موحسین دزه‌یی له‌چاوپێكه‌وتنێكی تایبه‌تی "نیقاش"دا رایده‌گه‌یه‌نێت كه به‌شه وه‌زاره‌تی كورد زۆر كه‌متره له‌مافی خه‌ڵكی كوردستان لانی كه‌م پێوسته چوار وه‌زاره‌ت بدرێته لایه‌نه كوردستانییه‌كان، راشیده‌گه‌یه‌نێت ئێستا نزیكه‌ی ملیۆنێك‌و 400 هه‌زار كه‌س له‌ناوچه جیاجیاكانی عێراق‌و سوریاوه ئاواره‌ی هه‌رێم بوون‌و رونیشیدهكاتهوه كه حكومه‌تی هه‌رێم له‌رووداوه‌كانی ئه‌م دوایه‌دا چاوه‌ڕوانی هه‌نگاوی زیاتر بوو له‌حكومه‌تی توركیا.
هه‌ر له‌م دیداره‌دا دزه‌یی وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی "نیقاش" له‌باره‌ی نهوتو په‌یوه‌ندی ههرێمو به‌غدا ده‌داته‌وه.
نیقاش: له‌ئێستادا ژماره‌ی ئاواره‌كان گه‌یشتوونه‌ته چه‌ندو ره‌وش‌و گوزه‌رانیان چۆنه؟
سه‌فین دزه‌یی: له‌ده‌ستپێكی 2014 تائێستا 850 هه‌زار كه‌س ئاواره‌ی هه‌رێمی كوردستان بوون، جیا له‌وه‌ی له‌دوای 2005ه‌وه له‌ناوچه‌كانی ناوهڕاستو باشووری عێراق نزیكه‌ی 350 هه‌زار كه‌سی تر ئاوارهوهی هه‌رێم بوو بوون، به‌ڵام ئه‌وانه به‌شێكی زۆریان له‌ناو شاره‌كانی كوردستان نیشتهجێبوونو كاریان كردووه بۆ خۆ ژیاندنیان، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا له‌دوای رووداوه‌كانی سوریاوه نزیكه‌ی 230 هه‌زار له‌كوردانی رۆژئاوا (سوریا) روویان له‌هه‌رێمی كوردستان كردووه، به‌گشتی ئێستا نزیكه‌ی ملیۆنێك‌و 400 هه‌زار كه‌س له‌ناوچه جیاجیاكانی عێراق‌و سوریاوه په‌ناهه‌نده‌و ئاواره‌ی هه‌رێم بوون، بۆ ئه‌وه‌ش بارێكی گران له‌رووی داراییه‌وه كه‌وتووته سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم كه پێویستمان به‌هاوكاری‌و كۆمه‌كی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه تاهاوكاری ئاواره‌كان بكه‌ین.
نیقاش: له‌دواین راپۆرتیاندا نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، حكومه‌تی هه‌رێم به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن كه جیاوازی له‌نێوان ئاواره‌كانی نێوان رۆژئاوای كوردستان (سوریا)و ناوچه‌كانی ناوهڕاستو باشووری عێراق ده‌كه‌ن، ئایا بۆ؟
سه‌فین دزه‌یی: هه‌ر تۆمه‌تێك له‌وباره‌وه له‌هه‌ر لایه‌نێكی فه‌رمی یان نافه‌رمی بێت بێ بنه‌مایه‌و ئێمه ره‌تیده‌كه‌ینه‌وه، چونكه هه‌موو ئه‌و به‌رپرسه باڵایانه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كه سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان‌و كه‌مپه‌كانی ئاواره‌كانیان كردووه هه‌ڵوێستی حكومه‌تی هه‌رێمیان زۆر به‌رز نرخاندووه‌و ستایشی حكومه‌تی ههرێمو خه‌ڵكی كوردستانیان كردووه، له‌كاتێكدا حكومه‌تی ههرێمو خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌هۆی ئه‌و قه‌یرانه داراییه‌ی رووی تێكردووین له‌دۆخێكی خراپداین، كه‌چی حكومه‌تی ههرێمو خه‌ڵكی كوردستان به‌وپه‌ڕی سینگفراوانییهوه پێشوازیان لهپهنابهرو ئاواره‌كان به‌گشت نه‌ته‌وه‌و ئایینهوهكانهوه هه‌ر لهمهسیحیو یهزیدیو كاكه‌یی‌و توركمان‌و عهرهبو شیعه‌و سوونه‌و كوردانی رۆژئاوای كوردستان كردووه، ئه‌و رێكخراوه بیانیانه‌ی له‌هه‌رێمی كوردستانیش كارده‌كه‌ن به‌رێكخراوه‌كانی نهتهوهیهكگرتووهكانیشهوه ئه‌و واقیعه باش دهزاننو لهراپۆرتهكانیشیاندا ئه‌و هاوكاریانه‌ی خه‌ڵك‌و حكومه‌تی هه‌رێمیان به‌رز نرخاندووه، به‌ڵام به‌داخه‌وه سه‌رچاوه‌ی ئه‌و هه‌واڵه‌ی له‌راپۆرته‌كه‌ی ئه‌م دوایه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كاندا هاتووه بۆ ئێمه‌ش جێگه‌ی سه‌رسورمانه.
