راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

نه‌وه‌ی‌ 2013ی‌ قاعیده‌ خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ خاوه‌نی‌ چه‌كی‌ كیمیاوی‌

داود ئه‌لعه‌لی‌
ره‌نگه‌ یه‌كێك له‌دیارترین كێشه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ عێراق ئه‌وه‌ بێت كه‌ هێشتا ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ پێی‌ وایه‌ له‌رێی‌…
6.06.2013  |  به‌غدا

ئه‌و گروپه‌ چه‌كدارانه‌ هه‌ر كاتێك بیانه‌وێت خۆیان كات‌و شوێنی‌ هێرشه‌كانیان دیاری ده‌كه‌ن، به‌لای‌ زۆر كه‌سیشه‌وه‌ پێشبینی‌ ئه‌وه‌ نه‌كراوه‌ گه‌شه‌كردنی‌ ئه‌م گروپانه‌ بگاته‌ ئه‌و ئاسته‌ی‌ توانای‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ چه‌كی‌ كیمیاوییان هه‌بێت.

وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ عێراق رایگه‌یاند توانیویانه‌ شانه‌یه‌كی‌ سه‌ر به‌رێكخراوی‌ قاعیده‌ ده‌ستگیر بكه‌ن له‌و كاته‌ی‌ خه‌ریكی‌ دروستكردنی‌ چه‌كی‌ كیمیاوی‌ بوون، بۆ ئه‌وه‌ی‌ سه‌ره‌تا له‌عێراقدا به‌كاریبهێنن‌و پاشان بیبه‌نه‌ پایته‌ختی‌ چه‌ند وڵاتێكی‌ دراوسێ‌.

له‌مڕووه‌وه‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ رۆژی‌ یه‌كی‌ مانگی‌ رابردوو رایگه‌یاند "پاش سێ مانگ له‌چاودێریكردن، هێزێكی‌ سه‌ربازی‌ تایبه‌ت ده‌ستیان گرتووه‌ به‌سه‌ر دوو كارگه‌ی‌ دروستكردی‌ گازی‌ سارین‌و خه‌رده‌ل"، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كردووه‌ "كارگه‌ی‌ یه‌كه‌میان له‌به‌غداو ئه‌وه‌ی‌ تریان له‌پارێزگایه‌كی‌ عێراق بووه‌".

له‌به‌یاننامه‌كه‌دا وه‌زاره‌ت ئه‌وه‌ی‌ روونكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ پێنج كه‌سی‌ سه‌ر به‌و گروپه‌یان ده‌ستگیر كردووه‌ به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ناوی‌ شوێنی‌ ده‌ستگیركردنه‌كه‌ بهێنێت، هه‌روه‌ك چۆن ناوی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ی‌ به‌غداشی‌ نه‌هێناوه‌ كه‌ كارگه‌كه‌ی‌ لێبووه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ گازی‌ سارین‌و خه‌رده‌ل ژه‌هراویترین جۆری‌ ئه‌و گازانه‌ن كه‌ به‌خێرایی‌ به‌هه‌وادا بڵاوده‌بنه‌وه‌و ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ خه‌ڵك له‌ناو ده‌به‌ن.

شوان محه‌مه‌د ته‌ها په‌رله‌مانتاری‌ كورد به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "لیژنه‌ی‌ ئاسایش‌و به‌رگری‌ په‌رله‌مان زانیاری‌ وردی‌ له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ له‌به‌رده‌ستدا نییه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ راست بێت ئه‌وا دۆسێی‌ ئه‌منی‌ له‌كۆی‌ ناوچه‌كه‌ ده‌چێته‌ ئاستێكی‌ مه‌ترسیدار، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌گه‌ر زانیارییه‌كان ناڕاست بن، ئه‌وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هێشتا ده‌زگا ئه‌منییه‌كان په‌نا بۆ بێهۆشكردنی‌ خه‌ڵكی‌ ده‌به‌ن له‌رێی‌ زانیاری‌ ناڕاسته‌وه‌".

