راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

سه‌ركرده‌ی‌ خۆپیشاندانه‌كان یه‌ك به‌دوای‌ یه‌ك له‌ناوده‌برێن

عه‌بدوڵڵا سالم
رێبه‌رانی‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی‌ چاره‌كی‌ یه‌كه‌می‌ ساڵی‌ رابردوو له‌نه‌ینه‌وا، له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ خواسته‌كانیان بۆ…
16.01.2014  |  موسڵ

شێخ محه‌مه‌د ره‌زوان حه‌دیدی‌ كه‌ یه‌كێك بوو له‌سه‌ركرده‌ی‌ خۆپیشاندانه‌كان‌و ته‌واو حكومه‌تی‌ بێزار كردبوو، رۆژی‌ 12ی‌ ئه‌م مانگه‌ چه‌ند چه‌كدارێك هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر ماڵه‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڕه‌كی‌ حه‌ی‌ عامل له‌باشووری‌ موسڵ‌‌و له‌وێدا كوشتیان.

ماوه‌یه‌كی‌ زۆر بوو حه‌دیدی‌ هه‌م له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ داواكراو بوو هه‌م له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی‌ به‌رده‌وامی‌ داعشدا بوو.

پێشتر حه‌دیدی‌ چه‌ند جارێك داوای‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندو ده‌ستوری‌ كردبوو، هاوكات له‌گه‌ڵیدا ره‌خنه‌ی‌ زۆری‌ له‌داعش ده‌گرت‌و وتبووی‌ "ئه‌توانین قسه‌ له‌گه‌ڵ‌ دیوار بكه‌ین‌و تێی‌ بگه‌یه‌نین، به‌ڵام ئه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ‌ داعشدا بۆ ناكرێت".

عه‌بدولسه‌لام ره‌ئوف نوسه‌رو رۆژنامه‌نووس له‌مڕووه‌وه‌ بۆ "نیقاش"ی‌ رونكرده‌وه‌، له‌و كاته‌وه‌ خۆپیشانده‌ران له‌24ی‌ نیسانی‌ ساڵی‌ رابردووه‌وه‌ چه‌كیان دژی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ عێراق هه‌ڵگرتووه‌، یه‌ك به‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی‌ ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ له‌رووداوی‌ ته‌مومژاویدا له‌ناو ده‌برێن، له‌مڕووه‌وه‌ وتی‌ "هه‌ندێ‌ ده‌نگۆ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن میلیشیا شیعه‌كان‌و به‌تایبه‌تی‌ گروپی‌ عه‌سائیب ده‌ستیان له‌م پرۆسه‌یه‌دا هه‌یه‌‌و به‌هاوكاری‌ ئێران ده‌یكه‌ن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ گروپی‌ حیزبوڵای‌ عێراقیش هاوكارییان ده‌كات".

عه‌بدولسه‌لام ناوی‌ ئه‌و رێبه‌ری‌ خۆپیشاندانانه‌ی‌ هێنا كه‌ یه‌ك به‌دوای‌ یه‌ك كوژراون، له‌وانه‌ یه‌كه‌میان شێخ سروی‌ كورز شه‌ممه‌ری‌ كه‌ مانگی‌ ئایار له‌نزیك ماڵه‌كه‌ی‌ خۆی‌ كوژرا.

هه‌یسه‌م عیبادی‌ رۆژی‌ نۆی‌ مانگی‌ ئاب له‌ناوه‌ندی‌ شار كوژراو ئه‌حمه‌د رماوی‌ كه‌سایه‌تی‌ دیاری‌ عه‌شایه‌ری‌ له‌گه‌ڵیدا بریندار بوو.

رۆژی‌ 27ی‌ هه‌مان مانگ ژماره‌یه‌ك چه‌كدار به‌رزانی‌ به‌درانی‌ سه‌رۆكی‌ عه‌شیره‌تی‌ ئه‌لبو به‌درانیان به‌چه‌كی‌ بێده‌نگ كوشت كه‌ ئه‌ویش یه‌كێك بوو له‌سه‌ركرده‌ی‌ خۆپیشاندانه‌كه‌.

له‌مانگی‌ ئه‌یلول شێخ سائیر حازم سه‌رۆكی‌ عه‌شیره‌تی‌ عه‌نزه‌یان كوشت له‌به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی‌ خۆی‌ له‌گه‌ڕه‌كی‌ سدیق له‌رۆژهه‌ڵاتی‌ موسڵ‌.

رۆژی‌ 11ی‌ تشرینی‌ دووه‌م دیسان ژماره‌یه‌ك چه‌كدا شێخ عه‌لی‌ شه‌ماغیان كوشت، پاش ئه‌وه‌ی‌ له‌وتاری‌ رۆژی‌ هه‌ینی‌ ته‌واو بوو، ئه‌ویش سه‌ركرده‌یه‌كی‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ بوو.

ئه‌سیل نوجێفی‌ پارێزگاری‌ نه‌ینه‌واو سه‌ركرده‌ی‌ ئیئتیلافی‌ موته‌حیدوون به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "میلیشیاكان‌و داعش پێكه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت زانایانی‌ ئاینی‌‌و چالاكوانان له‌ناو سوننه‌دا نه‌مێنن".

نوجێفی‌ كه‌ دژی‌ سیاسه‌ته‌كانی‌ مالیكییه‌و پشتگیری‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی‌ ده‌كرد ترسی‌ خۆی‌ له‌وه‌ نه‌شارده‌وه‌ كه‌ بكوژی‌ ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ پێش ده‌ستگیركردنیان له‌ناو ببرێن بۆ ئه‌وه‌ی‌ دۆسێكان ون بكرێن.

ئه‌وه‌شی‌ به‌دوور نه‌زانی‌ كه‌ "ئه‌جێندای‌ ده‌ره‌كی‌" له‌پشت ئه‌م هه‌نگاوه‌وه‌ بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌میشه‌ سووننه‌كان له‌قه‌یراندا بژین.

چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگادارو نزیك له‌چالاكوانانی‌ خۆپیشاندانه‌كان ئه‌وه‌یان به‌"نیقاش" راگه‌یاند كه‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ سه‌ركرده‌ی‌ خۆپیشاندانه‌كان له‌ترسی‌ ده‌ستگیركردنیان له‌لایه‌ن حكومه‌ت‌و كوشتنیان له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ هه‌ڵهاتوون.

هه‌مان ئه‌و سه‌رچاوانه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌ كرد كه‌ ژماره‌یه‌ك رۆژنامه‌نووس‌و راگه‌یاندكار له‌وانه‌ی‌ رووماڵی‌ ناڕه‌زاییه‌كه‌یان ده‌كرد له‌سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ ئابی‌ رابردووه‌وه‌ یه‌ك به‌دوای‌ یه‌ك له‌ناوبراون.

هه‌ندێ‌ له‌و كادیرانه‌ پێشتر به‌به‌رپرسه‌كانی‌ خۆیان راگه‌یاندبوو كه‌ كه‌سانی‌ نه‌ناسراو له‌ناو گۆڕه‌پانی‌ خۆپیشاندانه‌كه‌و له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌ش به‌كامێرای‌ ڤیدیۆ وێنه‌یان ده‌گرن.