نیقاش: ئێوه وه‌كو حكومه‌تی هه‌رێم چه‌نده پاره‌تان بۆ ئاواره‌كان ته‌رخانكردووه؟
سه‌فین دزه‌یی: پارێزگاره‌كان سه‌رپشككراون له‌سه‌رفكردنی پاره‌ی پێویست بۆ ئاواره‌كان، به‌تایبه‌تیش پارێزگاری دهۆك، سهرفكردنیش ته‌نیا بریتی نییه له‌دابینكردنی بڕیك پاره بۆ خواردن‌و پێداویستییه‌كان، چونكه هه‌ندێك هاوكاری هه‌یه نابینرێت وه‌ك گه‌یاندنی ئاو‌و كاره‌باو پێداویستی پزیشكی‌و فه‌راهه‌مكردنی ئاسایش‌و ئیداره‌ی كه‌مپه‌كان، ته‌نیا له‌دهۆك له‌و ماوه‌ی كه‌مه‌ی رابردوودا له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه زیاتر له50 ملیۆن دۆلار پاره‌ی كاش دراوه به‌پارێزگاری دهۆك بۆ دابینكردنی خوارده‌مه‌نی‌و پێداویستی رۆژانه.
نیقاش: به‌شێك له‌ئاواره‌كان له‌سنووری پارێزگای دهۆكو هه‌ولێر له‌قوتابخانه‌كاندا ده‌ژین، ئایا كه‌ی ئه‌مانه ده‌گوازرێنه‌وه بۆ كهمپهكانو قوتابخانه‌كان ده‌گه‌رێننه‌وه بۆ قوتابیان؟
سه‌فین دزه‌یی: 650 قوتابخانه له‌پارێزگای دهۆك له‌لایه‌ن ئاواره‌كانه‌وه به‌كارهاتبوو بۆ نیشته‌جێبوون، به‌ڵام ئێستا له‌قه‌زاكانی بهردهڕهشو ئاكرێ‌و ئامێدی‌و شێخان 95% قوتابخانه‌كان به‌رووی قوتابیان‌و خوێندن واڵاكراونو ئاواره‌كانی ناویان گوازراونه‌ته‌وه بۆ كه‌مپه‌كان، به‌ڵام فشاره زۆره‌كه لهمهركهزی دهۆكو زاخۆ‌و سێمێله كه تائێستاش 110 هه‌زار ئاواره له450 قوتابخانه‌دا نیشته‌جێن، بۆ ئه‌وه‌ش چه‌ندین كه‌مپ له‌و ناوچانه له‌ژێر دروستكردن دان‌و مانگێك بۆ دوو مانگی تر ئه‌و قوتابخانه‌ش چۆڵدهكرێنو ته‌سلیمی په‌روه‌رده ده‌كرێنه‌وه‌و ئاواره‌كان بۆ كه‌مپه‌كان ده‌گوازرێنه‌وه.
