راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

سوپای‌ عێراق له‌تاقیكردنه‌وه‌ی‌ تایفیدا ده‌رنه‌چوو

شاڵاو محەمەد
ته‌مه‌نی‌ سوپای‌ عێراقی‌ 92 ساڵی‌ تێپه‌ڕاندووه‌، به‌ڵام ره‌نگه‌ هیچ كاتێك به‌قه‌د ئێستا ئه‌م سوپایه‌ له‌به‌رده‌م…
4.07.2013  |  که‌رکووک
An Iraqi Kurdish flag flies atop a tank in Kirkuk. Pic: Getty
An Iraqi Kurdish flag flies atop a tank in Kirkuk. Pic: Getty

وازهێنانی‌ چه‌ند هه‌فته‌ی‌ رابردووی‌ ده‌یان سه‌ربازو ئه‌فسه‌ری‌ كورد له‌سوپای‌ عێراق ئه‌و راستییه‌ی‌ سه‌لماند كه‌ ئه‌م نه‌وه‌ نوێیه‌ سوپا، نه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ په‌یوه‌سته‌ به‌نه‌ته‌وه‌و تایفه‌كه‌یه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ په‌یوه‌ست نییه‌ به‌پره‌نسیپه‌كانی‌ هێزی‌ نیزامییه‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی‌ زانیارییه‌كانی‌ "نیقاش" كه‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ باڵای‌ سوپای‌ عێراقی‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، به‌بڕیاری‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ عێراق فه‌رمانی‌ گواستنه‌وه‌ی ئامر لیوای 16‌و دوانزه‌ ئه‌فسه‌ری ئه‌و لیوایه‌ له‌قه‌زای‌ دووز خورماتوو‌ی‌ سه‌ر به‌پارێزگای‌ سه‌ڵاحه‌دینه‌وه‌ بۆ پارێزگاكانی‌ خوارووی‌ عێراق ده‌رچوو، به‌ڵام لیواكه‌ ئاماده‌نه‌بون ئه‌و بڕیاره‌ جێبه‌جێبكه‌ن‌و به‌هۆیه‌وه‌ به‌ده‌یان سه‌رباز وازیانهێناوه‌ (ژماره‌ی‌ دروستیان روون نییه‌)و له‌ئێستاشدا بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ئه‌و بریاره‌ش هه‌زارو 223 ئه‌فسه‌ر‌و سه‌ربازی كورد له‌ریزه‌كانی لیوای 16ی سوپای عێراق هه‌ره‌شه‌ی‌ وازهێنان ده‌كه‌ن .

نه‌قیب رێكه‌وت محه‌مه‌د وته‌بێژی لیوای 16 سوپای عێراق به‌ "نیقاش"ی‌ وت "دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌بێ‌ هیچ پاساوێك بریاری‌ گواستنه‌وه‌مان درا له‌ دووزخورماتووه‌وه‌ بۆ پارێزگاكانی‌ خوارووی‌ عێراق ئێمه‌ هه‌ره‌شه‌ی‌ وازهێنانمان كرد، چونكه‌ ئێمه‌ بۆ خزمه‌تی‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانی‌ عێراق هاتووین نه‌وه‌كو بۆ پاراستنی‌ ئه‌منیه‌تی‌ هه‌موو عێراق".

ناوبراو ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو "هه‌ره‌شه‌ی‌ وازهێنانیشمان له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و فه‌رمانه‌دایه‌ كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراقه‌وه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی عه‌مید روكن به‌ختیار محه‌مه‌دی ئامر لیوای 16ی سه‌ر به‌فیرقه‌ی چواری سوپای عێراق‌و 12 ئه‌فسه‌ری‌ كوردی‌ دیكه‌ ده‌رچووه‌".

ده‌رچوونی ئه‌و فه‌رمانه‌ دوابه‌دوای رووداوه‌كه‌ی مانگی نیسانی‌ قه‌زای حه‌ویجه‌ هات كه‌ شه‌ڕ‌وپێكدادان له‌نێوان خۆپیشانده‌ران‌و سوپای‌ عێراقی‌ رویدا، گرژییه‌كانی ئه‌و رووداوه‌ش بۆ لیوای 16ی سه‌ر به‌فیرقه‌ی چوار گواسترایه‌وه‌ كه‌ ماوه‌ی دوو ساڵه‌ ئه‌ركی پاراستنی فرۆكه‌خانه‌ی سدیق‌‌و رێگه‌ی نێوان تكریت خورماتووی‌ له‌ئه‌ستۆدایه‌ .

