راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هه‌ڵبژاردن یه‌كێتی‌ ده‌كاته‌ یاریزانی‌ لاوه‌كی‌؟

سه‌نگه‌ر جه‌مال
هیچ هێزێك هێنده‌ی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان زه‌ره‌رمه‌ندی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ 21ی‌ ئه‌یلول نه‌بووه‌، ئێستا پرسیاری‌…
26.09.2013  |  سلێمانی
القائد الذي غيبه الموت جلال طالباني
القائد الذي غيبه الموت جلال طالباني

له‌و كاته‌ی‌ یه‌كێتی‌ له‌حوزه‌یرانی‌ ساڵی‌ 1975 دامه‌زراوه‌ تاكو ئێستا به‌رده‌وام له‌هه‌ورازو نشێودا بووه‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ ركابه‌ری‌ جاران‌و هاوپه‌یمانی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ له‌كێبڕكێدا بووه‌ له‌سه‌ر هێزی‌ یه‌كه‌می‌، كه‌چی‌ بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان وه‌های‌ ده‌رده‌خه‌ن كه‌ نه‌ك توانای‌ ركابه‌رێتی‌ یه‌كه‌می‌ نه‌ماوه‌، به‌ڵكو شۆڕبۆته‌وه‌ تا ئه‌و ئاسته‌ی‌ له‌پله‌ی‌ سێهه‌مدا گیرساوه‌ته‌وه‌.

هه‌رچه‌نده‌ تائێستا كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان هیچ ئه‌نجامێكی‌ له‌باره‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ رانه‌گه‌یاندووه‌، به‌ڵام ده‌زگا راگه‌یاندنه‌ كوردییه‌كان به‌پشت به‌ستی‌ به‌زانیاری‌ ده‌زگای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ حیزبه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن به‌بێ‌ ده‌نگدانی‌ تایبه‌ت ژماره‌ی‌ كورسییه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ له‌ده‌وروبه‌ری‌ 17 كورسیدایه‌، ئه‌مه‌ش دایبه‌زاندووه‌ته‌ پله‌ی‌ سێهه‌م، چونكه‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانی‌ ئۆپۆزسیۆن به‌نزیكه‌ی‌ 24 كورسی‌ به‌ده‌ستهێناوه‌و هه‌رچی‌ پارتی‌ دیموكراتیشه‌ كورسییه‌كانی‌ له‌ 36 كورسی‌ نزیك بووه‌ته‌وه‌.

ده‌زگا راگه‌یاندنه‌ كوردییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ رێژه‌ی‌ ئه‌م كورسیانه‌ به‌بێ‌ ده‌نگدانی‌ تایبه‌تی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌و پۆلیس‌و هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ ترو زیندانی‌‌و نه‌خۆشه‌كانه‌، چونكه‌ ئه‌و ده‌نگانه‌ش نزیكه‌ی‌ هه‌شت كورسی‌ له‌كۆی‌ 111 كورسییه‌كه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان پڕده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ پێشبینی‌ ده‌كرێت ئه‌وانیش به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆریان بۆ پارتی‌ بێت.

ئه‌م ئه‌نجامه‌ نافه‌رمییانه‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ سه‌ركرده‌كانی‌ ئه‌و حیزبه‌ی‌ تووشی‌ شۆك كردووه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌نجامی‌ كۆتایی‌ به‌و شێوه‌یه‌ بكه‌وێته‌وه‌، ئه‌وا یه‌كێتی‌ به‌به‌راورد به‌دوا هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ساڵی‌ 2009 زیاتر 200 هه‌زار ده‌نگی‌ له‌ده‌ستداوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش حاڵه‌تێكی‌ بێوێنه‌یه‌ بۆ ئه‌و حیزبه‌.

له‌یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردن كه‌ ساڵی‌ 1992 له‌كوردستاندا كراوه‌، یه‌كێتی‌ رێژه‌ی‌ (43.61%)ی‌ ده‌نگه‌كانی‌ به‌ده‌ستهێناوه‌و به‌بڕێكی‌ زۆر كه‌م له‌دوای‌ پارتییه‌وه‌ بووه‌، له‌هه‌ڵبژاردنی‌ ساڵی‌ 2005یشدا له‌گه‌ڵ‌ پارتی‌ هاوپه‌یمانی‌ به‌یه‌ك لیست به‌شدارییان كردوو پێكه‌وه‌ به‌هاوبه‌شی‌ (89.53%)ی‌ ده‌نگه‌كانیان چنیه‌وه‌.

