راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

په‌تای‌ به‌پارێزگابوون عێراقی‌ گرتووه‌ته‌وه‌

ئه‌حمه‌د سائغ
له‌و كاته‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران بڕیاریداوه‌ قه‌زای‌ ته‌له‌عفه‌ر بكاته‌ پارێزگا، په‌تای‌ بوون به‌پارێزگا بیست…
30.01.2014  |  موسڵ

ته‌له‌عفه‌ر كه‌ گه‌وره‌ترین قه‌زای‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وایه‌، ژماره‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ 400 هه‌زار كه‌سه‌ (نزیكه‌ی‌ 12.65ی‌ كۆی‌ دانیشتوانی‌ نه‌ینه‌وا)، نیوه‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ توركمانه‌و ئه‌وه‌ی‌ ده‌مێنێته‌وه‌ له‌عه‌ره‌ب‌و كورد پێكهاتوون، جگه‌ له‌ناوه‌ندی‌ قه‌زاكه‌، خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ دابه‌شبوون به‌سه‌ر ناحیه‌كانی‌ ره‌بیعه‌و عیازیه‌و زومار، رووبه‌ری‌ قه‌زاكه‌ش نزیكه‌ی‌ 7%ی‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا پێكده‌هێنێت كه‌ به‌شی‌ زۆری‌ خاكه‌كه‌ی‌ بۆ كشتوكاڵ‌ به‌پیته‌.

چه‌ند ساڵێكه‌ قه‌زای‌ ته‌له‌عفه‌ر له‌بارێكی‌ نائارامدا ده‌ژی‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌ساڵی‌ 2004ه‌وه‌، له‌و ده‌مه‌ی‌ توركمانه‌ سوونه‌و شیعه‌كان كه‌وتنه‌ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ یه‌كترو به‌هۆیه‌وه‌ به‌هه‌زاران هاوڵاتی‌ توركمانی‌ سوننه‌ قه‌زاكه‌یان جێهێشت‌و شیعه‌كان مانه‌وه‌، هه‌رچی‌ هه‌وڵه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ عێراق‌و حكومه‌تی‌ توركیاشه‌، بۆ ئاشتكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ردوو لایه‌نه‌كه‌ شكستی‌ هێنا.

هه‌ڵمه‌تی‌ به‌پارێزگاكردنی‌ ته‌له‌عفه‌ر له‌لایه‌ن شێخ محه‌مه‌د ته‌قی‌ مولییه‌وه‌ رێبه‌رایه‌تی‌ ده‌كرێت كه‌ توركمانێكی‌ شیعه‌ مه‌زهه‌به‌‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات به‌پشتبه‌ستن به‌خواستی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ ئه‌و داوایه‌ی‌ هه‌یه‌و ده‌یه‌وێت ئاستی‌ خزمه‌تگوزاری‌ به‌ره‌وپێش ببات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ گیانی‌ رۆڵه‌كانی‌ بپارێزێت كه‌ به‌هۆی‌ سه‌ردانی‌ دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانی‌ موسڵ‌ رووبه‌رووی‌ كوشتن ده‌بنه‌وه‌.

له‌به‌رامبه‌ردا نه‌یارانی‌ بیرۆكه‌كه‌ به‌توندی‌ دژی‌ ده‌وه‌ستنه‌وه‌و كه‌سێكی‌ وه‌ك ئه‌سیل نوجێفی‌ پارێزگاری‌ نه‌ینه‌وا پێی‌ وایه‌ "پێكهێنانی‌ پارێزگاكه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ تایفییه‌و دژی‌ یاساو ده‌ستوره‌، چونكه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ به‌ته‌نها له‌ده‌ست ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگادایه‌".

به‌شێكی‌ تری‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران په‌یوه‌سته‌ به‌ده‌ربڕینی‌ ره‌زامه‌ندی‌ سه‌ره‌تایی‌ بۆ بوونه‌ پارێزگای‌ قه‌زاكانی‌ دووزخورماتوو فه‌لوجه‌و سه‌هلی‌ نه‌ینه‌وا كه‌ ئه‌مه‌ش دنیایه‌ك كێشه‌ی‌ به‌دواوه‌یه‌.

سه‌هلی‌ نه‌ینه‌وا بۆخۆی‌ مایه‌ی‌ مشتومڕێكی‌ زۆره‌، چونكه‌ ناوچه‌ مه‌سیحی‌ نشینه‌كانی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ موسڵ‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ پێكهاتوون له‌قه‌زاكانی‌ حه‌مدانییه‌و شێخان‌و ته‌لكێف، پێشتریش مه‌سیحییه‌كان داوایانكردبوو كه‌ له‌و ناوچانه‌دا مافی‌ خۆبه‌ڕێوه‌بردنیان پێبدرێت.

هه‌رچی‌ قه‌زای‌ دوزخورماتووشه‌ سه‌ر به‌پارێزگای‌ سه‌لاحه‌دینه‌و له‌رووی‌ پێكهاته‌ی‌ دانیشتوانه‌وه‌ له‌ته‌له‌عفه‌ر ده‌چێت، ئه‌م قه‌زایه‌ نزیكه‌ی‌ 190 هه‌زار كه‌س تیایدا ده‌ژین كه‌ زۆرینه‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ توركمانی‌ شیعه‌ له‌پاڵ‌ كوردو عه‌ره‌بدا، ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵێكه‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ رووبه‌رووی‌ قه‌یرانێكی‌ ئه‌منی‌ قوڵ‌ بووه‌ته‌وه‌و ته‌قینه‌وه‌و توندوتیژی‌ لێی‌ نه‌بڕاوه‌، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وایكردووه‌ به‌شێك له‌خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ داوای‌ بوون به‌پارێزگا بكه‌ن، به‌ڵام حكومه‌تی‌ لۆكاڵی‌ سه‌لاحه‌دینیش هاوشێوه‌ی‌ نه‌ینه‌وا ئه‌م بڕیاره‌ی‌ ره‌تكرده‌وه‌و رایگه‌یاند "نا ده‌ستورییه‌و پاڵنه‌ره‌كه‌ی‌ تایفی‌‌و سیاسییه‌".

