راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

په‌رله‌مان بیرۆكه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئیتیحادی‌ زیندوو ده‌كاته‌وه‌

موسته‌فا حه‌بیب
په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌دایه‌ جارێكی‌ تر نه‌ریتی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پیران بێنێته‌وه‌ ناو كایه‌ی‌…
15.08.2013  |  به‌غدا

ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ نوێیه‌ كه‌ ئێستا كاری‌ بۆ ده‌كرێت، ناوی‌ "ئه‌نجومه‌نی‌ ئیتیحاد"ی‌ لێنراوه‌و ره‌چه‌ڵه‌كه‌كه‌ی‌ له‌عێراقدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می‌ فه‌رمانڕه‌وایی‌ پادشایی‌ (1921 - 1958)، له‌رووی‌ كاركردنیشه‌وه‌ هاوشێوه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پیرانی‌ ئه‌مه‌ریكا یان ئه‌نجومه‌نی‌ عمومی‌ به‌ریتانی‌ ده‌بێت، هه‌رچه‌نده‌ له‌رووی‌ ده‌سه‌ڵات‌و شێوه‌ی‌ كاركردنه‌وه‌ جیاوازه‌.

زیاد زرب ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ هه‌رێم‌و پارێزگاكانی‌ په‌رله‌مان به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "هێڵه‌ گشتییه‌كانی‌ یاسای‌ پێكهێنانی‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ ئاماده‌ بووه‌"، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ له‌سه‌ر ژماره‌ی‌ ئه‌ندام‌و شێوازی‌ هه‌ڵبژاردنیان ناكۆكی‌ هه‌یه‌.

به‌پێی‌ قسه‌كانی‌ زیاد "سه‌ره‌تا په‌رله‌مان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ گیرساوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌هه‌ر پارێزگایه‌كه‌وه‌ چوار نوێنه‌ری‌ به‌شداری‌ بكات"، ئه‌وه‌ش روونده‌كاته‌وه‌ كه‌ داواكراوه‌ پشكی‌ به‌غدا زیاتر بێت، به‌و پێیه‌ی‌ پایته‌خته‌و دانیشتوانه‌كه‌شی‌ زیاترن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌مایه‌تییه‌ ئاینی‌‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان داوای‌ "كۆتا"یان كردووه‌.

به‌پێی‌ ماده‌ی‌ 46ی‌ ده‌ستوری‌ عێراقی‌ "ده‌سه‌ڵاتی‌ یاسادانان پێكدێت له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران‌و ئه‌نجومه‌نی‌ ئیتیحادی‌"، له‌ماده‌ی‌ 62ی‌ ده‌ستوریشدا هاتووه‌ "ئه‌نجومه‌نێكی‌ یاسادانان پێكده‌هێنرێت له‌ژێر ناوی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئیتیحادی‌ كه‌ له‌نوێنه‌ری‌ هه‌رێم‌و پارێزگاكان پێكدێت، پێكهاته‌و مه‌رجی‌ ئه‌ندامێتی‌‌و پسپۆڕی‌‌و هه‌موو بواره‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی‌ ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ به‌یاسایه‌ك رێكده‌خرێت كه‌ به‌ده‌نگی‌ دوو له‌سه‌ر سێی‌ ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مان ده‌رده‌چێت".

به‌ڵام داڕێژه‌رانی‌ ده‌ستوری‌ عێراقی‌ له‌ساڵی‌ 2005 ماده‌یه‌كی‌ تریان له‌ده‌ستوردا داناوه‌ به‌ژماره‌ 133 كه‌ له‌ده‌قه‌كه‌یدا هاتووه‌ "كار به‌و مادانه‌ ناكرێت كه‌ تایبه‌تن به‌ئه‌نجومه‌نی‌ ئیتیحادی‌ تا ئه‌وكاته‌ی‌ دوو له‌سه‌ر سێی‌ ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران له‌دوو خول پاش كاركردن به‌ده‌ستور ده‌نگی‌ پێده‌ده‌ن".

به‌هۆی‌ ئه‌م ماده‌یه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئیتیحادی‌ له‌خولی‌ یه‌كه‌می‌ په‌رله‌ماندا دروستنه‌كرا (2005 - 2009) له‌گه‌ڵ‌ ده‌ستپێكردنی‌ خولی‌ دووهه‌میش (2010 - 2014) كاتی‌ ئه‌وه‌ هاتووه‌ په‌رله‌مانتاران گفتوگۆی‌ له‌سه‌ر بكه‌ن.

