راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

له‌رێی‌ سندوقه‌كانه‌وه‌ ئیسلامییه‌كان ئه‌نبار كۆنترۆڵ‌ ده‌كه‌ن

داود ئه‌لعه‌لی‌
لیبرالییه‌كانی‌ ئه‌نبار پێیان وایه‌ له‌رێی‌ ساخته‌كارییه‌وه‌ ئیسلامییه‌كان ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگایان له‌چنگ ده‌رهێناون‌و خۆیان…
27.06.2013  |  به‌غدا
ناخبون من الانبار يدلون باصواتهم
ناخبون من الانبار يدلون باصواتهم

به‌پێی‌ ئه‌و بۆچوونانه‌ی‌ كه‌ پاڵێوراوه‌ سه‌ربه‌خۆكان ئاماژه‌ی‌ پێده‌كه‌ن، گۆڕانێكی‌ نوێ‌ به‌سه‌ر ململانێی‌ ئه‌و شاره‌دا روویداوه‌ كه‌ شه‌ش مانگه‌ له‌دژی‌ حكومه‌ت ناڕه‌زایی‌ ده‌رده‌بڕێت.

سه‌عدون عوبێد شه‌علان ئه‌ندامی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ ئه‌نجومه‌نه‌ نوێیه‌كه‌ ده‌ڵێت "زۆربه‌ی‌ كارمه‌ندانی‌ بنكه‌كانی‌ ده‌نگدان سه‌ر به‌ئیسلامییه‌كان بوون، هه‌ر ئه‌وانیش ساخته‌یان بۆ لیسته‌كانیان ده‌كرد".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "هه‌ندێ‌ له‌كارمه‌نده‌كان سندوقه‌كانیان كردووه‌ته‌وه‌و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ لایه‌نێكی‌ دیاریكراو ده‌نگه‌كانیان گۆڕیوه‌، به‌ڵگه‌ی‌ ته‌واویشم بۆ ئه‌م قسانه‌ پێیه‌، به‌ڵام نایده‌م به‌كۆمسیۆن، چونكه‌ ئه‌ویش ده‌ستی‌ له‌گه‌ڵ‌ كوتله‌ ده‌ستڕۆیشتووه‌كان تێكه‌ڵه‌".

به‌ڵام به‌پێی‌ ئه‌و كۆنگره‌ رۆژنامه‌نووسیانه‌ی‌ كه‌ "نیقاش" ئاماده‌ی‌ بوو به‌رپرسانی‌ كۆمسیۆن رایانگه‌یاند كه‌ ئه‌وان 116 سكاڵایان وه‌رگرتووه‌، 43 دانه‌یان سكاڵای‌ سه‌وز بوون‌و 9 دانه‌یان سكاڵای‌ زه‌ردو 64 سكاڵایان سوور بوون، له‌سه‌ر ده‌نگدانی‌ تایبه‌تیش 23 سكاڵا هه‌بووه‌ كه‌ 21یان سه‌وزو یه‌كێك زه‌ردو یه‌كێك سوور بووه‌.

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌مانه‌شدا شه‌علان متمانه‌ی‌ به‌قسه‌كانی‌ كۆمسیۆن نییه‌‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌نیازه‌ به‌ڵگه‌كانی‌ بداته‌ دادگای‌ فیدراڵی‌، چونكه‌ ئه‌وان له‌و بواره‌دا پسپۆڕن.

شه‌علان ده‌ڵێت "ساخته‌كاری‌ به‌رێژه‌ی‌ له‌سه‌دا حه‌فتا بووه‌، سێ‌ هێزی‌ گه‌وره‌ هه‌ماهه‌نگیان هه‌بووه‌ بۆ كۆنترۆڵكردنی‌ ناوه‌نده‌كان‌و گۆڕینی‌ ئه‌نجامه‌كان، به‌ڵام ناتوانم ناویان بڵێم چونكه‌ له‌ژیانی‌ خۆم ده‌ترسم".

به‌ڵام ئاخۆ تاچه‌ند ئه‌و ساخته‌كارییه‌ی‌ شه‌علان باسی‌ ده‌كات ده‌بێته‌ مایه‌ی‌ دروستبوونی‌ گۆڕانكاری‌ له‌ئه‌نجامه‌كانی‌ ده‌نگدان.

به‌پێی‌ ئه‌نجامه‌كانی‌ پارێزگاری‌ ئه‌نبار لیستی‌ موته‌حیدون به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ ئوسامه‌ نوجێفی‌ یه‌كه‌م بووه‌ ئینجا لیستی‌ عابیرون به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ قاسم فه‌هداوی‌ پارێزگارو لیستی‌ عێراقیه‌ی‌ عه‌ره‌بی‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ موتڵه‌گ سێهه‌م بووه‌و له‌پله‌ی‌ چواره‌میشدا لیسته‌كه‌ی‌ عه‌لاوی‌ (عێراقیه‌ی‌ موه‌حه‌د) هاتووه‌.

