راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

عه‌شیره‌ته‌كانی‌ نه‌ینه‌وا به‌یعه‌ت به‌بارزانی‌‌و داعش ده‌ده‌ن

خاڵس جومعە
16.04.2015  |  موسڵ
Extremists hold a meeting with tribal leaders in Kirkuk.
Extremists hold a meeting with tribal leaders in Kirkuk.

ئێستا عه‌شیره‌ته‌كانی‌ نه‌ینه‌وا بوون به‌دوو به‌ره‌وه‌، به‌شێكیان چوونه‌ته‌ پاڵ هێزه‌ كوردییه‌كان‌و داوا ده‌كه‌ن بچنه‌ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌شێكی‌ تریشیان تازه‌ به‌تازه‌ به‌یعه‌ت بۆ داعش دووپات ده‌كه‌نه‌وه‌.

"قسه‌كانی‌ بارزانی‌ روون بوو كاتێك ووتی‌ ئێوه‌ به‌شێكن له‌ئێمه‌، به‌ڵام له‌هیچ كه‌سێكی‌ قبوڵ ناكه‌ین پێیه‌كی‌ لای‌ ئێمه‌و پێكه‌ی‌ تری‌ لای‌ داعش بێت، بێگومان ئه‌و كاته‌ یه‌كێكیان ده‌بڕینه‌وه‌"، ئه‌مه‌ قسه‌ی‌ یه‌كێك له‌سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌ عه‌ره‌به‌كانه‌ له‌باكوری‌ نه‌ینه‌وا كه‌ ناوچه‌كه‌یان به‌مدواییه‌ له‌ده‌ستی‌ داعش ئازادكراوه‌.

"رێگه‌ ناده‌ین پێشمه‌رگه‌و میلیشیا شیعه‌كان بێنه‌ ناو موسڵه‌وه‌، له‌پاڵ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامیدا ده‌جه‌نگین، به‌س ئێوه‌ داوا بكه‌ن، ئینجا ببینن له‌شه‌ڕه‌كاندا چی‌ ئه‌كه‌ین" ئه‌مه‌ش قسه‌ی‌ سه‌رۆك عه‌شیره‌تێكی‌ تره‌ له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كییاندا له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌به‌رپرسانی‌ داعش له‌شاری‌ موسڵ.

به‌م شێوه‌یه‌ سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌ عه‌ره‌به‌كانی‌ موسڵ له‌سایه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ داعشه‌وه‌ دابه‌ش بوون‌و بوونه‌ته‌ خاوه‌نی‌ دوو هه‌ڵوێستی‌ جیاواز.

نه‌ینه‌وا پارێزگایه‌كی‌ فره‌ره‌نگ‌و پێكهاته‌یه‌، دووهه‌مین گه‌وره‌ترین پارێزگای‌ عێراقه‌ له‌رووی‌ ژماره‌ی‌ دانیشتوانه‌وه‌، به‌شێك له‌خاكه‌كه‌شی‌ ناوچه‌ی‌ جێناكۆكه‌ له‌نێوان به‌غداو هه‌رێمی‌ كوردستاندا، هاوكات له‌رووی‌ تایفی‌‌و نه‌ته‌وه‌یی‌‌و مه‌زهه‌بییه‌وه‌ هه‌مه‌چه‌شنه‌و كه‌وتووه‌ته‌ سه‌ر سنوری‌ سوریاش، هه‌موو ئه‌مانه‌ وایانكردووه‌ بارودۆخی‌ عه‌شیره‌ته‌ عه‌ره‌به‌كان له‌سایه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ داعشدا له‌نگ‌و ئاڵۆز بێت.

له‌دوای‌ حوزه‌یرانی‌ ساڵی‌ رابردووه‌وه‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ زۆربه‌ی‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانی‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وای‌ له‌ده‌ستدا، به‌تایبه‌تی‌ شنگال‌و ناوچه‌كانی‌ دۆڵی‌ نه‌ینه‌وا كه‌ زۆربه‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌یان ئێزدی‌‌و مه‌سیحی‌‌و شه‌به‌ك بوون، به‌ڵام دواتر به‌پاڵپشتی‌ ئاسمانی‌ هێزی‌ هاوپه‌یمانان توانی‌ به‌شێكی‌ به‌رچاوی‌ ئه‌و ناوچانه‌ ئازاد بكاته‌وه‌، له‌و كاته‌وه‌ پرسیاری‌ ئه‌وه‌ هاته‌ ئاراوه‌، ئاخۆ چاره‌نووسی‌ عه‌ره‌به‌كانی‌ ئه‌و ناوچانه‌ چی‌ به‌سه‌ردێت.

