راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

رۆژنامه‌نووسان گه‌وره‌ترین قوربانی‌ نائارامی‌ موسڵن

نەوزەت شەمدین
له‌ماوه‌ی‌ سێ‌ رۆژدا به‌به‌رچاوی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ته‌قه‌ له‌سێ‌ راگه‌یاندكاری‌ به‌ناوبانگی‌ موسڵ‌…
10.10.2013  |  موسڵ
Iraqi television footage about the deaths of journalists in Mosul.
Iraqi television footage about the deaths of journalists in Mosul.

محه‌مه‌د كه‌ریمی‌ په‌یامنێری‌ كه‌ناڵی‌ شه‌رقییه‌و محه‌مه‌د غانمی‌ وێنه‌گری‌ هه‌مان كه‌ناڵ‌ نه‌یانده‌زانی‌ نیوه‌ڕۆی‌ رۆژی‌ شه‌ممه‌ (5)ی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌م له‌وكاته‌ی‌ خه‌ریكی‌ روماڵكردنی‌ قه‌ره‌باڵغی‌ ناوشار بوون بۆ رۆژانی‌ به‌ر له‌جه‌ژن، دوا ساته‌كانی‌ كاری‌ ته‌له‌فزیۆنی‌‌و بگره‌ دوا كاته‌كانی‌ ژیانیان ده‌بێت، چونكه‌ هه‌ر له‌وێ‌ له‌لایه‌ن چه‌ند چه‌كدارێكی‌ نه‌ناسراوه‌وه‌ به‌چه‌كی‌ بێده‌نگ درانه‌ به‌ر ده‌ستڕێژی‌ گولله‌و هه‌ڵهاتن.

ژنێكی‌ ته‌مه‌نی‌ په‌نجا ساڵ‌ كه‌ كاتی‌ رووداوه‌كه‌ وه‌ك شایه‌تحاڵ‌ له‌وێ‌ بووه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات سه‌ره‌تا رۆح له‌جه‌سته‌ی‌ ته‌قه‌لێكراوه‌كاندا ماوه‌و جوڵه‌یان كردووه‌، كاتێك داوای‌ له‌هێزه‌كانی‌ پۆلیس كردووه‌ بچن به‌هانایانه‌وه‌، ئه‌وان هیچیان نه‌كردووه‌ ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێت رێگه‌یان له‌خه‌ڵك گرتووه‌ لێیان نزیك ببنه‌وه‌.

ته‌نها سێ‌ رۆژی‌ تری‌ خایاند كاتێك سه‌عد زه‌غلولی‌ راگه‌یاندكارو وته‌بێژی‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا له‌به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی‌ خۆی‌ له‌گه‌ڕه‌كی‌ قادسیه‌ی‌ موسڵ‌ درایه‌ به‌ر ده‌ستڕێژی‌ گولله‌و كوژرا، ئه‌م رووداوه‌شیان له‌نزیك خالێكی‌ پشكنینی‌ سوپاوه‌ بوو، سه‌ربازه‌كانیش له‌ئاستیدا ده‌سته‌وه‌ستان بوون.

رووداوی‌ كوژرانی‌ زه‌غلول، ئه‌سیل نوجێفی‌ پارێزگاری‌ تووشی‌ شۆك كرد، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ پێشووتر قه‌حتان سامی‌ وته‌بێژی‌ پارێزگا به‌هه‌مان شێواز كوژرابوو، قه‌حتان له‌مانگی‌ ته‌موز به‌به‌رچاوی‌ سوپاوه‌ كوژراو سه‌ربازه‌كانیش بۆ ماوه‌ی‌ یه‌ك كاتژمێر له‌بورجێكه‌وه‌ ته‌ماشای‌ ته‌رمه‌كه‌یان ده‌كرد كه‌ له‌سه‌ر شۆسته‌كه‌ كه‌وتبوو.

له‌باره‌ی‌ ئه‌و زنجیره‌ هێرشه‌وه‌ نوجێفی‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند له‌رووی‌ ئه‌نجامدانی‌ كاره‌كانه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت یه‌ك گروپ ئه‌نجامیانداوه‌، خه‌تای‌ رووداوه‌كانیشی‌ خسته‌ ئه‌ستۆی‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان به‌تایبه‌تی‌ كه‌ "ئه‌ندامانی‌ ئه‌و گروپانه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ناسراون".

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ پارێزگار ناوی‌ گروپه‌كانی‌ نه‌وت‌و هیچ لایه‌نێكیش به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ی‌ نه‌گرتووه‌ته‌ ئه‌ستۆ، به‌ڵام ئاماژه‌كانی‌ پاش رووداوی‌ كوشتنی‌ زه‌غلول ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ "ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ له‌عێراق‌و شام" كاره‌كه‌ی‌ ئه‌نجامداوه‌، چونكه‌ هه‌ر پاش رووداوه‌كان چه‌ند پۆسته‌رێكیان هه‌ڵواسیوه‌و هه‌ڕه‌شه‌یان له‌رۆژنامه‌نووسان كردووه‌.

موهه‌نه‌د كه‌یه‌كێك بوو له‌قوربانییه‌كانی‌ چه‌ند رۆژی‌ رابردوو، ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر ئه‌وكاته‌ی‌ له‌كه‌ناڵی‌ فه‌رمی‌ موسڵ‌ كاریكردووه‌، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌خۆی‌‌و هاوكاره‌كانی‌ كراوه‌، به‌ڵام كاره‌كه‌ی‌ جێنه‌هێشتووه‌‌و له‌گه‌ڵ‌ به‌شێك له‌هاوپیشه‌كانی‌ شوێنی‌ نیشته‌جێبونیان گۆڕیوه‌.