نیقاش: ئایا تائێستا حكومه‌تی عێراق هیچ هاوكارییه‌كی پێشكه‌شی ئاواره‌كان كردووه؟
سه‌فین دزه‌یی: حكومه‌تی عێراقی له‌رێگه‌ی خۆیانه‌وه لیژنه‌یه‌كیان پێكهێنابوو بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئاواره‌كان به‌بڕی یه‌ك ملیۆن دینار بۆ هه‌ر خێزانێك، به‌ڵام به‌داخه‌وه لیژنه‌كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌مه‌هه‌نگیان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ههرێمو ئیداره‌ی پارێزگاكان نه‌بوو، بۆیه ئێمه هیچ زانیارییه‌كمان له‌وباره‌وه نییه كه ئاخۆ بڕی چه‌ند به‌سه‌ر ئاواره‌كان دابه‌شكراوه‌و به‌چ میكانزمێكیش بووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا بڕی 50 ملیار دینار له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقییه‌وه ته‌رخانكراوه بۆ كۆمه‌كی ئاواره‌كان، به‌ڵام تائێستا ئه‌و بڕه پاره‌یه نه‌گه‌یشتووته هه‌رێم.
نیقاش: نه‌گه‌یشتنی ئه‌م بڕه هاوكارییه تاچه‌ند په‌یوه‌سته به‌كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا له‌باره‌ی پرسی بودجه؟
سه‌فین دزه‌یی: نه‌خێر ئه‌وه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌و بابه‌ته‌وه نییه، چونكه ئه‌وه بابه‌تێكی مرۆییه‌و له‌سه‌ر حكومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ پێویسته هاوكاری ئه‌م ئاوارانه بكات، چونكه ئه‌مانه خه‌ڵكی عێراقن نه‌ك وڵاتێكی تر.
نیقاش: له‌سه‌ره‌تای رووداوه‌كانی شنگال ژماره‌یه‌ك وڵات به‌خێرایی كۆمه‌كی مرۆییان گه‌یانده ئاواره‌كان، ئایا تائێستا ئه‌و كۆمه‌كانه بهردهوامنو بایی چه‌ند كۆمه‌كی مرۆیی گه‌یشتووته ئاواره‌كان؟
سه‌فین دزه‌یی: له‌گه‌ڵ گۆڕانی رووداوه‌كان بێگومان هاوكارییه‌كانیش گۆڕانیان به‌سه‌ردا دێت، سه‌ره‌تا كه خه‌ڵكێكی زۆر له‌سه‌ر چیای شنگال بوون هاوكارییه مرۆییه‌كان بۆ خه‌ڵكی چیاكه زۆر‌و خێرا بوون، به‌ڵام ئێستا كه ژماره‌ی ئه‌و خه‌ڵكه له‌وێ كه‌مبۆته‌وه، بێگومان هاوكارییه‌كانیش كه‌متر بوونه‌ته‌وه بۆ خه‌ڵكی ئه‌وێ، به‌ڵام به‌گشتی به‌رده‌وام هاوكاری مرۆیی بۆ ئاواره‌كان دێت، به‌داخه‌وه هاوكارییه‌كان له‌ئاست گه‌وره‌یی رووداوه‌كان نین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش سوپاسی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ین بۆ پێشكه‌شكردنی هاوكارییه‌كانیان، ئێمه داواكارین هاوكارییه‌كان زیاتر‌و به‌رده‌وام بن تا له‌گه‌ڵ هاتنی وه‌رزی باران بارین بتوانین هاوكاری زیاتری ئاواره‌كان بكه‌ین.
نیقاش: تائێستا چه‌ند وڵات هاوكاری سه‌ربازیان پێشكه‌شی حكومه‌تی ههرێمو پێشمه‌رگه كردووه؟
سه‌فین دزه‌یی: هه‌ریه‌كه له‌وڵاتانی ئهمریكاو به‌ریتانیاو ئه‌ڵمانیاو فه‌ره‌نساو ئیتاڵیا‌و چیك، هاوكاری سه‌ربازیان پێشكه‌شی هێزی پێشمه‌رگه كردووه، ئه‌مه جیا له‌وه‌ی به‌رێگه‌ی هێزی ئاسمانی بۆ لێدانی پێگه‌و مۆڵگه‌كانی چه‌كدارانی داعش چه‌ند وڵاتێك به‌شداریان له‌پرۆسه سه‌ربازییه‌كان كردووه، چه‌ند وڵاتێكی تریش به‌ڵێنی هاوكاری سه‌ربازیان به‌هه‌رێم داوه.
