راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

بژارده‌كانی‌ كورد پاش هه‌ڵبژاردنی‌ عێراق

هۆشه‌نگ ئۆسێ
ئاڵۆزی‌ بارودۆخی‌ سیاسی‌ عێراق گه‌یشتووته‌ ئه‌وپه‌ڕی‌، ناكۆكی‌ ناوخۆیی‌ ته‌نها سێ‌ هێزه‌ گه‌وره‌ شیعه‌كه‌ی‌…
24.04.2014  |  برۆکسل
The idea of a nation of their own is something many Kurdish people would like.
The idea of a nation of their own is something many Kurdish people would like.

Tweet
//

هێزه‌ سیاسییه‌كوردییه‌كان هه‌رچه‌نده‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوخۆ دنیایه‌ك كێشه‌و ناكۆكییه‌كان هه‌یه‌، به‌ڵام هێشتا بۆ عێراق به‌یه‌كگرتوو دیارن، له‌نێو دیمه‌نی‌ سیاسی‌ عێراقدا نه‌گه‌یشتووه‌نه‌ته‌ ئه‌و له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شانه‌ی‌ ده‌عوه‌و سه‌درو ئه‌نجومه‌نی‌ باڵا له‌لای‌ شیعه‌كان گیرۆده‌ی‌ بوون، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی‌ سووننه‌كانیش رووبه‌رووی‌ بوونه‌ته‌وه‌.

پێده‌چێت له‌م ماوه‌یه‌دا كورد به‌ته‌واوی‌ ده‌ستیان له‌مالیكی‌ شتبێت‌و به‌نیازی‌ ئه‌وه‌ نه‌بن هیچیان لێ‌ گیرۆده‌بێت، ئه‌مه‌ش به‌هۆی‌ قوڵبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌و قه‌یرانانه‌ی‌ ماوه‌یه‌كه‌ له‌نێوانیاندایه‌.

مالیكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم تۆمه‌تبار ده‌كات به‌وه‌ی‌ "نه‌وتی‌ عێراق له‌رێی‌ بۆرییه‌وه‌ ده‌دزێت بۆ توركیا" بارزانیش له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت "بڕینی‌ قوتی‌ خه‌ڵك له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ هیچی‌ كه‌متر نییه‌ له‌كیمیابارانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌".

بارزانی‌ ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ ئه‌وان چاوه‌ڕێی‌ نێوه‌ندگیری‌ ئه‌مه‌ریكان بۆ گێڕانه‌وه‌ی‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم "ئه‌گه‌رنا هه‌رێم پشت به‌داهاتی‌ خۆی‌ ده‌به‌ستێت‌و ئه‌وكات هه‌موو شتێك ده‌گۆڕێت"، هیواشی‌ به‌وه‌یه‌ ئه‌نجامی‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بارودۆخه‌كه‌ بگۆڕێت.

بارزانی‌ رۆژی‌ 13ی‌ ئه‌م مانگه‌ له‌چاوپێكه‌وتنێكی‌ كه‌ناڵی‌ سكای‌ نیوزی‌ عه‌ره‌بی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد "ئه‌زموونی‌ فیدراڵی‌ له‌عێراقدا شكستی‌ هێناوه‌و كاتی‌ ئه‌وه‌ هاتووه‌ په‌نا بۆ كۆنفیدراڵی‌ ببرێت"، ئه‌وه‌شی‌ روونكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ بڕیاری‌ زۆر له‌سه‌ر ئه‌نجامی‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ هه‌ڵده‌چنرێت.

ئه‌وه‌ یه‌كه‌مینجار نییه‌ بارزانی‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ جیابوونه‌وه‌ ده‌كات‌و هه‌میشه‌ وه‌ك كارتێك به‌كاری‌ ده‌هێنێت، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ بوبێته‌ فشارێك به‌سه‌ر مالیكییه‌وه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی‌ خواسته‌كانی‌ كورد، بارزانی‌ هه‌ر بۆخۆیشی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌مه‌ریكی‌‌و ئێرانییه‌كاندا به‌شێك بوو له‌وه‌ی‌ ئه‌و پۆسته‌ به‌مالیكی‌ بدرێت، بۆ خۆیشی‌ ئه‌م زانیارییه‌ی‌ له‌چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا دووپات كرده‌وه‌.

له‌ماوه‌ی‌ هه‌شت ساڵی‌ رابردوودا ئێران سه‌ركه‌وتوو بووه‌ له‌هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ به‌ره‌ی‌ دژه‌ مالیكی‌، به‌تایبه‌تی‌ ئه‌و هه‌وڵه‌ی‌ ساڵی‌ 2012 له‌لایه‌ن شیعه‌و سوونه‌و كورده‌وه‌ درا بۆ لابردنی‌ مالیكی‌، راپۆرته‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانیش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ قاسم سلێمانی‌ فه‌رمانده‌ی‌ سوپای‌ قودس به‌م دواییه‌ چه‌ندجارێك سه‌ردانی‌ عێراقی‌ كردووه‌ بۆ رێكخستنه‌وه‌ی‌ ماڵی‌ شیعه‌و ناساندنی‌ مالیكی‌ وه‌كو "تاكه‌ كاندید"ی‌ ئێران.