راگه‌یاندكار ته‌لال ماجید كه‌ هه‌تا رۆژی‌ سێشه‌ممه‌ له‌رادیۆیه‌كی‌ لۆكاڵی‌ موسڵ‌ كاریده‌كرد، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌كانیان بیستووه‌، خۆی‌‌و سه‌رجه‌م هاوكاره‌كانی‌ رادیۆكه‌یان جێهێشتووه‌.

هه‌رچی‌ رۆژنامه‌نووس عادل كه‌مالیشه‌ داوای‌ له‌به‌رپرسه‌كانی‌ كردووه‌ كه‌ ئیتر ناوی‌ نه‌خه‌نه‌ سه‌ر بابه‌ته‌كان‌و هه‌مانكات په‌یجه‌كه‌ی‌ خۆی‌ له‌فه‌یسبوك راگرتووه‌و ژماره‌ی‌ ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی‌ گۆڕیوه‌و بڕیاریشیداوه‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژی‌ داهاتوو له‌ماڵ‌ نه‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌.

له‌مڕووه‌وه‌ ئه‌فسه‌رێكی‌ پۆلیس به‌ناوی‌ (ئ. محه‌مه‌د) به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ 50 هه‌زار كه‌س له‌پۆلیس‌و سوپا له‌موسڵ‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌‌و چه‌ندین خاڵی‌ پشكنین هه‌یه‌، كه‌چی‌ ئه‌و پارێزگایه‌ له‌رووی‌ ئه‌منییه‌وه‌ ته‌واو داڕماوه‌".

ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ ده‌ڵێت "ئێمه‌ ناتوانین پارێزگاری‌ له‌خۆمان بكه‌ین جا چ جای‌ فریای‌ هاوڵاتیان بكه‌وین".

بۆ هه‌مان بابه‌ت فارس سنجری‌ په‌رله‌مانتاری‌ عێراق ده‌ڵێت "له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژی‌ رابردوودا 3500 كارمه‌ندی‌ ئه‌منی‌ وازیان له‌كاره‌كه‌یان هێناوه‌ پاش ئه‌وه‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ راسته‌وخۆ له‌خۆیان یان له‌هاوكاره‌كانیان كراوه‌‌و چه‌ند دانه‌یه‌كیان لێكوژراوه‌و ماڵی‌ هه‌ندێكیشیان ته‌قێنراوه‌ته‌وه‌".

سنجری‌ ده‌ڵێت "رۆژنامه‌نووسان نه‌ك هه‌ر له‌كاتی‌ كاره‌كه‌یان، به‌ڵكو له‌ماڵه‌وه‌ش رووبه‌رووی‌ كوشتن‌و تۆقاندن بوونه‌ته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌سه‌ر غه‌زوان ئازوری‌ پێشكه‌شكاری‌ كه‌ناڵی‌ سمای‌ موسڵدا هات كاتێك چه‌كداره‌كان له‌ماڵه‌وه‌ له‌به‌رچاوی‌ ژن‌و منداڵه‌ بچوكه‌كه‌ی‌ كوشتیان".

ره‌نگه‌ پێویست به‌راپۆرتی‌ هیچ رێكخراوێك نه‌كات بۆ ئه‌وه‌ی‌ تێبگه‌ین كه‌ موسڵ‌ مه‌ترسیدارترین شوێنه‌ بۆ رۆژنامه‌نووسان، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ له‌ساڵی‌ 2003 تائێستا 47 رۆژنامه‌نووس كوژراون، ته‌نها به‌سه‌ردانێكی‌ ساده‌ی‌ ئه‌و شاره‌ تێده‌گه‌یت بووه‌ته‌ ناوه‌ندی‌ كاری‌ مافیای‌‌و چه‌كداری‌‌و شوێنێك بۆ هه‌ڕه‌شه‌و لێسه‌ندنی‌ سه‌رانه‌، هه‌رچی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیشه‌ به‌دیار ئه‌و باره‌وه‌ دۆش داماون.

به‌قسه‌ی‌ ئه‌سیل نوجێفی‌ پارێزگار به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ ئه‌و هێزانه‌ ناكه‌ونه‌ ژێر ركێفی‌ ئه‌وه‌وه‌، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ ئه‌منییه‌، چونكه‌ سوپا راسته‌وخۆ فه‌رمان له‌مالیكییه‌وه‌ وه‌رده‌گرێت كه‌ ئێستا هه‌رخۆی‌ فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان‌و وه‌زیری‌ به‌رگری‌‌و ناوخۆو به‌رێوه‌به‌ری‌ ئاسایشی‌ نیشتیمانییه‌.

ئه‌وه‌ی‌ نوجێفی‌ نه‌یوت له‌زاری‌ چه‌ند چاودێرێكی‌ سیاسییه‌وه‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌، كاتێك ئاماژه‌یان به‌وه‌ كرد كه‌ هێزه‌كانی‌ مالیكی‌ له‌ململانێدان له‌گه‌ڵ‌ لیستی‌ عێراقییه‌ كه‌ ئه‌سیل نوجێفی‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ ده‌كات، به‌ره‌نجامی‌ ئه‌مه‌ش هاوڵاتیانی‌ موسڵ‌ باجه‌كه‌ی‌ ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌و دیارده‌یه‌ی‌ به‌تسۆنامی‌ ناوده‌برێت كاتێك به‌ری‌ خۆرئاوای‌ پارێزگاكه‌ به‌رووی‌ گرژییه‌كانی‌ سوریادا كراوه‌ته‌وه‌و له‌وێوه‌ به‌سه‌دان چه‌كدار رووده‌كه‌نه‌ شاره‌كه‌.