نیقاش: په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا به‌یاسا رێگه به‌حكومه‌ته‌كه‌ی نادات چهكو هاوكاری سه‌ربازی بداته ئه‌و لایهنو ناوچانه‌ی له‌شه‌ڕدان، به‌ڵام بۆ یه‌كه‌مجار حكومه‌تی به‌رلین له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م یاسایه هاوكاری سه‌ربازی پێشكه‌شی پێشمه‌رگه كرد، له‌كاتێكدا ئێستا پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ داعش له‌شه‌ڕدایه، ئایا ئه‌وه بۆ ئێوه چی ده‌گه‌یه‌نێت؟
سه‌فین دزه‌یی: راسته حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا له‌دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانه‌وه خۆیان پابهندكردبوو كه هاوكاری سه‌ربازی هیچ لایه‌نێك‌و ناوچه‌یه‌ك نه‌كه‌ن كه له‌كاتی شهڕدابن، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه ئه‌و رێچكه‌یان بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه شكاند، ئه‌مه‌ش جێگه‌ی سوپاس‌و پێزانینه، ئه‌مه مانای ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه وڵاتانی ئه‌وروپاو ئهمریكاو جیهان له‌مه‌ترسی ئه‌و هێزه دڕنده‌یه تێگه‌یشتوون نه‌ك ته‌نیا بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان‌و عێراق، به‌ڵكو بۆ سه‌ر ته‌واوی جیهان مایه‌ی مه‌ترسین.
نیقاش: وابڕیاره ئه‌مریكا بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی له‌هه‌ولێر بۆ هێرشكردنه سه‌ر داعش بكاته‌وه، ئایا ئه‌مه به‌كوێ گه‌یشت؟
سه‌فین دزه‌یی: له‌رووی ته‌كنیكییه‌وه گفتوگۆكان له‌مباره‌وه به‌رده‌وامن، به‌ڵام تائێستا له‌رووی كرداییهوه هیچ شتێك نه‌بووه.
نیقاش: ئه‌م بنكه‌یه شوێنی بنكه‌ی ئینچهرلیكی توركیا ناگرێته‌وه؟
سه‌فین دزه‌یی: نه‌خێر، چونكه بنكه‌ی ئینچه‌رلیك به‌شێكه له‌بنكه‌كانی هاوپه‌یمانی (ناتۆ)، ئه‌و بنكه‌یه‌ش وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه، ئه‌وه‌ی وابڕیاره له‌هه‌ولێر بكرێته‌وه بۆ كاریگهرتربوونی رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی هێزه‌كانی داعشه له‌ناوچه‌كه‌دا.
نیقاش: كردنه‌وه‌ی ئه‌م بنكه‌یه تاچه‌ند ده‌بێته هۆی مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئایندهی ئێران؟
سه‌فین دزه‌یی: بنكه‌ی ئینچهرلیكی توركی‌و بنكه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا له‌وڵاتانی كه‌نداو وه‌ك بهحرێنو قه‌ته‌رو كوێت‌و ئیمارات هه‌موویان نزیكن له‌ئێران، ئه‌وه‌ی له‌هه‌ولێریش ده‌كرێته‌وه بۆ مه‌به‌ستی رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی داعشه، نه‌ك مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئێران و وڵاتانی تری ناوچه‌كه، هه‌میشه گوتوومانه نابێت هه‌رێمی كوردستان ببێته جێگه‌ی ململانێی زلهێزه‌كان.
نیقاش: له‌م ڕوانگه‌وه دڵنیایتان داوه‌ته ئێران كه كردنه‌وه‌ی ئه‌م بنكه‌یه نابێته مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئێران؟
سه‌فین دزه‌یی: له‌روانگه ئه‌و په‌یوه‌ندییه پته‌وه‌ی له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان‌و ئێران هه‌یه، هه‌ڵوێستی هه‌رێم به‌رانبه‌ر ئێران زۆر ئاشكرایه.
نیقاش: سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان راگه‌یاند كه نامه‌یه‌كی بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ناردووه تا كێشه‌كانی نێوانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، ئایا له‌و نامه‌یه‌دا باسی چی كراوه‌و وه‌ڵامی ئه‌و نامه‌یه‌ش نه‌گه‌یشتۆته‌وه ده‌ست هه‌ولێر؟
سه‌فین دزه‌یی: له‌ناوه‌ڕۆكی نامه‌كه‌دا باسی كێشه‌كانی ناوچه‌كه‌و مه‌ترسی داعش‌و كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا كراوه، به‌چڕیش باسی چۆنیه‌تی رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی ئه‌و قه‌یرانه كراوه كه به‌هۆی ئاواره‌كانه‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان دروست بووه تاحكومهتی عێراق ڕۆڵی كاریگه‌ر ببینێ بۆ هاوكاری ئاواره‌كان، هه‌روه‌ها لهنامهكدا ئاماژه به‌وه‌كراوه كه هه‌رێم ئاماده‌یه شاندێكی خۆی بنێرێته به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان‌و چۆنیه‌تی هاوكاریكردنی ئاواره‌كان، تائێستاش وه‌ڵامی نامه‌كه نه‌گه‌یشتۆته‌وه هه‌ولێر.