پارێزه‌ر یوسف خان گرنگی‌ ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ چاودێری‌ كاری‌ په‌رله‌مان ده‌كات، به‌و پێیه‌ی‌ له‌ئێستادا هیچ ده‌سته‌یه‌كی‌ سیاسی‌ نییه‌ بتوانێت چاودێری‌ په‌رله‌مان بكات.

خان له‌م رووه‌وه‌ ده‌ڵێت "باشتر وایه‌ ئه‌ندامانی‌ ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ كه‌سایه‌تی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و سیاسی‌ لێهاتوو سه‌ربازه‌ كۆنه‌كان بن، ئه‌وانه‌ی‌ شاره‌زایی‌ زۆریان هه‌یه‌".

پێده‌چێت سه‌ركه‌وتنی‌ په‌رله‌مان له‌23ی‌ حوزه‌یرانی‌ رابردوو بۆ ده‌ركردنی‌ یاسای‌ چاكسازی‌ پارێزگاكان كه‌ پشتگیری‌ سیسته‌می‌ لامه‌ركه‌زی‌ ده‌كات هانی‌ هێزه‌ سیاسییه‌كانی‌ دابێت كه‌ بیرۆكه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئیتیحادی‌ نوێبكه‌نه‌وه‌ هه‌تا ده‌سه‌ڵاته‌كان زیاتر دابه‌ش ببێت.

به‌پێی‌ گفتوگۆی‌ نێوان په‌رله‌مانتاران‌و لیژنه‌ پسپۆڕه‌كان، ره‌شنوسی‌ یه‌كه‌می‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئیتیحادی‌ به‌شێكی‌ گرنگی‌ په‌یوه‌سته‌ به‌داكۆكی‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌منی‌‌و ئیداری‌ پارێزگاكان، تا حكومه‌ت‌و په‌رله‌مان نه‌توانن له‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ كه‌م بكه‌نه‌وه‌.

به‌پێی‌ ره‌شنوسی‌ سه‌ره‌تایی‌ له‌گرنگترین ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئیتیحادی‌ بریتییه‌ له‌وه‌ی‌ مافی‌ ڤیتۆی‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و یاسایانه‌ی‌ له‌په‌رله‌مان‌و حكومه‌ته‌وه‌ ده‌رده‌چن‌و له‌گه‌ڵ‌ بۆچوونی‌ ئه‌ودا یه‌كناگرنه‌وه‌.

ئه‌و یاسایانه‌ی‌ كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی‌ ئیتیحادییه‌وه‌ ره‌خنه‌یان لێده‌گیرێت جارێكی‌ تر ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان به‌مه‌به‌ستی‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ یان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان جارێكی‌ تر توانی‌ به‌ده‌نگی‌ دوو له‌سه‌ر سێی‌ ئه‌ندامانی‌ ده‌نگی‌ پێبداته‌وه‌، ئه‌وا یاساكه‌ كاری‌ پێده‌كرێت، له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌نجومه‌نی‌ ئیتیحادی‌ ناتوانێت یاسا ده‌ربكات، به‌ڵكو مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ پێشنیاری‌ یاسا بكات.

هه‌ر له‌و ره‌شنوسه‌دا كه‌ كۆپییه‌كی‌ ده‌ست "نیقاش" كه‌وتووه‌، ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئیتیحادی‌ بۆیان هه‌یه‌ بچنه‌ دانیشتنه‌كان په‌رله‌مانه‌وه‌، هه‌رچه‌ند له‌وێ‌ ته‌نها مافی‌ گفتوگۆیان هه‌یه‌ نه‌ك ده‌نگدان، هه‌روه‌ك سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ده‌توانێت بانگهێشتی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئیتیحادی‌ بكات بۆ گفتوگۆی‌ ئه‌و یاسایانه‌ی‌ به‌گرنگی‌ ده‌زانێت.

