راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

نوێنه‌ری‌ ئێزدییه‌كان له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق:
حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ داعش ژماره‌یه‌ك له‌ئێزدییه‌كانی‌ ئازادكردووه‌

خاڵس جومعە
نوێنه‌ری‌ كۆتایی‌ ئێزدییه‌كان له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت: كاتێك پێشمه‌رگه‌ له‌مانگی‌ ئابی‌ رابردوو ناوچه‌كانی‌ خۆی‌ جێهێشت‌و ئێزدییه‌كانی‌ دایه‌ ده‌ست داعش، په‌كه‌كه‌ به‌ده‌یان هه‌زار ئێزدی‌ رزگارکردووە.
2.07.2015  |  بەغدا
 ( :وێنه Hawre Khalid / Metrography)
( :وێنه Hawre Khalid / Metrography)

له‌ماڵێك له‌ناوه‌ڕاستی‌ به‌غدا كه‌ (520)كم له‌شنگاله‌وه‌ دووره‌، به‌روونی‌ ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌وانه‌ی‌ لێره‌ن هاوڵاتی‌ ئێزدین، پاسه‌وانه‌كه‌ی‌ به‌رده‌رگا به‌رگه‌كه‌ی‌ به‌رگی‌ ئێزدییه‌كانه‌و ئه‌وانه‌شی‌ له‌ژووره‌وه‌ن به‌روخساریانه‌وه‌ دیاره‌ ئێزدین، له‌ناو ئه‌وانه‌شدا حه‌جی‌ كه‌ندۆ سمۆ شێخ نوێنه‌ری‌ كۆتایی‌ ئێزدییه‌كان هه‌یه‌ له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق.

 

كه‌ندۆ سمۆ سه‌ركرده‌یه‌ له‌(بزوتنه‌وه‌ی‌ ئێزدییه‌كان بۆ چاكسازی‌‌و پێشكه‌وتن) كه‌ پشتیوانی‌ حكومه‌تی‌ فیدراڵ‌ ده‌كات‌و دژی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌، دروشمی‌ "نه‌ته‌وه‌ی‌ ئێزدییه‌كان"ی‌ به‌رزكردووته‌وه‌، په‌یامنێری‌ "نیقاش" سه‌ردانی‌ ماڵه‌كه‌ی‌ كردو ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا ئه‌نجامدا، له‌وكاته‌دا سه‌رقاڵبوو به‌مه‌سه‌له‌ی‌ كۆچی‌ ئێزدییه‌كان له‌رێی‌ كامپه‌كانی‌ توركیاوه‌ بۆ ئه‌وروپا.

 

نیقاش: ژماره‌ی‌ ئه‌و ئێزدییانه‌ چه‌ندن كه‌ رفێندراون؟

كه‌ندۆ سمۆ: ئاماری‌ كۆتاییمان له‌به‌ر ده‌ستدا نییه‌، به‌ڵام ژماره‌كه‌ ده‌گاته‌ 3500 كه‌س كه‌ زۆرینه‌یان له‌ژن‌و منداڵن‌و خێزانیش هه‌یه‌ هه‌موو ئه‌ندامه‌كانی‌ رفێندراون، به‌ڵام له‌وانه‌ نزیكه‌ی‌ 1500 كه‌س ئازادكراون كه‌ 700یان ژنن، سه‌ره‌نجام نزیكه‌ی‌ 2000 ژن‌و منداڵی‌ بێ‌ سه‌روشوێنمان هه‌یه‌.

 

نیقاش: بۆ ئه‌م ژمارانه‌ پشتتان به‌چی‌ به‌ستووه‌؟

كه‌ندۆ سمۆ: له‌ژماردنی‌ دانیشتوانی‌ گونده‌ لێقه‌وماوه‌كانه‌وه‌ ده‌ستمان كه‌وتووه‌، له‌دیارترینیان گونده‌كه‌ی‌ من (حردان)‌و گوندی‌ (كۆجۆ) كه‌ داعش به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ له‌ناوبرد.

