ئەمەی لەهەرێمە سێ پارێزگاییەکەی کوردستاندا روودەدات، دۆزینەوەی رێگای فەرمیو شەرعییەتدانێکی یاساییە بە کارێک کە لەبنەڕەتدا نایاساییە، ئەمەش لەڕێی سود وەرگرتنو بەکارهێنانی هێزی زۆرینە لەدژی کەمینە لەنێو پەرلەمانێکدا کە پەنا بۆ جۆرە دەسەڵاتێک دەبات هی خۆی نییە، پەرلەمانێک کە پێویستە پارێزگاری لەسەروەری یاسا بکات، دێت دژ بەیاسا بڕیار دەداتو ماکیاژێکی یاسایی بۆ کارێکی نایاسایی دەکات.
هاوشێوەی زۆربەی وڵاتانی دونیا، لەهەرێمی کوردستانیشدا، بەیاسایەکی تایبەت ئەوە رێکخراوە کە هەر کەسێک تەنها بۆ دوو خولی یەک بەدوای یەکدا توانای بونە سەرۆکی هەیە. هەرچەندە لەهەندێ لەوڵاتە پێشکەوتوەکانی جیهاندا ئەم کارە بوەتە عورفێکی دیموکراتی، لەکوردستاندا جگە لەعورفەکە، دەقە یاساییەکەش لەئارادایە، بەڵام سەرۆک هەر دەبێت سەرۆک بێت، گرنگ نییە چۆن!
لەماوەی نزیکی داهاتودا، ماوەی ئەم خولەی پەرلەمانو سەرۆکایەتی هەرێم کۆتایی دێتو بڕیار بوو رۆژی ٢١ی ئەیلول هەڵبژاردن بەڕێوەبچوایە، بەبێ ئەوەی سەرۆکی ئێستای هەرێم مافی خۆهەڵبژاردنەوەی هەبووایە. لەماوەی چەند مانگی رابردودا، ناوەندەکانی دەسەڵاتو پەرلەمان بەسەرۆکایەتی دوو حزبە سەرەکییەکەی هەرێم (پارتی دیموکراتی کوردستانو یەکێتی نیشتمانی کوردستان) هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدا بوون رێگەچارەیەکی یاسایی بدۆزنەوە کە رێگە بدات بە مەسعود بارزانی جارێکی تر خۆی هەڵبژێرێتەوە، بەڵام دوای ئەوەی ئەم هەوڵانە لەژێر فشاری هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن "شکستی هێنا"، پەرلەمانی کوردستان، بەڕێککەوتنێکی نێوان دوو حزبەکەی دەسەڵات، بۆ دوو ساڵی تر، تەمەنی سەرۆکی هەرێمیان درێژکردەوە.
لەدوا هەڵبژاردنەکانی کوردستان، بەڕێککەوتنی نێوان دوو حزبە سەرەکییەکەی کوردستان، بڕیاردرا سەرۆکی هەرێم راستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرێت، نەک وەک خولی پێشوتر، لەپەرلەمانەوە بێت. ئەم هەڵبژاردنە راستەوخۆیەی سەرۆکی هەرێم کۆی سیستەمی سیاسی هەرێمی کوردستانی خستە ژێر پرسیارەوە بەشێوەیەک لەنێوان سیستەمی پەرلەمانی (هاوشێوەی حکومەتی ناوەندی بەغدا)و سیستەمی سەرۆکایەتیدا ونبوینو سەرۆک بووە خاوەنی دەسەڵاتێکی گەورە، بەشێوەیەک دەسەڵاتەکانی بەفعلی لەسەروی پەرلەمانەوە بێت، کەچی ئێستا پەرلەمانی کوردستان، بەشێوەیەکی "نایاسایی"، ئەو دەسەڵاتەی بەخۆی دا ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم، بەبێ هیچ زەرورەتێک (وڵات نەلەجەنگدایەو نە قەیرانێکی سیاسیو نەکارەساتێکی سروشتی لەئارادایە)، بۆ دوو ساڵی تر درێژ بکاتەوە.
بەپێی رێڕەوە یاساییەکانی پەرلەمان، هەر یاسایەک لەسەرەتادا رەشنووسەکەی ئامادە دەکرێت، دواتر خوێندنەوەی یەکەمو ئەوجا دوەمی بۆ دەکرێتو دوای دەنگدانو بەدەستهێنانی دەنگی پێویست، ئەوجا ئاراستەی سەرۆکی هەرێم دەکرێت بۆ پەسەندکردنی، ئەم پرۆسە یاساییە، لەکورترین حاڵەتدا، چەندین هەفتەی پێدەچیت تاکو پرۆژە یاساکە لەپەرلەمانەوە رەوانەی سەرۆکی هەرێم دەکرێت، بەو پێیەی پێویستە ١٠ رۆژ ماوە هەبێت لەنێوان خوێندنەوەی یەکەمو دوەمو دەنگدان لەسەری، بەڵام ئەوەی کە لەرۆژی ٣٠ی حوزەیران لەپەرلەمانی کوردستاندا رویداو لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە بە "لاقەی سیاسی" ناوبرا، ئامادەکردنی رەشنوسەکەو خوێندنەوەو دەنگدان بوو لەسەری لەماوەی تەنها چەند کاتژمێرێکی کەمو لەهەمان رۆژدا ئاراستەی سەرۆکی هەرێم کرا، بەمەش یەکێک لە "گەورەترین" کارە نایاساییەکان لەلایەن پەرلەمانتارانی دەسەڵاتەوە (٥٩ کورسی لەکۆی ١١١ کورسی) بەنێو پەرلەماندا تێپەڕێندرا.