له‌پاڵ‌ هه‌موو ئه‌مانه‌دا جێبه‌جێكردنی‌ بڕیاره‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئیتیحادی‌ بۆ هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتی‌ جێبه‌جێكردن‌و یاسادانان ناچارین، چونكه‌ حكومه‌ت ناچار ده‌كات ئه‌و یاسایانه‌ جێبه‌جێ‌ بكات كه‌ په‌رله‌مان ده‌ریده‌كات.

جیاواز له‌"ئه‌نجومه‌نی‌ پیران" كه‌ له‌سه‌رده‌می‌ پادشایی‌ له‌عێراق كاری پێده‌كرا، ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئیتیحادی‌ ده‌بێت له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرابن‌و هه‌مان ماف‌و ئیمتیازی‌ په‌رله‌مانتارانیان هه‌یه‌.

به‌ڵام له‌سه‌رده‌می‌ حوكمی‌ پادشایه‌تیدا، ئه‌ندامانی‌ ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن پادشاوه‌ دیاریده‌كران‌و پێكهاتبوون له‌سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كان‌و پیاوانی‌ ئاینی‌‌و ئه‌فسه‌ره‌ دێرینه‌كان‌و بازرگانان.

ئه‌و لیژنه‌یه‌ی‌ په‌رله‌مان كه‌ سه‌رقاڵی‌ داڕشتنه‌وه‌ی‌ یاسای‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌یه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ هێشتا كۆمه‌ڵێك ناكۆكی‌ له‌سه‌ر ئه‌و یاسایه‌ هه‌یه‌ نه‌یانتوانیوه‌ تێی‌ بپه‌ڕێنن، وه‌ك ژماره‌ی‌ نوێنه‌ری‌ پارێزگاكان‌و "كۆتا"ی‌ ژنان‌و كه‌مایه‌تییه‌كان.

به‌پێی‌ ره‌شنوسه‌ سه‌ره‌تاییه‌كه‌ گرنگی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئیتیحادی‌ له‌وه‌دا خۆی‌ ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ ده‌بێته‌ مه‌رجه‌عیه‌تێكی‌ هه‌میشه‌یی‌ بۆ په‌یوه‌ندی‌ نێوان حكومه‌تی‌ ناوه‌ندو هه‌رێم‌و پارێزگاكان، هه‌روه‌ها له‌نێوان حكومه‌ت‌و په‌رله‌ماندا، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان ئه‌م دوانه‌ی‌ دواییه‌ له‌بارێكی‌ ئاڵۆزدایه‌و هه‌ریه‌كه‌یان ئه‌وه‌ی‌ تر تۆمه‌تبار ده‌كات به‌خولقاندی‌ قه‌یرانی‌ ئه‌منی‌‌و سیاسی‌ له‌وڵاتدا.

دیارترین هێزه‌ سیاسییه‌كان كه‌ پاڵپشتی‌ دامه‌زراندنی‌ ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ ده‌كه‌ن بریتین له‌هاوپه‌یمانی‌ كوردستانی‌‌و عێراقیه‌و ره‌وتی‌ سه‌در، ئه‌مانه‌ش هه‌مان ئه‌و لایه‌نانه‌ن كه‌ ده‌نگیاندا بۆ یاسای‌ چاكسازی‌ پارێزگاكان‌و پشتگیری‌ لامه‌ركه‌زی‌.

له‌به‌رامبه‌ریشدا هه‌ندێ‌ لایه‌ن بۆچوونی‌ جیاوازیان له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ هه‌یه‌ كه‌ دیارترینیان بریتییه‌ له‌لیستی‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا، ئه‌مه‌ش ئه‌و لایه‌نه‌یه‌ كه‌ دژی‌ یاسای‌ چاكسازی‌ پارێزگاكان‌و سیسته‌می‌ لامه‌ركه‌زی‌ بوو.

خالید ئه‌سه‌دی‌ په‌رله‌مانتاری‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "پێدانی‌ مافی‌ ڤیتۆ به‌ئه‌نجومه‌نی‌ ئیتیحادی‌ له‌گه‌ڵ‌ ده‌ستوردا یه‌كناگرێته‌وه‌"، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "ده‌بێت په‌رله‌مان باڵاترین ده‌سه‌ڵات بێت له‌وڵاتدا، چونكه‌ ئه‌ندامه‌كانی‌ راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن گه‌له‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێن".