ساڵێك دوای فه‌تواكه‌ی سیستانی بۆ "جیهاد" له‌دژی داعش، ئه‌و گروپه شیعانه‌ی به‌ده‌م فهتواكهوه چوون ئێستا بوون به‌سێ ئاراسته له‌سه‌ر ده‌ستكه‌وته سیاسی‌و سهربازیو ئابوورییه‌كان، ئه‌مه‌ش كاری كردووه‌ته ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كه‌یان كه شه‌ڕی داعشه.
شه‌ممه‌ی رابردوو یه‌ك ساڵی ته‌واو تێپه‌ڕی به‌سه‌ر فه‌تواكه‌ی سیستانی بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی داعش، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ی هه‌ردوو شاری موسڵ‌و تكریتی كۆنترۆڵكرد‌و لهدیالهو باكوری بابل پێشڕه‌وی كرد‌و به‌ره‌و به‌غدا كشا.
ئه‌و میلیشیایانه‌ی به‌ده‌م فه‌تواكه‌ی سیستانییه‌وه چوون، ئێستا بوونه‌ته گروپی نیمچه نیزامی‌و یاسا‌و رێكخستن‌و بڕیاری تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه، هه‌رچه‌نده حكومه‌ت هه‌موویانی له‌ژێر ناوی "حه‌شدی شه‌عبی"دا كۆكرده‌وه، به‌ڵام ئێستا ناكۆكی كه‌وتووه‌ته نێوانیان، هۆكاری ناكۆكییه‌كه‌ش بۆ په‌رته‌وازه‌یی ئه‌و حیزبه شیعانه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه له‌ساڵی 2003ه‌وه له‌عێراقدا باڵاده‌ستن.
حیزبی ده‌عوه كه نوری مالیكی سه‌ره‌ك وه‌زیرانی پێشوو جێگری سه‌ره‌ك كۆمار سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی باڵا ئیسلامی به‌سه‌رۆكایه‌تی عه‌مار حهكیمو ره‌وتی سه‌در به‌سه‌رۆكایه‌تی موقته‌دا سه‌درو رێكخراوی به‌در به‌سه‌رۆكایه‌تی هادی عامری‌و حیزبی فه‌زیله به‌سه‌رۆكایه‌تی محه‌مه‌د یه‌عقوبی، له‌دیارترین هێزه شیعه باڵادهستهكاننو گروپه چه‌كداره‌كانیش هه‌ر سه‌ر به‌وانن.
هه‌رچه‌نده ئه‌م حیزبانه هه‌وڵده‌ده‌ن ریزه‌كانیان یهكبخهنو به‌ربه‌ره‌كانی له‌نێوان چه‌كداره‌كانیاندا نه‌هێڵن، به‌ڵام له‌واقیعدا ئه‌وه‌ی رووده‌دات ململانێیه‌كی گه‌وره‌تره له‌خواستی یه‌كخستن، به‌تایبه‌تی كه په‌یوه‌سته به‌به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی‌و ئابوری‌و سه‌ربازییه‌وه.
ئه‌مڕۆ سێ ده‌سته‌ی جیاواز له‌میلیشیا شیعه‌كان له‌به‌ره‌یه‌كی به‌رفراوان شه‌ڕی داعش ده‌كات كه هه‌ر لهدیالهی خۆرهه‌ڵاتی به‌غداوه درێژ ده‌بێته‌وه تا ده‌گاته سه‌لاحه‌دین لهباكورو ئه‌نبار لهخۆرئاواو كهربهلاو بابل له‌خوارووی پایته‌خت، هه‌ریه‌ك له‌مانه‌ش ئاستی جیاوازیان هه‌یه له‌رووی چهكو بڕیاری ئه‌منییه‌وه.
گروپی یه‌كه‌میان ئه‌وانه‌ن كه له‌ئێرانه‌وه نزیكن‌و له‌رووی ئاینییه‌وه گرێدراون به‌عه‌لی خامه‌نه‌یی رابه‌ری شۆڕشی ئێرانی، دیارترینیان بریتین له‌رێكخراوی "به‌در"و "عه‌سائیب ئه‌هلل حه‌ق"و "كه‌تیبه‌كانی حیزبوڵا"و "سه‌رایا خوراسانی"و "نوجه‌با"، ئه‌م گروپانه له‌هه‌موو ده‌سته‌كانی تر به‌هێزترو پڕچهكترنو هیچ رێزێك له‌بڕیاره‌كانی حكومه‌ت ناگرن.
سادق كه‌نانی دانیشتوی به‌سره كه یه‌كێكه له‌چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی به"نیقاش"ی وت "گروپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌رووی چهكو موچه‌و ده‌ستكه‌وته‌وه جیاوازن، به‌درو عهسائبو حیزبوڵا بارودۆخیان له‌هه‌موو ئه‌وانی تر باشتره".
كه‌نانی كه چه‌ند مانگێكه له‌به‌ری بێجی له‌شه‌ڕدایه ده‌ڵێت "ئه‌م گروپانه چه‌كه‌كانیان ئێرانییه‌و تۆپ‌و كاتیۆشاو زرێپۆشیان هه‌یه".