هه‌رچه‌نده‌ له‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ 2009 به‌هۆی‌ دروستبوونی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانه‌وه‌ كه‌ هه‌ر له‌یه‌كێتی‌ جیابووه‌وه‌ ده‌نگه‌كانی‌ هه‌ردوو پارتی‌ فه‌رمانڕه‌وا بۆ (57.37%) دابه‌زین، به‌ڵام له‌وه‌شیاندا یه‌كێتی‌ یه‌ك كورسی‌ په‌رله‌مانی‌ له‌پارتی‌ كه‌متر هه‌بوو.

له‌هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌مجاره‌شدا كه‌ زیاتر له‌دوو ملیۆن كه‌س به‌شدارییان تێدا كردووه‌، پێشبینی‌ ده‌كرێت كورسییه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان پاش جیاكردنه‌وه‌ی‌ ده‌نگدانی‌ تایبه‌ت بگاته‌ 19 كورسی‌ كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌ كورسی‌ له‌ 29 كورسییه‌كه‌ی‌ خولی‌ رابردووی‌ په‌رله‌مان كه‌متره‌و به‌مه‌ش یه‌كێتی‌ ده‌بێته‌ گه‌وره‌ترین "دۆڕاو"ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان.

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، به‌رێوه‌به‌ری‌ سه‌نته‌ری‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ ستراتیژی‌‌و ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌، دان به‌پاشه‌كشه‌ی‌ حیزبه‌كه‌ی‌‌و له‌ده‌ستدانی‌ به‌شێكی‌ به‌رچاوی‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌یاندا ده‌نێت‌و ده‌ڵێت "ئه‌مه‌ شتێكه‌ ناتوانین نكۆڵی‌ لێبكه‌ین‌و ته‌راجوعێك هه‌یه‌".

له‌لێدوانێكدا بۆ (نیقاش) ئه‌سه‌سه‌رد وتی‌ "ئه‌وه‌ به‌ڵگه‌ی‌ بونی‌ كه‌موكوڕیه‌ له‌سیاسه‌تی‌ یه‌كێتی‌ له‌ساڵانی‌ رابردو كه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ خراپی‌ له‌سه‌ر جه‌ماوه‌ری‌ یه‌كێتی‌ به‌جێهێشتوه‌و، ئه‌و كه‌موكوڕیه‌ش هه‌مو مه‌سه‌له‌كان ده‌گرێته‌وه‌ له‌بڕیار‌و تێڕوانین‌و بۆچونی‌ یه‌كێتی‌".

ئه‌سه‌سه‌رد دۆخی‌ ئێستای‌ حیزبه‌كه‌ی‌ به‌بزوتنه‌وه‌ی‌ فه‌تحی‌ فه‌ڵه‌ستینی‌ ده‌چوێنێت، باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌سه‌ر یه‌كێتی‌ هاتوه‌ پێش ئه‌وان به‌ سه‌ر "فه‌تح" هاتوه‌ كه‌ "ساڵانێك دیارتین هێزو تێكۆشه‌رینترین بووه‌، به‌ڵام له‌دواهه‌ڵبژاردندا ئه‌نجامی‌ ئه‌وتۆی‌ نه‌بوو، یه‌كێتیش ئه‌گه‌ر بیه‌وێت له‌و قه‌یرانه‌ ده‌ربچێت ده‌بێت سیاسه‌تێكی‌ گونجاوترو باشتر پیاده‌ بكات‌و هه‌ڵه‌كانی ده‌ستنیشان بكات".