 

نیقاش: ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ باسیان ده‌كه‌یت ئازادكراون، چۆن ئازادكران؟

كه‌ندۆ سمۆ: هه‌ندێكیان له‌كاتی‌ بۆردومانی‌ فرۆكه‌كانی‌ هاوپه‌یمانان بۆ سه‌ر مۆڵگه‌كانی‌ داعش هه‌ڵهاتوون، به‌تایبه‌تی‌ له‌شاری‌ ته‌له‌عفه‌ری‌ خۆرئاوای‌ موسڵ، یان له‌كاتی‌ گواستنه‌وه‌یان، به‌ڵام به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆریان ئه‌وانه‌ بوون كه‌ له‌رێی‌ رێكه‌وتنێكی‌ نێوان حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و داعشه‌وه‌ ئازادكراون به‌نێوه‌ندگیری‌ عه‌ره‌به‌كانی‌ موسڵ، دیارترین پرۆسه‌ی‌ ئازادكردنیش ئه‌وه‌بوو كه‌ له‌رێیه‌وه‌ 200 كه‌س ئازادكران كه‌ به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆریان ژنی‌ به‌ته‌مه‌ن بوون.

 

نیقاش: ئێستا كێ‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ ئێزدییه‌كان ده‌كات، سیاسییه‌كان، یان ئه‌و چه‌كدارانه‌ی‌ له‌چیای‌ شنگالن؟

كه‌ندۆ سمۆ: هیچ كاتێك به‌قه‌د ئێستا بێسه‌رو به‌ره‌یی‌‌و په‌رت‌و بڵاوی‌ له‌نێو ئێزدییه‌كاندا بوونی‌ نه‌بووه‌، له‌رووی‌ سیاسییه‌وه‌ من نوێنه‌ری‌ ئێزدییه‌كانم له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق‌و به‌ر له‌هاتنی‌ داعش هه‌ڵیانبژاردووم، له‌رووی‌ سه‌ربازیشه‌وه‌ چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌ك هه‌یه‌، له‌وانه‌ حه‌یده‌ر شه‌شۆ كه‌ ئێستا سه‌ر به‌په‌یه‌ده‌یه‌و قاسم شه‌شۆی‌ مامی‌ كه‌ سه‌ر به‌پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌باوكی‌ رۆحی‌ ئاینی‌ ئێزدی‌ له‌عێراق كه‌ ئه‌ویش میر ته‌حسینه‌.

 

نیقاش: پێت وانییه‌ ئێستا بارودۆخه‌كه‌ گۆڕاوه‌، تۆ له‌كاتێكدا هه‌ڵبژێردراویت كه‌ نه‌ینه‌وا به‌ده‌ست داعشه‌وه‌ نه‌بووه‌، ئێستا ئێزدییه‌كان گوێ‌ له‌كێ‌ بگرن؟

كه‌ندۆ سمۆ: (به‌پێكه‌نینه‌وه‌) له‌راستییه‌ گوێ‌ له‌كه‌س ناگرن، ئێستا ئێزدییه‌كان بوون به‌دوو به‌شه‌وه‌، به‌شێكیان پشتیوانی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ ده‌كه‌ن‌و نه‌یاری‌ پرۆژه‌ی‌ كوردین، به‌شێكی‌ تریان سه‌ر به‌حیزبه‌ كوردییه‌كانن (پارتی‌ دیموكرات‌و یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌)، به‌م دواییه‌ ده‌سته‌یه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆ دروستبوو به‌ناوی‌ "ماڵی‌ ئێزدییه‌كان".

 

نیقاش: چی‌ زیاتر له‌باره‌ی‌ ئه‌و گروپه‌وه‌ ده‌زانیت؟

كه‌ندۆ سمۆ: گروپێكی‌ چه‌كداری‌ سه‌ربه‌خۆن‌و له‌چیای‌ شنگال دروستبوون بۆ پاراستنی‌ مه‌زارگه‌ ئاینی‌‌و ناوچه‌ی‌ ئێزدییه‌كان‌و چالاكی‌ سیاسییان نییه‌.

 

نیقاش: پشتیوانی‌ له‌بوونی‌ په‌كه‌كه‌ ده‌كه‌یت له‌شنگالدا؟

كه‌ندۆ سمۆ: كاتێك پێشمه‌رگه‌ له‌مانگی‌ ئابی‌ رابردوو ناوچه‌كانی‌ خۆی‌ جێهێشت‌و ئێزدییه‌كانی‌ دایه‌ ده‌ست داعش، په‌كه‌كه‌ به‌ده‌یان هه‌زار ئێزدی‌ ئازادكرد‌و رێگای‌ بۆ كردنه‌وه‌ بۆ ناو سوریاو له‌وێشه‌وه‌ بۆ كامپه‌كانی‌ كوردستان‌و توركیا.