وه‌ك كه‌نانی ئاماژه‌ی پێده‌كات، ته‌نانه‌ت چه‌كدارانی ئه‌م گروپانه له‌كاتی خۆیدا موچه وهردهگرنو موچه‌كه‌یان باشه‌و زیاتر رێكخراون له‌یه‌كه سهربازییهكانداو بڕیاری تایبه‌تی خۆیان هه‌یه.
گروپی دووه‌میان ئه‌وانه‌ن كه عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه دروستی كردوون‌و هه‌ر خۆیشی داهاته‌كه‌یان دابین ده‌كات، دیارترینیان بریتین له "لیوای عه‌لی ئه‌كبه‌ر"و "سه‌رایا عهتهبه موقه‌ده‌سه"و "سه‌رایا عهتهبه عه‌له‌ویه"و "سه‌رایا عهتهبه حوسه‌ینییه".
ئه‌م گروپانه ئامانجێكی سیاسی‌یان نییه‌و چه‌كداره‌كانیان پابهندكردوون بهحكومهتهوهو كاریان هاریكاری هێزه ئه‌منییه‌كانه‌و ئه‌و شوێنانه‌ی ئازاد ده‌كرێت لێی ده‌مێننه‌وه، چهكهكانیشیان سووك‌و مامناوه‌نده.
چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌نوسینگه‌ی سیستانی به"نیقاش"یان راگه‌یاند پاره‌ی ئه‌م گروپانه سیستانی له‌و كۆمه‌كانه دابینی ده‌كات كه وه‌ك گه‌وره‌ترین مه‌رجه‌عی شیعه له‌جیهاندا كۆیدهكاتهوه، ئه‌میش ململانێیه‌كی توندی له‌گه‌ڵ عه‌لی خامه‌نه‌یی رابه‌ری شۆڕشی ئێرانی‌دا هه‌یه كه ئێرانییه‌كان پێیان وایه ئه‌مه‌ی دووهه‌میان گه‌وره‌ترین مه‌رجه‌عی شیعه‌ی جیهانه.
گروپه چه‌كداره‌كانی سه‌ر بهسیستانی به‌وه جیاده‌كرێنه‌وه كه ژماره‌یان ئێجگار زۆره‌و چه‌كیان كه‌مه‌و زۆربه‌ی چه‌كه‌كانیان له‌جۆری سووك‌و مامناوه‌نده وه‌ك كڵاشینكفو بی كه‌ی سی‌و به‌ئۆتۆمبێلی ئاسایی له‌گه‌ڵ سوپادا جموجۆڵ ده‌كه‌ن.
ده‌سته‌ی سێهه‌می گروپه چه‌كداره‌كانیش ئه‌وانه‌ن كه سه‌ر به‌دوو گه‌وره‌ترین حیزبی شیعه‌ی هاوپه‌یمانی یه‌كترن كه ئه‌وانیش ئه‌نجومه‌نی باڵا به‌سه‌رۆكایه‌تی عه‌مار حهكیمو ره‌وتی سه‌در به‌سه‌رۆكایه‌تی موقته‌دا سه‌درن، هه‌ردوكیان پهرلهمانتارو وه‌زیریان له‌ناو حكومه‌تدا هه‌یه.
"سه‌رایا جیهاد وبینا"و "سه‌رایا عاشور"و "سه‌رایا ئه‌نسار عه‌قیده" سه‌ر به‌ئه‌نجوومه‌نی باڵانو حكومه‌ت پاره‌و چه‌كیان دهداتێو پابه‌ندن به‌بڕیاره‌كانی حكومه‌ته‌وه‌و له‌گه‌ڵ سوپادا جموجۆڵ دهكهنو كه‌ره‌سته‌كانی ئه‌وان به‌كارده‌هێنن.
هه‌رچی "سه‌رایا سه‌لام"ه سه‌ر به‌ره‌وتی سه‌دره‌و خه‌رجییه‌كه‌شی له‌و كۆمهكانهوه ده‌ست ده‌كه‌وێت كه موقته‌دا سه‌در له‌هه‌زاران شوێنكه‌وتووی خۆی كۆیان ده‌كاته‌وه.
حكومه‌ت ئاماده نییه به‌شێوه‌یه‌كی باش خه‌رجی "سه‌رایا سه‌لام" بگرێته ئه‌ستۆ به‌هۆی چه‌ند فاكته‌رێكی سیاسییه‌وه كه په‌یوه‌سته به‌ناكۆكی قوڵی نێوان ره‌وتی سه‌درو حیزبی ده‌عوه كه حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌ره‌ك وه‌زیران سه‌ر به‌و حیزبه‌یه، ئه‌مه‌ش به‌قسه‌ی نه‌سیر ساعیدی ئه‌ندامی ره‌وتی سه‌در.
