راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

پێكهێنانی‌ حكومه‌ت؛ ئه‌ركه‌ قورسه‌كه‌ی‌ لایه‌نه‌كانی‌ هه‌رێم

سه‌نگه‌ر جه‌مال
هێشتا قه‌واره‌ به‌شداره‌كان دانیان به‌ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ی (21)ی ئه‌یلولی رابردوی هه‌رێمدا نه‌ناوه‌،…
24.10.2013  |  سلێمانی

زیاتر له‌سێ‌ هه‌فته‌ به‌سه‌ر راگه‌یاندنی ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا تێپه‌ڕیوه‌ كه‌ تێیدا هیچ لایه‌ك هێنده‌ی پێویستی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت به‌ته‌نها كورسیان به‌ده‌ست نه‌هێنا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆربه‌ی قه‌واره‌ به‌شداره‌كان ره‌خنه‌یان له‌و ئه‌نجامانه‌ هه‌یه‌و به‌شێكیان ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه‌.

به‌پێی ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌رۆژی‌ (2)ی‌ تشرینی یه‌كه‌م (ئۆكتۆبه‌ر)دا رایگه‌یاند؛ پارتی خاوه‌نی (38) كورسی په‌رله‌مانه‌و گۆڕان به‌(24) كورسی هێزی دوه‌مه‌‌و یه‌كێتی نیشتمانی كه‌ تاڵه‌بانی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات قه‌باره‌ی له‌په‌رله‌ماندا بۆ (18) كورسی دابه‌زیوه‌، ئیسلامیه‌كانیش ژماره‌ی كورسیه‌كانیان به‌رزبوه‌ته‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌ك یه‌كگرتوی ئیسلامی خاوه‌نی (10) كورسی‌و كۆمه‌ڵی ئیسلامیش (6) كورسی هه‌یه‌و چوار كورسیه‌كه‌ی دیكه‌ش به‌ر هه‌ریه‌كه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی‌و شیوعی‌و سۆسیالیست‌و ئاراسته‌ی سێیه‌م كه‌وتوه‌، جگه‌ له‌ (11) كورسی جێگیری كه‌مه‌نه‌ته‌وه‌كان.

به‌پێی ئه‌و ئه‌نجامه‌ ئه‌گه‌ر سیناریۆی هاوپه‌یمانێتیه‌ك له‌ناو په‌رله‌مان پێكنه‌هێنرێت به‌بێ‌ پارتی، ئه‌وا به‌پێی یاسا سه‌رۆكی هه‌رێمی له‌چه‌ند رۆژی‌ داهاتوودا پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت راده‌سپێرێت، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌ركه‌كه‌ی‌ پارتی‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ شه‌ریكێكی‌ گونجاو كارێكی‌ ئاسان نییه‌.

جه‌عفه‌ر ئیمینیكی، وته‌بێژی پارتی رایگه‌یاند "له‌گه‌ڵ پێكهێنانی حكومه‌تی بنكه‌ فراوانین به‌به‌شداری لایه‌نه‌ براوه‌كان"، به‌ڵام هۆشداری ئه‌وه‌یدا كه‌ پێشمه‌رج له‌هیچ حیزبێك قبوڵ ناكه‌ن.

سه‌ركرده‌كانی‌ پارتی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ خۆیان پاراستووه‌ له‌وه‌ی‌ باسی‌ هیچ لایه‌نێك بكه‌ن بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌ت، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ناشارنه‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی‌ نزیكترین لایه‌نه‌ لێیانه‌وه‌.

به‌و پێیه‌ی‌ كورسییه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ 111 كورسی‌ پێكهاتووه‌، بۆیه‌ هه‌ر هاوپه‌یمانێتییه‌ك بگاته‌ نیوه‌ی‌ كورسییه‌كان (56 كورسی‌) له‌توانایدا هه‌یه‌ حكومه‌ت پێكبهێنێت، هه‌رچه‌نده‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ به‌ته‌نها ده‌توانن وه‌ك رابردوو حكومه‌ت پێكبهێنن، به‌ڵام هیچ یه‌كێك له‌و دوو حیزبه‌ خۆیان یه‌كلایی‌ نه‌كردووه‌ته‌وه‌، چونكه‌ یه‌كێتی‌ له‌وه‌ ده‌ترسێت به‌به‌شداریكردنی‌ له‌حكومه‌تدا ژماره‌یه‌كی‌ زیاتری‌ ده‌نگده‌رانی‌ له‌ده‌ست بدات، له‌به‌رامبه‌ریشدا پارتی‌ به‌دوای‌ هاوبه‌شێكی‌ به‌هێزدا وێڵه‌.

