راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

به‌ره‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا یان روسیا؟
كورد نازانێت له‌كوێی‌ هاوكێشه‌ نوێیه‌كه‌دایه‌

هه‌ستیار قادر
روسیا به‌فیعلی‌ جموجۆڵی‌ سه‌ربازی‌ له‌سوریا ده‌ست پێكردووه‌و بووه‌ته‌هێزێكی‌ كاریگه‌ر له‌عێراقیشدا، به‌ڵام تائێستا هه‌رێمی‌ كوردستان نازانێت له‌كوێی‌ هاوكێشه‌ نوێیه‌كه‌دایه‌.
22.10.2015  |  سلێمانی
كورد دۆستایه‌تییه‌كی‌ به‌هێزی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا هه‌یه‌، به‌ڵام نایه‌وێت زلهێزێكی‌ وه‌ك روسیاش له‌خۆی‌ بڕه‌نجێنێت ( :وێنه SGT. Olgiati)
كورد دۆستایه‌تییه‌كی‌ به‌هێزی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا هه‌یه‌، به‌ڵام نایه‌وێت زلهێزێكی‌ وه‌ك روسیاش له‌خۆی‌ بڕه‌نجێنێت ( :وێنه SGT. Olgiati)

به‌ره‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا یان روسیا؟ ئه‌مه‌ ئه‌و پرسیاره‌ قورسه‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ناتوانن به‌ئاسانی‌ وه‌ڵامی‌ بده‌نه‌وه‌، چونكه‌ نه‌ ده‌یانه‌وێت ئه‌مه‌ریا له‌خۆیان بڕه‌نجێنن‌و نه‌ روسیاش، هه‌رچه‌نده‌ په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م به‌هێزتره‌، به‌ڵام له‌و رووداوانه‌ ده‌ترسن كه‌ دووه‌م زلهێزیان له‌پشت په‌رده‌وه‌ به‌ڕێوه‌ی‌ ده‌بات.

 

له‌ساڵی‌ 2003ه‌وه‌ په‌یوه‌ندی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا چووه‌ته‌ قۆناغێكی‌ تره‌وه‌و له‌و كاته‌وه‌ بێ‌ قه‌یدو شه‌رت هه‌رێم خۆی‌ له‌سه‌ر به‌ره‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا ساغ كردووه‌ته‌وه‌و به‌فریادڕه‌سی‌ زانیوه‌، به‌ڵام ئێستا زلهێزێكی‌ تر هاتووه‌ته‌ ناوچه‌كه‌وه‌ كه‌ پێده‌چێت ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێم خۆیان بۆی‌ ئاماده‌ نه‌كردبێت.

 

په‌یوه‌ندی نێوان كوردو ئه‌مه‌ریكا له‌دوای‌ ده‌ركه‌وتنی‌ داعش له‌مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ ساڵی‌ رابردوودا زیاتر بوو كاتێك ئه‌و گروپه‌ هێرشی‌ كرده‌ سه‌ر سنوره‌كانی‌ خۆرئاواو باشوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و ئه‌مه‌ریكاش له‌رێگه‌ی‌ فرۆكه‌ جه‌نگیه‌كانیه‌وه‌ رێگریان كرد له‌وه‌ی‌ ده‌ستیان بگاته‌ هه‌رێم.

 

پێده‌چێت ئه‌و هاوكێشه‌ی‌ هاوسۆزیه‌ گۆرانكاری‌ به‌سه‌ردا بێت به‌تایبه‌ت كه‌ كورد هاوپه‌یمانێكی‌ ناڕاسته‌وخۆی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ تری‌ بۆ دروست بووه‌ له‌وشه‌ڕه‌دا كه‌ ئه‌ویش روسیایه‌.

