راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ته‌نگژه‌ی‌ بێچاره‌
كورسییه‌كه‌ی‌ سه‌رۆك.. نه‌خۆشیه‌كی‌ درێژخایه‌ن بۆ هه‌رێم

هه‌ستیار قادر
واده‌ی‌ یاسایی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم كۆتایی‌ هات، بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ چاره‌یه‌ك بۆ ئه‌م ته‌نگژه‌ بێچاره‌یه‌ بدۆزرێته‌وه‌، لێره‌شه‌وه‌ قۆناغێكی‌ نوێی‌ ململانێ‌ سه‌ریهه‌ڵدا.
20.08.2015  |  سلێمانی
یه‌كێتی‌ كه‌ له‌ ده‌ ساڵی‌ رابردوودا پشتیوانی‌ بارزانی‌ كرد بۆ سه‌رۆكایه‌تی‌، ئێستا یه‌كێك له‌و لایه‌نانه‌ی‌ نه‌یاری‌ دانانه‌وه‌ی‌ بارزانییه‌ ( :وێنه دشتي أنور)
یه‌كێتی‌ كه‌ له‌ ده‌ ساڵی‌ رابردوودا پشتیوانی‌ بارزانی‌ كرد بۆ سه‌رۆكایه‌تی‌، ئێستا یه‌كێك له‌و لایه‌نانه‌ی‌ نه‌یاری‌ دانانه‌وه‌ی‌ بارزانییه‌ ( :وێنه دشتي أنور)

  زیاد له‌دوو مانگه‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ هه‌رێم له‌بازنه‌یه‌كی‌ به‌تاڵدا ده‌سورێنه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌سازان له‌سه‌ر پرسی‌ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم بێ ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ری‌ رێبكه‌ون له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ 19ی‌ ئه‌م مانگه‌ دوا واده‌ی‌ ویلایه‌تی‌ مه‌سعود بارزانی بوو له‌و پۆسته‌دا ئه‌وه‌ش به‌پێی‌ یاسایه‌ك كه‌ ساڵی‌ 2013 په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌كرا بۆ درێژكردنه‌وه‌ی‌ ویلایه‌ته‌كه‌ی‌ بۆ دوو ساڵ.

 

به‌ئه‌نجامدانی‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌م بۆ چوار پرۆژه‌ یاسای‌ هه‌مواری‌ یاسای سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم له‌ 23ی‌ مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ رابردودا په‌رله‌مان به‌نزینكرد به‌ئاگری‌ ناكۆكی‌ لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌.

 

یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان‌و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌‌و یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌ له‌رێگه‌ی‌ ئه‌و پرۆژه‌ یاسایانه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ سه‌رۆك كه‌مبكه‌نه‌وه‌و ناچاری‌ بكه‌ن له‌بری‌ هه‌ڵبژاردنی‌ گشتی‌ له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێت تا توانای‌ لادان‌و لێپرسینه‌وه‌یان هه‌بێت كه‌ پێشتر نه‌یانبووه‌.

 

ئه‌و هه‌نگاوه‌ به‌لای‌ پارتیه‌وه‌ "كوده‌تای‌ په‌رله‌مان"و لادان بوو له‌و سازانه‌ی‌ به‌ر له‌ساڵێك حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ پێ پێكهێنرا به‌به‌شداری‌ زۆرینه‌ی‌ لایه‌نه‌كان كه‌له‌لایه‌ن نێچیرڤان بارزانی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ پارتیه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت.

 

پارتی‌ ده‌یه‌وێت بارزانی‌ به‌ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ ئێستایه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی‌ دووساڵی‌ تر سه‌رۆكی‌ هه‌رێم بێت تا ئه‌و كاته‌ی‌ خولی‌ ئێستای‌ په‌رله‌مان كۆتایی‌ دێت.

