راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

مالیكی‌‌و بارزانی‌... ئاشبوونه‌وه‌ به‌بێ‌ چاره‌سه‌ر

داود ئه‌لعه‌لی‌
نه‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاساو نه‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستانی‌ پێیان وانییه‌ نزیكبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ نێوان نوری‌ مالیكی‌…
18.07.2013  |  به‌غدا
The relationship has warmed: but will it change anything?
The relationship has warmed: but will it change anything?

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ هیچ یه‌كێك له‌و دوولایه‌نه‌ ئاماده‌ نیین ناوی‌ ئه‌و نێوه‌ندگیره‌ بهێنن كه‌ مالیكی‌‌و بارزانی‌ به‌یه‌ك گه‌یاند، به‌ڵام ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن "هێوربوونه‌وه‌ی‌ كه‌شوهه‌واكه‌" زۆر گرنگ بووه‌ بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ باری‌ نائارامی‌ ناوچه‌كه‌.

هه‌ردوولا هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ره‌نگه‌ له‌چه‌ند مانگی‌ كه‌می‌ داهاتوودا بگه‌نه‌ سازان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی‌ نه‌وت‌و غاز.

شوان محه‌مه‌د ته‌ها په‌رله‌مانتاری‌ پارتی‌ له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "روداوه‌كانی‌ ناوچه‌ی‌ عه‌ره‌بی‌‌و باری‌ نائارامی‌ وڵاتانی‌ دراوسێ‌ وه‌های‌ له‌سه‌ركرده‌كانی‌ به‌غداو هه‌ولێر كرد بارگرژی‌ نێوانیان تێبپه‌ڕێنن، چونكه‌ به‌رده‌وامبوونی‌ ناكۆكییه‌كان له‌نێوان جه‌مسه‌ره‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌، كاره‌ساتی‌ سیاسی‌ ده‌خولقاند".

پێده‌چێت ترس له‌تێوه‌گلانی‌ ناوچه‌كه‌ به‌و نائارامیه‌ی‌ له‌وڵاتانی‌ سوریاو میسر رویداوه‌ وای‌ له‌ئه‌مه‌ریكا كردبێت ئاگاداری‌ به‌غدا بكاته‌وه‌ "زۆر به‌راشكاوانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بارودۆخی‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌ولێر باش بكات".

له‌مڕووه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگادار له‌نوسینگه‌ی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "چه‌ند مانگێكه‌ گه‌وره‌ به‌رپرسانی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ له‌هه‌وڵی‌ چڕوپڕدان بۆ له‌یه‌ك نزیككردنه‌وه‌ی‌ نێوانی‌ مالیكی‌‌و بارزانی‌، پێده‌چێت دواجار له‌وه‌دا سه‌ركه‌وتوو بووبن".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ كه‌ گه‌وره‌ به‌رپرسێكی‌ حیزبی‌ ده‌عوه‌یه‌ وتی‌ "گفتوگۆی‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان بۆ گرنگی‌ رێكخستنی‌ ناوماڵی‌ عێراق، پاڵنه‌ری‌ سه‌ره‌كی‌ نزیكبوونه‌وه‌ی‌ به‌غداو هه‌ولێر بوو".

له‌مانگی‌ ئایاری‌ رابردوو بریت ماكۆرگ راوێژكاری‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا سه‌ردانی‌ به‌غداو هه‌ولێری‌ كردو چاویكه‌وت به‌هه‌ریه‌ك له‌نوری‌ مالیكی‌‌و مه‌سعود بارزانی‌، به‌ر له‌وه‌ی‌ عێراقیش جێبهێڵێت به‌رۆژنامه‌نووسانی‌ راگه‌یاند كه‌ "وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا پاڵپشتی‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان ده‌كات له‌چوارچێوه‌ی‌ ده‌ستوردا".

به‌ڵام شوان محه‌مه‌د ته‌ها ئه‌م بۆچوونانه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت "رێكخستنی‌ سه‌ردانه‌كانی‌ هه‌ولێرو به‌غدا نه‌ به‌نێوه‌ندگیری‌ ره‌وتی‌ سه‌در بووه‌و نه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كانیش".

هه‌روه‌ها وتی‌ "جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌م دواییه‌ له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غدا روویداوه‌ به‌هۆی‌ ئه‌و ئاسته‌نگانه‌وه‌ بووه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ناوچه‌كه‌دا هه‌ن، ته‌نها ئیراده‌یه‌كی‌ سیاسی‌ له‌پشته‌وه‌ بووه‌".