پرسیاره‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ ئاخۆ كورد ده‌كه‌وێته‌وه‌ هه‌مان "هه‌ڵه‌"ی‌ پێشوو بۆ هه‌ڵبژارنه‌وه‌ی‌ مالیكی‌؟، پێناچێت ئیتر كورد متمانه‌ی‌ به‌مالیكی‌ مابێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر تاكه‌ پاڵێوراوی‌ ئێرانیش بێت.

له‌م بارودۆخه‌دا كورد به‌ره‌و رووی‌ هه‌ڵبژاردن ده‌چێت‌و پاش ئه‌وه‌ش ته‌نها دووبژارده‌ له‌به‌رده‌میدا كراوه‌یه‌، یان ئه‌وه‌تا هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر پاڵێوراوێكی‌ تر ده‌سازێن‌و كوردیش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چوارگۆشه‌ی‌ یه‌كه‌م له‌گوێگرتن له‌به‌ڵێنه‌كان، به‌و پێیه‌ی‌ پێشتر ئه‌و به‌ڵێنانه‌یان له‌عه‌لاوی‌‌و جه‌عفه‌ری‌‌و مالیكی‌ بیستووه‌، یان ئه‌وه‌تا بڕیاری‌ جیابووه‌نه‌وه‌ ده‌باته‌ سه‌ر، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ هه‌ندێك پێیان وایه‌ بارودۆخی‌ ناوچه‌یی‌ بۆ ئه‌و بڕیاره‌ گونجاوه‌.

له‌سه‌ر ئاستی‌ كوردستان حیزبه‌كه‌ی‌ بارزانی‌ له‌په‌رله‌ماندا پێشه‌نگه‌و حیزبه‌كه‌ی‌ تاڵه‌بانیش به‌هۆی‌ نه‌خۆشكه‌وتنی‌ سكرتێره‌وه‌ له‌قه‌یرانێكی‌ قوڵدایه‌.

له‌سه‌ر ئاستی‌ عێراق ناكۆكی‌ شیعه‌و سووننه‌ له‌وپه‌ڕیدایه‌و هه‌ریه‌ك له‌و پێكهاتانه‌ش كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی‌ خۆیان هه‌یه‌.

له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوچه‌ییش په‌یوه‌ندی‌ نێوانی‌ سوریاو عێراق‌و ئێران‌و توركیا وه‌ك جاران نه‌ماوه‌ كه‌ هه‌موویان دژی‌ كورد بوون، ئه‌وه‌تا به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رقاڵه‌ به‌شه‌ڕی‌ ناوخۆوه‌، ئێرنیش سه‌رقاڵی‌ كێشه‌ی‌ سوریاو عێراق‌و رێكخستنه‌وه‌ی‌ ماڵی‌ شیعه‌یه‌، هه‌رچی‌ توركیاشه‌ ئێستا كوردستان بۆی‌ بووه‌ته‌ هاوپه‌یمانێكی‌ گرنگ‌و په‌یوه‌ندی‌ ئه‌نكه‌ره‌و هه‌ولێر رۆژ به‌رۆژ به‌ره‌و پێش ده‌چێت‌و توركیاش بنكه‌ی‌ سه‌ربازی‌ له‌هه‌رێمدا هه‌یه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ توركیا سه‌رقاڵی‌ كێشه‌ی‌ په‌كه‌كه‌یه‌.

هه‌ندێ‌ له‌چاودێران پێیان وایه‌ ره‌نگه‌ كورد له‌م قۆناغه‌دا ده‌ستبه‌رداری‌ ماده‌ی‌ 140و كه‌ركوك ببێت‌و بیكاته‌ قوربانی‌ بۆ دروستكردنی‌ ده‌وڵه‌تێك، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی‌ دوایی‌ ده‌ركه‌وتووه‌ ناوچه‌كانی‌ تری‌ كوردستانیش ده‌وڵه‌مه‌ندن به‌نه‌وت‌و غاز، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌هه‌ڵكشانی‌ ئاستی‌ ئاڵوگۆڕی‌ بازرگانی‌ له‌گه‌ڵ‌ سوریاو توركیاو ئێران.

به‌كورتی‌ ئه‌وه‌ روونه‌ كه‌ كۆتایی‌ ئه‌م مانگه‌ عێراقییه‌كان به‌كوردو عه‌ره‌به‌وه‌ ده‌چنه‌ هه‌ڵبژاردنێكه‌وه‌ كه‌ یه‌كه‌مینجاره‌ ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ی‌ نییه‌، بێگومان له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا به‌و شێوه‌یه‌ نایه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ كه‌ چوونه‌ ناوی‌.

*هۆشه‌نگ رۆژنامه‌نووسێكی‌ كوردستانی‌ سوریایه‌و بۆچوونی‌ خۆی‌ له‌سه‌ر رووداوه‌كانی‌ عێراق‌و ئه‌گه‌ری‌ گۆڕانكارییه‌كانی‌ پاش هه‌ڵبژاردن خستووه‌ته‌ روو.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