راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

به‌سره‌ له‌قه‌یرانی‌ ده‌سه‌ڵاتدا ده‌ژی‌

وه‌حید غانم
له‌و كاته‌وه‌ پۆستی‌ پارێزگاری‌ به‌سره‌ له‌ده‌ست لیسته‌كه‌ی‌ مالیكی‌ ده‌رچووه‌، په‌یوه‌ندی‌ نێوان به‌سره‌و…
9.01.2014  |  به‌سرا

پێده‌چێت پارێزگاری‌ به‌سره‌ بیه‌وێت له‌رێی‌ لێدوانه‌كانیه‌وه‌ فشار بخاته‌ سه‌ر حكومه‌تی‌ ناوه‌ند بۆ ئه‌وه‌ی‌ بڕه‌ پشكی‌ پترۆ دۆلار بۆ له‌سه‌دا پێنج زیاد بكرێت‌و به‌غداش ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی‌ بباته‌ سه‌ر كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ به‌هۆی‌ پاشه‌كشه‌ی‌ لیسته‌كه‌ی‌ مالیكییه‌وه‌ پشتگوێ‌ خراوه‌.

دوا هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان كه‌ له‌رێیه‌وه‌ ماجید نه‌سراوی‌ له‌سه‌ر پشكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵا بووه‌ پارێزگاری‌ شاره‌كه‌، پاشه‌كشه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ لیسته‌كه‌ی‌ مالیكی‌ به‌خۆوه‌ بینی‌ كه‌ پێشتر ئه‌وان پۆسته‌كه‌یان له‌ده‌ستدا بوو.

سه‌باح به‌زونی‌ سه‌رۆكی‌ لیستی‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا له‌ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا پێی‌ وایه‌ یاسای‌ سانت لیگۆ له‌قازانجی‌ ئه‌وان نه‌شكاوه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێت "به‌وه‌ خه‌مبار بوین كه‌ به‌هه‌ژده‌ هه‌زار ده‌نگه‌وه‌ كورسیمان به‌ده‌ست نه‌هێنا كه‌چی‌ لایه‌ن هه‌یه‌ به‌ 9 هه‌زار ده‌نگ كورسی‌ بردووه‌، ئاخۆ ده‌نگی‌ لایه‌نگرانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا جیاوازه‌ له‌ده‌نگی‌ لایه‌نه‌كانی‌ تر؟".

به‌زونی‌ له‌م قسانه‌یدا مه‌به‌ستی‌ ئه‌وه‌یه‌ یاسای‌ سانت لیگۆ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ هێزه‌ بچوكه‌كانه‌و به‌زیان بۆ هێزه‌ گه‌وره‌كان ده‌شكێته‌وه‌.

به‌زونی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ ئه‌وان له‌رووی‌ ده‌نگه‌وه‌ براوه‌ی‌ یه‌كه‌م بوون، به‌ڵام به‌ڕێژه‌ی‌ كورسی‌ كه‌وتوونه‌ته‌ دوای‌ هێزه‌كانی‌ تر، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش داوایه‌كیان داوه‌ دادگای‌ فیدراڵی‌ كه‌ بڕیار وایه‌ شوباتی‌ داهاتوو دانیشتنی‌ بۆ بكرێت.

ناڕه‌زایی‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌وه‌ نییه‌ له‌ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ به‌سره‌ ته‌نها به‌وه‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌ته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ هاشم لعێبی‌ راگه‌یاندكار له‌ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا ده‌ڵێت "سه‌رپێچی‌ یاسایی‌ كراوه‌ له‌رووی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌یه‌ك رۆژدا هه‌ڵبژاردن بۆ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن‌و پارێزگار‌و جێگره‌كانیان كراوه‌، ئه‌مه‌ش دژی‌ په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆو ماده‌ی‌ 21ی‌ ده‌ستوره‌".

ئه‌گه‌ر قسه‌كان به‌م شێوه‌یه‌ بێت‌و بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵی‌ له‌باره‌وه‌ ده‌ربچێت، ئه‌وا ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی‌ كه‌ كراوه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ پێشتر له‌ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ دیاله‌ روویدا.

له‌به‌رامبه‌ردا جومعه‌ زه‌ینی‌ به‌و پێیه‌ی‌ به‌ته‌مه‌نترین ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌یه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ دانیشتنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ كردووه‌ ده‌ڵێت "هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ یاسایی‌ بووه‌و 28 ئه‌ندام ئاماده‌ی‌ بوون‌و ته‌نها 7 نه‌هاتوون، پێشتریش راگه‌یاندنی‌ بۆ كراوه‌".

زه‌ینی‌ پاڵێوراوی‌ هێزه‌ لیبرالییه‌كان بوو له‌نێو ئیئتیلافی (یه‌كه‌م به‌سره‌یه‌) جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی‌ رووده‌دات له‌چوارچێوه‌ی‌ ململانێی‌ سیاسی‌ لایه‌نه‌كاندایه‌ كه‌ كاریگه‌ری‌ خراپی‌ ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌دای‌ حكومه‌تی‌ خۆجێیه‌تی‌.

به‌سره‌ كه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندترین شاری‌ عێراقیه‌ له‌رووی‌ نه‌وته‌وه‌و به‌سه‌ر كه‌نداوی‌ عه‌ره‌بیدا ده‌ڕوانێت، ساڵانێكی‌ زۆره‌ ململانێی‌ سیاسی‌ به‌رۆكی‌ ئه‌و پارێزگایه‌ی‌ گرتووه‌، ئه‌م باره‌ش گوێزراوه‌ته‌وه‌ بۆ ناو ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ی‌ ئێستا كه‌ له‌ 35 كورسی‌ پێكهاتووه‌و یه‌كێكیان بۆ كۆتایه‌.