یه‌كێتی‌ له‌سه‌ره‌تای‌ دروستبونیه‌وه‌ چه‌ندجارێك توشی‌ لێكترازان بووه‌، به‌ڵام هیچیان هێنده‌ی‌ جیابونه‌وه‌ی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا كه‌سی‌ دوه‌می‌ حیزبه‌كه‌و چه‌ند ئه‌ندامێكی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ ئه‌و پارته‌ی‌ توشی‌ لاوازی‌ نه‌كرد له‌ساڵی‌ (2006)دا، ئه‌و سه‌ركردانه‌ كه‌ وه‌ك هه‌ڵگری‌ ئاڵای‌ ریفۆرم خۆیان ناساند له‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ 2009 لیستێكیان به‌ناوی‌ "گۆڕان" دروستكردو 25 كورسی‌ په‌رله‌مانیان برده‌وه‌.

دوای‌ ده‌ركه‌وتنی‌ ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كانی‌ ده‌نگدانی‌ گشتی‌ ئێواره‌ی (22)ی‌ ئه‌م مانگه‌ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی‌ كۆبۆوه‌و له‌راگه‌یه‌نراوێكدا پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ به‌سه‌ركه‌وتوو وه‌سف كرد، به‌ڵام تێیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ "ئه‌و ئه‌نجامه‌ به‌راییانه‌ بۆ یه‌كێتی جێی نیگه‌رانین‌و دڵخۆشكه‌ر نین‌و هاوتای مێژوو پێگه‌ی یه‌كێتی نین".

ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌ نه‌بووه‌ پاساوێك تاقه‌ناعه‌ت به‌كادره‌كانیانی‌ ئه‌و حیزبه‌ بهێنت‌و ئه‌مجاره‌ پێش لایه‌نه‌كانی‌ دیكه‌و چاودێران‌و ره‌خنه‌گران، مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ ئه‌و حیزبه‌ روبه‌ڕوی‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كی‌ زۆری‌ ناوخۆیی‌ بوه‌ته‌وه‌ هه‌ر له‌بنكه‌ی‌ جه‌ماوه‌ریه‌وه‌ تا به‌شێكی‌ زۆر له‌كادره‌ باڵاكان‌و په‌رله‌مانتاره‌كانی‌ خولی‌ رابردوی‌.

زۆرێك له‌كادره‌كانی‌ ئه‌و حیزبه‌ش "شكسته‌ چاوه‌ڕواننه‌كراوه‌كه‌" ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی‌ ئه‌ندامانی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ كه‌ له‌غیابی‌ تاڵه‌بانی‌ سكرتێردا (به‌هۆی‌ نه‌خۆشییه‌وه‌ 9 مانگه‌ له‌نه‌خۆشخانه‌یه‌) بڕیار به‌ده‌ستی‌ یه‌كه‌من‌و پێیانوایه‌ بڕیاری‌ هه‌ڵه‌ی‌ ئه‌وان‌و كاركردن له‌سه‌ر زانیاری‌ نادروست حیزبه‌كه‌یانی‌ به‌و ئاسته‌ گه‌یاندوه‌و دوچاری‌ شكستی‌ كردون.

سه‌روه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان په‌رله‌مانتاری‌ ماوه‌ درێژكراوه‌ی‌ هه‌رێم له‌سه‌ر لیستی‌ یه‌كێتی‌‌و كاندیدی‌ ئه‌مجاره‌ی‌ په‌رله‌مان دوای‌ ده‌ركه‌وتنی‌ ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان وتی‌ "له‌م شكسته‌ی ئه‌م دواییه‌شدا كه‌ له‌م هه‌لبژاردنه‌دا به‌سه‌رماندا هات، ئه‌وه‌ یه‌كێتی نیه‌ دۆڕاندویه‌تی، چونكه‌ یه‌كێتی هه‌رگیز نه‌دۆڕاوه‌و ناشدۆڕێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ سیاسه‌تی چه‌وت‌و چه‌وێلی ئه‌و مه‌كته‌بی سیاسیه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ‌ گۆڕانكارییه‌كانی سه‌رده‌مدا نه‌گونجاون‌و ناگونجێن".

له‌گه‌ڵ‌ ده‌ركه‌وتنی‌ ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان زۆرێك له‌كادیره‌ باڵاكانی‌ ئه‌و حیزبه‌ لێكدانه‌وه‌ی‌ جیاوازییان هه‌بووه‌ بۆ ئه‌و پاشه‌كشه‌یه‌، به‌شێكیان به‌غیابی‌ سكرتێره‌كه‌یان گرێداوه‌ته‌وه‌و به‌شێكی‌ تریشیان جگه‌ له‌كێشه‌ی‌ ناوخۆیی خه‌تاكه‌یان خستووه‌ته‌ ئاستۆی‌ هاوپه‌یمانی‌ درێژخایه‌نیان له‌گه‌ڵ‌ پارتی‌.

