راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

گۆڕان
ئه‌گه‌ر بارزانی‌ خۆی‌ بپاڵێوێت بۆ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم، ئێمه‌ش كاندیدمان ده‌بێت

جوانڕۆ محه‌مه‌د
بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان رایده‌گه‌یه‌نێت ئه‌گه‌ر مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم سوور بێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ بۆ جاری‌…
6.06.2013  |  سلێمانی
The Change Movement spokesperson, Mohammed Tawfiq Rahim.
The Change Movement spokesperson, Mohammed Tawfiq Rahim.

زۆربه‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ چاودێری‌ بارودۆخی‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كه‌ن پێیان وایه‌ له‌و كاته‌وه‌ی‌ له‌مانگی‌ ته‌موزی‌ 2009 بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان دروستبووه‌، كاری‌ په‌رله‌مانی‌‌و سیاسی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان چووه‌ته‌ قۆناغێكی‌ تره‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و هێزه‌ ئێستا گه‌وره‌ترین پێكهاته‌ی‌ ئۆپۆزسیۆنه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان‌و به‌شێكی‌ گرنگی‌ شه‌قامی‌ ناڕازی‌ شوێنی‌ كه‌وتوون.

گۆڕان كه‌ خاوه‌نی‌ 23 كورسییه‌ له‌كۆی‌ 111 كورسی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، له‌دوای‌ هه‌ردوو هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی‌ هه‌رێم (پارتی‌ دیموكرات 30 كورسی‌، یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ 29 كورسی‌) له‌ریزبه‌ندی‌ سێهه‌مدایه‌و له‌گه‌ڵ‌ هه‌ردوو حیزبه‌ ئیسلامییه‌كه‌ی‌ كوردستان (یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌‌و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌) به‌ره‌یه‌كی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ به‌رفراوانیان پێكهێناوه‌.

ئه‌م ماوه‌یه‌ كه‌ مه‌سه‌له‌ی‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر ده‌ستوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی‌ سێهه‌مین جاره‌ی‌ بارزانی‌ بۆ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم له‌وپه‌ڕی‌ گه‌رموگوڕیدایه‌، گۆڕان سه‌رسه‌ختترین نه‌یاری‌ هه‌نگاوه‌كانی‌ مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمه‌.

محه‌مه‌د تۆفیق ڕه‌حیم ڕێكخه‌ری‌ ژوری‌ په‌یوه‌ندییه‌ دیبلۆماسیه‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌چاوپێكه‌وتنێكی‌ "نیقاش"دا بۆچوونی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌یان له‌باره‌ی‌ دوا گۆڕانكارییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌خاته‌ روو:

نیقاش: گۆڕان كێشه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ ده‌ستوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان چییه‌ وا به‌سه‌رسه‌ختی‌ دژی‌ وه‌ستاوه‌ته‌وه‌؟

محه‌مه‌د تۆفیق: پرۆژه‌ی‌ ده‌ستوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ ئێستا پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی‌ تایبه‌ت ده‌یه‌وێت تێی‌ بپه‌ڕێنێت، پڕه‌ له‌كه‌موكوڕی‌‌و له‌گه‌ڵ‌ پێكهاته‌ی‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا نه‌گونجاوه‌، چونكه‌ زۆربه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ له‌ده‌ستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمدا كركردووه‌ته‌وه‌و رۆڵی‌ په‌رله‌مانی‌ په‌راوێز خستووه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ له‌گه‌ڵ‌ سیسته‌می‌ سیاسی‌ عێراقیشدا ناگونجێت، چونكه‌ وه‌ك خۆتان ده‌زانن له‌عێراق سیسته‌می‌ سیاسی‌ په‌رله‌مانییه‌ نه‌ك سه‌رۆكایه‌تی‌، ئێمه‌ داوای‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین ئه‌و ده‌ستوره‌ به‌ر له‌وه‌ی‌ بخرێته‌ راپرسییه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان‌و هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان سازانی‌ له‌سه‌ر بكه‌ن، به‌جۆرێك ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم دیاریكراو بن‌و سه‌رۆك له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵبژێرێت نه‌ك راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ بكه‌وێته‌ ژێر چاودێری‌‌و لێپرسینه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌.