 

كێشمه‌كێشمی‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان له‌سه‌ر پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم نوێ نییه‌ ئه‌و پۆسته‌ له‌سه‌ره‌تای‌ نه‌وه‌ده‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوه‌وه‌و جێگه‌ی‌ كێشه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ نێوان پارته‌ ركه‌به‌ره‌كانه‌.

 

مه‌حمود عوسمان سیاسه‌تمه‌دار هێشتا سه‌ری‌ له‌وه‌ ده‌سورمێت كه‌ بۆچی‌ له‌ساڵی‌ 1992دا نه‌توانرا سه‌ركرده‌ی‌ رزگاریخوازی‌ گه‌لی‌ كورد دیاریبكرێت كه‌ هاوتای‌ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ ئێستای‌ هه‌رێمبوو سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستاندا هه‌ڵبژاردنی‌ بۆ ئه‌نجامدراو ئه‌ویش یه‌كێك بوو له‌چوار پاڵێوراوه‌كه‌ی‌.

 

ئه‌وكات جگه‌ له‌مه‌حمود عوسمان ركه‌به‌ره‌كانی‌ تری‌ ئه‌و پۆسته‌ هه‌ریه‌ك له‌مه‌سعود بارزانی‌‌و جه‌لال تاڵه‌بانی‌ سكرتێری‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان‌و عوسمان عه‌بدولعه‌زیز رابه‌ری‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ بوون، به‌ڵام هیچكامیان نه‌یانتوانی‌ رێژه‌ی‌ نیوه‌ كۆیه‌كی‌ ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست بهێنن به‌پێی‌ یاسایه‌ك كه‌ پێش هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ له‌لایه‌ن به‌ره‌ی‌ كوردستانیه‌وه‌ ده‌ركرا كه‌ نوێنه‌ری‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ تێدابوو بوو بۆ ئه‌نجامدانی‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌.

 

 مه‌حمود عوسمان به‌"نیقاش"ی‌ وت "بارزانی‌ كه‌مێك ده‌نگه‌كانی‌ له‌تاڵه‌بانی‌ زیاتر بوو، به‌ڵام نه‌گه‌یشتبووه‌ رێژه‌ی‌ پێویست بۆیه‌ سه‌ره‌تا بریاردرا كه‌ دوای‌ دوو هه‌فته‌ هه‌ڵبژاردن دوباره‌ بكرێته‌وه‌و دواتر كرایه‌ دوومانگ‌و دواتر هه‌رئه‌نجام نه‌درا".

 

زۆرینه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ ئه‌و كاته‌ له‌نێوان یه‌كێتی‌‌و پارتیدا دابه‌ش ببوون‌و بڕیاره‌كانیش به‌رله‌وه‌ی‌ بگه‌نه‌ په‌رله‌مان له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كاندا رێكه‌وتنی‌ له‌سه‌ر ده‌كرا ته‌نها پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ رزگاریخوازی‌ گه‌لی‌ كورد نه‌بێت كه‌ پێیان یه‌كلایی‌ نه‌كرایه‌وه‌.

 

مه‌حمود عوسمان ده‌شڵێت "كێشه‌كه‌ له‌نێوان تاڵه‌بانی‌‌و بارزانیدا بوو كه‌ ئه‌گه‌ر خولی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ دوه‌میش ئه‌نجام بدرایه‌وه‌ هیچیان ئه‌وی‌ تریان قبوڵ نه‌ده‌كرد به‌سه‌رۆك".

 

گرێی‌ سه‌رۆك له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆ دا له‌ساڵی‌ 1994 ئاڵۆزتر بوو، یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ كه‌ خاوه‌نی‌ حكومه‌تێكی‌ نیوه‌به‌نیوه‌و هێزی‌ چه‌كدار بوون، له‌زۆرجومگه‌دا باڵا ده‌ستی‌ ئه‌وی‌ تریان قبوڵنه‌كرد‌و سه‌ره‌نجام شه‌ڕێكی‌ خوێناوی‌ له‌نێوانیان هه‌ڵگیرسا كه‌ تا رێكه‌وتنامه‌ی‌ واشنتۆنی‌ ساڵی‌ 1998 به‌رده‌وام بوو.

 

شه‌ڕی‌ ناوخۆ دروستبونی‌ سیستیمی‌ دووئیداره‌یی‌ جوگرافی‌ لێكه‌وته‌وه‌ كه‌ پارتی‌ زۆنی‌ زه‌ردی‌ هه‌ولێرو دهۆكی‌ به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، یه‌كێتیش زۆنی‌ سه‌وزی‌ سلێمانی‌‌و دوو حكومه‌تی‌ جیاوازیشیان هه‌بوو.

 

له‌قۆناغی‌ دوو ئیداره‌ییدا ململانێی‌ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم رێره‌وێكی‌ تری‌ وه‌رگرت، له‌سنوری‌ زۆنی‌ زه‌ردا پارتی‌ هه‌ژمونی‌ په‌رله‌مانی‌ كردبوو به‌ 67 ئه‌ندامه‌وه‌ ئه‌وه‌ش ده‌رفه‌تی‌ پێدا كه‌ له‌غیابی‌ په‌رله‌مانتارانی‌ یه‌كێتی كه‌ بایكۆتی‌ په‌رله‌مانیان كردبوو له‌ساڵی‌ 1997دا  ئه‌ویاسایه‌ی‌ به‌ره‌ی‌ كوردستانی‌ راگرت كه‌ ساڵی‌ 1992 بۆ هه‌ڵبژاردن‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ سه‌رۆكی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ رزگاریخوازی‌ گه‌لی‌ كورد داندرابوو به‌وه‌ش پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم چوارچێوه‌ی‌ یاسایی‌ نه‌ما.

 

جه‌عفه‌ر شێخ عه‌لی‌ ئه‌ندامی‌ خولی‌ یه‌كه‌می‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌فراكسیۆنی‌ پارتی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌و كاته‌ چه‌ند جارێك له‌په‌رله‌مان داوامان له‌مه‌سعود بارزانی كرد كه‌ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم به‌ڕێوه‌ ببات، به‌ڵام قبوڵی‌ نه‌ده‌كردو ده‌سه‌ڵاته‌كانیشی‌ نه‌درایه‌ هیچكام له‌سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان‌و سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت".

 

له‌ڕووی‌ تیرۆریه‌وه‌ ئه‌وكات بارزانی‌ به‌ره‌سمی‌ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ وه‌رنه‌ده‌گرت، به‌ڵام به‌كرداری‌ ئه‌و باڵا ده‌سترین كه‌سایه‌تی‌ ئیداری‌‌و سیاسی‌ بوو له‌زۆنی‌ زه‌ردا كه‌ پارته‌كه‌ی‌ هه‌ژمونی‌ كردبوو، له‌به‌رامبه‌ردا هاوكێشه‌كه‌ له‌ئیداره‌ی‌ سلێمانی‌ به‌و شێوه‌یه‌ نه‌بوو له‌ساڵی‌ 1999دا  تاڵه‌بانی‌ به‌ره‌سمی‌ خۆی‌ وه‌ك سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ سلێمانی‌ ناساند.

 

 فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌ وه‌رگرتنی‌ ئه‌و پۆسته‌ له‌لایه‌ن تاڵه‌بانیه‌وه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی‌ كورتبوه‌و پشت به‌ستو بووه‌ به‌وه‌ی‌ كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ساڵی‌ 1992 دا زۆرترین ده‌نگه‌كانی‌ سنوری‌ سلێمانی‌ به‌ده‌ست هێنابوو.

 

ئه‌سه‌سه‌رد به‌"نیقاش"ی‌ وت "پاساوی‌  پێدانی‌ ئه‌و پۆسته‌ به‌تاڵه‌بانی‌ بۆئه‌وه‌ بوو كه‌ ژماره‌یه‌ك یاسای‌ پێویست به‌و كاته‌ ده‌ربكات كه‌ گرنگ بوو ده‌ربكرێت، چونكه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ ئیداره‌ی‌ سلێمانی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌وه‌ی‌ نه‌بوو یاسا ده‌ربكات".

 

به‌ڵام له‌تیف شێخ مسته‌فا پسپۆری‌ یاسای‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "وه‌رگرتنی‌ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم له‌سلێمانی‌ له‌لایه‌ن تاڵه‌بانیه‌وه‌و مامه‌ڵكردنی بارزانیش له‌هه‌ولێر وه‌ك سه‌رۆك بۆ تێركردنی‌ خواستی‌ ده‌سه‌ڵات بووه‌ له‌لایه‌ن هه‌ردوولاوه‌ نه‌ك به‌هۆی‌ بۆشایی‌ یاساییه‌وه‌".

 

قه‌یرانی‌ دوو سه‌رۆكی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان تاساڵی‌ 2005 درێژه‌ی‌ كێشا، ئه‌وكات یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ وه‌ك دوو باڵاده‌سترین حیزبی‌ سیاسی له‌هه‌رێم رێكه‌وتن كه‌ بارزانی‌ ببێته‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم به‌پێی‌ یاسایه‌ك كه‌ له‌په‌رله‌مانه‌ هاوبه‌شه‌كه‌یانه‌وه‌ بۆی‌ گه‌ڵاڵه‌كرا كه‌ بۆ دووخول بوو یه‌كه‌میان له‌نێو په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێت‌و خولی‌ دووه‌میشی‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌.

 

ده‌ستبه‌ردابوونی‌ یه‌كێتی‌ له‌وپۆسته‌ سازشێكی‌ بێ به‌رانبه‌ر نه‌بوو ئه‌وان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا پارتیان ناچار كرد كه‌ پاڵشتی‌ تاڵه‌بانی‌ بكات بۆ وه‌رگرتنی‌ یه‌كێك له‌باڵاده‌سترین پۆسته‌كان له‌ده‌وڵه‌تی‌ عێراقیدا كه‌ پۆستی‌ سه‌ركۆمار بوو، هه‌تا ئێستاش هاوكێشه‌ی‌ دابه‌شكاری‌ ئه‌و دوو پۆسته‌ له‌نێوانیاندا ماوه‌.

 

ساڵی‌ 2009 جارێكی‌ تر بارزانی‌ به‌هه‌ڵبژاردنی‌ راسته‌وخۆ پۆسته‌كه‌ی‌ وه‌رگرته‌وه‌، ساڵی‌ 2013 له‌گه‌ڵ كۆتایی‌ هاتنی‌ خولی‌ دووه‌می‌ سه‌رۆكایه‌تی‌، پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم بوه‌وه‌ به‌كێشه‌ی‌  نێوان لایه‌نه‌كان به‌و پێیه‌ی‌ به‌پێی‌ یاسای سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ ساڵی‌ 2005 بارزانی‌ نه‌یده‌توانی‌ خۆی‌ بپاڵێوێته‌وه‌‌و لایه‌نه‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ پێشوو (گۆران، یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌، كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌) له‌دژی‌ ئه‌وه‌بون ببێته‌وه‌ به‌سه‌رۆكی‌ هه‌رێم، به‌ڵام له‌رێگه‌ی‌ پرۆژه‌یاسایه‌كی‌ پێشنیار كراوه‌وه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێتیه‌وه‌ ویلایه‌تی‌ بارزانی‌ بۆ دووساڵی‌ تر درێژكرایه‌وه‌ كه‌ له‌ 20ی‌ مانگی‌ ئابی‌ ئه‌مساڵدا كۆتایی‌ دێت.

 

هاوكێشه‌ی‌ سیاسی په‌یوه‌ندی‌ نێوان یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ له‌مساڵدا وه‌ك پێشتر نه‌مایه‌وه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ساڵی‌ 2007ه‌وه‌ رێكه‌وتنامه‌ی‌ ستراتیژیان له‌نێواندا هه‌یه‌ بۆ پشتگیریكردنی‌ یه‌كتری‌.

