راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هه‌رێمی‌ قه‌یرانه‌كان؛ ئه‌مجاره‌یان ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا

سه‌نگه‌ر جه‌مال
هێشتا كه‌شوهه‌وای‌ بارگاوی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان هێور نه‌بووه‌ته‌وه‌، كه‌چی‌ له‌پڕ…
21.11.2013  |  سلێمانی
Kurdistan
Kurdistan

هه‌شت ساڵی‌ ره‌به‌قه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌زموونه‌كه‌ی‌ كه‌وتووه‌ته‌ دوای‌ پارچه‌كانی‌ تری‌ عێراقه‌وه‌و هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ تیا ئه‌نجام نه‌دراوه‌، ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ 2005 گه‌یاندنی‌ به‌كورسی‌ ئه‌نجومه‌ن، له‌و كاته‌وه‌ شوێنی‌ خۆیان گه‌رم كردووه‌و كه‌س نه‌بووه‌ته‌ ركابه‌ریان.

ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ 21ی‌ ئه‌یلول (سێبته‌مبه‌ر)ی‌ رابردوو، وه‌ك چۆن هاوكێشه‌ی‌ سیاسی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا گۆڕی‌، هه‌مانكات ده‌رگایه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ كرده‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تای‌ چه‌ند گۆڕانكارییه‌كی‌ تر.

بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانی‌ ئۆپۆزسیۆن كه‌ ئه‌مجاره‌ به‌بردنه‌وه‌ی‌ 24 كورسی‌ پێش یه‌كێتی‌ نه‌یاری‌ كه‌وته‌وه‌و بووه‌ هێزی‌ دووه‌م، زیاتر له‌جاران ده‌نگی‌ دلێر بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ داوای‌ مافی‌ به‌رێوه‌بردنی‌ ئه‌و پارێزگایانه‌ بكات كه‌ ئه‌و تیایاندا براوه‌ بووه‌.

نه‌وشیروان مسته‌فا رێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كی ئۆرگانه‌كانی حیزبه‌كه‌یدا رایگه‌یاند "سێ هه‌ڵبژاردنه‌ له‌پارێزگای سلێمانی كه‌ گه‌وره‌ترین پارێزگای هه‌رێمه‌ له‌ روی ژماره‌ی دانیشتوانه‌وه‌ هێزی یه‌كه‌من‌و له‌دواهه‌ڵبژاردنیشدا بونه‌ته‌ هێزی دووه‌م له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم، به‌ڵام له‌بری به‌شداری پێكردن له‌ده‌سه‌ڵاتدا ئه‌ندام‌و لایه‌نگرانیان سزا ده‌درێن" .

به‌پێی‌ ئه‌نجامه‌كانی‌ دوا هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانی‌ ئۆپۆزسیۆن له‌پارێزگای‌ سلێمانی‌ 350 هه‌زار ده‌نگی‌ به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌به‌رامبه‌ردا ده‌نگه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ وه‌ك حیزبی‌ فه‌رمانڕه‌وی‌ ناوچه‌كه‌ 210 هه‌زار ده‌نگ بووه‌و هه‌رچی‌ پارتی‌ دیموكراتیشه‌ 84 هه‌زار ده‌نگی‌ به‌ده‌ستهێناوه‌.

نه‌وشیروان مسته‌فا له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا پرسی "ئاخۆچیتر ئه‌و دۆخه‌ قبوڵ بكه‌ن یان نا؟"، ئه‌و پرسیاره‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی زۆرێك له‌ئه‌ندام‌و لایه‌نگرانیان داوای پۆستی پارێزگاری سلێمانی‌و ئه‌نجامدانی خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری‌و كاردانه‌وه‌ بكه‌ن له‌ئه‌گه‌ری دواخستنی هه‌ڵبژاردن‌و په‌راوێزخستنیاندا، له‌به‌رامبه‌ریشدا جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی ئه‌و شاره‌ی خسته‌ ئاماده‌باشیه‌وه‌‌و به‌رپرسی‌ ئاژانسی‌ پاراستن‌‌و زانیاری‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیش كه‌ سه‌ر به‌یه‌كێتی‌و حیزبه‌كه‌ی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ته‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كرد.

