راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

كێشه‌ بێ‌ كۆتاییه‌كه‌
داوای‌ لابردنی‌ پارێزگاری‌ به‌سره‌ سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌

وه‌حید غانم
ناكۆكی‌ پارێزگای‌ به‌سره‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان رۆژ به‌رۆژ رووی‌ له‌هه‌ڵكشانه‌‌و پێناچێت ئاسۆی‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كانیشیان روون بێت‌و له‌مه‌شدا هاوڵاتیان تاكه‌ زیانمه‌ندن.
6.08.2015  |  به‌سره
ماجید نه‌سراوی‌ پارێزگاری‌ به‌سره‌
ماجید نه‌سراوی‌ پارێزگاری‌ به‌سره‌

ناكۆكی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌سه‌ر پارێزگاری‌ به‌سره‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێكی‌ به‌رز، نوێنه‌رانی‌ پارێزگاكه‌ له‌په‌رله‌مان‌و ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا له‌ناكۆكییه‌كی‌ قوڵدان، له‌لایه‌ی‌ خۆیه‌وه‌ ماجید نه‌سراوی‌ پارێزگاری‌ به‌سره‌ ویستی‌ له‌رووی‌ ناڕه‌زاییه‌كان بوه‌ستێت‌و به‌شداری‌ دانیشتنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كردو پرۆژه‌كانی‌ خسته‌ روو، به‌ڵام ئه‌م هه‌نگاوه‌ش هیچ رۆڵی‌ نه‌بوو له‌كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ناكۆكی‌ نێوان خۆی‌‌و نه‌یاره‌كانی‌.

 

ناكۆكی‌ سه‌ره‌كی‌ نێوان پارێزگارو لایه‌نه‌كانی‌ تر په‌یوه‌سته‌ به‌و كێشه‌ بێ‌ كۆتایه‌ی‌ له‌عێراقدا هه‌یه‌و سه‌رچاوه‌كه‌ی‌ هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانن، له‌هه‌ڵبژاردنی‌ رابردوودا ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ئیسلامی‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نێكی‌ تر به‌ڕڕه‌كه‌ی‌ له‌بن پێی‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا راكێشاو پۆستی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ لێسه‌ند، بۆیه‌ ئێستا ده‌وڵه‌تی‌ یاسا له‌ناكۆكییه‌كی‌ قوڵدایه‌ له‌گه‌ڵ پارێزگاردا، لایه‌نگرانی‌ پارێزگاریش هۆكاری‌ هه‌موو شكسته‌كان هه‌ڵده‌واسن به‌عه‌لاگه‌ی‌ دژایه‌تیكردندا.

 

ئه‌وانه‌ی‌ ره‌خنه‌ له‌فه‌هداوی‌ ده‌گرن به‌وه‌ تۆمه‌تباری‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ماوه‌ی‌ دوو ساڵی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌ له‌كاره‌كه‌یدا (نه‌سراوی‌ له‌ئایاری‌ 2013 وه‌ك نوێنه‌ری‌ ئیئتیلافی‌ به‌سره‌ 19 ده‌نگی‌ له‌كۆی‌ 35 ده‌نگی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا به‌ده‌ست هێنا).

 

دیارترین پێكهاته‌كانی‌ ئیئتیلافی‌ به‌سره‌ پێكهاتبوون له‌: (موته‌حیدون، وه‌حده‌و عه‌داله‌، پێكهاته‌ی‌ مه‌سیحی‌، حیزبی‌ ده‌عوه‌ رێكخستنی‌ ناوخۆ، ئیئتیلافی‌ ئه‌حرار، ئیئتیلافی‌ مواتین، بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیراده‌ی‌ عێراق، دوو ئه‌ندامی‌ كوتله‌ی‌ ناوه‌ند).

 

له‌ماوه‌ی‌ دوو ساڵی‌ رابردوودا حكومه‌تی‌ لۆكاڵی‌ به‌سره‌ نه‌یتوانی‌ چاره‌یه‌كی‌ كێشه‌ی‌ له‌بن نه‌هاتووی‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان بكات بۆ پارێزگایه‌ك كه‌ به‌ده‌ست سێ‌ شه‌ڕه‌وه‌ شه‌كه‌ت بووه‌.