نیقاش: ئایا هه‌ولێر رازی ده‌بێت نه‌وته‌كه‌ی له‌رێگه‌ی كۆمپانیای سۆمۆی عێراقییه‌وه بفرۆشرێت؟
سه‌فین دزه‌یی: به‌پێی ده‌ستووری عێراق هه‌رێمی كوردستان بۆی هه‌یه كار له‌سه‌ر كێلگه نه‌وتییه‌كان بكات‌و نه‌وتیش هه‌نارده بكات، به‌ڵام باوه‌ڕی به‌وه‌ش هه‌یه كه سهروهتو سامانی عێراق هی هه‌موو خه‌ڵكی عێراقه‌و به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان داهاته‌كان دابه‌شبكرێن، له‌مانگی 12ی ساڵی رابردوو تامانگی نیسانی ئه‌مساڵ چوار جار شاندی هه‌رێم به‌سه‌رۆكایه‌تی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان سه‌ردانی به‌غدای كرد‌و تێگه‌یشتنێكی باشیش هاته ئاراوه، به‌ڵام به‌داخه‌وه دواجار به‌غدا هه‌ر پێداگیربوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كۆنترۆڵی نه‌وت له‌ده‌ستی ئه‌واندا بێت، به‌ڵام ئێمه ده‌ڵێین ده‌توانین هاوبه‌ش بین، به‌جۆرێك (سۆمۆ) به‌شێك بێت لهدهرهێنانو ههناردهكردنو هه‌ژماركردن‌و بهبازاڕكردنو فرۆشتن‌و دابه‌شكردنی داهاته‌كان به‌شێوه‌یه‌كی شه‌فاف، به‌مه‌رجێك هاوبه‌ش بین‌و به‌یه‌كه‌وه كار بكه‌ین، به‌ڵام كۆنترۆڵ بدرێته به‌غداو ئه‌وانیش به‌كه‌یفی خۆیان نه‌وت هه‌نارده بكهنو به‌ئاره‌زووی خۆیان بودجه بده‌نه هه‌رێم یان نه‌یده‌نێ، ئه‌وه جێی نیگه‌رانی ئێمه‌یه، هه‌میشه لهوهدهترساین به‌غدا كارتی بودجه به‌رانبه‌ر هه‌رێم به‌كاربهێنێت، به‌ڵام پێویستی نه‌كرد چاوه‌ڕێی ئاینده بكه‌ین، ئێستا لهداهاتووداینو ئه‌وه ماوه‌ی 9 مانگه به‌غدا بودجه‌و قوتی خه‌ڵكی هه‌رێمیان بڕیوه، دیاره ئه‌وه‌ش كارتێكی سیاسیه.
نیقاش: پێشنارێك هه‌بوو كه هه‌رێم رۆژانه بڕی 100 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌رێگه‌ی سۆمۆوه هه‌نارده بكات، له‌به‌رانبه‌ریشدا به‌غدا بودجه‌ی هه‌رێم بنێرێت، گه‌ر كوردستان له‌وه‌ش زیاتر نه‌وتی ده‌رهێنا بتوانێ خۆی ئه‌وه‌ی تر هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه بكات، ئایا به‌غدا به‌وه راز ده‌بێت؟
سه‌فین دزه‌یی: ئه‌و پشنیاره له‌مانگی نیسانی رابردووه هه‌بوو، كه وه‌ك نیاز پاكییه‌ك هه‌رێمی كوردستان بڕیاریدا رۆژانه بڕی 100 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستی سۆمۆ بكات، ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی دانوستاندنه‌كان به‌ره‌و ئاقارێكی پۆزه‌تیڤ بچن، به‌ڵام به‌داخه‌وه به‌غدا وتی ئه‌و بۆریه‌ی نه‌وت هه‌نارده ده‌كات به‌هۆی كرده‌وه‌ی تیرۆرستی له‌كار كه‌تووه، بۆیه پیشنارهكه نه‌گه‌یشته ئه‌نجام، ئێستاش حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌و پیشنارهی دووباره كردووته‌وه.
