راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

روو له‌په‌رته‌وازه‌بوون
هاوپه‌یمانی‌ نیشتیمانی‌ له‌سه‌ر سه‌رۆكه‌كه‌یان ناسازێن

ئیبراهیم ساڵح
بۆ ساڵێك ده‌چێت پێكهاته‌كانی‌ هاوپه‌یمانی‌ نیشتیمانی‌ ناتوانن له‌سه‌ر سه‌رۆكێك بسازێن، ئه‌مه‌ش ده‌یانخاته‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی‌ په‌رته‌وازه‌بوون.
6.08.2015  |  به‌غدا
جلسة للبرلمان العراقي ( :وێنه متروغرافي)
جلسة للبرلمان العراقي ( :وێنه متروغرافي)

پاش ئه‌وه‌ی‌ ئیبراهیم جه‌عفه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ هاوپه‌یمانی‌ نیشتیمانی‌ عێراقی‌ له‌مانگی‌ ئه‌یلولی‌ رابردوو وه‌ك وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌ستنیشان كرا، تا ئه‌مڕۆ كێشه‌یه‌كی‌ قوڵ له‌ناو ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌دا بێ‌ چاره‌سه‌ر ماوه‌ته‌وه‌، ئه‌ویش كێشه‌ی‌ دیاریكردنی‌ سه‌رۆكه‌.

 

هاوپه‌یمانی‌ نیشتیمانی‌ گه‌وره‌ترین كوتله‌ی‌ سیاسییه‌ له‌عێراقدا‌و به‌نزیكه‌یی‌ سه‌رجه‌م هێزو گروپه‌ شیعه‌كانی‌ له‌خۆی‌ كۆكردووه‌ته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌رابردوودا هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ وه‌ك یه‌ك ده‌نگ ده‌رده‌كه‌وت، به‌ڵام له‌كێشه‌ی‌ ویلایه‌تی‌ سێهه‌می‌ مالیكییه‌وه‌ ناكۆكی‌ قوڵ كه‌وته‌ نێوانیان، چونكه‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا كه‌ سه‌ره‌كیترین به‌شی‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌یه‌، كه‌وته‌ به‌ره‌یه‌كه‌وه‌ دژی‌ لایه‌نه‌كانی‌ تر.

 

هه‌رچه‌نده‌ كێشه‌كه‌ ئه‌و ده‌مه‌ له‌قازانجی‌ مالیكی‌ كۆتایی‌ نه‌هات، به‌ڵام ناكۆكییه‌كان په‌ڕینه‌وه‌ بۆ ناو حكومه‌تی‌ نوێ‌‌و ئێستا كێشه‌ی‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كی‌ له‌سه‌ر پۆستی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌و كوتله‌یه‌یه‌، لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كانیش به‌ره‌یه‌كیان ده‌وڵه‌تی‌ یاساو به‌ره‌كه‌ی‌ تر ئه‌نجومه‌نی‌ باڵا سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كه‌ن، ئه‌مانه‌ش هه‌مان ئه‌و دوو به‌ره‌یه‌ن كه‌ له‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تی‌ مالیكی‌ كێشه‌یان هه‌بوو.

 

ده‌وڵه‌تی‌ یاسا پێی‌ وایه‌ سه‌رنه‌كه‌وتنی‌ مالیكی‌ زیانی‌ به‌پێگه‌ی‌ لیسته‌كه‌یان گه‌یاندووه‌، هه‌رچه‌نده‌ پۆستی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران له‌ناو هه‌مان لیستدا ماوه‌ته‌وه‌و له‌نوری‌ مالیكییه‌وه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌‌و هه‌ردوكیان هه‌ر له‌حیزبی‌ ده‌عوه‌ی‌ ئیسلامین‌و كۆڵه‌كه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسان.

 

له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌نجومه‌نی‌ باڵا به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ عه‌ممار حه‌كیم پێی‌ وایه‌ كه‌ ئه‌وان مافی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌یان هه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ گردبوونه‌وه‌كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی‌ عه‌بدولعه‌زیز حه‌كیمی‌ باوكی‌ عه‌ممار دروستكراوه‌و پۆستی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیرانیش بۆ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا چووه‌، ئیتر ئه‌مان مافی‌ پۆستی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌یان هه‌یه‌.

 

هه‌رچه‌نده‌ تائێستا حه‌كیم خۆی‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌ نه‌پاڵاوتووه‌، به‌ڵام له‌زیاد له‌بۆنه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ به‌دیلیان ده‌بێت ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی‌ یاسا سووربێت له‌سه‌ر پاڵاوتنی‌ عه‌لی‌ ئه‌دیب بۆ ئه‌و پۆسته‌.

 

ئه‌م رێوشوێنانه‌ی‌ حه‌كیم باسی‌ كردووه‌ هه‌ندێك وای‌ ده‌خوێننه‌وه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ به‌ئاراسته‌ی‌ په‌رته‌وازه‌بوونی‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌و دوور نییه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵا بكشێته‌وه‌و سه‌رله‌نوێ‌ ئیئتیلافی‌ نیشتیمانی‌ (ناوی‌ كۆنی‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌) به‌بێ‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا دروست بكاته‌وه‌.