جگه‌ له‌م فاكته‌رانه‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م جاره‌ ئه‌ركی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ قورسكردووه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان به‌(24) كورسییه‌وه‌ بووه‌ته‌ براوه‌ی‌ دووه‌م‌و چاوی‌ له‌وه‌یه‌ له‌پێكهێنانی‌ حكومه‌تدا به‌شداریبكات، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش رووینه‌دا ئه‌وا له‌گه‌ڵ‌ لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كان پێكه‌وه‌ (40) كورسی‌ كۆده‌كه‌نه‌وه‌و ده‌بنه‌ ئۆپۆزسیۆنێكی‌ به‌هێز له‌ناو په‌رله‌ماندا.

شۆڕش حاجی، په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی گۆڕان له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌"نیقاش"ی‌ وت "سه‌لماندمان هێزی دوه‌می راسته‌قینه‌ین له‌كوردستاندا‌و ئێستاش نیازی ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ بچینه‌ ده‌سه‌ڵات بۆئه‌وه‌ی به‌رنامه‌ چاكسازییه‌كه‌مان له‌ناو حكومه‌تدا جێبه‌جێ‌ بكه‌ین".

باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ هێشتا بڕیاری كۆتاییان نه‌داوه‌ به‌شداری حكومه‌تی داهاتو بكه‌ن‌و وتی "ئه‌وه‌ ته‌نها په‌یوه‌ست نیه‌ به‌ ئێمه‌وه‌، به‌ڵكو به‌و لایه‌نه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌ كه‌ راده‌سپێردرێت به‌پێكهێنانی حكومه‌ت به‌وه‌ی ئاماده‌یه‌ به‌شێكی به‌رنامه‌ سیاسیه‌كه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی ئه‌و چاكسازیه‌بێت كه‌ ئێمه‌ كردومانه‌ته‌ به‌رنامه‌ی سیاسی خۆمان، بۆیه‌ هه‌ر لایه‌نێك حكومه‌ت دروست بكات‌و ئاماده‌بێت به‌رنامه‌ چاكسازی گۆڕان له‌جومگه‌ جیاوازه‌كان بكاته‌ به‌رنامه‌ی خۆی‌و میكانیزمێك بدۆزینه‌وه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و كاته‌ ده‌چینه‌ حكومه‌ت".

ئه‌و لایه‌ن‌و میدیایانه‌ی‌ له‌نزیكه‌وه‌ چاودێری‌ بارودۆخی‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌ن تائێستا چه‌ندین سیناریۆیان بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ داهاتوو خستووه‌ته‌ روو كه‌ دیارترینیان حكومه‌تی بنكه‌ فراوانه‌ به‌به‌شداری هێزه‌ براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چه‌ند سیناریۆیه‌كی دیكه‌ش هه‌یه‌، له‌وانه‌ پێكهێنانی حكومه‌ت له‌لایه‌ن (گۆران‌و پارتی دیموكراتی كوردستان)ه‌وه‌ كه‌ هێزی یه‌كه‌م‌و دوه‌من‌و ده‌بنه‌ خاوه‌نی (62) كورسی په‌رله‌مانی یاخود یه‌كێتی‌و پارتی وه‌ك كابینه‌ی رابردو كه‌ به‌بێ‌ كۆتاكان خاوه‌نی 56 كورسین، یه‌كگرتنی گۆڕان‌و پارتی‌و یه‌كێتیش به‌80 كورسیه‌وه‌ سیناریۆیه‌كی دیكه‌یه‌.

د. بورهان یاسین، لێكۆڵه‌ری سیاسی كوردو مامۆستای زانكۆی بۆند له‌سوید، پێیوایه‌؛ له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌ده‌ستهێنانی ژماره‌یه‌ك له‌كورسی شتێكه‌، توانست له‌كاركردن‌و یاریكردنی سیاسی به‌و ژمارانه‌ به‌ره‌و پێكهێنانی حكومه‌ت به‌ته‌واوه‌تی شتێكی تره‌. ئه‌و باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌ت پاش ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ كارێكی‌ زه‌حمه‌ته‌، چونكه‌ ئه‌مجاره‌ گۆڕانكارییه‌كی بنه‌ڕه‌تی له‌هاوسه‌نگی هێز له‌كوردستاندا روویداوه‌و ریزبه‌ندی‌ هێزه‌كان گۆڕاون.