ته‌نها یه‌ك هه‌فته‌ پاش راگه‌یاندنه‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌، گروپی‌ چه‌كداری‌ نه‌قشبه‌ندی‌ له‌سه‌ر تۆڕی‌ ئینته‌رنێت چه‌ند وێنه‌یه‌كیان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ تیایدا ژماره‌یه‌ك ده‌مامكدار ماده‌ی‌ كیمیاوی‌ له‌و بۆمبانه‌دا به‌كارده‌هێنن كه‌ ده‌یانخه‌نه‌ ناو ئۆتۆمبێله‌كانه‌وه‌.

هه‌ندێ‌ له‌چاودێرانیش پێیان وایه‌ ئه‌و وێنانه‌و راگه‌یاندنه‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ ده‌ریده‌خات كه‌ قاعیده‌ به‌ڕاستی‌ بووه‌ته‌ خاوه‌نی‌ چه‌كی‌ كیمیاوی‌.

هه‌رچۆنێك بێت قاعیده‌ له‌خۆڕا هه‌ڵایه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ بۆ كراوه‌و بانگه‌شه‌یه‌كی‌ خۆڕایشی‌ له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا ده‌ستكه‌وتووه‌ به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ زانیارییه‌كان به‌وردی‌ پشت راست بكرێنه‌وه‌، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وایكردووه‌ ره‌خنه‌ی‌ سه‌ر دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كان زیاتر بكات.

ئوسامه‌ نوجێفی‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ رایگه‌یاند "دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كان لاوازن‌و به‌ده‌ست كێشه‌و ناڕێكییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، هه‌روه‌ك توانایان نییه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ گونجاو مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌ڕه‌شه‌كاندا بكه‌ن".

به‌پێی‌ به‌یاننامه‌یه‌ك كه‌ له‌سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌رچووه‌و "نیقاش" له‌رێی‌ ئیمه‌یله‌وه‌ كۆپییه‌كی‌ به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌، نوجێفی‌ ده‌ڵێت "پێویسته‌ په‌له‌ بكرێت له‌چاره‌سه‌ری‌ لاوازی‌‌و بێده‌سه‌ڵاتی‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان‌و دابه‌زینی‌ ئاستی‌ پیشه‌گه‌رێتیان كه‌ وایكردووه‌ به‌ئاسانی‌ كه‌سانی‌ تاوانبارو پیاوكوژ بچنه‌ ناویانه‌وه‌ (...) له‌سه‌ر حكومه‌ت‌و فه‌رمانده‌ ئه‌منییه‌كان پێویسته‌ بیانووی‌ گونجاو بهێننه‌وه‌ له‌هۆكاری‌ خراپبونی‌ نه‌بڕاوه‌ی‌ باری‌ ئه‌منی‌".

راگه‌یاندنه‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ پاش سێ‌ هه‌فته‌ی‌ خوێناوی‌ هات له‌به‌غدای‌ پایته‌خت‌و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی‌ تر كه‌ به‌هۆی‌ زنجیره‌یه‌ك ته‌قینه‌وه‌وه‌ به‌سه‌دان كه‌س له‌نێو كوژراوو برینداردا بوونه‌ قوربانی‌، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ قه‌یرانی‌ نێوان سوننه‌و شیعه‌ی‌ عێراق درێژه‌ی‌ كێشاوه‌و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانیش نه‌یانتوانیوه‌ به‌ر به‌و كرده‌وه‌ توندوتیژیانه‌ بگرن.

هه‌وكات پاش گه‌شه‌ی‌ به‌رچاوی‌ كرده‌وه‌كانی‌ قاعیده‌ دێت، چونكه‌ له‌به‌یاننامه‌یه‌كی‌ بێوێنه‌دا قاعیده‌ رایگه‌یاند له‌گه‌ڵ‌ هۆزه‌كانی‌ پارێزگای‌ ئه‌نبار كۆبووه‌ته‌وه‌و له‌گه‌ڵیاندا رێككه‌وتووه‌ له‌سه‌ر "یه‌كخستنی‌ هه‌وڵه‌كان بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ سه‌فه‌ورییه‌كان (ئێرانییه‌كان)" له‌عێراقدا.