به‌پێی‌ یاساو دوای‌ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان له‌ساڵی‌ 2005‌و له‌گه‌ڵ پارێزگاكانی‌ دیكه‌ی‌ عێراقدا ده‌بوو 30ی‌ كانوونی‌ دووه‌م 2009دا هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكانی‌ هه‌رێم ئه‌نجامبدرانایه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ نه‌كرا.

سه‌ره‌ڕای بارودۆخی خراپی ئه‌منی‌و سیاسی‌و ئیداری ناوه‌ڕاست‌و باشوری عێراق، تائێستا له‌دوای‌ 2005ه‌وه‌ دوو هه‌ڵبژاردنی‌ تری‌ پارێزگاكان ئه‌نجامدراوه‌ كه‌ دواهه‌مینیان له‌نیسانی‌ رابردوو بوو، خۆلادانی‌ هه‌رێمیش له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ وایكردووه‌ لایه‌نه‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆن پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ تۆمه‌تبار بكه‌ن به‌وه‌ی‌ له‌پێناو مانه‌وه‌یان له‌ده‌سه‌ڵات‌و ترسیان له‌كه‌مبونه‌وه‌ی ده‌نگیان هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ئه‌نجام نه‌ده‌ن.

د. ده‌رباز محه‌مه‌د، پسپۆڕی جوگرافیای‌ هه‌ڵبژاردن‌و مامۆستای زانكۆی سلێمانی‌و هه‌ڵسوڕاوی‌ گۆڕان، به‌"نیقاش‌"ی‌ وت "له‌ده‌ستوری عێراق‌و له‌یاساكانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به‌شێكه‌ له‌هه‌یكه‌لیه‌تی كارگیڕی‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانی به‌پێی یاسا رێكخراوه‌، ئه‌نجامنه‌دانی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان پێش هه‌مو شتێك كارێكی نایاساییه‌و ئه‌گه‌ر له‌وڵاتێكدا دادگا سه‌ربه‌خۆ بێت، پێویسته‌ حكومه‌ت له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه‌".

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ ئارام جه‌مال، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ په‌یمانگای‌ كوردی‌ بۆ هه‌ڵبژاردن، ئاماژه‌ به‌گرنگی‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌كات‌و پێیوایه‌ ئه‌گه‌ر گرنگیه‌كه‌ی‌ له‌هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مان زیاتر نه‌بێت كه‌متر نیه‌، به‌وپێیه‌ی‌ هاوڵاتیان جگه‌ له‌به‌شداری‌ سیاسی‌ به‌شداری ده‌كه‌ن له‌دیاریكردنی‌ نوێنه‌ره‌كانیان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ئه‌نجومه‌نه‌ خۆجێییه‌كان.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بڕوای وایه‌ دواخستنی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان ناوه‌ڕۆكێكی‌ سیاسی‌ هه‌یه‌‌و ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ خواستی‌ دو حیزبی‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت ئه‌نجام نه‌درێت، ئارام ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر سیستمی‌ لامه‌ركه‌زی‌ له‌پرۆسه‌ی‌ دیموكراسی‌ ده‌ربهێنرێت‌و كاری‌ پێنه‌كرێت ئه‌وا سیستمه‌كه‌ ناته‌واو ده‌بێت".

له‌دوای ساڵی 2009ه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نی هه‌رسێ پارێزگاكه‌ی هه‌رێم نۆزده‌ جار له‌رێی یاداشته‌وه‌ داوایان له‌هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی هه‌رێم كردوه‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام وه‌ڵام نه‌دراونه‌ته‌وه‌.

فه‌رهاد مه‌لا ساڵح، ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی وت "به‌كۆی‌ ده‌نگ‌و به‌ڕه‌سمی‌‌و به‌یاداشتنامه‌ داوامان كردوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكانین له‌كاتی‌ خۆیدا".

سه‌باره‌ت به‌پیره‌وه‌ نه‌چوونی‌ ئه‌و داوایه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان، رێبوار حه‌مه‌د، ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌، كه‌ لایه‌نێكی‌ ئۆپۆزسیۆنه‌ ده‌ڵێت "هه‌ردوو حیزبی‌ ده‌سه‌ڵاتدار باوه‌ڕیان به‌ئه‌نجومه‌نی‌ خۆجێی‌ نیه‌ له‌پارێزگاكان‌و قه‌زاكان‌و هۆكاری‌ ئه‌وه‌ش بارودۆخی‌ سیاسی‌ و ترسیانه‌ له‌وه‌ی‌ ته‌رازوی‌ هێز ده‌گۆڕێت".