نیقاش: بڕیار بوو له‌هه‌فته‌ی یه‌كه‌می ده‌ستبه‌كاربوونی عه‌بادی سولفه‌یه‌ك له‌بودجه ره‌وانه‌ی هه‌رێم بكات، ئایا بۆ ئه‌مه بۆ داواكهوت؟
سه‌فین دزه‌یی: نه‌خێر هیچ بڕیارێكی له‌و شێوه‌یه نه‌بووه، ئه‌وه ته‌نیا قسه بووه.
نیقاش: دانانی سێ مانگ بۆ حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بادی ته‌نیا گوشاره بۆ هاتنه ژێر باری داواكارییه‌كانی كورد، یاخود ئه‌مه هه‌ڵوێستی جددیه؟
سه‌فین دزه‌یی: نه‌خێر مه‌سه‌له‌كه گوشار نییه، به‌ڵكو له‌پێكهێنانی هه‌موو حكومه‌تێك لایه‌نه به‌شداره‌كان داواكاری خۆیان ده‌بێت، ئه‌و سێ مانگه‌ی لایه‌نه كوردستانییه‌كانیش بۆ حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بادی دایناوه وه‌ك سه‌قفێك وایه بۆ نیاز‌و نیه‌ت پاكی حكومه‌تی نوێ له‌به‌رانبه‌ر جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانی هه‌رێم، چونكه به‌شێك له‌و كێشانه وه‌ك مادده‌ی 140و نهوتو گاز‌و پێشمه‌رگه له‌و ماوه‌یه جێبه‌جێناكرێن، به‌ڵام گرنگه نیه‌ت پاكی نیشان بدرێت‌و هه‌نگاو بنرێت.
نیقاش: وه‌زیره كورده‌كان بۆچی ناچنه به‌غداو سوێندی یاسایی بخۆن، ئایا حزبه كوردییه‌كان له‌ناوخۆیاندا له‌سه‌ر كاندیده‌كان ناكۆكن یاخود داوای وه‌زاره‌تی زیاترتان كردووه‌و پێتان نه‌دراوه؟
سه‌فین دزه‌یی: نازانین چۆن ناوی ئه‌و وه‌زیره كوردانه له‌كاتی پێكهنانی كابینه‌ی نوێ هێنران، چونكه سه‌ركردایه‌تی كوردستان ناوی هیچ كاندیدێكیان نه‌دابوو، ئه‌و چه‌ند وه‌زاره‌ته‌ی بۆ كوردیش دانراون زۆر زۆر كه‌متره له‌رێژه‌ی ئه‌ندامانی كورد له‌په‌رله‌مانی عێراق‌و رێژه‌ی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه، له‌لایه‌كی تره‌وه به‌و پێیه‌ی هه‌موو لایه‌نه كوردستانییه‌كانی له‌حكومه‌تی هه‌رێم به‌شدارن پێویسته له‌حكومه‌تی به‌غداش به‌شداربن، به‌ڵام كاتێك ئه‌وان دوو وه‌زاره‌تیان بۆ كورد داناوه، ئایا ئه‌و دوو وه‌زاره‌ته له‌ناوخۆی هه‌رێم بدرێته كام لایه‌ن؟، گه‌رچی ناكۆكی ئه‌وتۆ له‌مباره‌وه له‌نێوان حزبه سیاسییه‌كانی كوردستان نییه، به‌ڵام به‌شه وه‌زاره‌تی كورد زۆر كه‌متره له‌مافی خه‌ڵكی كوردستان لانی كه‌م پێوسته چوار وه‌زاره‌ت بدرێته لایه‌نه كوردستانییه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ش گفتوگۆكان بهردهوامو تائێستا نه‌گه‌یشتوونه‌ته ئه‌نجام.
