راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

به‌سره‌ داوای‌ وه‌زاره‌تی‌ سیادی‌ ده‌كات

وه‌حید غانم
ناوه‌ ناوه‌ خه‌ڵكی‌ به‌سره‌و به‌رپرسانی‌ ئه‌و شاره‌ ده‌نگیان لێ‌ به‌رز ده‌بێـه‌وه‌و داوا ده‌كه‌ن له‌ناو…
21.08.2014  |  به‌سرا
Basra provides a large amount of Iraq's oil.
Basra provides a large amount of Iraq's oil.

Tweet
//

به‌سره‌ كه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندترین پارێزگای‌ عێراقه‌ له‌رووی‌ نه‌وته‌وه‌، ئه‌وه‌ی‌ تائێستا له‌حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كان به‌ریكه‌وتووه‌ ته‌نها 5% پۆسته‌ حكومییه‌كانه‌، ئه‌مه‌ش له‌ئاست خواستی‌ خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌دا نییه‌.

هاشم لعێبی‌ راگه‌یاندكار كه‌ له‌ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ به‌سره‌ كارده‌كات له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌سره‌ ئیستیحقاقی‌ ده‌ستوری‌ خۆی‌ نه‌دراوه‌تێ‌، له‌كاتێكدا گه‌وره‌ترین رۆڵی‌ هه‌یه‌ له‌ئابوری‌ عێراقدا به‌تایبه‌تی‌ له‌رووی‌ نه‌وته‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ ده‌روازه‌ ئاوییه‌كانی‌ لێ كۆبوونه‌ته‌وه‌و هاوسنوری‌ كوه‌یت‌و ئێرانه‌".

هاشم باس له‌وه‌ش ده‌كات ئه‌و پارێزگایه‌ به‌چوار ملیۆن دانیشتوانه‌وه‌ له‌ماوه‌ی‌ سێ‌ ده‌یه‌ی‌ رابردوودا كوشته‌ی‌ ده‌ستی‌ شه‌ڕو ململانێكان بووه‌‌و له‌وه‌شدا قه‌ره‌بوو نه‌كراوه‌ته‌وه‌.

دانیشتوان‌و به‌رپرسانی‌ شاره‌كه‌ پێداگری‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن تایبه‌تمه‌ندی‌ به‌سره‌ به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت له‌دابه‌شكردنی‌ پۆسته‌كاندا، بۆیه‌ داوای‌ وه‌زاره‌ته‌كانی‌ نه‌وت‌و گواستنه‌وه‌و جێگری‌ سه‌ره‌ك كۆمار ده‌كه‌ن، به‌و پێیه‌ی‌ پارێزگاكه‌یان گه‌وره‌ترین سه‌رچاوه‌ی‌ نه‌وته‌و ده‌روازه‌ سنورییه‌كانی‌ له‌سه‌ره‌.

وا نه‌بێت ئه‌م داواكارییه‌ نوێ بێت، چه‌ند جارێكه‌ له‌گه‌ڵ‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كاندا دووباره‌ ده‌كرێته‌وه‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌س گوێیان لێبگرێت، ئه‌وه‌ی‌ تائێستا به‌به‌سره‌ بڕاوه‌ ته‌نها وه‌زیری‌ ده‌وڵه‌ته‌ بۆ كاروباری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران، كه‌ ئه‌وه‌ش پۆستێكه‌ نه‌ سیادییه‌و نه‌ خزمه‌تگوزاری‌، پێناچێت له‌م حكومه‌ته‌ نوێیه‌شدا چانسی‌ گه‌وره‌یان هه‌بێت.

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و داواكارییه‌یان هه‌یه‌، به‌ڵام خه‌ڵكی‌ به‌سره‌ گه‌شبین نین، چونكه‌ ده‌زانن دابه‌شكردنی‌ پۆسته‌كان له‌عێراقدا به‌پێوه‌ری‌ ئابوری‌‌و گرنگی‌ پارێزگاكان ناپێورێت، به‌ڵكو ده‌كه‌وێته‌ به‌ر ره‌حمه‌تی‌ به‌شه‌ پشكی‌ تایفی‌ هاوسه‌نگی‌ نێوان كوتله‌كان، به‌شێكی‌ خه‌تاكه‌ش ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی‌ نوێنه‌رانی‌ پارێزگاكه‌، چونكه‌ به‌سره‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ 24 په‌رله‌مانتاری‌ هه‌یه‌، كه‌چی‌ به‌ده‌گمه‌ن به‌شێوه‌یه‌كی‌ شه‌رمنانه‌ ده‌نگیان لێوه‌ هاتووه‌.

