راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

كێشه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم
ئێران‌و توركیا به‌روونی‌ دێنه‌ ناو ململانێكه‌وه‌

هونەر حەمەرەشید
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ شوێنپه‌نجه‌ی‌ توركیا‌و ئێران به‌روونی‌ به‌هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ دیاره‌، به‌ڵام كێشه‌ی‌ كورسی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ جارێكی‌ تر به‌روونی‌ ئه‌و وڵاتانه‌ی‌ هێنایه‌وه‌ ناو گۆڕه‌پانه‌كه‌.
20.08.2015  |  هه‌ولێر
مناصرون لبارزاني يرفعون صورته
مناصرون لبارزاني يرفعون صورته

به‌پێی‌ یاساكانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، چوارشه‌ممه‌ی‌ رابردوو (19ی‌ ئاب) به‌فه‌رمی‌ واده‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ مه‌سعود بارزانی‌ كۆتایی‌ هات، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌ ساڵی‌ ره‌به‌ق له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ی‌ مایه‌وه‌ (8 ساڵ به‌هه‌ڵبژاردن‌و 2 ساڵ به‌درێژكردنه‌وه‌ له‌په‌رله‌مانه‌وه‌).

 

ئێستا لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ هه‌رێم داوای‌ لاچوونی‌ بارزانی‌ ده‌كه‌ن‌و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانیش دژی‌ ئه‌م خواسته‌یه‌، له‌م نێوه‌نده‌شدا ئێران‌و توركیا هه‌وڵده‌ده‌ن به‌و پێیه‌ی‌ ده‌یانه‌وێت نه‌خشه‌ی‌ سیاسی‌ له‌هه‌رێمدا دابڕژنه‌وه‌.

 

پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان (38 كورسی‌ له‌كۆی‌ 111 كورسی‌ په‌رله‌مان) پێی‌ وایه‌ مه‌سعود بارزانی‌ هه‌قی‌ خۆیه‌تی‌ تا كۆتایی‌ هاتنی‌ قه‌یرانه‌كان له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ی‌ بمێنێته‌وه‌ یان هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خته‌ بكرێت، له‌به‌رامبه‌ردا بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان (24 كورسی‌)، یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان (18 كورسی‌)، یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستان (10 كورسی‌)، كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان (6) كورسی‌، پێیان وایه‌ بارزانی‌ واده‌ی‌ یاسایی‌ خۆی‌ ته‌واوكردووه‌و ده‌بێت كه‌سێكی‌ تر بچێته‌ جێگه‌كه‌ی‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ به‌پێی‌ یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌ر سه‌رۆكێك بۆی‌ هه‌یه‌ دوو خول (8 ساڵ) له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ی‌ بێت.

 

هه‌رچه‌نده‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوخۆی‌ كوردستان چه‌ندین هه‌وڵ له‌ئارادایه‌ بۆ به‌لاداخستنی‌ ئه‌م كێشه‌یه‌، به‌ڵام پێناچێت هیچیان وه‌ك هه‌وڵه‌كانی‌ هه‌ردوو دراوسێكه‌ی‌ هه‌رێم (ئێران‌و توركیا) كاریگه‌ر بن، ته‌نها كه‌متر له‌دوو مانگی‌ رابردوودا چوار وه‌فدی‌ باڵای‌ ئێران‌و توركیاو ئه‌مه‌ریكا سه‌ردانی‌ لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كانی‌ هه‌رێمیان كردووه‌و قسه‌ له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ ده‌كه‌ن.

 

ئه‌گه‌ر جاران ده‌ستوه‌ردانی‌ توركیاو ئێران له‌كاروباری‌ ناوخۆی‌ هه‌رێمدا زۆر روون نه‌بووبێت، ئه‌وا له‌پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تیدا هه‌ردوو وڵات سه‌ردان‌و لێدوانه‌كانیان له‌و باره‌یه‌وه‌ ئاشكراو بێ په‌رده‌یه‌، ته‌نانه‌ت مه‌سعود بارزانی‌ رۆژی‌ 9ی‌ ئه‌م مانگه‌ له‌په‌یامێكدا رایگه‌یاند "وڵاتانی دراوسێ‌و دۆست پێمانده‌ڵێن دروستبوونی ئه‌م قه‌یرانه‌ هه‌ڵه‌یه‌و زیانتان پێده‌گه‌یه‌نێت".