نیقاش: په‌یوه‌ست به‌مه‌سه‌له‌ی فرۆشتنی نه‌وت، ئایا ئێستا رۆژانه چه‌ند هه‌زار به‌رمیل نه‌وت دهفرۆشنو داهاتی فرۆشتنی نه‌وت تائێستا گه‌یشتووته چه‌ند؟
سه‌فین دزه‌یی: له‌مانگی ئایاره‌وه كه نه‌وتمان هه‌نارده كردووه تا مانگی تهمموز نه‌وته‌كه‌مان نه‌فرۆشتبوو، ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌غدا بگه‌ینه ئه‌نجامێك، ئێستا رۆژانه له‌رێگه‌ی بۆرییه‌وه نزیكه‌ی 200 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركی ده‌كرێت، تائێستا پاره‌ی فرۆشراوی نه‌وتی سێ چوار كه‌شتی گه‌یشتووته ده‌ستمان كه بڕی فرۆشتنی هه‌ر كه‌شتیه‌ك 90 تا 100 ملیۆن دۆلار بووه، ئه‌وه‌ش بۆ مه‌به‌ستی دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران سودی لێوه‌رگیراوه، گه‌رچی نه‌یتوانیوه به‌شی مووچه‌ی فهرمانبهرانو پێداویستیه‌كانی هه‌رێم بكات.
نیقاش: ته‌نیا له‌رێگه‌ی بۆری‌و له‌توركیاوه نه‌وت ده‌فرۆشن یان له‌رێگه‌ی ئێرانیشه‌وه پرۆسه‌كه به‌رده‌وامه؟
سه‌فین دزه‌یی: هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له‌رێگه‌ی بۆرییه‌وه كرداری (عه‌مه‌لی) تره، ئێستا هیچ بڕه نه‌وتێك له‌رێگه‌ی ئێرانه‌وه هه‌نارده ناكرێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئێران دانوستاندن هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی گه‌ر بكرێت له‌رێگه‌ی ئه‌و وڵاته‌وه‌ش نه‌وت هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه بكه‌ین.
نیقاش: دواجار كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا به‌ره‌و كوێ هه‌نگاو ده‌نێت؟
سه‌فین دزه‌یی: به‌شداربوونمان له‌حكومه‌تی ئێستای عێراق‌و ده‌رفه‌تدان پێی مانای ئه‌وه ده‌به‌خشێت ئێمه لایه‌نگیری چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانین له‌رێگه‌ی دیالۆگه‌وه‌و به‌رده‌وامیش ده‌بین له‌سه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته، چونكه نامانه‌وێت به‌وه تۆمه‌تبار بكرێن كه رێگرین له‌چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان‌و شكستی پرۆسه‌ی سیاسی عێراق، له‌هه‌مانكاتیشدا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان‌مان له‌به‌رچاوه و موسامهوهی له‌سه‌ر ناكه‌ین.
نیقاش: هۆكاری چی‌بوو توركیا پشتیوانی هه‌رێمی نه‌كرد له‌شه‌ڕی دژه داعش له‌كاتێكدا په‌یوه‌ندییه‌كی باشتان له‌گه‌ڵ توركیا هه‌بوو؟
سه‌فین دزه‌یی: ئه‌وه په‌یوه‌سته به‌خۆیانه‌وه، ئێستاش ئێمه په‌یوه‌ندییه‌كی باشمان له‌گه‌ڵ توركیا هه‌یه، توركیاش له‌رێگه‌ی مرۆییه‌وه هاوكاری هه‌رێمی كوردستانی كردووه له‌م رووداوانه‌و چادرگه‌ی ئاواره‌كان له‌دهۆك دروست ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌كاتی رووداوه‌كان دیاره له‌توركیا پرۆسه‌ی ئاڵوگۆڕی پۆستی سه‌رۆك كۆمار‌و سه‌رۆك وه‌زیران له‌ئارادابوو، هه‌روه‌ها بوونی 49 بارمته‌ی ئه‌و وڵاته له‌ده‌ستی داعش ره‌نگه هه‌موو ئه‌وانه هۆكاربن بۆ كه‌متر به‌شداریكردن‌و هاوكاری كردنی هه‌رێم، به‌ڵام ئێستا كه بارمه‌ته‌كانیان ئازادكراون ره‌نگه هه‌ڵوێستیان بگۆڕێت.
نیقاش: نه‌بوونی ئه‌م پشتیوانییه نه‌بووه‌ته مایه‌ی ساردبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ههرێمو توركیا؟
سه‌فین دزه‌یی: نه‌خێر، راسته حكومه‌تی هه‌رێم چاوه‌ڕوانی هه‌نگاوی زیاتر بوو له‌حكومه‌تی توركیا‌و ئێستاش چاوه‌ڕوانی زیاتر ده‌كه‌ین.