ئه‌م ئه‌نجامانه‌ كه‌ كۆمسیۆن رایگه‌یاندووه‌ ته‌نها لیستی‌ موته‌حیدون لێی‌ رازییه‌و لیسته‌كانی‌ تر هیچ به‌دڵیان نییه‌.

هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ ئه‌نبار له‌ئاستی‌ پێویستدا نه‌بوو، ئه‌مه‌ش به‌هۆی‌ هه‌ڕه‌شه‌و تیرۆرو كاریگه‌ری‌ سیاسییه‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ نوێنه‌رانی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان باس له‌بوونی‌ ساخته‌ی‌ زۆر ده‌كه‌ن‌و به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ "نیقاش" 44 ناوه‌ندی‌ ده‌نگدان دووباره‌ ده‌نگه‌كانیان هه‌ژمار ده‌كرێته‌وه‌.

له‌به‌رامبه‌ردا مه‌زهه‌ر جه‌نابی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا له‌سه‌ر لیستی‌ موته‌حیدون به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "باسكردنی‌ ساخته‌كانی‌ له‌لایه‌ن چه‌ند لیستێكه‌وه‌، به‌ڵگه‌ی‌ دۆڕاندنیانه‌ له‌هه‌ڵبژاردندا".

جه‌نابی‌ ده‌ڵێت "لایه‌نی‌ چاودێریكارو كۆمسیۆن‌و راگه‌یاندنه‌كان كاتی‌ ده‌نگدان ئاماده‌بوون‌و ئه‌وه‌ ده‌زانن كه‌ ساخته‌ نه‌كراوه‌"، هه‌روه‌ها پێی‌ وایه‌ "هه‌ندێ‌ لایه‌ن ده‌یانه‌وێت رووی‌ ئیسلامییه‌كان بشێوێنن، به‌و پێیه‌ی‌ براوه‌ی‌ یه‌كه‌م بوون".

جه‌نابی‌ ده‌ڵێت "ئه‌و ده‌نگانه‌ی‌ به‌ده‌ستمان هێناوه‌ به‌قه‌د بنكه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌مان نییه‌، چونكه‌ هه‌ندێ‌ له‌مانگرتووان له‌گۆڕه‌پانی‌ ناڕه‌زاییه‌كان بوون له‌سه‌ر رێگای‌ خێرای‌ رومادی‌‌و ئه‌رده‌ن‌و سوریا، بۆیه‌ نه‌یانتوانیوه‌ ده‌نگ بده‌ن".

پێده‌چێت نوێنه‌ره‌كه‌ی‌ موته‌حیدون دڵنیا بێت له‌وه‌ی‌ هه‌موو ناڕازییه‌كان ده‌نگ به‌وان ده‌ده‌ن، به‌ڵام له‌ئێستاوه‌ ململانێی‌ ئیسلامی‌‌و عیلمانییه‌كان له‌ئه‌نبار سه‌ریهه‌ڵداوه‌و قسه‌كانی‌ شه‌علان‌و جه‌نابیش باشترین نموونه‌ن.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌كوتله‌ی‌ عابیرونه‌وه‌ ده‌ڵێت "ئه‌نجامی‌ ده‌نگه‌كان ده‌ریخست پارێزگاكه‌ ده‌چێته‌ هه‌ناوی‌ ئیسلامییه‌كانه‌وه‌و ئه‌وان به‌رێوه‌ی‌ ده‌به‌ن".

له‌كاتێكدا هه‌ردوو تیمه‌كه‌ كێبڕكێیانه‌، لیستی‌ موته‌حیدون له‌هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌دایه‌ كه‌سێكی‌ ئیسلامی‌ بۆ پۆستی‌ پارێزگار بپاڵێوێت.

له‌م ڕووه‌وه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی‌ كوتله‌ی‌ موته‌حیدون ده‌ڵێت "پاڵێوراومان یه‌حیا غازی‌ محه‌مه‌د كه‌ سه‌ر به‌كوتله‌كه‌ی‌ تاریق هاشمی جێگری‌ سه‌ره‌ك كۆماره‌ كه‌ فه‌رمانی‌ له‌سێداره‌دانی‌ به‌غیابی‌ بۆ ده‌رچووه‌".

هه‌رچۆنێك بێت شه‌ڕه‌ قسه‌ی‌ نێوان براوه‌و دۆڕاوه‌كان له‌ئه‌نبار چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك ده‌خایه‌نێت، تا ئه‌و كاته‌ی‌ به‌ته‌واوی‌ كۆمسیۆن ئه‌نجامه‌كان پشت راست ده‌كاته‌وه‌و ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ نوێ‌ پێكدێت.