 

نیقاش: ئیتر ئاساییه‌ حیزبێت له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراقه‌وه‌ ده‌ست وه‌ربداته‌ كاروباری‌ ئێزدییه‌كان؟

كه‌ندۆ سمۆ: دواجار پێم وایه‌ باشترین كه‌س كه‌ بڕیار له‌چاره‌نووسی‌ ئێزدییه‌كان بدات، هه‌ر ئێزدییه‌كان خۆیانن.

 

نیقاش: ئێستا چیای‌ شنگال به‌ده‌ست كێوه‌یه‌؟

كه‌ندۆ سمۆ: له‌وێش بێ‌ سه‌روبه‌ره‌یی‌ هه‌یه‌، ململانێی‌ پێشمه‌رگه‌و په‌كه‌كه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌شه‌ڕی‌ داعش، ئه‌م بارودۆخه‌ خزمه‌تی‌ ئێزدییه‌كان ناكات كه‌ خۆیشیان دابه‌شبوون به‌سه‌ر هه‌ردوو به‌ره‌كه‌دا،  پێشمه‌رگه‌ ده‌یه‌وێت هه‌موو هێزه‌ چه‌كداره‌كانی‌ ئه‌وێ‌ له‌ژێر فه‌رمانڕه‌وایی‌ خۆیدابن.

 

نیقاش: له‌كه‌یه‌وه‌ سه‌ردانی‌ شنگالت نه‌كردووه‌؟

نیقاش: دواهه‌مینجار له‌یه‌كی‌ حوزه‌یرانی‌ ساڵی‌ رابردوو له‌وێ‌ بووم، له‌و كاته‌وه‌ نه‌چوومه‌ته‌وه‌.

 

نیقاش: ئێستا دوای‌ ئازادكردنی‌ چیای‌ شنگال‌و به‌شێكی‌ قه‌زاكه‌ ئه‌توانیت بچیته‌وه‌ بۆ ئه‌وێ‌؟

كه‌ندۆ سمۆ: له‌م بارودۆخه‌دا ناتوانم، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ تاكه‌ رێگا له‌رێی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌یه‌و هێزه‌ كوردییه‌كانیش ناهێڵن له‌وێوه‌ تێپه‌ڕ ببم، چونكه‌ بزوتنه‌وه‌كه‌مان ناكۆكی‌ سیاسی‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌ كوردییه‌كان هه‌یه‌و ناچینه‌ ژێر ركێفی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌، به‌ڵكو پێمان وایه‌ ئێزدییه‌كان له‌رووی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌‌و ئاینه‌وه‌ جیان له‌كورد.

 

نیقاش: چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی‌ ئێزدی‌ له‌مانگی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ ئه‌مساڵ كانتۆنی‌ شنگالیان راگه‌یاند به‌پشتیوانی‌ په‌كه‌كه‌، هه‌رێمی‌ كوردستانیش ئه‌مه‌ی‌ ره‌تكرده‌وه‌، ئێوه‌ پشتیوانی‌ حوكمی‌ خۆ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ئێزدییه‌كان ده‌كه‌ن؟

كه‌ندۆ سمۆ: ئێمه‌ دژی‌ حوكمی‌ خۆ به‌ڕێوه‌بردن‌و جیابوونه‌وه‌ین، به‌ڵكو پشتیوانی‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین له‌عێراقدا بمێنینه‌وه‌و سه‌ر به‌حكومه‌تی‌ به‌غدا بین، به‌ڵام داوا ده‌كه‌ین پاش ئازادكردنی‌ ناوچه‌كانمان له‌ده‌ست داعش، هه‌رێمێك دروست بكه‌ین له‌چوارچێوه‌ی‌ عێراقێكی‌ یه‌كگرتووداو پێكهاته‌ ئاینییه‌كان كۆبكاته‌وه‌ (ئێزدی‌، شه‌به‌ك، مه‌سیحی‌، توركمانی‌ شیعه‌)‌و قه‌زاكانی‌ شنگال‌و ته‌له‌عفه‌رو دۆڵی‌ نه‌ینه‌وا له‌خۆ بگرێت، له‌ناو ئه‌م هه‌رێمه‌شدا پارێزگایه‌ك بۆ ئێزدییه‌كان هه‌بێت.