بەپێی یاسا، سەرۆکی هەرێم تەنها ١٥ رۆژ مۆڵەتی هەیە بۆ رەتکردنەوە، یان پەسەندکردنی یاساکە، ناوبراو تا دوارۆژ بێدەنگی هەڵبژاردو دواتر لەڕێی نامەیەکی نوسراوەوە هاتە دەنگ کە تێیدا نە یاساکەی قبوڵکرد، نەرەتیکردەوە. بەواتایەکی تر، یاساکە چوە بواری جێبەجێکردنەوەو سەرۆکی هەرێم بەشێوەکی یاسایی "بەنایاسایی"و بەبێ هەڵبژاردن وەک سەرۆکی هەرێم دەمێنێتەوە.
لەنەمەکەی سەرۆکدا، وەک هەمیشە کار لەسەر جوڵاندنی عاتیفەی خەڵک کرا بەوەی جەنابی سەرۆک لەتەمەنی منداڵییەوە پێشمەرگە بوەو هیچ کاتێک پۆستی بەلاوە گرنگ نەبوە. یاساکەشی بەبیانوی رێزگرتن لەدەسەڵاتی پەرلەمانو ئیحراجنەکردنیانو بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێم ...هتد رەتنەکردەوە!
مەسعود بارزانی، بۆ یەکەمجارو لەئەنجامی رێککەوتنێکی ستراتیژی لەگەڵ هاوپەیمانەکەیدا (یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەسەرۆکایەتی جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری عێراق) بەشێوەیەکی فەرمی لەساڵی ٢٠٠٥دا بوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دواتریشو لەساڵی ٢٠٠٩دا بۆ جاری دووهەم، ئەمجارەیان بەهەڵبژاردنی راستەوخۆ، هەمان پۆستی وەرگرتەوەو بەمەش هەردوو خولەکەی تەواو کرد. بەڵام پێدەچێت جەنابی سەرۆکو حزبەکەی لەتوانایاندا نەبێت ئەم پرۆسە یاساییە بەئاسانی هەزم بکەنو ئامادە نەبن بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداری کورسی سەرۆکایەتیی بن.
ئەم دەستگرتنە بەکورسی دەسەڵاتەوە لەلایەن مەسعود بارزانییەوە تەنها لەپۆستی سەرۆکایەتی هەرێمدا نەوەستاوە، بەڵکو لەنێو خودی حزبەکەشیدا هەر وایەو دواجار ستراکچەری حزبەکەشی کە پارتی دیموکراتی کوردستانە، لەسەر پۆستە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان رەنگی داوەتەوە.
بارزانی، کوڕی مەلا موستەفای بارزانیە، دوای کۆچی دوایی باوکی، لەساڵی ١٩٧٩وە بوە بەسەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانو تا ئێستاش لەو پۆستەیدا بەردەوامە.
نێچیرڤانی بارزانی برازای سەرۆک، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانەو ژمارەیەک لەکوڕو کەسە نزیکەکانی خۆی خاوەنی پۆستی گەورەن لەحزبەکەدا بەشێوەیەک بەڕوونی دەسەڵاتی بنەماڵەیی بەسەریەوە دیارە.
ئەم ستراکچەرە حزبییە تەواو باڵی کێشاوە بەسەر ستراکچەری دەسەڵاتو حوکمڕانی لەهەرێمی کوردستاندا. بارزانی سەرۆکی هەرێمە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتە، مەسروری کوڕە گەورەی سەرۆک، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانە کە بەرزترین دەسەڵاتی ئەمنییەو راستەوخۆ پەیوەندی بەسەرۆکی هەرێمەوە هەیە ...هتد.
ئەو ستراکچەرەی سەرەوە، ئاساییە گەر لەوڵاتێکی پادشایەتی وەک عەرەبستانی سعودیە هەبێت، بەڵام کاتێک قسە لەسەر هەرێمێکی "پەرلەمانیی" وەک هەرێمی کوردستان دەکرێت، باسەکە دەبێتە جێی تێڕامانو پرسیار کە بۆچی سەرجەم پۆستە باڵاکانی ئەم هەرێمە لەلایەن یەک بنەماڵەوە گیراونو بەهاوبەشی لەگەڵ حزبە هاوپەیمانەکەیاندا بەڕێوەدەبرێن!
هەرچۆنێک بێت بارودۆخەکە، گەمەیەک بەناوی دیموکراسییەتەوە لەم هەرێمە بچکۆلەیەدا دەگوزەرێتو پەرلەمان رێگەی ئەم گەمەیە خۆش دەکات. لەئێستادا تا دوو ساڵی تریش مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمە، دوای ئەوەش دەکرێت رێگای شەرعی نوێ بۆ کاری نایاسیی تر بێتە ئاراوە، گرنگ ئەوەیە لەکوردستاندا جگە لەبارزانی سەرۆکێکی تر نەبێت!