راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

سه‌درو حه‌كیم ده‌توانن حكومه‌ت له‌مالیكی‌ بسه‌ننه‌وه‌؟

موسته‌فا حه‌بیب
له‌كاتێكدا دنیایه‌ك ره‌خنه‌ له‌مالیكی‌ ده‌گیرێت به‌هۆی‌ ئه‌و قه‌یرانانه‌ی‌ له‌عێراق خولقاندوویه‌تی‌، هه‌مانكات…
7.11.2013  |  به‌غدا
Head of the the Islamic Supreme Council of Iraq, Ammar al-Hakim, leads a prayer.
Head of the the Islamic Supreme Council of Iraq, Ammar al-Hakim, leads a prayer.

عه‌مار حه‌كیمی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵاو موقته‌دا سه‌دری‌ سه‌رۆكی‌ ره‌وتی‌ سه‌در، هه‌ردووكیان له‌دوو خێزانی‌ شیعه‌ن‌و به‌رگ‌و عه‌مامه‌ی‌ شیعه‌یان پۆشیوه‌، ئێستا ئه‌م دوانه‌ زیاتر له‌مالیكی‌ قات‌و بۆینباخ له‌به‌ر لایه‌نداریان هه‌یه‌.

وه‌لید محه‌مه‌دی‌ په‌رله‌مانتاری‌ موته‌حیدون له‌پارێزگای‌ ئه‌نبار ئه‌وه‌ به‌دوور نازانێت كه‌ له‌ئاینده‌دا ئه‌وان هاوپه‌یمانێتی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و دوو سه‌ركرده‌ شیعه‌یه‌ پێكبهێنن "به‌و پێیه‌ی‌ له‌به‌رژه‌وه‌نی‌ نیشتیمانی‌ كارده‌كه‌ن‌و دژی‌ په‌راوێزخستنی‌ سوننه‌ن".

دیارترین ئه‌و كارانه‌ی‌ وایكردووه‌ جه‌ماوه‌ری‌ هه‌ردوو سه‌ركرده‌ گه‌نجه‌كه‌ هه‌ڵكشێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وان هه‌میشه‌ سه‌رنجیان له‌سه‌ر لایه‌نی‌ خزمه‌تگوزاری‌‌و كێشه‌ی‌ هاوڵاتیانه‌، به‌پێچه‌وانه‌ی‌ هێزێكی‌ وه‌ك ده‌عوه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ مالیكی‌ كه‌ زیاتر به‌شوێن ده‌ستكه‌وتی‌ سیاسییه‌وه‌یه‌.

ئه‌م دوو سه‌ركرده‌یه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ردوكیان گه‌نجن‌و ئه‌زموونێكی‌ زۆریان له‌كاری‌ سیاسیدا نییه‌، به‌ڵام توانیان به‌ماوه‌یه‌كی‌ كورت چه‌ندین ده‌ستكه‌وتی‌ گرنگ به‌ده‌ست بهێنن، هاوشێوه‌ی‌ سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پارێزگاكان له‌ 20ی‌ نیسان كه‌ پێش چه‌ندین هێزی‌ گه‌وره‌یان دایه‌وه‌.

له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا ده‌وڵه‌تی‌ یاسا‌و ره‌وتی‌ سه‌در به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ جه‌عفه‌ری‌‌و فه‌زیله‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ محه‌مه‌د یه‌عقوبی‌و به‌در به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ هادی‌ عامری‌ 87 كورسی‌ پارێزگا شیعه‌كانیان برده‌وه‌، كه‌چی‌ به‌ته‌نها ئه‌نجومه‌نی‌ باڵا 61 كورسی‌ برده‌وه‌و سه‌دریش بووه‌ خاوه‌نی‌ 58 كورسی‌، هه‌ر به‌وهۆیه‌وه‌و به‌هاوپه‌یمانی‌ نێوانیان هه‌ردوو پارێزگای‌ به‌غداو به‌سره‌یان له‌كوتله‌كه‌ی‌ مالیكی‌ سه‌نده‌وه‌، دوور نییه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ 2014ش ئه‌مه‌ دووباره‌ ببێته‌وه‌.