 

توركیا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی‌ زۆری‌ ئابووری‌، سیاسی، ستراتیژی‌‌و ئه‌منی‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌یه‌، به‌شێوه‌یه‌ك به‌پێی‌ ئاماره‌ نافه‌رمییه‌كان ساڵانه‌ نزیكه‌ی‌ 12 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی‌ بازرگانی‌ له‌نێوان هه‌ردوولادا هه‌یه‌‌، كه‌ ئه‌مه‌ واده‌كات هه‌ولێر گرنگییه‌كی‌ زۆری‌ هه‌بێت بۆ ئه‌نكه‌ره‌.

 

به‌پێی‌ ئه‌و گرنگییه‌ توركیا ده‌یه‌وێت پرسه‌ ناوخۆییه‌كانی‌ هه‌رێم به‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆی‌ یه‌كلاببێته‌وه‌و ئێستا له‌پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم له‌سوودی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان كۆتایی بێت، چونكه‌ ئه‌و حیزبه‌ نزیكترین لایه‌نه‌ له‌توركیاوه‌و هه‌ردوو پارێزگای‌ هه‌ولێرو دهۆك وه‌ك ناوچه‌ی‌ هه‌ژموونی‌ توركیا هه‌ژمار ده‌كرێن.

 

له‌رووی‌ سیاسی‌و ستراتیژیشه‌وه‌ توركیا وه‌ك ده‌رگایه‌ك به‌ره‌و عێراق‌و خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست سه‌یری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كات، بۆیه‌ له‌سه‌روبه‌ندی‌ پێكهێنانی‌ كابینه‌ی‌ هه‌شته‌میش له‌ساڵی‌ 2013 بایه‌خێكی‌ زۆری به‌و پرسه‌داو ویستی‌ نفوزی‌ له‌ناو كابینه‌ی‌ هه‌شته‌مدا له‌ئێران‌ زۆر زیاتر بێت.

 

توركیا په‌یوه‌ندی‌ باشی له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ هه‌رێمدا هه‌یه‌، كه‌ پارتی‌ به‌پله‌ی‌ یه‌كه‌م دێت له‌و په‌یوه‌ندییه‌داو دواتر یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌، بۆیه‌ ماوه‌یه‌كی‌ زۆره‌ هه‌وڵیدا له‌رێی كه‌ناڵه‌ دیبلۆماتییه‌كانیه‌وه‌ پارتی‌‌و یه‌كگرتوو بهێنێته‌ یه‌كڕیزه‌وه‌ له‌پرسی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌ت.

 

كۆتایی‌ حوزه‌یرانی‌ رابردوو وه‌فدێكی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ توركیا، كه‌ فه‌ریدون سینێرلیئۆغڵو، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرد، سه‌ردانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیان كردو ماوه‌ی‌ دوو رۆژ له‌هه‌رێم مانه‌وه‌.

 

وه‌فده‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ توركیا، له‌و سه‌ردانه‌یاندا له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌مه‌سعود بارزانی‌‌و نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت‌و محه‌مه‌د فه‌ره‌ج ئه‌مینداری‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ له‌شاری‌ هه‌ولێرو كۆبوونه‌وه‌و دواتر چوونه‌ سلێمانی‌‌و له‌گه‌ڵ كۆسره‌ت ره‌سوڵ جێگری‌ سكرتێری‌ گشتی‌ یه‌كێتی‌‌و نه‌وشیروان مسته‌فا رێكخه‌ری‌ گشتی‌ گۆڕان كۆبوونه‌وه‌.

 

به‌پێی‌ ئه‌و زانیارییانه‌ی‌ له‌كۆبوونه‌وه‌كان ده‌ست "نیقاش" كه‌وتوون، ئامانجی‌ سه‌ره‌كی‌ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ وه‌فده‌كه‌ی‌ توركیا بۆ قسه‌كردن بووه‌ له‌سه‌ر پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسییانه‌.