ئه‌و لێكۆڵه‌ره‌ ده‌ڵێت "ئه‌م جاره‌یان دامه‌زراندنی حكومه‌ت نه‌ك هه‌ر ئاسان نابێت به‌ڵكو له‌وه‌ده‌چێت زۆر قورس‌و پڕ له‌كێشمه‌كێش بێت، چونكه‌ لایه‌نێكی ده‌سه‌ڵات (یه‌كێتی) به‌شێوه‌یه‌كی ریشه‌یی بچوكبۆته‌وه‌و جێگاكه‌شی له‌ریزبه‌ندی ‌هێزه‌ سیاسییه‌كان بۆ هێزێكی‌ تر جێهێشتوه‌".

بورهان یاسین كه‌ له‌هه‌ڵبژاردنی رابردودا دژی حكومه‌تی بنكه‌ فراون بو، ئه‌مجاره‌ بۆچونێكی دیكه‌ی هه‌یه‌و ده‌ڵێت "ئه‌مڕۆ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌ره‌ دوایی روانگه‌ی سیاسی ئه‌وه‌نده‌ گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتوه‌ چیتر باسكردن له‌بژارده‌ی وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات له‌رێگه‌ی قه‌بوڵكردنی حكومه‌تی بنكه‌فراوان ئه‌و بژارده‌ نه‌خوازراوه‌ نییه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی تێكشكانی هاوكێشه‌ی‌ نێوان یه‌كێتی‌‌و پارتییه‌وه‌یه‌".

هه‌ردوو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی‌ هه‌رێم (پارتی‌ دیموكرات‌و یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌) له‌یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردن له‌هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ساڵی‌ 1992 پێكه‌وه‌ حكومه‌تیان پێكهێنان‌و له‌وكاته‌وه‌ هه‌تا هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ مانگی‌ ئه‌یلولی‌ رابردوو كوردسییه‌كانیان له‌په‌رله‌ماندا وه‌ك یه‌ك‌و بووه‌ یان جیاوازییه‌كی‌ كه‌میان هه‌بووه‌و هه‌ر ئه‌و دوانه‌ش پێكهێنه‌ری‌ سه‌ره‌كی‌ حكومه‌ت بوون.

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان مه‌یلی حیزبه‌كه‌ی به‌مانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارتی ناشارێته‌وه‌و ده‌ڵێت "ئێمه‌ سێیه‌م گروپین له‌په‌رله‌مانی داهاتوو، به‌ڵام یه‌كێتی، ئه‌وه‌ نیه‌ ته‌نها حیزبێكی سیاسی بێت، به‌ڵكو یه‌كێتی ده‌وڵه‌ت‌و نه‌وت‌و هێزی كارو دامه‌زراوه‌كان و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و دیبلۆماسیه‌، بۆیه‌ به‌دوری ده‌زانم به‌بێ‌ یه‌كێتی نیشتمانی هیچ حكومه‌تێك بتوانێت پێكبهێنرێت".

ئه‌و ره‌خنه‌ له‌به‌شێك له‌و سیناریۆیانه‌ ده‌كرێت كه‌ به‌كورسیی په‌رله‌مانه‌وه‌ په‌یوه‌ست كراون‌و له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی وت "حكومه‌ت ته‌نها به‌ژماره‌و ماتماتیك پێك نایه‌ت، به‌ڵكو توانای سیاسی‌و به‌ڕێوه‌بردن‌و ده‌وڵه‌تداری ئه‌و واقیعانه‌ نابێت له‌بیر بكرێن"، به‌دوریشی ده‌زانێت حیزبه‌كه‌ی له‌به‌ره‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ بۆ ئۆپۆزسیۆن بكشێت‌و ده‌ڵێت "یه‌كێتی وه‌ك هێزێكی به‌رپرسیار نابێت بیر له‌ ئۆپۆزسیۆن بون بكاته‌وه‌، به‌ڵكو ده‌بێت سود له‌ تواناكانی ببینێت‌و داكۆكی له‌پێداویستی خه‌ڵك بكات، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین یه‌ك ده‌نگی نه‌شاز له‌ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت نه‌مێنێت‌و حكومه‌تی داهاتو بنكه‌ فراوان بێت".