عه‌لی‌ كه‌نعان، رۆژنامه‌نووسی‌ سه‌ر به‌ئه‌نجومه‌نی‌ باڵا بۆچوونێكی‌ پێچه‌وانه‌ی‌ هه‌یه‌و ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ روو كه‌ لایه‌نه‌كان خه‌ریكه‌ له‌سه‌ر كێشه‌كانی‌ به‌سره‌ ده‌سازێن‌و ده‌ڵێت "جۆرێك له‌رێكه‌وتننامه‌ی‌ ستراتیژی‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ خۆجێیه‌تی‌ به‌م شێوه‌یه‌ی‌ ئێستا بمێنێته‌وه‌و دكتۆر ماجید نه‌سراوی‌ پارێزگار بێت، بۆیه‌ تانه‌كان هیچ له‌بارودۆخه‌كه‌ ناگۆڕێت".

كه‌نعان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئیئتیلافی‌ (یه‌كه‌م به‌سره‌یه‌) هێشتا له‌ناو ئه‌نجومه‌ندا یه‌كه‌مه‌و زیاتر له‌نیوه‌ی‌ كورسییه‌كانی‌ به‌ده‌سته‌، به‌و پێیه‌ی‌ 18 كورسی‌ بردووه‌ته‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر 16 كورسی‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسادا، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ رێژه‌یه‌ك نییه‌ دڵنیایان بكاته‌وه‌، به‌ڵام كه‌نعان ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر یه‌ك كورسیش زیاتر بێت مانای‌ وایه‌ له‌نیوه‌ زیاتره‌، ئینجا ده‌وڵه‌تی‌ یاسا نه‌سازاون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كێ‌ پارێزگار بێت".

جكومه‌ته‌كه‌ی‌ ماجید نه‌سراوی‌ پارێزگار له‌به‌رده‌م كێشه‌ی‌ زۆردایه‌، كه‌ دیارترینیان په‌یوه‌ندی‌ هه‌یه‌ به‌باری‌ ئه‌منی‌‌و كێشه‌ی‌ نیشته‌جێبوون‌و خزمه‌تگوزاری‌‌و بێكارییه‌وه‌، ئه‌مه‌ش بۆ به‌زونی‌ نه‌یاری‌ ده‌رفه‌تێكی‌ باشه‌ كه‌ ره‌خنه‌ی‌ لێبگرێت‌و ده‌ڵێت "پارێزگار توانای‌ هه‌ڵگرتنی‌ به‌رپرسیارێتی‌ نییه‌، نه‌ هه‌یكه‌لی‌ پارێزگاو نه‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ش رێكخراوه‌، ئه‌وه‌تا تائێستا یه‌ك لیژنه‌ پێك نه‌هاتووه‌".

هه‌رچه‌نده‌ به‌زونی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ناڕاسته‌وخۆ ئه‌وه‌ ده‌رده‌بڕێت كه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵا ده‌ست وه‌رده‌ده‌نه‌ كاری‌ پارێزگاره‌وه‌، به‌ڵام كه‌نعانی‌ ئه‌وه‌ ره‌ت ده‌كاته‌وه‌و پێی‌ وایه‌ له‌هه‌موو ئه‌و پارێزگایانه‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا تیایاندا دۆڕاوه‌ ئێستا له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ ناوه‌نده‌وه‌ رووبه‌رووی‌ فشار ده‌بنه‌وه‌.

كه‌نعان ده‌ڵێت "ده‌ست‌و پێی‌ پارێزگاره‌كان به‌ستره‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌مه‌سه‌له‌ی‌ لابردنی‌ فه‌رمانده‌ی‌ پۆلیسی‌ به‌سره‌ روویدا كاتێك حه‌ڤده‌ ئه‌ندام له‌دژی‌ ده‌نگیانداو ته‌نها ئه‌وانه‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا مانه‌وه‌، كه‌چی‌ دۆسێكه‌ په‌كخرا".

له‌هه‌ڵبژاردنی‌ رابردوودا ئه‌نجومه‌نی‌ باڵاو ره‌وتی‌ سه‌در چونه‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كی‌ نیمچه‌ ستراتیژییه‌وه‌‌و هه‌ردوكیشیان له‌دژی‌ سێباره‌ كاندیدكردنه‌وه‌ی‌ مالیكین، بۆیه‌ ئه‌مه‌ كاری‌ له‌سه‌ر توانای‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆجێیه‌تی‌ به‌سره‌ كردووه‌و هه‌ماهه‌نگی‌ له‌نێوان ئه‌و پارێزگایه‌و حكومه‌تی‌ ناوه‌نددا نییه‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌گه‌ڵ‌ نزیكبوونه‌وه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن ناوه‌ند رێگه‌ نادات پارێزگار ده‌سه‌ڵاتی‌ ته‌واوی‌ هه‌بێت.

ئه‌گه‌ر وه‌ڵامی‌ دادگای‌ فیدراڵی‌ به‌دڵی‌ ئه‌وانه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ تانه‌یان لێداوه‌ ئه‌وه‌ جارێكی‌ قه‌یران له‌سه‌ر ئه‌و پارێزگایه‌ دروست ده‌بێته‌وه‌و هه‌ڵبژاردنی‌ پارێزگار پێویستی‌ به‌19 ده‌نگ ده‌بێت.

به‌پێی‌ ئه‌و زانیاریانه‌ش كه‌ دزه‌یان كردووه‌ ئێستا گفتوگۆ له‌ئارادایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ پارێزگار له‌شوێنه‌كه‌ی‌ خۆیدا بمێنێته‌وه‌و له‌به‌رامبه‌ردا پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن به‌رێكخراوی‌ به‌در یان ده‌وڵه‌تی‌ یاسا بدرێت.