له‌پاش ئازادكردنی‌ ئه‌و ناوچانه‌ مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم وتی‌ "ئه‌و سنورانه‌ی‌ له‌به‌ره‌نجامی‌ رێكه‌وتننامه‌ی‌ سایس – بیكۆوه‌ كێشراون سنوری‌ ده‌ستكردن، له‌مه‌ودوا سنوره‌كان به‌خوێن ده‌كێشرێن له‌ناوخۆو له‌گه‌ڵ وڵاتانی‌ تردا" ئه‌مه‌ش مانای‌ ئه‌وه‌یه‌ خاك بۆ ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ ئازادی‌ ده‌كات.

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ داعش وه‌ده‌رنراوه‌، به‌ڵام هێشتا چه‌ند گوندێكی‌ عه‌ره‌بنشین هه‌ن كه‌ به‌ته‌واوی‌ چۆڵن، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ رێكخراوی‌ هیومان رایس وۆچ هێزه‌ كوردییه‌كانی‌ تۆمه‌تبار كردووه‌ به‌وه‌ی‌ "جیاكاری‌ ره‌گه‌زیان له‌نه‌ینه‌وا ئه‌نجامداوه‌و ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی‌ به‌هۆی‌ شه‌ڕه‌وه‌ هه‌ڵهاتوون رێیان لێگرتوون بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ‌و حاڵی‌ خۆیان"، ئه‌م قسانه‌ش له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێمه‌وه‌ ره‌تده‌كرێته‌وه‌و رایده‌گه‌یه‌نن ئه‌و رێوشوێنانه‌ی‌ گیراوه‌ته‌ به‌ر بۆ پاراستنی‌ سه‌لامه‌تی‌ هاوڵاتیانی‌ عێراقییه‌ به‌بێ‌ جیاوازی‌.

حاچم راكان كوڕی‌ یه‌كێك له‌سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌ دیاره‌كانی‌ شمه‌ر به‌رده‌وام ره‌خنه‌ له‌ره‌فتاری‌ پێشمه‌رگه‌و حیزبه‌ كوردییه‌كان ده‌گرێت ده‌رهه‌ق به‌عه‌ره‌ب‌و به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "عه‌ره‌به‌كان وه‌ده‌رده‌نرێن‌و رێیان لێده‌گیرێت له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ی‌ خۆیان كشتوكاڵ بكه‌ن، مه‌رجی‌ ئه‌وه‌شیان له‌سه‌ر داده‌نرێ‌ كه‌ پاڵپشتی‌ ئه‌وه‌ بكه‌ن ناوچه‌كانیان بلكێندرێت به‌هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌".

راكان كه‌ به‌ته‌له‌فۆن له‌ئه‌رده‌نه‌وه‌ قسه‌ی‌ ده‌كرد ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ حیزبه‌ كوردییه‌كان له‌ئێستاوه‌ كار ده‌كه‌ن بۆ پێكهێنانی‌ هێزێكی‌ سه‌ر به‌پێشمه‌رگه‌ كه‌ چه‌كدارانی‌ له‌ئه‌ندامانی‌ عه‌شیره‌ته‌كان پێكهاتبێت‌و رێناده‌ن هیچ هێزێكی‌ تر له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌و سایه‌یه‌ هه‌بێت.

به‌قسه‌ی‌ راكان سه‌ره‌تای‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ به‌پێكهێنانی‌ سێ‌ فه‌وج له‌عه‌شیره‌ته‌كانی‌ جحێش‌و شمه‌رو جبوره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات، ئه‌وانیش كێبڕكێیانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ زوو ناوی‌ خۆیان تۆمار بكه‌ن‌و تۆمه‌تی‌ داعشبونیان له‌سه‌ر لاببرێت، چونكه‌ دواجار ئه‌و تۆمه‌ته‌ ده‌یانگه‌ێنێته‌ ده‌ستگیركردن یان ده‌ركردن له‌ناوچه‌كانیان.

سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كان باش له‌وه‌ تێده‌گه‌ن كه‌ به‌مزوانه‌ ده‌ستی‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ند پێیان ناگات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌و ناوچانه‌ باڵاده‌سته‌، بۆیه‌ كه‌وتونه‌ته‌ دانوستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان‌و دانیشتنێكیان له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم رێكخستووه‌ تا دڵنیابن له‌سه‌لامه‌تی‌ خۆیان، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان داوایان كردووه‌ بلكێندرێن به‌هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌.