 

مانگی‌ ئه‌یلولی‌ رابردوو بۆ یه‌كه‌مجار هاوپه‌یمانێتیه‌كی‌ نوێی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌دژی‌ داعش پێكهێنرا به‌به‌شداری‌ عێراق‌و سوریاو ئێران‌و به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ روسیا، به‌پێی‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ش ژورێكی‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ هاوبه‌ش له‌به‌غدای‌ پایته‌خت پێكده‌هێنن بۆ ئاڵوگۆری‌ زانیاری‌ هه‌واڵگری‌.

 

له‌سه‌ره‌تای‌ ئه‌م مانگه‌شه‌وه‌ به‌شداری‌ روسیا له‌وشه‌ڕه‌دا چووه‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌ كاتێك فرۆكه‌و موشه‌كه‌ سه‌ربازیه‌كانی‌ چه‌ند پێگه‌یه‌كی‌ داعشیان له‌ناو خاكی‌ سوریا بۆردومانكرد كه‌ چاوه‌روانی‌ ئه‌وه‌ی‌ لێده‌كرێت به‌هه‌مان شێوه‌ش هاوكاری‌ عێراق بكات كه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌شێكه‌ لێی‌.

 

شاخه‌وان عه‌بدوڵا ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ ئاسایش‌و به‌رگری‌ له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق  ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌ به‌شداری‌ روسیا له‌و هاوپه‌یمانێتیه‌دا بۆ ئه‌وه‌یه‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆی‌ له‌ناوچه‌كه‌دا بپارێزێت ئه‌وه‌ش له‌رێگه‌ی‌ هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی‌ عێراق‌و سوریاوه‌.

 

 شاخه‌وان عه‌بدوڵا به‌"نیقاش"ی‌ وت"هێنانی‌ هێزی‌ سه‌ربازی‌ روسیا بۆ ناو عێراق پێویستی‌ به‌ره‌زامه‌ندی‌ په‌رله‌مانه‌و له‌هه‌مان كاتیشدا به‌غدا رێكه‌وتنی‌ ئه‌منی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا هه‌یه‌ بۆیه‌ روسیا نایه‌وێت له‌عێراقدا له‌ململانێوه‌ بگلێ".

 

له‌مانگی‌ ئابی‌ ساڵی‌ رابردوه‌وه‌ كاتێك داعش هێرشی‌ كرده‌ سه‌ر ناوچه‌ سنوریه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌نزیك موسڵ، هه‌رێم په‌نای‌ بۆ ئه‌مه‌ریكا برد بۆ دورخستنه‌وه‌ی‌ ئه‌و مه‌ترسیه‌‌و واشنتۆن‌و هاوپه‌یمانه‌ خۆرئاواییه‌كانی‌ له‌رێگه‌ی‌ هاوكاری‌ جه‌نگی‌‌و پێدانی‌ چه‌ك به‌پێشمه‌رگه‌و ناردنی‌ تیمی‌ مه‌شقی‌ سه‌ربازی بۆیان.

 

له‌ئێستادا دوو به‌ره‌ی‌ جیاوازی‌ شه‌ڕی‌ دژه‌ داعش  هه‌یه‌ به‌ره‌یه‌كیان ئه‌مه‌ریكاو هاوپه‌یمانه‌ خۆرئاواییه‌كانێتی‌‌و ئه‌وی‌ تریشیان ئه‌و هاوپه‌یمانێـتیه‌ نوێیه‌ی كه‌ روسیا سه‌رپه‌رشتی‌ ده‌كات، كوردیش نازانێت دۆستایه‌تی‌ كام به‌ره‌ بۆ ئه‌و ئازانجی‌ زۆرتره‌.

 

ململانێی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ واشنتۆن‌و مۆسكۆ له‌سه‌ر زۆربه‌ی‌ پرسه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان مه‌ترسی‌ نه‌بونی‌ هه‌مئاهه‌نگی نێوانیانی‌ دروستكردووه‌ له‌شه‌ڕی‌ داعشدا، ئه‌مه‌ش مه‌ترسی‌ سه‌ره‌كی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌ له‌هاتنه‌كایه‌ی‌ روسیا بۆ شه‌ڕی‌ دژه‌ داعش.