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌ هه‌ردوو سه‌ركرده‌كه‌ هه‌میشه‌ پاڵپشتی‌ سوننه‌ بوو، ئه‌وه‌تا سه‌در پاڵپشتی‌ خۆپیشاندانی‌ سوننه‌كانی‌ كردو ئه‌نجومه‌نی‌ باڵاش جگه‌ له‌وه‌ی‌ دۆستێكی‌ كورده‌، هاوكات خۆپیشاندانی‌ سوننه‌ی‌ به‌مافێكی‌ ره‌وا ناساند.

حه‌كیم هه‌ڵه‌كانی‌ چاره‌سه‌ر ده‌كات

عه‌ممار حه‌كیم پاش مردنی‌ باوكی‌ له‌ساڵی‌ 2009 رێبه‌رایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ گرته‌ ده‌ست، ئه‌وده‌مه‌ له‌به‌رده‌م ئاسته‌نگی‌ سه‌ركرده‌ به‌ته‌مه‌نه‌كانی‌ ناو هێزه‌كه‌دا بوو، به‌ڵام هه‌رزوو توانی‌ بڕوایان پێبهێنێت‌و ببێته‌ سه‌ركرده‌ی یه‌كه‌م.

ئاسته‌نگی‌ دووه‌م ئه‌وه‌ بوو كه‌ هێزێكی‌ سیاسی‌ گرته‌ ده‌ست ته‌نها خاوه‌نی‌ 9 كورسی‌ په‌رله‌مان بوو، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌هه‌ڵبژاردنی‌ 2010 شكستی‌ گه‌وره‌یان به‌سه‌ردا هات.

حه‌كیم توانی‌ سه‌ركه‌وتووانه‌ ئه‌و قۆناغانه‌ تێپه‌ڕێنێت‌و به‌ئاسانی‌ بگاته‌وه‌ دڵی‌ شیعه‌كان، ئه‌و خۆی‌ وا راهێناوه‌ هه‌فتانه‌و مانگانه‌ كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ رێكبخات‌و له‌گه‌ڵ‌ پیاوانی‌ ئاینی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ بیروبۆچوونه‌كانی‌ بخاته‌ روو، ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ به‌ده‌ر نییه‌ له‌خستنه‌رووی‌ ره‌خنه‌ی‌ ناڕاسته‌وخۆ بۆ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ مالیكی‌.

حه‌مید معله‌ سه‌ركرده‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵا به‌"نیقاش"ی‌ وت "كاری‌ سیاسی‌ بێبه‌ش نییه‌ له‌هه‌ڵه‌و كه‌موكڕی‌، دانپیادانان یه‌كه‌م هه‌نگاوی‌ چاره‌سه‌ره‌، ئێمه‌ش وه‌هامان كرد بۆیه‌ سه‌ركه‌وتین".

حه‌كیم سیاسه‌تی‌ ئه‌وه‌ی‌ گرتووه‌ته‌ به‌ر دۆستایه‌تی‌ بخولقێنێت نه‌ك دوژمنایه‌تی‌، ئه‌وه‌تا هه‌میشه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات سه‌ركرده‌ ده‌ستڕۆیشتووه‌كانی‌ سوننه‌ ببینێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ی‌ مالیكی‌ ئه‌و كاره‌ی‌ نه‌كردووه‌، ته‌نانه‌ت حه‌كیم ساڵی‌ 2007 چووه‌ ئه‌نبارو له‌گه‌ڵ‌ ئه‌حمه‌د ئه‌بو ریشه‌ی‌ سه‌ركرده‌ی‌ سه‌حوه‌كان كۆبووه‌وه‌.

له‌گه‌ڵ‌ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا حه‌كیم په‌یوه‌ندییه‌كی‌ توندوتۆڵی‌ له‌گه‌ڵ‌ كوردو هێزه‌ سیاسی‌‌و عه‌شایه‌رییه‌كانی‌ تری‌ هاوشێوه‌ی‌ حیزبی‌ شیوعی‌‌و كه‌مایه‌تییه‌كانی‌ مه‌سیحی‌‌و شه‌به‌ك‌و سابیئه‌ هه‌یه‌.

سه‌در ستراتیژه‌كه‌ی‌ ده‌گۆڕێت

سه‌در ئێستا كه‌وتووه‌ته‌ خۆ بۆ گرتنه‌به‌ری‌ چه‌ند رێوشوێنێك له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و واقیعه‌دا بگونجێت كه‌ 40 كورسییه‌كه‌ی‌ له‌په‌رله‌مان سه‌پاندوویه‌تی‌.