شوان محه‌مه‌د ته‌ها كه‌ هه‌مانكات سه‌ركرده‌ی‌ حیزبه‌كه‌ی‌ بارزانییه‌ ده‌ڵێت "كورد ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی‌ له‌لا دروست بووه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا ده‌یه‌وێت هاوبه‌شی‌ به‌ده‌ست بهێنێت له‌پاش چاره‌سه‌ری‌ ئه‌و هه‌ڵانه‌ی‌ له‌رابردوودا روویداوه‌، ئه‌وه‌ی‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌ولێر به‌رجه‌سته‌یان كرد ئه‌وه‌ بوو كه‌ نوری‌ مالیكی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران زۆر نه‌رم‌و نیان بوو له‌مه‌سه‌له‌ كێشه‌ ئامێزه‌كانداو توانایه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ گفتوگۆی‌ نیشاندا".

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد "مالیكی‌‌و بارزانی‌ له‌چاره‌سه‌ره‌ ده‌ستورییه‌كان تێنه‌په‌ڕیون بۆ ئه‌و كێشانه‌ی‌ له‌نێوانیاندا هه‌بووه‌".

باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌به‌غدا له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ رۆژی‌ 7ی‌ ئه‌م مانگه‌ داوایكرد "هه‌موو سه‌ركرده‌ عێراقییه‌كان پابه‌ندبن به‌گیانی‌ سازان‌و یه‌كگرتوویی‌ نیشتیمانی‌ بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر مه‌ترسی‌ تیرۆرو به‌هێزكردنی‌ دامه‌زراوه‌ دیموكراسییه‌كان"، هه‌روه‌ك پێشوازی‌ له‌"كه‌شوهه‌وای‌ ئیجابی‌" نێوان مالیكی‌ بارزانی‌ كرد.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌و ئاشتبوونه‌وه‌ی‌ هیچ یاسایه‌كی‌ په‌رله‌مانی‌ لێنه‌كه‌وته‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كانی‌ ماده‌ی‌ 140و كێشانی‌ سنوری‌ پارێزگاكان.

شوان محه‌مه‌د ته‌ها ده‌ڵێت "ته‌مه‌نی‌ ئه‌م خوله‌ی‌ په‌رله‌مان بایی‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ تیا نه‌ماوه‌ كه‌ یاسای‌ گه‌وره‌ی‌ تیا ده‌ربكرێت، به‌ڵام ده‌رفه‌تی‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر یاسای‌ نه‌وت‌و غاز هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان زۆرێك له‌كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر كردووه‌، هه‌روه‌ك پێشنیاری‌ تر كراوه‌ كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ هه‌موو عێراقییه‌كانه‌".

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا پێی‌ وایه‌ نزیكبوونه‌وه‌ی‌ هه‌ردوو لایه‌ن كاردانه‌وه‌یه‌ك بووه‌ بۆ ده‌ربازكردنی‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ له‌مه‌ترسی‌ قه‌یرانی‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌.

محه‌مه‌د سه‌هیود په‌رله‌مانتاری‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند گرنگترین خاڵ‌ كه‌ له‌سه‌ردانی‌ هه‌ردوو لایه‌ن به‌دیهاتووه‌ ئه‌وه‌یه‌ پابه‌ندبوونی‌ خۆیان ده‌رخستووه‌ به‌ده‌ستوره‌وه‌و كاتی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌شیان گرنگ بووه‌، چونكه‌ بارودۆخی‌ ناوچه‌كه‌ به‌رگه‌ی‌ ئه‌وه‌ ناگرێت سه‌ركرده‌ عێراقییه‌كان درێژه‌ به‌كێشه‌كانیان بده‌ن.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ی‌ به‌لای‌ كوردو ده‌وڵه‌تی‌ یاساوه‌ گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ بارودۆخی‌ ناوخۆ به‌ره‌و هێوربوونه‌وه‌ ده‌چێت، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ بارودۆخی‌ ده‌ره‌وه‌ له‌هه‌ڵچوونی‌ به‌رده‌وامدایه‌‌و ده‌بێت له‌ناوه‌وه‌ خۆمان قایم بكه‌ین، دواجار هه‌ر ئه‌وه‌شمان كرد".