 

نیقاش: پێت وایه‌ رۆژێك له‌رۆژان شنگال ده‌كه‌وێته‌وه‌ ده‌ست حكومه‌تی‌ فیدراڵ؟

كه‌ندۆ سمۆ: مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ زۆر ئاڵۆزو قورسه‌، چونكه‌ چه‌ند هێزێكی‌ كاریگه‌ر له‌مه‌یدانه‌كه‌دان.

 

نیقاش: عه‌ره‌بی‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان به‌وه‌ ئێزدییه‌ چه‌كداره‌كانیان تۆمه‌تبار ده‌كرد كه‌ تۆڵه‌یان لێكردوونه‌ته‌وه‌و تاوانیان به‌رامبه‌ر ئه‌نجام داون، رای‌ تۆ چییه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌؟

كه‌ندۆ سمۆ: ئێزدییه‌كان رووبه‌رووی‌ كۆمه‌ڵكوژی‌‌و كاره‌ساتی‌ مرۆیی‌ بوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام نابێت تۆڵه‌ له‌هیچ پێكهاته‌یه‌ك بكه‌نه‌وه‌، داوا ده‌كه‌ین یاسا بكرێته‌ پێوه‌ر.

 

دۆسێی‌ كۆچی‌ به‌كۆمه‌ڵی‌ ئێزدییه‌كان له‌كامپه‌كانی‌ توركیاوه‌ بۆ ئه‌وروپا به‌چی‌ گه‌یشتووه‌؟

كه‌ندۆ سمۆ: په‌یوه‌ندیم به‌چه‌ند كه‌سێك كرد كه‌ له‌كامپه‌كانی‌ دیاربه‌كره‌وه‌ به‌پێ كه‌وتوونه‌ته‌ رێ‌ بۆ بولگاریا، به‌هیوای‌ گه‌یشتن به‌ئه‌وروپا، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ بولگاریا رێیان لێگرتوون، بۆیه‌ داوا له‌وڵاتانی‌ ئه‌وروپاو نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌كه‌ن هاوكاری‌ ئه‌و لێقه‌وماوانه‌ بكه‌ن.

 

نیقاش: تۆ پشتگیری‌ كۆچی‌ به‌كۆمه‌ڵ ده‌كه‌یت به‌م شێوه‌یه‌؟

كه‌ندۆ سمۆ: خۆیان باشترین كه‌سن بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر كۆچكردن یان مانه‌وه‌، به‌ڵام پێم وانییه‌ به‌بێ‌ بیانوو كامپه‌كانیان جێهێشتبێت.

 

نیقاش: مه‌ترسی‌ نییه‌ له‌سه‌ر بوونی‌ ئێزدییه‌كان له‌عێراق به‌هۆی‌ ئه‌م كۆچه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌وه‌؟

كه‌ندۆ سمۆ: به‌ڵێ‌، له‌راستیدا زۆر له‌وه‌ ده‌ترسم.

 

نیقاش: شه‌ش مانگه‌ زۆربه‌ی‌ گوندو شارۆچكه‌كانی‌ شنگال ئازادكراون، بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌؟

كه‌ندۆ سمۆ: هێشتا ئه‌و ناوچانه‌ مه‌ترسیان له‌سه‌ره‌و داعشیان لێوه‌ نزیكه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ خزمه‌تگوزاری‌ ئاوو كاره‌باوه‌ ته‌ندروستیان نییه‌، هه‌رچی‌ ماڵه‌كانیشه‌ تاڵانكراوه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌، ئیتر خه‌ڵك بۆ كوێ‌ بگه‌ڕێته‌وه‌.

 

نیقاش: دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ روویدا، متمانه‌تان به‌كێ‌ هه‌یه‌؟

كه‌ندۆ سمۆ: ئه‌توانم بڵێم زۆرینه‌ی‌ ئێزدییه‌كان متمانه‌یان به‌هیچ لایه‌نێك نییه‌، نه‌ ئه‌و هێزانه‌ی‌ سه‌ر به‌حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانن‌و نه‌ میلیشیای‌ حیزبه‌ كوردییه‌كان‌و نه‌ ئه‌و هێزانه‌ش كه‌ سه‌ر به‌حكومه‌تی‌ ناوه‌ندن، پێمان وایه‌ ئه‌بێت هێزێكی‌ تایبه‌ت به‌خۆمان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌رگریمان لێبكات.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