 

 سه‌فین دزه‌یی‌ وته‌بێژی حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ نوێنه‌ریان له‌و ژووری‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ نییه‌ كه‌ له‌به‌غدا پێكهاتووه‌ به‌به‌شداری‌ عێراق‌و سوریاو ئێران‌و روسیا.

 

سه‌فین دزه‌یی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت"ئه‌گه‌ر هه‌ماهه‌نگی‌ له‌نێوان ئه‌و دوو به‌ره‌یه‌دا نه‌بێت كێشه‌ دروست ده‌بێت‌و هه‌ریه‌كه‌كه‌یان به‌شێوازی‌ جیاواز مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پرسی‌ داعشدا ده‌كه‌ن".

 

وتیشی‌ "ئه‌و نه‌بونی‌ هه‌ماهه‌نگیه‌ كێشه‌ دروست ده‌كات به‌تایبه‌ت كه‌ به‌شێك له‌موشه‌كه‌ روسیه‌كان به‌سه‌ر ئاسمانی‌ هه‌رێمدا تێپه‌ر ده‌بن له‌كاتێكدا گه‌شتی‌ فرۆكه‌وانی‌ مه‌ده‌نی‌ هاتوچۆ ده‌كه‌ن".

 

 هه‌رێمی‌ كوردستان رووبه‌رێكی‌ به‌رفراوان سنوری‌ ته‌ماسی‌ شه‌ڕی‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ داعشدا له‌سنوری‌ خۆرئاواو باشوریه‌وه‌و رۆژانه‌ش روبه‌ربونه‌وه‌ له‌نێوان هه‌ردوولا روده‌دات، ئه‌و شه‌ڕه‌ بارگرانی‌ له‌سه‌ر هه‌ردولایه‌نی‌ سه‌ربازی‌‌و دارایی‌ هه‌رێم دروستكردووه‌ كه‌ پێویستی‌ به‌لایه‌نی‌ ده‌ره‌كیه‌ بۆ هاوكاریكردنی‌.

 

تائێستا هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌ڵوێستی‌ ره‌سمی‌ نه‌بووه‌ له‌سه‌ر به‌شداری‌ روسیا له‌شه‌ڕی‌ دژه‌ داعش له‌سوریاو عێراق‌و ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ ته‌نها مه‌ترسی‌ ده‌ربرینێتی‌ له‌نه‌بونی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ ئه‌و به‌ره‌ نوێیه‌ له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی‌ ئه‌مه‌ریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی‌.

 

له‌میانه‌ی‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی‌ وڵاتی‌ هه‌نگاریا كه‌ له‌7ی‌ ئه‌م مانگه‌ به‌رێوه‌چو مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان سه‌باره‌ت به‌به‌شداری‌ نوێنه‌ری‌ روسیا له‌شه‌ڕی‌ داعشدا وتی‌ "ئه‌گه‌ر هه‌ماهه‌نگی‌و ڕێككه‌وتن له‌نێوان وڵاتانی هاوپه‌یمانی دژی تیرۆرو ڕوسیا نه‌بێت ئه‌وه‌ دۆخه‌كه‌ ئاڵۆزتر ده‌بێ‌و سه‌قامگیریی له‌ناوچه‌كه‌ نایه‌ته‌دی".

 

تائێستا خودی‌ حكومه‌تی‌ روسیاش له‌سه‌ر پرسی‌ به‌شداریكردنی‌ له‌شه‌ڕی‌ داعشدا هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ نه‌دواندوه‌ له‌كاتێكدا پێشتر ئه‌مه‌ریكیه‌كان بۆ هه‌مان مه‌به‌ست وه‌فدی‌ سه‌ربازی‌ سیاسیان ئاڕاسته‌ی‌ هه‌ولێر كردبوو  ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ مۆسكۆ كونسوڵگه‌ری‌ ره‌سمی‌ هه‌یه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان.

 

فه‌لاح موسته‌فا به‌رپرسی‌ فه‌رمانگه‌ی‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان دانی‌ به‌وه‌دانا كه‌ حكومه‌تی‌ روسیا به‌شێوه‌یه‌كی‌ ره‌سمی‌ له‌باره‌ی‌ به‌شداریكردنی‌ له‌شه‌ڕی‌ دژه‌ داعشه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێم گفتوگۆی‌ نه‌كردووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێشوازی‌ له‌هه‌ر هه‌وڵێكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ كرد بۆ بێهێزكردنی‌ داعش له‌و ناوچه‌كه‌دا.

 

فه‌لاح موسته‌فا به‌"نیقاش"ی‌ وت "شه‌ڕی‌ دژه‌ داعش بێ هه‌ماهه‌نگی‌ نێوان به‌ره‌ی‌ ئه‌مه‌ریكاو روسیا بارودۆخه‌كه‌ ئاڵۆزتر ده‌كات‌و كاریگه‌ریشی‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌بێت".

 

چیرۆكی‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان روسیاو  كورد زۆر درێژنیه‌و له‌هه‌مان كاتیشدا پته‌و نیه‌ به‌هاوشێوه‌ی‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ كورد له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا.

 

 دیارترین هاوكاری‌ روسیا له‌سه‌رده‌می‌ یه‌كێتی‌ سۆڤێتی پێشودا بووه‌ كاتێك بۆ دوانزه‌ ساڵ "1947 بۆ 1958" مسته‌فا بارزانی سه‌رۆكی‌ پێشوی‌ پارتی‌‌و رێبه‌ری‌ ئه‌وكاته‌ی‌ شۆرشی‌ كوردی‌ گرته‌ خۆ له‌پاش هه‌ره‌سهێنانی‌ شۆرشی‌ مه‌هاباد له‌كوردستانی‌ ئێران‌و ده‌ربه‌ده‌ربونیان.

 

ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ ئه‌وكاته‌ی‌ روسیا رۆڵیان هه‌بوو له‌رێكه‌وتنی‌11ی‌ ئازاری‌ ساڵی‌ 1970ی‌ نێوان كوردو حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ عێراق كه‌ به‌پێی‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ شه‌ڕ له‌نێوانی هه‌ردولادا وه‌ستاو ماف به‌كورد درا  كه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ خودموختاری‌ له‌ناوچه‌كانی‌ ئێستای‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا هه‌بێت، به‌رله‌وه‌ی‌ له‌ساڵی‌ 1974دا ئه‌و رێكه‌وتنه‌ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌.

 

مه‌حمود عوسمان سیاسه‌تمه‌داری‌ كورد كه‌ ئه‌و كاته‌ یه‌كێك بوو له‌كه‌سایه‌تیه‌ دیاره‌كانی‌ ناوپارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و ئاگاداری‌ زۆربه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌ ده‌ره‌كیه‌كانی ئه‌و حیزبه‌ش بووه‌، به‌"نیقاش"ی‌ وت"ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی‌ نێوان كوردو روسیا له‌ساڵی‌ 1972دا نه‌ما كاتێك مۆسكۆ رێكه‌وتنی‌ سه‌ربازی‌ له‌گه‌ڵ عێراق ئیمزاكرد".

 

له‌حه‌فتاو هه‌شتاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردودا عێراق بووه‌ هاوپه‌یمانی‌ ئابوری‌‌و سه‌ربازی‌‌و سیاسی‌ روسیا، زۆربه‌ی‌ چه‌كه‌كانی‌ سوپای‌ عێراق دروستكراوی‌ روسی‌ بون‌و مۆسكۆش پشكی‌ شێری‌ پێدرا له‌گرێبه‌سته‌ ئابوریه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندیدا كه‌ له‌ململانێیه‌كی‌ توندابوو له‌گه‌ڵ كورد، ئه‌و پاڵپشتیه‌ی‌ روسیا بۆ عێراق به‌ناڕاسته‌وخۆ زیانی‌ به‌كورد گه‌یاند.

 

ته‌حسین دۆڵه‌مه‌ری‌ ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌ هاوپه‌یمانێتیه‌ نوێیه‌كه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ روسیا جێگه‌ی‌ مه‌ترسیه‌ بۆ كورد كه‌ به‌وته‌ی‌ ناوبراو گومانی‌ ئه‌وه‌ده‌كرێت به‌هۆی به‌شداری‌ روسیاوه‌ ئه‌و بارودۆخه‌ ناهه‌مواره‌ ئه‌منی‌‌و سیاسیه‌ی‌ ئێستا له‌سوریا هه‌یه‌ بیگوێزێته‌وه‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان.

 

ته‌حسین دۆڵه‌مه‌ری‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت"پێشهاته‌كان وامان پێده‌ڵێن كه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ به‌ره‌ی‌ ئه‌مه‌ریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی‌ له‌لایه‌ن كورده‌وه‌ له‌شه‌ڕی‌ دژه‌ داعشدا باشتره‌ له‌و به‌ره‌یه‌ی‌ كه‌ روسیای‌ تیایه‌".

 

تائێستا هه‌رێم له‌نێوان هه‌ڵبژاردنی‌ دوو به‌ره‌ی‌ دژه‌ داعشی‌ ئه‌مه‌ریكاو روسیا یه‌كلایی‌ نه‌بۆته‌وه‌ ئه‌گه‌رچی‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ به‌ره‌كه‌ی‌ واشنتۆندا به‌هێزتره‌.

 

فه‌لاح موسته‌فا ده‌ڵێت "ئه‌سته‌مه‌ له‌ئێستادا ئه‌و پرسیاره‌ وه‌ڵامبدرێته‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كام به‌ره‌یان هه‌ڵده‌بژێرێت".

 

 وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمیش جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "دیاریكردنی‌ یه‌كێك له‌و دوو به‌ره‌یه‌ كاری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم نیه‌و نامانه‌وێت بكه‌وینه‌ ئه‌و مه‌وقیفه‌وه‌".

 

 پێده‌چێت هه‌ڵوێستی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی‌ یه‌كێك له‌دوو به‌ره‌ی‌ روسیا‌و ئه‌مه‌ریكا له‌شه‌ڕی‌ داعشدا په‌یوه‌ست بێت به‌و پێشهاتانه‌ی‌ كه‌ له‌ئاینده‌دا دێنه‌ پێشه‌وه‌ به‌تایبه‌ت گه‌ر ئه‌و هه‌ماهه‌نگیه‌ی‌  كه‌ هه‌رێم داوایده‌كات له‌نێوانیان دروست نه‌بێت.

 

د. ئیحسان شمه‌ری‌ سه‌رۆكی‌ ناوه‌ندی‌ بیری‌ سیاسی‌ عێراقی‌ پێشبینی‌ ئه‌وه‌ده‌كات كه‌ له‌به‌شداری‌ روسیا له‌شه‌ڕی‌ داعشدا به‌رانبه‌ر به‌به‌ره‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا هه‌رێمی‌ كوردستان ناچاربێت كه‌ سیاسه‌تێكی‌ میانره‌و له‌نێوان هه‌ردوولا به‌ره‌كه‌دا بگرێته‌ به‌ر.

 

شمه‌ری‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "مه‌ترسی‌ داعش له‌ئاستێكدایه‌ كه‌ هه‌رێم ناتوانێت پیشت به‌یه‌ك سه‌رچاوه‌ی‌ هاوكاری‌ ده‌ره‌كی‌ ببه‌ستێت‌و هێزی‌ به‌ره‌كه‌ی‌ روسیاش له‌ناوچه‌كه‌ له‌ئاستێكدایه‌ كه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ناتوانێت پشتگوێی‌ بخات‌و هه‌ر هه‌ڵوێستێكی‌ به‌پێچه‌وانه‌ش له‌وه‌ كاریگه‌ری‌ خراپی‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌بێت".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