عه‌باس جورانی‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌به‌رپرسانی‌ حیزبی‌ شیوعی‌ له‌به‌سره‌ له‌مڕووه‌ ده‌ڵێت "گوێمان لێنه‌بووه‌ نوێنه‌رانی‌ به‌سره‌ له‌په‌رله‌مان داوای‌ ئیستیحقاقی‌ پارێزگاكه‌ بكه‌ن، ته‌نانه‌ت له‌باسی‌ پێكهێنانی‌ هه‌رێمیشدا ته‌نها بۆ هه‌ڵبژاردن ده‌نگیان لێوه‌ دێت".

جورانی‌ هۆكاره‌كه‌ی‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌رپرسانی‌ به‌سره‌ له‌پارێزگارو ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ كه‌سایه‌تی‌ كاریگه‌ر نین‌و ره‌چه‌ڵه‌كیان له‌به‌سره‌ نییه‌، هه‌رچی‌ په‌رله‌مانتارانی‌ پارێزگاكه‌شه‌ گوێیان به‌داواكاری‌ به‌سره‌ نه‌داوه‌.

هه‌ستی‌ ناوچه‌گه‌رێتی‌ له‌عێراقدا له‌پاش ساڵی‌ 2003وه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌، چونكه‌ هه‌میشه‌ له‌پارێزگاكانی‌ فوراتی‌ ناوه‌ڕاست لایه‌نی‌ پیرۆزی‌ ئاینی‌ به‌سه‌ر لایه‌نی‌ سیاسیدا زاڵبووه‌، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ مه‌زارگه‌ پیرۆزه‌كانیش له‌نه‌جه‌ف‌و كه‌ربه‌لا بوون، بۆیه‌ هه‌میشه‌ پۆسته‌ گرنگه‌كان بۆ ئه‌و دوو پارێزگایه‌ بووه‌، ئه‌وه‌تا له‌دوو خولی‌ رابردوودا پۆستی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران به‌ر كه‌ربه‌لا كه‌وتووه‌.

خه‌ڵكی‌ به‌سره‌ پێیان وایه‌ هه‌موو ئه‌و به‌رپرسانه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه‌ ده‌ست هه‌وڵ‌ ده‌ده‌ن كه‌سه‌ نزیكه‌كانی‌ خۆیان ببه‌نه‌ پێشه‌وه‌، ئه‌مه‌ش چانسی‌ به‌سره‌ له‌وه‌رگرتنی‌ پۆسته‌ گرنگه‌كان كه‌م ده‌كاته‌وه‌.

جورانی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ مالیكی‌ باڵاده‌ست بووه‌ كه‌سه‌ نزیكه‌كانی‌ خۆی‌ بردووه‌ته‌ پێشه‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر حیسابی‌ كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌ دیاره‌كان بووه‌ كه‌ پاشه‌كشه‌یان كردووه‌".

مه‌سه‌له‌ی‌ راگرتنی‌ هاوسه‌نگی‌ رۆڵی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌بووه‌ له‌وه‌ی‌ به‌سره‌ له‌پۆسته‌ گرنگه‌كان بێبه‌ش بێت، ئه‌وه‌تا به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ په‌رله‌مانتارانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا له‌به‌سره‌ بوون، بۆیه‌ كاتێك ئه‌و كوتله‌یه‌ پۆستی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیرانی‌ وه‌رگرتووه‌، ئیتر چانسی‌ ئه‌وه‌ی‌ نه‌ماوه‌ پۆسته‌ سیادییه‌كان بۆ به‌سره‌ وه‌ربگرێت، هه‌رچی‌ كوتله‌ی‌ ئه‌حراری‌ موقته‌دا سه‌دریشه‌ ئه‌و دوو پۆسته‌ وه‌زارییه‌ی‌ وه‌ریگرتووه‌ بۆ پارێزگای‌ عه‌مماره‌ بووه‌ به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌وێ براوه‌ بوون.