ئه‌م هه‌رایه‌ ئه‌وه‌نده‌ له‌سه‌ر فه‌لوجه‌ دروست نه‌بوو، به‌و پێیه‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ له‌یه‌ك جۆره‌ پێكهاته‌ن كه‌ سه‌رجه‌میان سوننه‌ن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ ماوه‌ی‌ 40 رۆژه‌ به‌ده‌ست شه‌ڕی‌ داعش سوپای‌ عێراقییه‌وه‌ گیرۆده‌ بووه‌.

ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێت كه‌ هه‌ر زۆر نییه‌ له‌ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانه‌وه‌ بڕیاری‌ به‌پارێزگابوونی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ دراوه‌، به‌ڵام پێناچێت ئه‌مه‌یان له‌لایه‌ن هیچ كام له‌هێزه‌كانه‌وه‌ ناكۆكی‌ زۆری‌ له‌سه‌ر بێت.

به‌شی هه‌ره‌ زۆری‌ نه‌یارانی‌ مالیكی‌ پێیان وایه‌ بڕیاری‌ به‌پارێزگاكردنی‌ ئه‌و قه‌زایانه‌ هه‌وڵێكه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌نگی‌ دوو پارێزگا نوێیه‌كه‌ی‌ شیعه‌ (ته‌له‌عفه‌رو دووزخوماتوو) به‌ده‌ست بهێنێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ ده‌یه‌وێت "شكسته‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی‌ له‌ئه‌نبار په‌رده‌پۆش بكات".

حه‌سه‌ن عه‌لاف جێگری‌ پارێزگاری‌ نه‌ینه‌وا پێی‌ وایه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ كورد ناچار بكرێت له‌وه‌ی‌ ته‌نازول له‌به‌شه‌ بودجه‌ی‌ خۆی‌ بكات به‌و پێیه‌ی‌ هه‌ردوو پارێزگا نوێیه‌كه‌ ده‌كه‌ونه‌ سنوری‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانی‌ ماده‌ی‌ 140ه‌وه‌ كه‌ كورد داوا ده‌كات بلكێنرێنه‌وه‌ به‌كوردستانه‌وه‌.

هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م حاڵه‌تانه‌شه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ سه‌رگۆن لازار وه‌زیری‌ ژینگه‌ (مه‌سیحی‌) ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات وه‌زیره‌ كورده‌كان له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ ئه‌و بڕیاره‌ له‌ناو ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران ده‌نگیان نه‌داوه‌، له‌هه‌مان رووه‌وه‌ خالید شوانی‌ په‌رله‌مانتاری‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ كورد له‌په‌رله‌مان رێگه‌نادات به‌تێپه‌ڕبوونی‌ ئه‌و یاسایه‌.

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌وڵانه‌ی‌ مالیكی‌ سووننه‌كانیش ده‌سته‌وه‌ستان نه‌بوون، ئه‌وه‌تا قه‌زای‌ زوبێر كه‌ سه‌ربه‌پارێزگای‌ به‌سره‌ی‌ شیعه‌یه‌و دانیشتوانه‌كه‌ی‌ سووننه‌نشینن، ئه‌وانیش داوای‌ پارێزگا ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ به‌رپرسانی‌ سوننه‌ داوا ده‌كه‌ن به‌غدا بكرێت به‌شه‌ش پارێزگاو هه‌ردوو پارێزگای‌ نه‌ینه‌واو سه‌لاحه‌دینیش بیرۆكه‌ی‌ بوون به‌هه‌رێم ده‌هێننه‌ پێشه‌وه‌.

وه‌ڵامی‌ مالیكی‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌نگاوانه‌دا دوانه‌كه‌وت، ئه‌وه‌ بوو هه‌رزوو وتی‌ "هیچ كه‌سێك مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ نییه‌ رێ له‌پارێزگابوونی‌ قه‌زاكان بگرێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ پرۆژه‌یه‌كی‌ یاسایی‌‌و ده‌ستورییه‌"، به‌ڵام پێده‌چێت به‌ته‌نها كوتله‌كه‌ی‌ مالیكی‌ (ده‌وڵه‌تی‌ یاسا) پشتگیری‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ بكات، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ عه‌باس به‌یاتی‌ په‌رله‌مانتاری‌ ئه‌و لیسته‌ ده‌ڵێت "به‌پارێزگابوونی‌ ئه‌و قه‌زایانه‌ دادپه‌روه‌ری‌ بۆ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ ده‌چه‌سپێنێت"‌و هیوای‌ خواست په‌رله‌مان له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ بڕیاره‌كه‌ ده‌نگ بدات.

به‌ڵام ئه‌م خواسته‌ی‌ به‌یاتی‌ هه‌یه‌تی‌ پێناچێت له‌گه‌ڵ‌ واقیعدا یه‌كبگرێته‌وه‌، به‌و پێیه‌ی‌ كورد ڤیتۆی‌ له‌سه‌ر یاساكه‌ هه‌یه‌و سوننه‌ش له‌گه‌ڵیدا نییه‌و كوتله‌ شیعه‌ نه‌یاره‌كانی‌ مالیكیش ناچنه‌ ژێر باری‌ هه‌مان بڕیاره‌وه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