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ ناوو ناوبانگی‌ میلیشیای‌ مه‌هدی‌ سه‌ر به‌سه‌در له‌ناو خه‌ڵكی‌‌و به‌تایبه‌تی‌ سوننه‌كان خراپبوو، هه‌رزوو موقته‌دا توانی‌ ئه‌و وێنه‌یه‌ بگۆڕێت.

سه‌در ساڵی‌ 2004 دروشمی‌ به‌رگری‌ به‌رزكرده‌وه‌و هه‌تا ساڵی‌ 2011 به‌كشانه‌وه‌ی‌ سوپای‌ ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ به‌رده‌وام بوو، دواتر كه‌ره‌كه‌ی‌ ئه‌و سوپایه‌ی‌ هه‌ڵپه‌ساردو كردییه‌ رێكخراوێكی‌ سیاسی‌‌و رۆشنبیری‌.

سه‌در له‌ماوه‌ی‌ ساڵانی‌ 2006 هه‌تا 2012 به‌هۆی‌ دانیشتنی‌ له‌ئێران له‌جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی‌ دابڕابوو، به‌ڵام پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئیتر زوو زوو تێكه‌ڵی‌ خه‌ڵك ده‌بوو، ئێستا رۆژانه‌ له‌رێی‌ ماڵپه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ به‌رده‌وام راپرسی‌ ئه‌نجام ده‌دات‌و بۆ هه‌ر هه‌ڵبژاردنێكیش له‌ناوخۆدا پرۆسه‌ی‌ ده‌نگدان ئه‌نجام ده‌دات‌و ده‌ست وه‌رناداته‌ دیاریكردنی‌ پاڵێوراوه‌كانه‌وه‌.

ته‌نانه‌ت سه‌در له‌وه‌ زیاتر هه‌نگاوی نا كاتێك رایگه‌یاند كه‌ ئه‌و له‌لایه‌نگرانی‌ حكومه‌تی‌ ئاینی‌ نییه‌و نایه‌وێت له‌رێی‌ په‌رله‌مانتارو پارێزگاره‌كانه‌وه‌ ئاینی‌ ئیسلام بسه‌پێنێت.

له‌كاتی‌ ئه‌نجامدانی‌ چاوپێكه‌وتنێك له‌مانگی‌ رابردوو سه‌در به‌گاڵته‌ له‌ناو رۆژنامه‌نووساندا وتی‌ "من ئیسلامییه‌كی‌ عیلمانیم، یان ده‌تانهێنمه‌ ناو ئاین، یان ئێوه‌ ده‌مبه‌نه‌ ناو عیلمانیه‌ت"، ئه‌م قسه‌یه‌ش ئاستی‌ ئه‌و بیركرده‌وه‌یه‌ ده‌رده‌خات كه‌ سه‌در پێی‌ گه‌یشتووه‌، پاش ئه‌وه‌ی‌ راوێژكاره‌ عه‌مامه‌ به‌سه‌ره‌كانی‌ دورخسته‌وه‌و چه‌ند كه‌سێكی‌ شاره‌زای‌ له‌ده‌وری‌ خۆی‌ خڕكرده‌وه‌.

له‌سه‌ر ئاستی‌ سیاسیش هه‌میشه‌ سه‌در ره‌خنه‌گری‌ سیاسه‌ته‌كانی‌ حكومه‌تی‌ مالیكی‌ بووه‌‌و چه‌ندجارێك به‌دیكتاتۆر ناوی هێناوه‌و تۆمه‌تباری‌ كردووه‌ به‌وه‌ی‌ ناوی‌ شیعه‌ی‌ شێواندووه‌، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وایكردووه‌ له‌لای‌ كوردو سوننه‌وه‌ رێزی‌ لێبگیرێت.

مالیكی‌ دوژمن بۆ خۆی‌ ده‌خولقێنێت

له‌كاتێكدا سه‌درو حه‌كیم سه‌رقاڵی‌ خۆ رێكخستنه‌وه‌ن، هه‌مانكات به‌ره‌ی‌ نه‌یاری‌ دژه‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران روو له‌زیادبوون ده‌كات.

