راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

خۆپیشاندەران تۆپەكە دەخەنەوە گۆڕەپانی مالیكی

داود ئه‌لعه‌لی‌
دوا دیمەنی گۆڕەپانی خۆپیشاندەرانی رومادی ئەوە دەردەخات كە سەركردەكانی ئەو خۆپیشاندانە چەند هەنگاوێكی گرنگ بۆ دانوستان لەگەڵ نوری مالیكی نزیكبوونەتەوە، بەڵام ئەم كەشوهەوایە دەستەیەكی تری لەسوننەكان دروستكردووە كە…
16.05.2013  |  به‌غدا
Sunni protestors in Iraq hope for victory. Pic: Getty Images
Sunni protestors in Iraq hope for victory. Pic: Getty Images

خاڵی وەرچەرخان ئەو كاتە رونبووەوە كە ساڵح موتڵەگی جێگری سەرەك وەزیران لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەكان پێكەوە لەگەڵ قاسم فەهداوی پارێزگاری ئەو شارە دەركەوتن، گفتوگۆی نێوانیان دیواێكی نوێی ئەو شارە توڕەیەی نیشاندا كە ماوەی پێنج مانگە خەریكی خۆپیشاندانن.

لەو كۆبوونەوەیەدا كە پەیامنێری "نیقاش" ئاگاداری بوو ساڵح موتڵەگ بەقاسم فەهداوی وت "زمانی گفتوگۆ تاكە رێگەچارەی قەیرانەكانە (....) هەمیشە كە دەگەینە رێگەیەكی داخراو دەزانین دانیشتن تاكە چارەیە بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسی دوربخەینەوە لەكەندەڵانی توندوتیژی‌و ئەگەرە خراپەكان".

گرنگە ئەوە بزانین كە هەوڵەكانی هێوربوونەوە پاش ئەوە دێت كە رومادی پێكداهەڵپژانێكی قورسی بەخۆوە بینی لەنێوان سوپاو خۆپیشاندەران، كارگەیشتە ئاستی كۆكردنەوەی 120 ئۆتۆمبێل‌و زرێپۆش لەدەوری گۆڕەپانی (عیزەو كەرامە) لەبەرامبەریشدا ئەندامانی عەشیرەتەكان بڕیاریاندا پارێزگاری لەخۆپیشاندەران بكەن.

مانگی نیسانی رابردوو سەعید لافی وتەبێژی خۆپیشاندەرانی رومادی لەبەردەم هەزاران نوێژخوێندا هەواڵی پێكهێنانی سوپای عەشایەری ئەنبارو شەش پارێزگای تری راگەیاند كە بەگوتەی ئەو "بۆ پارێزگاری كردنە لەپارێزگا راپەڕیوەكان ئەگەر بووبەرووی هێرش ببنەوە".

لەچەند هەفتەی دواییدا موتڵەگ پەیوەندی چڕوپڕی لەگەڵ رێبەرانی خۆپیشاندانەكە ئەنجامدا، ئەوانەی بەیەكجاری مالیكییان بایكۆت كردبوو.

كۆبوونەوەكانی موتڵەگ لەدیوەخانی گەورەترین سەرۆك عەشیرەتی ناوچەكە بوو، لەوێ‌ چەندین رێبەری خۆپیشاندانەكان كۆبوونەوەو گوێیان لەنێوەندكارییەكەی موتڵەگ گرت لەپێناو چارەسەری قەیرانەكەو دوركەوتنەوە لەبژاردەی رووبەرووبوونەوەی چەكداری.

یەكێك لەو كەسانەی ئامادەی كۆبوونەوەكە بوو بە"نیقاش"ی وت "لەكۆبوونەوەی موتڵەگ‌و سەركردەكانی گۆڕەپانی عیزەو كەرامە، هەر كە مەسەلە گەیشتە ئاستی هێوردبوونەوە، دووبەرەكی كەوتە نێوان ئامادەبووان‌و هەندێكیان سوور بوون لەسەر ئەوەی كۆتایی بەمالیكی بێت".

ئەو ئامادەبووەی كۆبوونەوەكە كە خۆیشی یەكێكە لەسەركردەی خۆپیشاندانەكان‌و پێی باش بوو ناوی نەهێنرێت وتی "بژاردەی گروپە توندڕەوەكە یەك ناگرێتەوە لەگەڵ هەوڵەكانی موتڵەگ، ئەوان دەیانەوێت مالیكی نەمێنێت‌و هەرێمی سووننە دروست بكەن".

بەپێی قسەی سەرچاوەكە كۆبوونەوەكە لەسەر ئەوە كۆتایی هاتووە كە هەردوولا دوور بكەونەوە لەئەگەری رووبەرووبوونەوەی چەكداری‌و پاش ئەوە هەنگاو بنرێت بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ مالیكی.

نوێنەری مانگرتووەكان مەرجیان ئەوە بووە كە مالیكی خۆی بچێتە رومادی بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەگەڵ بكەن، بەڵام موتڵەگ قەناعەتی پێهێناون كە ئەوە رێی تێناچێت، لەبری ئەوە دەكرێت لیژنە وەزارییەكە بەسەرۆكایەتی حسێن شەهرستانی وەزیری وزە سەردانیان بكات.