له‌دوای‌ ئه‌م دانیشتنه‌وه‌ محێدین مزوری‌ كارگێڕی‌ لقی‌ چوارده‌ی‌ پارتی‌ له‌موسڵ سه‌ردانی‌ گونده‌ عه‌ره‌بنشینه‌كانی‌ كردووه‌ به‌تایبه‌تی‌ عه‌ره‌به‌كانی‌ عه‌شیره‌تی‌ حه‌دیدی‌‌و گوێی‌ له‌داواو كێشه‌كانیان گرتووه‌، ئه‌حمه‌د وه‌رشان سه‌رۆك عه‌شیره‌تی‌ حه‌دیدییه‌كان دیارترین كه‌س بووه‌ كه‌ داوای‌ لكاندنی‌ ناوچه‌كه‌یانی‌ كردووه‌ به‌هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌و هه‌ر ئه‌ویش قسه‌كانی‌ مه‌سعود بارزانی‌ گێڕایه‌وه‌.

https://www.facebook.com/video.php?v=634580656675832&pnref=story

له‌ناو موسڵدا بارودۆخه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ تره‌، ئه‌و سه‌رۆك عه‌شیره‌تانه‌ی‌ كه‌ ماونه‌ته‌وه‌ جا به‌خواستی‌ خۆیان بێت یان زۆره‌ ملێ‌ رایه‌كی‌ تریان هه‌یه‌.

داعش كه‌ له‌سه‌ره‌تای‌ په‌لاماردانی‌ موسڵ هیچ رۆڵ‌و گرنگییه‌كی‌ به‌عه‌شیره‌ته‌ عه‌ره‌به‌كان نه‌دا، ئێستا به‌شێوه‌یه‌كی‌ تر له‌بارودۆخه‌كه‌ ده‌ڕوانێت، له‌پاش ئه‌وه‌ی‌ سوپاو حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ موسڵیان ئازادكردووه‌، گرنگی‌ زیاتریان پێده‌دات، له‌مباره‌یه‌وه‌ كورته‌ فیلمێكی‌ به‌رهه‌مهێناوه‌ به‌ناوی‌ "عه‌شیره‌ته‌كانی‌ نه‌ینه‌وا به‌یعه‌ت تازه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌و ئاماده‌ن بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌" له‌وێدا چل پیاو ده‌رده‌كه‌ون به‌جل‌و به‌رگی‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌كانی‌ داعش له‌موسڵ.

https://www.youtube.com/watch?v=Pev5EDpAqMM

سه‌ره‌تای‌ فیلمه‌كه‌ به‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات كه‌ ناوی‌ 30 عه‌شیره‌ت ده‌خوێندرێته‌وه‌و به‌رپرسی‌ دۆسێی‌ عه‌شیره‌ته‌كان له‌لای‌ داعش رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌وانه‌ به‌یعه‌ت بۆ "خه‌لیفه‌ ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی‌" تازه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌و په‌یمانی‌ ده‌ده‌نێ‌ تا مردن له‌گه‌ڵیدا بن، دواتر ژماره‌یه‌ك له‌وانه‌ كه‌ خۆیان ده‌ڵێن نوێنه‌رایه‌تی‌ عه‌شیره‌ته‌ عه‌ره‌به‌كان ده‌كه‌ن رایده‌گه‌یه‌نن كه‌ رووبه‌رووی‌ هه‌ر هێزێك ده‌بنه‌وه‌ بیه‌وێت بچێته‌ ناو موسڵ.

عه‌بدوڵا یاوه‌ر یه‌كێك له‌سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كانی‌ شمه‌ر به‌"نیقاش"ی‌ وت "زۆربه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ قسه‌یان كردووه‌ سه‌رۆك عه‌شیره‌ت نه‌بوون‌و ناچاركراون وابڵێن، چونكه‌ خۆیان دیلی‌ ده‌ستی‌ داعشن، وه‌ك هه‌موو هاوڵاتیانی‌ تری‌ موسڵ".

یاوه‌ر كه‌ ئێستا له‌دهۆك نیشته‌جێیه‌‌و هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌و سه‌ركرده‌ كورده‌كان هه‌یه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ناوچه‌كه‌، عه‌شیره‌ته‌كه‌ی‌ خۆی‌ له‌ناوچه‌ی‌ ره‌بیعه‌ی‌ هاوسنوری‌ سوریایه‌و جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ عه‌شیره‌ته‌كان ناچنه‌ پاڵ داعشه‌وه‌.

له‌دوای‌ ساڵی‌ 2003وه‌ عه‌شیره‌ته‌كانی‌ نه‌ینه‌وا هێزێكی‌ چه‌كداری‌ دیار نه‌بوون، به‌ڵكو دیارده‌یه‌كی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و سیاسی‌‌و هێزێكی‌ هه‌ڵبژاردن بوون، به‌ڵام پێده‌چێت له‌پاش داعشه‌وه‌ ئه‌ركه‌كه‌یان بگۆڕێت، مادام حكومه‌ت پێویستی‌ پێیانه‌ بۆ گرتنه‌ ده‌ستی‌ كاروباری‌ ناوچه‌كه‌یان تا ئه‌و كاته‌ی‌ هێزێكی‌ نیزامی‌ كاریگه‌ر دروست ده‌كرێت.