 

به‌شێك پێیان وایه‌ هۆكاری‌ ئه‌م كێشانه‌ خراپ به‌ڕێوه‌بردن‌و مه‌سه‌له‌ی‌ به‌شه‌ پشكی‌ حیزبیه‌،  عه‌باسی‌ جۆرانی‌ چالاكوانی‌ سیاسی‌ پێی‌ وایه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پارێزگاریش بگۆڕدرێت كێشه‌كان چاره‌سه‌ر نابن، چونكه‌ لایه‌نه‌كان متمانه‌یان به‌یه‌كتر نییه‌.

 

جۆرانی‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند كه‌ خۆی‌ چاودێری‌ دانیشتنی‌ بانگهێشتی‌ پارێزگاری‌ كردووه‌و گوێی‌ لێبووه‌ كه‌ پارێزگار وه‌ڵامی‌ زۆربه‌ی‌ پرسیاری‌ نه‌یاره‌كانی‌ داوه‌ته‌وه‌، ده‌شڵێت "هه‌ر كه‌ دانیشتنه‌كه‌ كۆتایی‌ هات نه‌یاره‌كانی‌ رایانگه‌یاند باوه‌ڕیان به‌وه‌ڵامه‌كان نه‌كردووه‌‌و كه‌چی‌ له‌دانیشتنه‌كه‌دا نه‌كه‌وتنه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵی‌".

 

نه‌سراوی‌ شوێنی‌ پارێزگاری‌ پێشوو خه‌له‌ف عه‌بدولسه‌مه‌دی‌ گرتووه‌ته‌وه‌ كه‌ پاڵێوراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا بوو، لایه‌نگرانی‌ ده‌ڵێن ئه‌م پارێزگاره‌ نوێیه‌ كه‌وتووه‌ به‌سه‌ر چه‌ندین پرۆژه‌ی‌ ته‌واونه‌كراودا، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ عێراق تووشی‌ شه‌ڕی‌ داعش‌و دابه‌زینی‌ نرخی‌ نه‌وت بووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ هیچی‌ پێنه‌كراوه‌.

 

ئه‌مین وه‌هب سه‌رۆكی‌ كوتله‌ی‌ مواتین –ئه‌نجومه‌نی‌ باڵا- به‌"نیقاش"ی‌ وت "نه‌سراوی‌ له‌ساڵی‌ 2013 پۆسته‌كه‌ی‌ وه‌رگرت له‌كاتێكدا هه‌موو پرۆژه‌كان بڕیاریان لێدرابوو، بۆیه‌ ته‌نها چاودێری‌ جێبه‌جێكردنیمان ده‌كرد، ساڵی‌ دواتر به‌هۆی‌ شه‌ڕی‌ داعشه‌وه‌ بڕیار له‌بودجه‌ نه‌درا، بۆیه‌ ده‌بووه‌ سه‌رپێچی‌ ئه‌گه‌ر به‌بێ‌ ته‌رخانكردنی‌ بودجه‌ پارێزگار پرۆژه‌ی‌ جێبه‌جێ‌ بكردایه‌".

 

وه‌هب ده‌شڵێت "هه‌موو هه‌وڵه‌كانی‌ پارێزگار له‌بواری‌ كاره‌بادا بوو، بۆیه‌ ئێستا به‌سره‌ باشترین پارێزگای‌ عێراقه‌ له‌رووی‌ دابینكردنی‌ كاره‌باوه‌و رۆژانه‌ 20 كاتژمێر كاره‌بامان هه‌یه‌".

 

به‌ڵام شێخ ئه‌حمه‌د سلێتی‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ چاودێری‌ دارایی‌ له‌ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا پێی‌ وایه‌ پارێزگار له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ یاسا پاره‌ی‌ بۆ چه‌ند پرۆژه‌یه‌ك خه‌رج كردووه‌ كه‌ جێی‌ بایه‌خ نه‌بوون، ده‌شڵێت "نزیكه‌ی‌ ترلیۆنێك دینار خه‌رج كراوه‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ هیچ دیار بێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ ئاگادارنه‌كردووه‌ته‌وه‌ له‌خه‌رجكردنی‌ ئه‌و پارانه‌ی‌ ساڵی‌ رابردوو گه‌یشتوونه‌ته‌ ده‌ستی‌".