 

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ وڵاتی‌ ئێران، كه‌ نزیكه‌ی‌ چوارسه‌د كیلۆمه‌تر سنووری‌ هاوبه‌شی‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌یه‌، ده‌یه‌وێت پێگه‌ی‌ خۆی‌ له‌كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی‌ هه‌رێم له‌ده‌ست نه‌دات، ئه‌وه‌ش له‌ڕێگه‌ی‌ ئه‌و حیزبانه‌ی‌ له‌خۆیه‌وه‌ نزیكن، كه‌ دیارترینیان یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستانه‌‌و پارێزگای‌ سلێمانیش وه‌ك ناوچه‌ی‌ هه‌ژموونی‌ ئێران ده‌بینرێت.

 

ئێران له‌رێگه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ توانیویه‌تی‌ گروپه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌ چه‌كدارییه‌ كورده‌كه‌ی‌ ده‌سته‌مۆبكات‌و بیانخاته‌ ئه‌و بازنه‌یه‌وه‌، كه‌ بۆخۆی‌ له‌ناو خاكی‌ هه‌رێم دیاریكردووه‌، وه‌ك چاودێران ده‌ڵێن هیچ هێزێكیتر نه‌یده‌توانی‌ به‌قه‌د هه‌رێم ئه‌م خزمه‌ته‌ بۆ تاران بكات، بۆیه‌ به‌رده‌وام له‌پرسه‌ ناوخۆییه‌كان ده‌ستوه‌ردان ده‌كات.

 

ئێران نایه‌وێت یه‌كێتی نیشتمانی‌‌ پاشه‌كشێبكات، كه‌ حیزبێكی‌ نزیكه‌ لێیه‌وه‌، بۆیه‌ له‌سه‌روبه‌ندی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌ت هه‌میشه‌ فشاری‌ له‌پارتی‌ ده‌كرد، كه‌ زۆرترین به‌ش به‌ر یه‌كێتی‌ بكه‌وێت، ئه‌وه‌ش بۆ پاراستنی‌ پێگه‌ی‌ خۆی‌ له‌ناو حكومه‌تی‌ هه‌رێم.

 

ئێران له‌پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم له‌توركیا ئاماده‌یی زیاتری‌ هه‌بوو، به‌شێوه‌یه‌ك رۆژی‌ 4 ئاب وه‌فدێكی‌ باڵا ئێران، كه‌ حه‌سه‌ن دانایی فه‌ر باڵوێزی‌ ئێران له‌عێراق سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرد، سه‌ردانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیان كردو دوو رۆژ له‌هه‌رێم مانه‌وه‌و له‌گه‌ڵ پارتی‌‌و یه‌كگرتوو یه‌كێتی‌‌و گۆڕاندا كۆبوونه‌وه‌.

 

ئێران ته‌نیا به‌ناردنی‌ ئه‌م وه‌فده‌ رازی نه‌بوو، له‌هه‌مان كاتدا وه‌فدێكی‌ تری‌ ئه‌و وڵاته‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ قاسم سوله‌یمانی‌ فه‌رمانده‌ی‌ سوپای‌ قودسی‌ ئێرانی‌ سه‌ردانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیان كردو به‌نهێنی‌ له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌مه‌سعود بارزانی‌‌و شاندێكی‌ یه‌كێتی‌‌و نه‌وشیران مسته‌فا كۆبووه‌وه‌، پێچه‌وانه‌ی‌ وه‌فده‌كه‌ی‌ تر سه‌ردانی‌ ئه‌م وه‌فده‌ له‌راگه‌یاندنه‌ فه‌رمییه‌كانی‌ حكومه‌ت‌و حیزب بڵاونه‌بووه‌، دواتر راپۆرته‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان باسیان له‌وه‌ كرد كه‌ ئامانجی‌ سه‌ره‌كی‌ سه‌ردانی‌ هه‌ردوو وه‌فده‌كه‌ی‌ ئێرانیش بۆ پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم بووه‌.

