده‌مایه‌وه‌.

 

هاوكات سه‌عدی‌ پیره‌ قسه‌كانی‌ ئه‌و ئه‌ندامه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی‌ ره‌تنه‌كرده‌وه‌و ئاشكراشیكرد، كه‌ ئه‌وان له‌گه‌ڵ پارتی‌ سه‌رقاڵی‌ ئه‌كتیڤكردنه‌وه‌ی‌ رێككه‌وتننامه‌ی‌ ستراتیژین، كه‌ ماوه‌ی‌ دوو ساڵه‌ به‌شێك له‌به‌نده‌كانی‌ هه‌ڵپه‌سێراون.

 

به‌پێی‌ به‌نده‌كانی‌ رێككه‌وتننامه‌ی‌ ستراتیژی‌، پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ پۆسته‌كانی‌ حكومه‌ت‌و په‌رله‌مانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، هه‌روه‌ها ئه‌و پۆستانه‌ی‌ له‌به‌غدا به‌ر كورد ده‌كه‌وێت له‌نێوان خۆیان دابه‌شده‌كه‌ن.

 

له‌به‌رامبه‌ردا بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان نیگه‌رانی‌ خۆی‌ ناشارێته‌وه‌ له‌و هه‌نگاوانه‌ی‌ ده‌نرێن بۆ گۆڕانی‌ نه‌خشه‌ی‌ سیاسی‌ هه‌رێم به‌بێ‌ به‌شداریی‌ ئه‌و هێزه‌، له‌و باره‌یه‌وه‌ شۆڕش حاجی‌ وته‌بێژی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بۆ "نیقاش" وتی‌: "پارتی‌ به‌و هه‌نگاوانه‌ی‌ ده‌یه‌وێت كێشه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم په‌راوێز بخات، ئه‌وه‌ش به‌دروستكردنی‌ كێشه‌ی‌ نوێ‌ بۆ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، به‌نموونه‌ش ئه‌و كێشانه‌ی‌ ئێستا بۆ په‌رله‌مانی‌ كوردستان‌و كاره‌كانی‌ حكومه‌ت گرتوویه‌تییه‌ به‌ر".

 

شۆڕش حاجی‌ وتیشی‌: "پارتی‌ كوده‌تای‌ به‌سه‌ر شه‌رعیترین دامه‌زراوه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كردووه‌، كه‌ ئه‌ویش په‌رله‌مانه‌، هه‌ر له‌لایه‌نێكیش هاوكاری‌ ئه‌و هه‌وڵانه‌ بكات، ئه‌وه‌ یاریده‌ده‌ری پارتی‌ ده‌بێت له‌به‌ئه‌نجام گه‌یاندنی‌ هه‌وڵه‌ كوده‌تاكه‌ی‌".

 

ئه‌وه‌ی‌ ئێستا روونه‌ ئه‌وه‌یه‌ نه‌خشه‌ی‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ به‌هۆی‌ هاوپه‌یمانێتی‌ نوێی‌ هێزه‌كان له‌به‌رده‌م گۆڕانكاری‌ گه‌وره‌دایه‌، به‌ڵام روون نییه‌ ده‌ره‌نجامی‌ ئه‌و گۆڕانكارییه‌ چی‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

 

كه‌سێكی‌ وه‌كو ئه‌بوبه‌كر كاروانی‌ ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ كه‌ وه‌ك چاودێری‌ سیاسی‌ خۆی‌ ده‌ناسێنێت، پێی‌ وایه‌ ئه‌گه‌ر پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ به‌هه‌مان شێوه‌ی‌ جاران رێكبكه‌ونه‌وه‌ ئه‌وا رێككه‌وتنه‌كه‌یان ده‌بێته‌ به‌ربه‌ستێك له‌به‌رده‌م به‌دامه‌زراوه‌یی‌ كردنی‌ هه‌رێمداو به‌"نیقاش"ی‌ وت "پێم وایه‌ ئه‌مجاره‌ له‌شێوازی‌ داڕشتنه‌وه‌ی‌ حكومڕانی‌ له‌هه‌رێمدا گۆڕان‌و چه‌ند لایه‌نێكی‌ تر ده‌خرێنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ بازنه‌ی‌ حكومڕانی‌"، ئه‌مه‌ش ئه‌و حاڵه‌ته‌یه‌ كه‌ زۆرێك له‌چاودێران هۆشیاری‌ له‌باره‌وه‌ ده‌ده‌ن‌و پێیان وایه‌ نائارامی‌ سیاسی‌ له‌هه‌رێمدا دێنێته‌وه‌ ئاراوه‌و دوور نییه‌ هێزه‌كانی‌ تر په‌نا بۆ شه‌قام ببه‌ن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