مێژوی دامه‌زراندنی سوپای عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شه‌شی كانونی دووه‌می ساڵی 1921، به‌شێكی‌ گه‌وره‌ی‌ مێژووی‌ ئه‌م سوپایه‌ گرێدراوه‌ ئه‌نجامدانی‌ كوده‌تای‌ سه‌ربازی‌‌و په‌لاماردانی‌ وڵاتی‌ دراوسێ‌و سه‌ركوتكردنی‌ ناڕه‌زاییه‌ ناوخۆییه‌كان، له‌سه‌رده‌می‌ رژێمی‌ به‌عسیشدا به‌شێكی‌ گه‌وره‌ی‌ بودجه‌ی‌ وڵات له‌بواری‌ پڕچه‌ككردندا خه‌رجكراوه‌، به‌جۆرێك له‌پاش ته‌واوبوونی‌ جه‌نگی‌ هه‌شت ساڵه‌ی‌ عێراق ئێران له‌كۆتایی‌ ساڵانی‌ هه‌شتاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو، ژماره‌ی‌ سه‌ربازه‌كانی‌ عێراق گه‌یشته‌ یه‌ك ملیۆن سه‌رباز‌و به‌پێی‌ هه‌ندێ‌ سه‌رچاوه‌ بووه‌ته‌ چواره‌م سوپا له‌جیهاندا.

پاش هێرشی‌ هاوپه‌یمانان له‌ئازاری‌ 2003 پۆل برێمه‌ری‌ حاكمی‌ مه‌ده‌نی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌عێراق فه‌رمانیدا به‌هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ سوپای‌ عێراقی‌، دواتر جارێكی‌ تر له‌سه‌ر ده‌ستی‌ سه‌ركرده‌ نوێیه‌كانی‌ عێراق سوپایه‌كی‌ نوێ‌ دروستكرایه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ پشك پشكێنه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌‌و تایفی‌ تیا ره‌چاوكرا.

ئه‌م سوپا نوێیه‌ له‌ 17 فیرقه‌ پێكهات كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان چوار لیوایان له‌خۆگرتووه‌، شێوازی‌ خزمه‌تی‌ سه‌ربازی‌ عێراق له‌زۆره‌ملێوه‌ گۆڕا بۆ خۆبه‌خشانه‌.

زۆرێك له‌چاودێران پێیان وابوو هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ شێوازی‌ پێكهێنانی‌ ئه‌م سوپایه‌ رێگه‌ی‌ پێنادات سوپایه‌كی‌ پرۆفیشناڵ‌‌و بێلایه‌ن بێت، چونكه‌ سه‌ركرده‌ی‌ هه‌ر یه‌كێك له‌نه‌ته‌وه‌و تایفه‌كانی‌ په‌له‌ی‌ ئه‌وه‌یان بوو زۆرترین كه‌سی‌ خۆیان له‌سوپادا جێبكه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ش وایده‌كرد وه‌لای‌ سه‌ربازه‌كان بۆ سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانیان بێت نه‌ك بۆ سوپا.

وازهێنانی‌ سه‌ربازه‌ كورده‌كان یه‌كه‌م حاڵه‌تی‌ له‌م چه‌شنه‌ نییه‌، چونكه‌ به‌گوێره‌ی‌ زانیارییه‌كانی‌ "نیقاش" فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دیجله‌ له‌كه‌ركوك‌و ده‌وروبه‌ری‌ فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی‌ بۆ 200 ئه‌فسه‌ری كورد له‌ریزه‌كانی هێزه‌كه‌یدا ده‌ركردووه‌ به‌هۆی‌ پابه‌ندنه‌بونیان به‌بڕیاری گواستنه‌وه‌یان.

له‌گه‌ڵ پێكهێنانی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دیجله‌ له‌مانگی‌ ته‌مموزی ساڵی‌ رابردوودا، عه‌بدولئه‌میر زه‌یدی فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ 200 ئه‌فسه‌ری كورد له‌فیرقه‌ی 12ی كه‌ركوك ‌و فیرقه‌ی 5ی دیاله‌ –كه‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دیجله‌یان پێكهێناوه‌- ده‌ركردووه‌، چونكه‌ دوای گۆڕینی پۆسته‌كانیان‌و دوورخستنه‌وه‌یان بۆ پارێزگاكانی موسڵ‌و به‌غداد‌و به‌سره‌ ده‌وامیان نه‌كردووه‌‌و گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان.