 

محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم رێكخه‌ری‌ ژووری‌ په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌كانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان زانیاری‌ سه‌ردانی‌ وه‌فده‌كانی‌ ئێرانی‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان پیشتڕاستكرده‌وه‌و وتی: "ئامانجی‌ سه‌ره‌كی‌ سه‌ردانه‌كانیان بۆ لای‌ گۆڕان بۆ قسه‌كردن بووه‌ له‌سه‌ر پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم، كه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئێمه‌ چ وه‌فده‌كه‌ی‌ ئێران، چ وه‌فده‌كه‌ی‌ توركیا قسه‌مان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ كردووه‌".

 

ئێستا له‌ناو ئه‌م ململانێیه‌دا توركیا ده‌یه‌وێت هاوكێشه‌كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بكه‌وێته‌وه‌، ئێرانیش ده‌یه‌وێت ئه‌نجامێك ده‌ستبخات كه‌ نه‌بێته‌ زیان بۆ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان، بێگومان له‌مه‌شدا هه‌ردووكیان به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆیان له‌به‌رچاو گرتووه‌.

 

ئه‌بوبه‌كر كاروانی‌، چاودێری‌ سیاسی‌‌و ئه‌ندامی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كگرتوو به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌درێژایی مێژوو ئێران‌و توركیا رۆڵیان هه‌بووه‌ له‌پرسه‌ ناوخۆییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و ئه‌و رۆڵ بینینه‌شیان له‌ئێستادا به‌رده‌وامه‌".

 

كاروانی‌، كه‌ به‌وردی‌ چاودێری‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ لایه‌نه‌كان ده‌كات له‌سه‌ر پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم، وتیشی‌: "هه‌میشه‌ ده‌ستوه‌ردانه‌كانی‌ ئێران‌و توركیا به‌دوو ئاراسته‌ بووه‌، یه‌كێكیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆیان ده‌ستیان له‌كاروباره‌ ناوخۆییه‌كانی‌ هه‌رێم وه‌رداواوه‌و دووه‌میشیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ ئه‌و حیزبانه‌ بووه‌، كه‌ له‌هه‌رێم له‌خۆیانه‌وه‌ نزیكبوون".

 

ململانێی‌ پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم هێنده‌ قووڵبووه‌ته‌وه‌و لایه‌نه‌كان نه‌گه‌یشتوون به‌ڕێككه‌وت ئه‌مریكاش بۆ هه‌مان مه‌به‌ست وه‌ك ئێران‌و توركیا هاته‌ سه‌ر هیڵ‌و رۆژی‌ 6 ئاب شاندێكی باڵای وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، كه‌ پێكهاتبوون له‌بێرت مه‌كۆرگ یاریده‌ده‌ری جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ كاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست‌و ستیوارد جۆنز باڵیۆزی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌عێراق‌و ماتیاس میتمان كونسوڵی ئه‌مریكا له‌هه‌ولێر سه‌ردانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیان كرد، كه‌ شانده‌كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌مان به‌رپرسانی‌ هه‌رێم كۆبوونه‌وه‌، كه‌ شانده‌كانی‌ ئێران‌و توركیا له‌گه‌ڵیان كۆبوونه‌وه‌و رۆژی‌ 18ی‌ ئه‌م مانگه‌ش دیسانه‌وه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان هاتنه‌وه‌ سه‌ر هێڵ.

 

به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ نیقاش، كه‌ له‌به‌رپرسانی‌ به‌شداربوو له‌كۆبوونه‌وه‌كان ده‌ستیكه‌وتووه‌، له‌پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم هه‌ر چوار وه‌فده‌كه‌ی‌ ئێران‌و توركیاو ئه‌مریكا به‌لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیان وتووه‌، ئه‌وان ده‌ست وه‌رناده‌نه‌ كاروباری‌ ناوخۆی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌تایبه‌ت له‌دیاریكردنی‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، بۆیه‌ ده‌بێت لایه‌نه‌ سیارییه‌كان بڕیار بده‌ن‌و رێزیش له‌بڕیاری لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێم ده‌گرن.