زۆربه‌ی‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێوه‌چوونی‌ پرۆسه‌كه‌دا، په‌نجه‌ی‌ تۆمه‌ت بۆ كۆمسیۆنی‌ باڵا راده‌كێشن كه‌ ئه‌ویش له‌گه‌ڵ‌ دوو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ له‌گه‌ڵ‌ به‌رێوه‌چوونی‌ پرۆسه‌كه‌دا نییه‌، به‌ڵام كۆمسیۆن وه‌ڵامی‌ خۆی‌ هه‌یه‌.

سه‌فا موسه‌وی وته‌بێژی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ 21ی‌ تشرینی‌ دووه‌م (نۆڤه‌مبه‌ر)ی‌ ئه‌مساڵ‌ بڕیار بووه‌ پرۆسه‌كه‌ به‌رێوه‌ بچێت، به‌ڵام "سێجار ماوه‌ی تۆماركردنی قه‌واره‌ سیاسیه‌كان بۆ پرۆسه‌كه‌ درێژكردوه‌ته‌وه‌، كه‌چی‌ هه‌ندێك قه‌واره‌ ناوی خۆیان تۆمار نه‌كردوه‌".

موسه‌وی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بۆكاتێكی نادیار دواخراوه‌و دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم واده‌یه‌كی نوێ داده‌نێن.

شۆڕش ئیسماعیل، به‌رپرسی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتی كه‌ حیزبه‌كه‌ی‌ به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرێت ئه‌وانن لیستیان پێشكه‌ش نه‌كردوه‌، چونكه‌ سێ هه‌ڵبژاردنه‌ له‌هه‌رێمی سه‌وز (پارێزگای سلێمانی) ده‌دۆڕێن‌و له‌دوا هه‌ڵبژاردنیشدا كورسیه‌كانیان له‌په‌رله‌مان له‌29 كورسیه‌وه‌ بۆ 18 كه‌میكردوه‌، ئه‌و تۆمه‌تانه‌ ره‌ت ده‌كاته‌وه‌.

شۆرش ئیسماعیل به‌"نیقاش"ی وت "هه‌مو كاتێك ئاماده‌یی‌و ئاماده‌كاریمان بۆ هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان هه‌بووه‌، ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر یه‌كێتی ده‌وترێت ته‌نها شتێكی سیاسیه‌".

ئه‌و باس له‌وه‌ ده‌كات پێشكه‌شكردنی لیست له‌لایه‌ن حیزبه‌كه‌یه‌وه‌ هۆی سه‌ره‌كی نیه‌ بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردن به‌ڵكو به‌رپرسیارێتیه‌كه‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی كۆمسیۆن‌و ده‌ڵێت "كۆمسیۆن له‌روی ئاماده‌كاری هونه‌ری‌و ته‌كنیكیه‌وه‌ نه‌یتوانیوه‌ پرۆسه‌كه‌ رێكبخات‌و داوای‌ كاتی‌ زیاتریان كردووه‌"، ئاماده‌گی حیزبه‌كه‌شی بۆ هه‌ڵبژاردن دوپات ده‌كاته‌وه‌ له‌هه‌ر واده‌یه‌كدا حكومه‌ت‌و كۆمسیۆن دیاری بكه‌ن.

سه‌ره‌تای‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ نێچیره‌ڤان بارزانی‌ رایگه‌یاند كه‌ رۆژی‌ 30ی‌ نیسان هاوكات له‌گه‌ڵ‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق بۆ به‌رێوه‌چوونی‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ دیاریكراوه‌، هه‌رچه‌نده‌ كۆمسیۆن وه‌ڵامی‌ نه‌بووه‌، به‌ڵام پێده‌چێت هه‌ر به‌و هۆیه‌وه‌ بووبێت كه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ رۆژی‌ پێنجشه‌ممه‌ بڕیاری‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ دۆسێی‌ پارێزگاری‌ نه‌دابێت.

ئارام جه‌مال به‌ڕێوه‌به‌ری‌ په‌یمانگای‌ كوردی‌ بۆ هه‌ڵبژاردن ده‌ڵێت "به‌هه‌مو پێوه‌رێك ده‌بێت له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق ئه‌نجام بدرێت، چونكه‌ ئه‌مه‌یان هه‌م كارئاسانییه‌و هه‌م تێچوونی‌ كه‌متره‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