 

هه‌ڵوێستی‌ یه‌كێتی‌ له‌سه‌ر پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم‌و سێباره‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ له‌لایه‌ن بارزانیه‌وه‌ هاوكێشه‌ی‌ ململانێكانی‌ له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌ له‌هه‌رێم ئاوه‌ژوو كرد، ئه‌و هێزه‌ی‌ پێشتر خاوه‌نی‌ پرۆژه‌ یاسای‌ درێژكردنه‌وه‌ی‌ ولایه‌تی‌ بارزانی‌ بوو ئێستا سه‌دو هه‌شتا پله‌ له‌دژی‌ ده‌وه‌ستێته‌وه‌.

 

پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تیكردن‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌‌و چۆنێتی‌ لێپرسینه‌وه‌ی‌ ته‌نها پرۆسه‌ی‌ سیاسی به‌خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵ نه‌كردوه‌، به‌ڵكو كێشه‌ی‌ خستۆته‌  ئاماده‌كردی‌ یه‌كه‌م پرۆژه‌ی‌ ده‌ستوری‌ هه‌رێمیشه‌وه‌ كه‌ زیاتر له‌دوو مانگه‌ لیژنه‌یه‌ك بۆ ئاماده‌كردنی‌ دروستكراوه‌ به‌نوێنه‌رایه‌تی‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان.

 

رێكنه‌كه‌وتنی‌ لایه‌ن سیاسیه‌كان‌و نه‌گه‌یشتن به‌سازان له‌سه‌ر پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم تاوتوێكردنی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ له‌نێو لیژنه‌ی‌ ئاماده‌كردنی‌ ده‌ستور دواخست له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ بریاربوو سه‌ره‌تای‌ ئه‌م مانگه‌ بگه‌نه‌ سه‌ر مشتومڕكردنی‌.

 

ململانێكه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ لایه‌نه‌كانی‌ تر جگه‌ له‌پارتی‌ هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ سه‌رۆك له‌ده‌ستوردا كه‌مبكه‌نه‌وه‌و سیستمی‌ حوكمرانیش له‌هه‌رێم بكه‌نه‌ په‌رله‌مانی‌ تاسه‌رۆك له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵبژیردرێت.

 

خامۆش عومه‌ر ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ ئاماده‌كردنی‌ ده‌ستور به‌"نیقاش"ی‌ وت "رێكنه‌كه‌وتنی‌ لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم كێشه‌ی‌ بۆ كاری‌ ئێمه‌ش دروستكردووه‌".

 

كێشه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تیكرد‌و ئاسان ده‌ستبه‌ردانه‌بوون له‌كۆمه‌ڵگه‌ی‌ سیاسی‌ هه‌رێمدا پێشینه‌ی‌ له‌كۆمه‌ڵگاكه‌یه‌وه‌ هه‌یه‌، كورد كه‌ هێشتا كه‌لتورێكی‌ خێله‌كی‌ تیایدا كاڵنه‌بۆته‌وه‌ هه‌میشه‌ سه‌رۆك وا ده‌رده‌كه‌وێت به‌هایه‌كی‌ باڵا تری‌ له‌وانی‌ تر هه‌یه‌.

 

د. په‌یمان عه‌بدولقادر پسپۆری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌ سروشتی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردی‌ وایه‌ كه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی‌ كاریزمی‌ له‌سه‌ركرده‌یه‌كی‌ دادپه‌وه‌ر پێ باشتره‌.

 

ئه‌و ده‌ڵێت "كه‌سه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ خێڵه‌كی‌ به‌های‌ خۆیان له‌و پۆستانه‌دا ده‌بینه‌وه‌ كه‌ به‌ده‌ستیانه‌وه‌و بۆیه‌ ده‌ستبه‌رداری‌ نابن كه‌ پێیانوایه‌ ده‌ستبه‌ردار بوون له‌پۆسته‌كانیان كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ پێگه‌یانه‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