لیستی‌ عێراقیه‌ی‌ نه‌یاری‌ سه‌رسه‌ختی‌ مالیكی‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌هه‌ڵبژاردندا 91 كورسی‌ به‌ده‌ستهێناو دوو كورسی‌ پێش مالیكی‌ كه‌وته‌وه‌، دواجار له‌به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵێك به‌ڵێنی‌ جێبه‌جێنه‌كراو ده‌ستبه‌رداری‌ پۆستی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران بوو بۆ مالیكی‌.

به‌ره‌ی‌ نه‌یاری‌ مالیكی‌ ته‌شه‌نه‌ی‌ كرد تا ئه‌و كاته‌ی‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستان به‌ 57 كورسی‌‌و ره‌وتی‌ سه‌در به‌ 40 كورسی‌‌و ئه‌نجومه‌نی‌ باڵا به‌ 9 كورسی‌ كه‌وتنه‌ به‌رامبه‌ری‌.

ره‌خنه‌كانی‌ سه‌ر مالیكی‌ ته‌نها له‌ئاستی‌ ناوخۆدا نه‌وه‌ستایه‌وه‌، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی‌ وڵاتانی‌ ئیقلیمی‌‌و ده‌وڵه‌ته‌ زلهێزه‌كانی‌ وه‌ك ئه‌مه‌ریكاش رووبه‌رووی‌ ره‌خنه‌ بووه‌وه‌.

هه‌موو ئه‌م گۆڕانكارییانه‌ واده‌كه‌ن حه‌كیم‌و سه‌در ببنه‌ ركابه‌ری‌ به‌هێزی‌ مالیكی‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌ی‌ له‌ساڵی‌ 2003وه‌ به‌هۆی‌ پشك پشكێنه‌ی‌ تایفی‌ بووه‌ته‌ موڵكی‌ شیعه‌.

له‌مڕووه‌وه‌ سیاسه‌تمه‌دارێكی‌ دیاری‌ شیعه‌ كه‌ داوایكرد ناوی‌ نه‌هێنرێت به‌"نیقاش"ی‌ وت "ساڵی‌ 2010 به‌هۆی‌ ده‌ستوه‌ردانی‌ ده‌ره‌كی‌ ده‌بوو سه‌ره‌ك وه‌زیران شیعه‌ بێت‌و به‌پله‌ی‌ یه‌كه‌م ره‌زامه‌ندی‌ ئێران‌و ئه‌مه‌ریكای‌ له‌سه‌ر بێت ئینجا ره‌زامه‌ندی‌ ناوخۆ".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "هه‌رچی‌ ساڵی‌ 2014یه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ جیاوازه‌و هه‌ردوو لایه‌نی‌ ئه‌مه‌ریكاو ئێران ده‌زانن ئه‌گه‌ر پێداگری‌ بكه‌ن له‌سه‌ر مالیكی‌ روگیر ده‌بن، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ دووبه‌ره‌ی‌ شیعه‌ی‌ سه‌درو حه‌كیم له‌به‌رامبه‌ریدان‌و هه‌ردوكیشیان پاڵپشتی‌ سوننه‌و كوردیان له‌گه‌ڵدایه‌".

ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره‌ ده‌ڵێت "ئه‌مجاره‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران سازانی‌ ناوخۆ دروستی‌ ده‌كات نه‌ك سازانی‌ ده‌ره‌كی‌".

ئه‌مجاره‌ مالیكی‌ به‌ئاسانی‌ چانسی‌ ئه‌وه‌شی‌ بۆ نالوێت هێزه‌ شیعه‌كان بچنه‌ پشتی‌، ئه‌وه‌تا ره‌وتی‌ سه‌در ره‌تیده‌كاته‌وه‌ بۆ جارێكی‌ تر پشتیوانی‌ مالیكی‌ بكات‌و جواد شهێلی‌ په‌رله‌مانتاری‌ ئه‌و ره‌وته‌ ده‌ڵێت "جارێكی‌ تر متمانه‌ به‌مالیكی‌ ناكه‌ین‌و هاوپه‌یمانێتی‌ له‌گه‌ڵیدا زه‌حمه‌ته‌، ئێمه‌ ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵاو كورددا له‌یه‌كه‌وه‌ نزیكین".