هه‌رچی‌ نوسه‌رو ره‌خنه‌گرانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌و حیزبه‌شه‌ خاوه‌نی‌ هه‌ڵسه‌نگاندن‌و لێكدانه‌وه‌ی‌ خۆیانن، ئه‌وه‌تا ئاسۆس هه‌ردی‌ نوسه‌رو چاودێری‌ سیاسی‌ ده‌ڵێت "یه‌كێتی‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئایدۆلۆژی‌‌و به‌رنامه‌و كۆمه‌ڵێك دروشمی‌ سیاسی‌ هه‌بووه‌و ئه‌و ئه‌ندام‌و لایه‌نگرو جه‌ماوه‌ره‌شی‌، له‌و به‌رنامه‌و تێروانینه‌ سیاسیه‌ كۆبونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ستیان كردوه‌ له‌ماوه‌ی‌ حوكمڕانی‌ هاوبه‌شی‌ له‌گه‌ڵ پارتی‌ له‌دوای‌ 2003 تائێستا له‌و به‌رنامه‌یه‌ دوركه‌وتوه‌ته‌وه‌".

سۆزان شه‌هاب په‌رله‌مانتاری‌ یه‌كێتی‌‌و سه‌رۆكی‌ لیستی‌ هاوبه‌ش لیستی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ له‌په‌رله‌مانی‌ ماوه‌ درێژكراوه‌ به‌راده‌یه‌كی‌ زۆر له‌گه‌ڵ‌ ئه‌م بۆچوونه‌ هاوڕایه‌و له‌تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبوك نوسیوێتی‌ "هۆكاری‌ كه‌می‌ ده‌نگه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ له‌هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌هۆی‌ درێژكردنه‌وه‌ی‌ ماوه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم بو له‌30ی‌ حوزه‌یران".

رۆژی‌ 30ی‌ حوزه‌یرانی‌ رابردوو سه‌ره‌ڕای‌ ناڕه‌زایی‌ توندی‌ لایه‌نه‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆن، په‌رله‌مانتارانی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ بڕیاریاندا به‌درێژكردنه‌وه‌ی‌ ماوه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ بارزانی‌ بۆ دوو ساڵ‌، له‌كاتێكدا ده‌بوو له‌مانگی‌ ته‌موز كۆتایی‌ پێبهاتایه‌، به‌بڕوای‌ چاودێرانیش لایه‌نه‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆن‌و به‌تایبه‌تیش گۆڕان توانیان ئه‌م هه‌نگاوه‌ له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆیان به‌كار بهێنن.

ئه‌گه‌رچی‌ ئه‌نجامه‌كانی‌ ئه‌مجاره‌ی‌ هه‌ڵبژاردن له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ یه‌كێتی‌ نه‌بوو، به‌ڵام چاودێران پێیان وانییه‌ ئه‌مه‌ كۆتایی‌ یه‌كێتی‌ بێت‌و وایده‌بینن ده‌رفه‌تی‌ هه‌ستانه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌.

له‌مڕووه‌وه‌ ئاسۆس هه‌ردی‌ ده‌ڵێت "ئه‌مه‌ كۆتایی‌ نییه‌و ده‌توانن له‌شكسته‌كان هه‌ستنه‌وه‌ به‌مه‌رجێك به‌چاوێكی‌ كراوه‌ به‌خۆیاندا بچنه‌وه‌".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "به‌پێی‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ به‌راییانه‌ بێت یه‌كێتی‌ نابێته‌ ژماره‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ له‌په‌رله‌ماندا، به‌ڵام بێ كاریگه‌ریش نابێت له‌سه‌ر روداوه‌كان‌و ئه‌گه‌ر ده‌رسێكی‌ باش له‌م شكسته‌ وه‌ربگرێت، ده‌توانێت له‌ داهاتودا خۆی‌ هه‌ستێنێته‌وه‌".