 

میدیا كوردییه‌كان باسیان له‌وه‌ كرد كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ئێران‌و توركیا هه‌ڵویستی‌ خۆیان له‌باره‌ی‌ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمه‌وه‌ ده‌ربڕیوه‌، به‌ڵام به‌شدارانی‌ كۆبوونه‌وه‌كان ئه‌وه‌ ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌و دوو وڵاته‌ داوای‌ مانه‌وه‌ یان لادانی‌ مه‌سعود بارزانیان كردبێت.

 

عیماد ئه‌حمه‌د وته‌بێژی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت: "ئه‌وه‌نده‌ی‌ من ئاگاداری‌ دانیشتنه‌كان بووم، وه‌فده‌كانی‌ ئێران‌و توركیاو ئه‌مریكا داوایان كردووه‌، كه‌ پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر بارودۆخی‌ ئه‌منی‌ دانه‌نێت".

 

له‌باره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌وترێت، كه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ی‌ مه‌سعود بارزانین له‌پۆسته‌كه‌ی‌، عیماد ئه‌حمه‌د ره‌تیكرده‌وه‌و وتی‌: "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هیچ وه‌فدێكیان داوایه‌كی‌ له‌و شێوه‌یان بۆ ئێمه‌ نه‌بووه‌".

 

هاوكات محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم رێكخه‌ری‌ ژووری‌ په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌كانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان هه‌مان زانیاری‌ ره‌تكرده‌وه‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت: "ئه‌وه‌ی‌ له‌كۆبوونه‌وه‌كان به‌ئێمه‌ وترا ئه‌وه‌بوو، كه‌ ده‌بێت پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم كێشه‌ له‌ناو لایه‌نه‌كان دروستنه‌كات".

 

ده‌ستوه‌ردانه‌كانی‌ توركیاو ئێران له‌كاروباری‌ ناوخۆی‌ هه‌رێم هه‌میشه‌ به‌دوو ئاراسته‌ی‌ دژ به‌یه‌ك بووه‌، توركیا به‌ئاراسته‌ی‌ دورخستنه‌وه‌ی‌ هه‌رێم له‌به‌غداو ئێرانیش به‌ئاراسته‌ی‌ نزیككردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م دوولایه‌نه‌ كاری‌ كردووه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ پێده‌چێت هه‌ردووكیان مه‌به‌ستیان بێت كورسییه‌كه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم نه‌بێته‌ مایه‌ی‌ كێشه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ ئه‌وان.

 

ئه‌بوبه‌كر كاروانی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كگرتوو پێیوایه‌ ئه‌و دوو وڵاته‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ گه‌وره‌یان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌یه‌، بۆیه‌ ترسیان هه‌یه‌ ئه‌م پرسه‌ ناوخۆی‌ هه‌رێم تێكبدات، بۆیه‌ به‌و ئاراسته‌یه‌ كارده‌كه‌ن، ئه‌م پرسه‌ به‌ڕێككه‌وتنی‌ لایه‌نه‌كان كۆتایی بێت، نه‌ك به‌دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌یه‌كتر.

 

ئه‌و سه‌ركردیه‌ی‌ یه‌كگرتوو ره‌خنه‌ له‌لایه‌نه‌كان ده‌گرێت، به‌وه‌ی‌ خۆیان بوونه‌ته‌ هۆكارێك بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئێران‌و توركیاو ته‌نانه‌ت وڵاتانی‌ تریش ده‌ست له‌كاروباری‌ ناوخۆو پرسه‌كانی‌ هه‌رێم بده‌ن، به‌شێوه‌ك هه‌میشته‌ خۆیان له‌سه‌ر پرسه‌كان ناگه‌نه‌ رێككه‌وتن، تا ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌ستی تێوه‌رنه‌ده‌ن، به‌وته‌ی‌ ئه‌و ده‌ستوه‌ردانه‌كان هیچی‌ ناچێته‌ خزمه‌تی‌ هه‌رێم.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