یه‌كێك له‌و ئه‌فسه‌رانه‌ كه‌ له‌فیرقه‌ی 12 ی‌ كه‌ركوك بووه‌و دوای گواستنه‌وه‌ی بۆ كه‌رخ وازی له‌پله‌ی سه‌ربازی هێناوه‌و ئێستا له‌پارێزگای‌ سلێمانی‌ نیشته‌جێیه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت “ فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دیجله‌ (عه‌بدولئه‌میر زه‌یدی‌) فه‌رمانی‌ ده‌ستگیركردنی‌ بۆ ده‌ركردوین، چونكه‌ پابه‌ندی‌ بڕیاری‌ گواستنه‌وه‌ نابین بۆ پارێزگاكانی‌ خوارووی‌ عێراق ".

هه‌ر له‌م رووه‌وه‌ شوان محه‌مه‌د ته‌ها په‌رله‌مانتاری‌ كوردی‌ له‌لیژنه‌ی‌ به‌رگری‌‌و ئاسایش له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق به‌"نیقاش"ی‌ وت "ساڵانه‌ بودجه‌یه‌كی‌ زۆر بۆ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌‌و ناوخۆو ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كان دابین ده‌كرێت، به‌ڵام به‌و بودجه‌یه‌ تاوه‌كو ئێستا نه‌توانراوه‌ هێزێكی‌ ته‌واو نیزامی‌ بۆ عێراق دروست بكرێت ئه‌مه‌ش هۆكاره‌كه‌ی‌ بۆ لاوازی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی‌ ته‌ندروستی‌ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م ئه‌فسه‌رو سه‌ربازه‌ غه‌یره‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی‌ خۆی‌ نه‌كردووه‌".

شوان ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو "پێویسته‌ سوپای‌ عێراق له‌هێزی‌ نایاسایی‌ ده‌ربهێنرێـت‌و فه‌رمانده‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ ناده‌ستوورییه‌كان هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ تاوه‌كو عێراق له‌به‌رده‌م مه‌ترسی‌ شه‌ڕی‌ تائیفی‌ به‌دوور بێت‌و سوپا بێلایه‌ن بێت".

به‌بڕوای‌ چاودێران پێكهاته‌ی‌ سوپای‌ عێراقی‌ به‌چه‌شنێكه‌ كه‌ ئه‌گه‌ری‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی‌ یاخیبوونی‌ هاوشێوه‌ی‌ سه‌ربازه‌ كورده‌كان ئه‌گه‌ری‌ زۆره‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ ئه‌م سوپایه‌ نه‌یتوانیوه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ "میلیشیا" ده‌ربچێت.

حاكم حه‌مدی‌ گلی‌ پسپۆڕی‌ یاسایی‌‌و دادوه‌ری‌ پێشووی‌ دادگای‌ شۆڕشی‌ كورد له‌شاخ به‌"نیقاش"ی‌ وت "سوپای‌ ئێستا سوپایه‌كی‌ تائیفیه‌و له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوچه‌گه‌ری‌ ئه‌فسه‌رو سه‌رباز داده‌نرێت، واته‌ له‌شێوه‌ی‌ هێزێكی‌ میلیشیای‌ ده‌رنه‌چووه‌ تاوه‌كو ببێته‌ هێزێكی‌ نیزامی‌ بۆیه‌ هه‌میشه‌ ترسی‌ به‌كارهێنانی‌ سوپا له‌ململانێ‌ ناوخۆییه‌كاندا له‌ئارادایه‌".

به‌بڕوای‌ گلی‌ سوپای‌ عێراق پێویستی‌ به‌فه‌رمانده‌یه‌كی‌ پرۆفیشناڵی‌ بێلایه‌ن هه‌یه‌ كه‌ به‌ته‌نها به‌پێی‌ پره‌نسیپه‌ سه‌ربازییه‌كان بجوڵێته‌وه‌و رێگه‌ به‌هیچ جۆره‌ یاخیبوونێك نه‌دات له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ نه‌ته‌وه‌ یان تایفه‌ یان لایه‌نێكی‌ دیاریكراو، له‌مڕووه‌وه‌ وتی‌ "له‌رووی‌ یاساوه‌ فه‌رمانده‌ی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی‌ عێراق بۆی‌ هه‌یه‌ فه‌رمانی‌ ده‌ستگیركردن‌و لێپرسنه‌وه‌ بۆ ئه‌فسه‌رو سه‌ربازانی‌ هه‌ڵهاتووه‌ ده‌ربكات، چونكه‌ بۆیان نیه‌ ئینقلاب به‌سه‌ر لیوایه‌كدا بكه‌ن كه‌ هێزێكه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ دروست كراوه‌".