هیچ كاتێك وه‌كو ئێستا هێزه‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان پێداگیریان نه‌كردووه‌ له‌به‌شداریكردن له‌حكومه‌تداو خستنه‌رووی‌ ئه‌گه‌ری‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ بنكه‌فراوان، ئه‌وه‌دا هه‌ردوو حیزبی‌ ئیسلامی‌ یه‌كگرتوو كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كه‌ چه‌ند ساڵێك له‌ناو به‌ره‌ی‌ ئۆپۆزسیۆندان، ئه‌مانیش ئه‌مجاره‌ گوڕیان داوه‌ته‌ خۆیان بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌حكومه‌تی‌ داهاتوودا ژماریه‌ك بن.

ئه‌بوبه‌كر عه‌لی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتوی ئیسلامی پێیوایه‌ ئه‌گه‌ر ئیراده‌یه‌یه‌كی سیاسی نیشتمانی هه‌بێت له‌سه‌ر چۆنیه‌تی به‌رنامه‌ی حكومه‌ت ئه‌وا لایه‌نه‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆن خۆیان ناپارێزن له‌وه‌ی‌ به‌ژداری‌ حكومه‌ت نه‌كه‌ن‌و وتی‌ "ئه‌گه‌ر رێكه‌وتن بكرێت له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌كی ته‌وافوقی له‌سه‌ر پێگه‌و رۆڵی حكومه‌ت‌و وه‌زاره‌ته‌كان‌و كۆی پرۆسه‌ی حوكمداری، بۆ ئه‌م قۆناغه‌ی كوردستان حكومه‌تی بنكه‌ فراوان ده‌توانێت خزمه‌ت بكات".

هه‌ر له‌م رووه‌وه‌ محه‌مه‌د حه‌كیم، وته‌بێژی كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌"نیقاش"ی وت "پێمانخۆشه‌ به‌شێوه‌ی فیعلی له‌حكومه‌تدا بین، نه‌ك به‌شداریه‌كی په‌راوێزخراو، ئه‌گه‌ر بزانین په‌راوێز ده‌خرێین ئه‌وا هه‌ر به‌شداری ناكه‌ین".

حه‌كیم به‌دووری‌ ده‌زانێت پارتی‌ وه‌كو هێزی‌ براوه‌ی‌ یه‌كه‌م به‌تێڕوانینه‌كانی ئۆپۆزسیۆن بۆ پێكهێنانی ته‌شكیله‌ی حكومه‌ت رازی بێت، ئه‌وه‌ش وایكردوه‌ ئه‌و سیناریۆی پێكهێنانی حكومه‌ت له‌لایه‌ن یه‌كێتی‌و پارتیه‌وه‌ به‌ئه‌گه‌رێكی به‌هێز بزانێت‌و ده‌ڵێت "پێم وایه‌ چه‌ند لایه‌نێكی‌ به‌هێز له‌په‌رله‌مانی‌ داهاتوودا ئۆپۆزسیۆن ده‌بن‌و ناچنه‌ ناو حكومه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ناكرێت په‌رله‌مان بێ‌ ئۆپۆزسیۆن بمێنێته‌وه‌".

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان زیاتر له‌هه‌موو كاتێك ئه‌گه‌ری‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ بنكه‌فراوان به‌به‌شداری‌ هه‌موو لایه‌نه‌ براوه‌كان خراوه‌ته‌ به‌ر باس‌و گفتوگۆ، به‌ڵام پێناچێت ئه‌م ئه‌گه‌ره‌شیان به‌ئاسانی‌ بچێته‌ سه‌ر، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ هه‌ردوو به‌ره‌ی‌ ده‌سه‌ڵات‌و ئۆپۆزسیۆن چه‌ند ساڵێكه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ ناكۆكییه‌كی‌ قوڵاوه‌و دانوییان به‌یه‌كه‌وه‌ ناكوڵێت.

بۆیه‌ به‌دوور نازانرێت وه‌ك جاران دوو لایه‌نه‌ فه‌رمانڕه‌واكه‌ حكومه‌ت پێكبهێننه‌وه‌و ئۆپۆزسیۆنیش له‌سه‌نگه‌ری‌ خۆیاندا بمێننه‌وه‌، به‌ڵام جیاوازییه‌كه‌ی‌ ئه‌م جاره‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌ره‌ی‌ ده‌سه‌ڵات كورسییه‌كانیان له‌ 59 كۆرسییه‌وه‌ بۆ 56 دابه‌زیوه‌و ئۆپۆزسیۆنیش له‌ 33 كورسییه‌وه‌ بۆ 40 كورسی‌ هه‌ڵكشاوه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