دواجار هەوڵەكانی هێوركردنەوە لەسەر دەستی عەبدولمەلیك ساعیدی باوكی رۆحی خۆپیشاندەران ئەنجامی لێكەوتەوە، ئەو پیاوە ئاینییە بەروونی تواناكانی خۆی لەبواری دانوستان نیشاندا كاتێك خۆی شوێنی گفتوگۆكانی دەستنیشان كرد.

لەرێی بەیاننامەیەكەوە كە كۆپییەكی بەئیمەیل دەست "نیقاش" كەوتووە ساعدی نوسیویەتی "پاش ئەوەی بەسوپاسەوە خۆپیشاندەران متمانەیان پێكردم بۆ ئەوەی نوێنەرایەتییان بكەم، رامسپاردووە لیژنەیەك لەگۆڕەپانی مانگرتنەكەوە پێكبهێنرێت بۆ ئەوەی ئەركی دانوستان لەگەڵ حكومەت بگرێتە ئەستۆو مافی خۆپیشاندەران بەدەست بهێنێت".

ساعدی داوایكردووە "حكومەت لیژنەیەك پێكبهێنێت كە توانای بڕیاردانی هەبێت‌و مەسلەكان دوانەخەن"، هەروەك چۆن نوسوێتی "داوا لەوتەبێژەكانیان دەكەم لەدەزگاكانی راگەیاندنەوە دوور بكەونەوە لەقسەی نابەجێ‌و تۆمەتبەخشینەوە بەرامبەر خۆپیشاندەران، هەروەها دوور بكەونەوە لەهەموو ئەو مەسەلانەی ئاژاوە دروست دەكات".

ساعدی لەبەیاننامەكەیدا ئەوەشی نوسیوە "لەیەكەمین كۆبوونەوە لەگەڵ حكومەت ناوی لیژنەی خۆپیشاندەرانیان دەدەمێ‌ (...) دەبێت گفتوگۆكەش لەشوێنێك بێت كە بەلای هەمووانەوە رێز لێگیراو بێت، بۆ ئەوەش ئێمە پێشنیاری مەزارگەی عەسكەرییەین دەكەین لەسامەرا –سڵاوی خۆیان لێبێت- بۆ ئەوەی كەش‌و هەوای برایەتی‌و رەحمەت‌و لێبوردەیی بێتە ئاراوە".

بەگەڕانەوە بۆ ئەو گروپەی بایكۆتی دانیشتنیان كردووە، ئەوان ئێستا بوونەتە مایەی روگیری بۆ ساعدی‌و دەریدەخەن چ جۆرە دووبەرەكییەك لەنێوانیاندا دروست بووە، بەتایبەتی كە ساعدی ئێستا جەماوەرێكی زۆری هەیەو بەخێرایی گوێی لێدەگرن.

ئەو سەرچاوەیەی قسەی بۆ "نیقاش" كرد، جەختی لەوە كردەوە لەكاتی سەردانەكەی موتڵەگدا ئەو دەستەیە ئامادە بوون بۆ رووبەرووبوونەوەی چەكداری لەژێر ناوی بەرگریكردن لەخۆیان.

بەشێوەیەكی گشتی ئێستا بارودۆخەكە بەرەو هێوربوونەوە دەچێت، بەتایبەتی كە ئەحمەد ئەبو ریشە لەهەموو كۆبوونەوەكاندا جەخت لەوە دەكاتەوە "بژاردەی توندوتیژی زیان بەهەمووان دەگەیەنێت، هیچ لایەنێكیش براوە نابێت"، ئەو سەركردەیەی سەحوەكان بەموتڵەگیشی وتووە "بەڵام مەرج ئەوەیە لایەنی بەرامبەریش مەسەلەكە بەجدی وەربگرێت".

ئەوەندەی پەیوەندی بەئەنجومەنی پارێزگاشەوە هەیە، ئەوان پێیان وایە لەبەر بەرژەوەندی گشتی دەبێت پاڵپشتی دەستپێشخەرییەكەی ساعیدی بكرێت.

لەمڕووەوە سەعدون شەعلان جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار بە"نیقاش"ی وت "ئەنجومەنی پارێزگا لیژنە پێكدەهێنێت بۆ چارەسەری ئەو زوڵمانەی لەخەڵكی كراوە (...) هۆكاری سەرەكی ئەو زوڵم‌و زۆرەش دەگەڕێـەوە بۆ پەراوێزخستنی رۆڵی پارێزگاو ئەنجومەنی پارێزگا لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە، دانیشتنیش لەگەڵ حكومەت پابەندە بەجێبەجێكردنی ئەو داواكارییە دەستوریانەی خۆپیشاندەران دەیانەوێت".

ئێستا لەگەڵ دەستپێشخەرییەكەی ساعدی‌و هێوربوونەوەی دۆخەكە، چاوەڕێی ئەوە دەكرێت مالیكیش هەمان هەنگاو بنێت، رەنگە هەموو ئەمانەش ئەنجامی ئیجابیان لێ‌ بكەوێتەوە، بەڵام هەموو شتێك بۆ ئایندە بەجێهێڵدراوە.