له‌لێدوانێكی‌ پێشووتردا ئه‌حمه‌د سه‌لیتی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ به‌سره‌ داوایكرد پشكی‌ دادپه‌روه‌رانه‌ به‌به‌سره‌ بدرێت‌و وتی‌ "ئاستی‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ جێبه‌جێكردن‌و یاسادانان له‌گه‌ڵ‌ قه‌باره‌ی‌ به‌سره‌و گرنگییه‌ ئابورییه‌كه‌یدا ناگونجێت".

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد كه‌ به‌سره‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ به‌رێوه‌به‌ری‌ گشتی‌‌و به‌رپرسانی‌ تری‌ حكومه‌تی‌ ئیتیحادی‌ پشكی‌ خۆی‌ پێنه‌دراوه‌، ره‌خنه‌ی‌ له‌نوێنه‌رانی‌ به‌سره‌ش گرت‌و وتی‌ "سه‌رۆكی‌ ده‌ستڕۆیشتووه‌كانی‌ كوتله‌كان خۆیان هه‌موو بڕیارێك ده‌ده‌ن‌و رێ‌ به‌نوێنه‌ره‌كان ناده‌ن".

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ عه‌لی‌ عه‌بدولحه‌كیم سافی‌ نوێنه‌ری‌ مه‌رجه‌عیه‌تی‌ ئاینی‌ باڵا داوایكرد یه‌كێك له‌وه‌زاره‌ته‌كان به‌نوێنه‌رانی‌ به‌سره‌ بدرێت، ئه‌وه‌شی‌ به‌بیر هێنایه‌وه‌ "له‌حكومه‌تی‌ كاربه‌ڕێكه‌ری‌ ئێستادا به‌سره‌ له‌رووی‌ وه‌زاره‌ته‌وه‌ بێبه‌شكراوه‌".

عه‌لی‌ كه‌نعان چالاكوانی‌ سیاسی‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌سره‌ پشكی‌ خۆی‌ پێنه‌دراوه‌، چونكه‌ كوتله‌ گه‌وره‌كان به‌تایبه‌تی‌ ئیسلامییه‌كان نوێنه‌رانی‌ به‌سره‌ ناپاڵێون‌و ته‌نها چاویان له‌سه‌ر پایته‌خته‌".

كه‌نعان ده‌ڵێت "لایه‌نه‌ سیاسی‌‌و مه‌ده‌نییه‌كان تێڕوانینێكی‌ هاوبه‌شیان نییه‌ له‌باره‌ی‌ چۆنێتی‌ نوێنه‌رایه‌تی‌‌و وه‌رگرتنی‌ پۆستی‌ وه‌زاره‌ته‌كان‌و بابه‌تی‌ هه‌رێم‌و پشكی‌ داهاتی‌ نه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ پێویستمان به‌دروستكردنی‌ ده‌سته‌یه‌كی‌ به‌رگرییه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ پێكهاته‌ سیاسییه‌كان كه‌ له‌نوێنه‌رانی‌ كۆمه‌ڵی‌ مه‌ده‌نی‌‌و عه‌شایه‌ره‌كان‌و یاساناسان‌و ئابوریناسان پێكهاتبێت‌و له‌به‌رامبه‌ر باڵاده‌ستی‌ ناوه‌ند بوه‌ستنه‌وه‌و داوای‌ مافی‌ به‌سره‌ بكه‌ن".

هه‌رچه‌نده‌ به‌شێكی‌ زۆر له‌هاوڵاتیانی‌ به‌سره‌ وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن بێهیوان له‌وه‌ی‌ داواكارییه‌كانیان بێته‌دی‌ به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌ره‌یه‌كی‌ یه‌كگرتوویان نییه‌و كه‌سایه‌تی‌ سیاسی‌ ده‌ستڕۆیشتوویان تیا هه‌ڵنه‌كه‌وتووه‌، به‌ڵام چاویان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ لایه‌ك له‌وان بكاته‌وه‌.