 

هه‌رچه‌نده‌ لایه‌نگرانی‌ پارێزگار باس له‌ده‌ستكه‌وته‌كانی‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام راپۆرته‌كانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ به‌سره‌ له‌سه‌ره‌وه‌ی‌ پارێزگا گه‌نده‌ڵه‌كانه‌ له‌عێراقدا، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ خزمه‌تگوزاری‌ تیایدا لاوازه‌و خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌نده‌ توڕه‌ن رۆژانه‌ وێنه‌كانی‌ نه‌سراوی‌ ده‌دڕێنن، وه‌ك چۆن وێنه‌ی‌ پارێزگاری‌ پێشوویان ده‌دڕاند.

 

له‌چوارچێوه‌ی‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كاندا ژماره‌یه‌ك له‌هاوڵاتیانی‌ به‌سره‌ چوونه‌ به‌رده‌م دیوانی‌ پارێزگاو دژی‌ نه‌بوونی‌ خزمه‌تگوزاری‌‌و گه‌نده‌ڵی‌ دروشمیان ده‌وته‌وه‌و داوای‌ لابردنی‌ پارێزگاریان ده‌كرد.

 

ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵا كه‌ پارێزگار پاڵێوراوی‌ ئه‌وانه‌ ره‌خنه‌یان له‌خۆپیشاندانه‌كان ده‌گرت‌و به‌خۆپیشاندانی‌ نایاسایی‌ ناویان ده‌بردو پێیان وابوو ده‌ستی‌ چه‌ند لایه‌نێكی‌ له‌پشته‌وه‌یه‌.

 

عه‌باس جۆرانی‌ چالاكوانی‌ سیاسی‌ پێی‌ وایه‌ له‌دوای‌ ساڵی‌ 2003وه‌ هه‌رچی‌ خۆپیشاندانێك له‌عێراقدا كرابێت لایه‌نه‌كان به‌بوونی‌ ده‌ستی‌ ده‌ره‌كی‌ خۆیان لێ دزیوه‌ته‌وه‌، بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ گوێ‌ به‌داوا ره‌واكانیان بگرن.

 

هه‌رچی‌ شێخ ئه‌حمه‌د سلێتی‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ چاودێری‌ داراییه‌ پێی‌ وایه‌ پارێزگار شكستی‌ هێناوه‌ له‌كاره‌كه‌یداو ده‌یه‌وێت كوتله‌كان بكات به‌گژ یه‌كدا بۆ ئه‌وه‌ی‌ كاتی‌ زیاتر به‌ده‌ست بهێنێت.

 

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌م هه‌موو بێنه‌و به‌رده‌یه‌، پێناچێت لابردانی‌ نه‌سراوی‌ له‌ئێستادا كارێكی‌ ئاسان بێت به‌هۆی‌ ئه‌و بارودۆخه‌ سیاسی‌‌و ئه‌منی‌‌و ئابورییه‌ی‌ به‌رۆكی‌ عێراقی‌ گرتووه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئێستا ده‌وڵه‌تی‌ یاسا له‌ناو ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا هێزێكی‌ كاریگه‌ره‌، به‌ڵام به‌قه‌د ئه‌وه‌نده‌ ده‌نگی‌ نییه‌ توانای‌ لابردنی‌ پارێزگاری‌ هه‌بێت، بۆیه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش كه‌ داوای‌ لابردنی‌ ده‌كه‌ن، به‌وه‌ رازین پارێزگارێكی‌ تر له‌هه‌مان كوتله‌ دابنرێت، به‌و مه‌رجه‌ی‌ نه‌سراوی‌ نه‌بێت.

 

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت تا كۆتایی‌ هاتنی‌ ئه‌م خوله‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا، ناكۆكییه‌كان وه‌ك خۆیان بمێننه‌وه‌و پارێزگاریش له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ی‌ خۆی‌ دابنیشێت، به‌ڵام نازانرێت له‌وه‌ به‌دواوه‌ كارته‌ سیاسییه‌كان چۆن رێك ده‌خرێنه‌وه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