نیقاش: زۆربه‌ی‌ لایه‌نه‌كان ده‌ڵێن ئێستا به‌ته‌نها پارتی‌ دیموكرات پێداگری‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات ده‌ستور بخرێته‌ راپرسییه‌وه‌، ته‌نانه‌ت یه‌كێتی‌ هاوپه‌یمانیشی‌ له‌گه‌ڵیدا نییه‌، كه‌واته‌ كێشه‌تان چییه‌ ئه‌گه‌ر بخرێته‌ راپرسییه‌وه‌؟

محه‌مه‌د تۆفیق: ئێمه‌ دڵنیایین ئه‌و ده‌ستوره‌ بخرێته‌ راپرسییه‌وه‌ ره‌ت ده‌كرێته‌وه‌، به‌ڵام بۆچی‌ دانانی‌ ده‌ستورێك بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌وه‌نده‌ زۆر بخایه‌نێت، له‌كاتێكدا ئێستا ده‌رفه‌ت هه‌یه‌ هه‌موار بكرێته‌وه‌، ده‌ستوری‌ هه‌رێم كاتێك له‌ساڵی‌ 2009 له‌په‌رله‌مان ده‌نگی‌ له‌سه‌ردراوه‌ كه‌ ئۆپۆزسیۆن له‌كوردستاندا نه‌بووه‌، بۆیه‌ ده‌بێت ئێستا رای‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانی‌ له‌سه‌ر بێت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌ستورێكی‌ نیشتیمانیمان هه‌بێت كه‌ هه‌مووان به‌ده‌ستوری‌ خۆیانی‌ بزانن، ده‌بێت لانی‌ كه‌م له‌سه‌رو له‌سه‌دا 85ی‌ خه‌ڵك ده‌نگی‌ له‌سه‌ر بده‌ن، بێگومان ئه‌گه‌ر بخرێته‌ ده‌نگانه‌وه‌، ئێمه‌ داوای‌ له‌خه‌ڵكی‌ ده‌كه‌ین ده‌نگی‌ پێنه‌ده‌ن.

نیقاش: كاتێك پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌یاندا بارزانی‌ جارێكی‌ تر خۆی‌ بۆ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم بپاڵێوێته‌وه‌، گۆڕان دژی‌ وه‌ستایه‌وه‌، هۆكاری‌ ئه‌وه‌ چییه‌؟

محه‌مه‌د تۆفیق: به‌پێی‌ یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم‌و ته‌نانه‌ت به‌پێی‌ ره‌شنوسی‌ ده‌ستوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیش سه‌رۆكی‌ هه‌رێم بۆی‌ هه‌یه‌ ته‌نها بۆ دوو ویلایه‌ت خۆی‌ بپاڵێوێت، بارزانی‌ جارێك له‌ساڵی‌ 2005 جارێكی‌ تریش له‌ساڵی‌ 2009 بووه‌ته‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم، ئێستا به‌پێی‌ یاسا بۆی‌ نییه‌ هه‌ڵببژێرێت.

نیقاش: ئه‌گه‌ر ئێوه‌ دژی‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی‌ بارزانین، ئاخۆ له‌گه‌ڵ‌ لایه‌نه‌كانی‌ تری‌ ئۆپۆزسیۆن كاندیدی‌ هاوبه‌شتان ده‌بێت بۆ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم؟

محه‌مه‌د تۆفیق: ئێمه‌ پێمان وایه‌ به‌شی‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كی‌ هه‌وڵه‌كانی‌ پارتی‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی‌ ده‌ستور له‌پێناو ئه‌وه‌دایه‌ كه‌ بارزانی‌ مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌بێت جارێكی‌ تر خۆی‌ بۆ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم كاندید بكاته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وكات ده‌ڵێن دوو ویلایه‌ته‌كه‌ی‌ پێشووی‌ سه‌رۆك به‌ر له‌هه‌بوونی‌ ده‌ستور بووه‌و ئێستا ده‌ستور رێی‌ دوو ویلایه‌تی‌ تری‌ پێداوه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و حاڵه‌ته‌ روویدا، ئه‌وا بێگومان ئێمه‌ش هه‌وڵده‌ده‌ین ركابه‌رێكی‌ به‌هێزمان هه‌بێت بۆ بارزانی‌، هه‌رچه‌نده‌ هێشتا بڕیار نه‌دراوه‌و نازانین ئاخۆ گۆڕان به‌ته‌نها كاندیدی‌ ده‌بێت یان له‌گه‌ڵ‌ دوو لایه‌نه‌كه‌ی‌ تری‌ ئۆپۆزسیۆندا.

نیقاش: بارزانی‌ رایگه‌یاند له‌مانگی‌ ئه‌یلولی‌ ئه‌مساڵ‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مان‌و سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم به‌رێوه‌ ده‌چێت، لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان چۆن به‌م هه‌موو قه‌یرانه‌وه‌ ده‌چنه‌ ناو هه‌ڵبژاردنه‌وه‌؟

محه‌مه‌د تۆفیق: ئێمه‌ ته‌مه‌ننا ده‌كه‌ین كه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ له‌كاتی‌ خۆیدا ئه‌نجام بدرێت‌و دوانه‌خرێت، به‌جۆرێك هه‌موو كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان به‌ر له‌واده‌ی‌ هه‌ڵبژاردن یه‌كلایی‌ بكه‌ینه‌وه‌، ئێمه‌ گه‌شبینین كه‌ ئه‌م جاره‌ ده‌نگی‌ ئۆپۆزسیۆن له‌هه‌رێمی‌ كوردستان رووی‌ له‌هه‌ڵكشانه‌، به‌مه‌رجێك كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردن رێوشوێنه‌كانی‌ به‌جۆرێك رێكبخات كه‌ به‌ر له‌ساخته‌كاریی‌ بگرێت.