 

ئه‌وه‌ی‌ زیاتر ئه‌م گریمانه‌یه‌ زه‌قده‌كاته‌وه‌، هه‌ڵوێستی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانه‌ به‌ر له‌دواهه‌مین هه‌ڵبژاردن كه‌ دژی‌ مالیكی‌ وه‌ستانه‌وه‌ بۆ ویلایه‌تی‌ سێهه‌می‌ سه‌رۆكایه‌تی‌‌و ئه‌و كات ره‌وتی‌ سه‌در پاڵپشتی‌ به‌هێزی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵا بوو، به‌ڵام سه‌ركرده‌كانی‌ هه‌ردوو لایه‌ن ئه‌وه‌ روون ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئاماژه‌كانی‌ حه‌كیم به‌مانای‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ نایه‌ت.

 

سالم مسلماوی‌ په‌رله‌مانتاری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵا به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌نجومه‌نی‌ باڵاو عه‌ممار حه‌كیم مه‌به‌ستیانه‌ هاوپه‌یمانی‌ نیشتیمانی‌ به‌یه‌كگرتووی‌ بمێنێته‌وه‌و ده‌بێت بڕیارو ئاراسته‌كانی‌ هاوتای‌ ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ بێت كه‌ رووی‌ له‌عێراق كردووه‌".

 

ده‌شڵێت "بڕیاره‌كانی‌ ئێمه‌ بۆ به‌یه‌كگرتوو مانه‌وه‌ی‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌یه‌، ئه‌گه‌ر كوتله‌یه‌كی‌ دیاریكراو بیه‌وێت سه‌رۆك بسه‌پێنێت، ئه‌وا ئێمه‌ش هه‌ڵوێست‌و بۆچوونی‌ خۆمان ده‌بێت".

 

مسلماوی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ "چه‌ند لایه‌نێكی‌ گرنگ رێگه‌ ناده‌ن له‌وه‌ زیاتر هاوپه‌یمانی‌ نیشتیمانی‌ په‌كی‌ بكه‌وێت، به‌و پێیه‌ی‌ گه‌وره‌ترین كوتله‌ی‌ سیاسییه‌ له‌عێراقدا، بۆیه‌ له‌و رووه‌وه‌ پشتیوانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵا ده‌كه‌ن"، ئه‌م لێدوانه‌ هێمایه‌كی‌ روونه‌ بۆ ره‌وتی‌ سه‌در، چونكه‌ زیاد له‌جارێك موقته‌دا سه‌در رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌و پشتیوانی‌ عه‌ممار حه‌كیم ده‌كات بۆ سه‌رۆكایه‌تی‌ هاوپه‌یمانی‌ نیشتیمانی‌.

 

له‌به‌رامبه‌ردا ده‌وڵه‌تی‌ یاسا پێی‌ وایه‌ ئه‌وان شایه‌نی‌ وه‌رگرتنی‌ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ن‌و رایده‌گه‌یه‌نن كه‌ عه‌لی‌ ئه‌دیب پاڵێوراویانه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش نه‌بوو دوو بژارده‌ی‌ تریان خستووه‌ته‌ روو، عه‌باس به‌یاتی‌ په‌رله‌مانتاری‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا به‌"نیقاش"ی‌ وت "یه‌كێك له‌بژارده‌كان دیاریكردنی‌ سه‌رۆكی‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ده‌وری‌".

 

هه‌رچی‌ بژارده‌ی‌ دووهه‌میشه‌ خۆی‌ له‌سازانی‌ نێوان لایه‌نه‌كان ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ به‌قسه‌ی‌ به‌یاتی‌ ئه‌وه‌ش پرۆسه‌یه‌كی‌ ئاڵۆزو زه‌حمه‌ت نییه‌.

 

ره‌نگه‌ بژارده‌ی‌ یه‌كه‌م زیاتر قابیلی‌ جێبه‌جێكردن بێت‌و بژارده‌ی‌ دووهه‌میان سه‌رنه‌گرێت، به‌و پێیه‌ی‌ لایه‌نه‌كان ناتوانن به‌ئاسانی‌ بگه‌نه‌ یه‌ك، هه‌رچه‌نده‌ چه‌ند جارێك پێشنیاری‌ ئه‌وه‌ كراوه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ناوخۆیی‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌ بكرێت.

 

عه‌واتف نیعمه‌ په‌رله‌مانتاری‌ رێكخراوی‌ به‌در له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كان نه‌یانتوانی‌ بگه‌نه‌ سازان، ئه‌وا باشترین بژارده‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ناوخۆییه‌".

 

هه‌رچه‌نده‌ زیاد له‌بژارده‌یه‌ك خراوه‌ته‌ روو، به‌ڵام تائێستا لایه‌نه‌كان نه‌یانتوانیوه‌ كێشه‌كه‌ بخه‌ن به‌لایه‌كدا، هه‌رچی‌ كۆبوونه‌وه‌كانی‌ هاوپه‌یمانی‌ نیشتیمانییه‌، ئێستاشی‌ له‌گه‌ڵدا بێت هه‌ر به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ ئیبراهیم جه‌عفه‌ری‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ بۆ ساڵێك ده‌چێت ئه‌و بووه‌ته‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ به‌شێك پێیان وایه‌ پۆستی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ هیچ نییه‌ جگه‌ له‌پۆستێكی‌ ته‌شریفاتی‌، به‌ڵام هه‌ندێكی‌ تر ده‌ڵێن ئه‌م ناكۆكییه‌ قوڵانه‌ ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ پۆسته‌كه‌ چه‌نده‌ گرنگه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