ساعیدی به"نیقاش"ی وت "موقته‌دا سه‌در له‌رووی نوری مالیكی سه‌ره‌ك وه‌زیرانی پێشوودا وه‌ستایه‌وه‌و رێی نه‌دا بۆ جاری سێهه‌م ببێته‌وه به‌سه‌ره‌ك وه‌زیران، تائێستاش مالیكی به‌سه‌ر بڕیاره‌كانی ده‌عوه‌و حكومه‌ته‌وه باڵاده‌سته".
به‌ر له‌هه‌فته‌یه‌ك موقته‌دا سه‌در داوای له‌شوێنكه‌وتووانی كرد كۆمه‌ك بۆ "سه‌رایا سه‌لام" كۆ بكه‌نه‌وه‌و له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا ره‌خنه‌ی له‌وه‌ش گرت كه به‌راورد بهگروپهكانی تر خراپ هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی گروپه‌كه‌ی ئه‌ودا ده‌كرێت.
هه‌ر بۆ نموونه سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌ت كه بوونه‌ته خۆبه‌خش له‌حه‌شدی شه‌عبی، مۆڵه‌تیان دراوه‌تێ به‌موچه‌وه، كه‌چی ئه‌مه له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی "سه‌رایا سه‌لام"دا نه‌كراوه، ئه‌مه‌ش دیسانه‌وه به‌قسه‌ی ساعیدی.
عه‌میدێك له‌ژووری ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی وه‌زاره‌تی به‌رگری كه خۆی داوایكرد ئاماژه به ناوه‌كه‌ی نه‌كرێت به"نیقاش"ی وت "هه‌ندێ له‌گروپه شیعه‌كان، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌ئێرانن ئاماده‌نین هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سوپادا بكهنو به‌پێی پلانه‌كانی بجوڵێنه‌وه، ئه‌وان خۆیان ئامانج‌و پلانی خۆیان دیاریی ده‌كه‌ن".
ئه‌و عه‌میده كه له‌ژووری هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌شه له‌ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غداو ژووره‌كه سوپا‌و پۆلیس‌و هێزی هاوپه‌یمانانی له‌خۆگرتووه، وتی "هه‌ر بۆ نموونه ئه‌م گروپانه هه‌فته‌ی رابردوو بڕیاریاندا شاری فه‌لوجه ئازاد بكه‌ن، له‌كاتێكدا پلانی حكومه‌ت ئازادكردنی رومادی بوو".
ناكۆكی نێوان گروپه شیعه‌كان هیچ شاراوه نییه‌و جیاوازییان له‌رووی هێزو چهكو جیاوازی ئامانجه‌وه، ره‌نگه ناكۆكییه‌كه‌یان قوڵتر بكاته‌وه، ئه‌مه‌ش كێشه‌ی له‌پارێزگا شیعه‌كانی خواروو دروستكردووه.
هه‌فته‌ی پێشوو له‌به‌سره خۆپیشاندانێكی ناڕه‌زایی دژی ماجید نه‌سراوی پارێزگای به‌سره به‌ڕێوه‌چوو كه سه‌ر به‌ئه‌نجوومه‌نی باڵایه‌و هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ ره‌وتی سه‌دردا هه‌یه، سیاسه‌تمه‌دارانی ئه‌م دوو حیزبه ده‌ڵێن، حیزبی ده‌عوه له‌پشت خۆپیشاندانهكانهوهیه بۆ لێدان لهپاڕێزگار.
مانگی رابردووش "كه‌تیبه‌كانی حیزبوڵا" په‌لاماری باره‌گای ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامییاندا له‌به‌سره‌و كه‌لوپه‌له‌كانی ناویان برد، ئه‌نجومه‌نی باڵاش به‌به‌یاننامه‌یه‌ك ره‌خنه‌ی له‌رووداوه‌كه گرت‌و داوای له‌ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیسی سه‌رۆكی حیزبوڵا كرد روونكردنه‌وه بدات.
ناكۆكی نێوان گروپه شیعه‌كان گه‌یشتووه‌ته ئه‌و راده‌یه‌ی له‌رێی میدیاكان‌و ئه‌و رۆژنامه‌و كه‌ناڵه ئاسمانیانه‌ی هه‌یانه تۆمه‌ت ئاراسته‌ی یه‌كتر بكه‌ن، میدیای سه‌ر بهمیلیشیاكانیش زمانی له‌هه‌موویان زبرتره، له‌كاتێكدا جاران ئه‌م ده‌زگا راگه‌یاندنانه تۆمه‌ته‌كانیان ته‌نها به‌ئاراسته‌ی كورد‌و سوننه بوو.
له‌راستیدا ئه‌م ناكۆكیانه ده‌رگا به‌رووی ناكۆكی‌و ئاڵۆزی گه‌وره‌تردا ده‌كاته‌وه، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2017، چاودێران پێیان وایه ئه‌مجاره ململانێكه زۆر توندتر ده‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێزه شیعه‌كان ئێستا چهكو چه‌كداریان هه‌یه‌و له‌شه‌ڕی داعشه‌وه رووده‌كه‌نه یه‌كتر.