نیقاش: كه‌ باس له‌هه‌ڵكشانی‌ ده‌نگی‌ ئۆپۆزسیۆن ده‌كه‌ن مه‌به‌ستان ئه‌وه‌یه‌ به‌یه‌ك لیستی‌ هاوبه‌ش به‌شداری‌ ده‌كه‌ن؟

محه‌مه‌د تۆفیق: نه‌خێر هه‌ر لایه‌نێكی‌ ئۆپۆزسیۆن به‌جیا لیستی‌ خۆی‌ بۆ هه‌ڵبژاردن ده‌بێت، به‌ڵام راسته‌وخۆ پاش پرۆسه‌كه‌ گفتوگۆی‌ هاوبه‌ش ده‌ستپێده‌كه‌ین.

نیقاش: گله‌یی‌ لایه‌نه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر گۆڕان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستی‌ به‌غداش وه‌ك لیستێكی‌ كوردی‌ مامه‌ڵه‌ ناكه‌ن‌و هه‌میشه‌ نه‌یاری‌ هه‌نگاوه‌كانی‌ ئه‌وانن؟

محه‌مه‌د تۆفیق: ره‌خنه‌ی‌ ئێمه‌ له‌سه‌ر دوو هێزه‌ سیاسیه‌ فه‌رمانڕه‌واكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌سه‌ر ئاستی‌ به‌غدا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌شوێن به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ كورده‌وه‌ نین، كاتێك وه‌زیرو په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كان له‌چه‌ند مانگی‌ رابردوودا بڕیاریاندا بایكۆتی‌ كۆبوونه‌وه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران‌و په‌رله‌مان بكه‌ن، هه‌موو ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بوو كه‌ مالیكی‌ رازی‌ نه‌بوو پاره‌ی‌ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بدات، كاتێكیش مالیكی‌ به‌ڵێنی‌ پێدانی‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ دا، ئه‌وان گه‌ڕانه‌وه‌، ئه‌گه‌ر نا چه‌ند ساڵه‌ به‌رپرسانی‌ كورد له‌به‌غدا پۆستی‌ گرنگیان پێیه‌و ته‌نها یه‌ك هه‌نگاویشیان نه‌ناوه‌ بۆگێڕانه‌وه‌ی‌ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان، به‌داخه‌وه‌ ئه‌یڵێم به‌شداربونی‌ كورد له‌حكومه‌تی‌ عێراقی‌ له‌پێناوی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ تایبه‌تی‌‌و زۆرته‌سكی‌ حیزبایه‌تی‌‌و پۆست‌و پله‌و پایه‌دا بووه‌.

نیقاش: به‌ڵام كاتێك په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كان له‌به‌غدا كشانه‌وه‌ هه‌شت په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی‌ ئێوه‌شیان له‌گه‌ڵدا بوو؟

محه‌مه‌د تۆفیق: له‌بایكۆتی‌ دانیشتنه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراقدا په‌رله‌مانتارانی‌ ئێمه‌ ناچاربون ئه‌و بایكۆته‌ بكه‌ین، چونكه‌ ئه‌گه‌ر وانه‌بێت ده‌یانوت دژی‌ یه‌كڕیزی‌ كوردن، ئێمه‌ش ده‌ڵێین كێشه‌مان له‌گه‌ڵ به‌غداد هه‌یه‌، به‌ڵام كێشه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ ڵه‌گه‌ڵ به‌غداد كێشه‌ی‌ نه‌وت نیه‌، به‌ڵكو كێشه‌ی‌ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان‌و شێوازی‌ سیسته‌می‌ به‌ڕێوه‌بردن‌و بڕیاردانه‌ له‌به‌غداد، كێشه‌مان له‌گه‌ڵ به‌غداد كێشه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌یه‌، ته‌نانه‌ت له‌هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكانی‌ عێراقیش به‌یه‌ك لیست له‌گه‌ڵ‌ هێزه‌ كوردییه‌كان به‌شداریمان كرد ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ تۆمه‌تبار نه‌كرێین به‌تێكدانی‌ یه‌كڕیزی‌ ماڵی‌ كوردو به‌فیڕۆدانی‌ ده‌نگی‌ ده‌نگده‌رانی‌ كورد.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