قاعیده‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ فراواندا هۆزه‌كانی‌ ئه‌نبارو نوێنه‌رانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عێراقی‌ ئیسلامی‌ چاویان به‌یه‌ك كه‌وتووه‌، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ شوێن‌و كاتی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئاشكرا بكات.

قاعیده‌ له‌به‌یاننامه‌كه‌یدا ئاشكرای‌ كردووه‌ "كۆبوونه‌وه‌كه‌ هه‌ندێ‌ له‌مه‌سه‌له‌كانی‌ چاره‌سه‌ر كردوو كۆده‌نگی‌ له‌سه‌ر دروستكرا" به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ باسی‌ ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ بكات، به‌ڵام رایگه‌یاندووه‌ "به‌شداربووانی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ جیهادكاره‌كان له‌پێناو روبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ شیعه‌ سه‌فه‌وییه‌ فاشیسته‌كان"، هه‌روه‌ها له‌به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌ "گۆڕانێكی‌ جۆرایه‌تی‌ له‌و رووبه‌رووبوونه‌وه‌نه‌دا رووده‌دات كه‌ هاوسه‌نگی‌ هێز ده‌گۆڕێت".

ئاخۆ ده‌كرێت چۆن ئه‌م پلانه‌ی‌ قاعیده‌ به‌له‌به‌رچاوگرتنی‌ رووداوه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ ئه‌م دواییه‌ شیبكه‌ینه‌وه‌؟ چونكه‌ قاعیده‌ كاتێك هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌ندێك له‌هۆزه‌كان دروست ده‌كات، هاوكات گه‌شه‌ به‌توانا سه‌ربازییه‌كانی‌ ده‌دات تا ئاساتی‌ هه‌بوونی‌ چه‌كی‌ كیمیاوی‌.

له‌و زنجیره‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌ی‌ مانگی‌ رابردوو به‌غدای‌ گرته‌وه‌ یه‌كێكیان له‌مزگه‌وتێكی‌ به‌عقوبه‌ روویدا كه‌ سه‌دان كه‌س تیایدا بوونه‌ قوربانی‌، به‌قسه‌ی‌ هه‌ندێ‌ سه‌رچاوه‌ی‌ ئه‌منیش كه‌ بۆ "نیقاش" قسه‌یان كردووه‌ ئه‌و بۆمبه‌ی‌ له‌ته‌قینه‌وه‌كه‌دا به‌كارهاتووه‌ جۆرێكی‌ جیاوازه‌و به‌بۆمبی‌ فڕیو ناوده‌برێت، ئه‌مه‌ش چه‌كێكی‌ نوێیه‌ كه‌ قاعیده‌ دروستی‌ كردووه‌و تایبه‌تمه‌ندی‌ ئه‌وه‌ی‌ تێدایه‌ كه‌ به‌بیستنی‌ ده‌نگ به‌رزببێته‌وه‌و ئینجا بته‌قێته‌وه‌، به‌مه‌ش ژماره‌ی‌ قوربانییه‌كان زۆر زیاد ده‌كات.

له‌به‌رامبه‌ریشدا هێشتا هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌سه‌ر په‌یڕه‌وكردنی‌ هه‌مان رێوشوێنه‌كانی‌ جارانی‌ خۆیانن، له‌مڕووه‌وه‌ عه‌لی‌ حه‌یده‌ری‌ پسپۆڕی‌ ئه‌منی‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "عێراق ژماره‌یه‌كی‌ زه‌به‌لاحی‌ كارمه‌ندانی‌ ئه‌منی‌ هه‌یه‌، به‌ڵام زانیاری‌‌و كه‌لوپه‌لی‌ پێویستی‌ نییه‌".

حه‌یده‌ری‌ جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌وڵاتێكی‌ وه‌ك عێراق به‌و هه‌موو نائارامیه‌وه‌ ئاسته‌مه‌ پلانی‌ ئه‌منی‌ وردی‌ تیا جێبه‌جێ‌ بكرێت‌و دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كانیشی‌ ئه‌و توانایه‌یان پێ هه‌ڵناسوڕێت.