راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

نەجمەدین كەریم بۆ نیقاش
تەندروستی تاڵەبانی باشە، بەڵام نازانم كەی دەگەڕێتەوە

شاڵاو محەمەد
د. نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك‌و پزیشكی تایبەتی تاڵەبانی لەچاوپێكەوتنێكی "نیقاش"دا رایدەگەیەنێت كە تەندروستی تاڵەبانی جێگیرەو هاوكات لەسەر مەسەلە ناوخۆییەكانی كەركوك‌و پەیوەندی كوردو بەغدا زانیاری ورد…
16.05.2013  |  که‌رکووک
The governor of Kirkuk, Iraqi Kurdish politician Najm al-Din Karim
The governor of Kirkuk, Iraqi Kurdish politician Najm al-Din Karim

سەبارەت بەدۆسێی هێزەكانی ئۆپەراسیۆنی دیجلە پارێزگاری كەركوك ئاماژە بەوە دەكات كە ئەوان بەهیچ شێوەیەك رازی نابن بەمانەوەی ئەو هێزانە.

نەجمەدین كەریم كە هاوكات ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان‌و پزیشكی تایبەتی تاڵەبانییە، لەبارەی تەندروستی تاڵەبانییەوە دەڵێت "لەبارودۆخێكی جێگیردایە، بەڵام نازانم كەی دەگەڕێتەوە سەر كارەكەی".

نیقاش: شەش ساڵا بەسەر دوا وادەی جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستوری عێراقدا تێپەڕ دەبێت‌و هێشتا كێشەی ناوچە جێناكۆكەكان چارەسەر نەبووە، زۆر كەس پێیان وایە ئەو مادەیە بووەتە مادەیەكی مردوو، رای ئێوە چییە؟

نەجمەدین كەریم: مادەی 140 مادەیەكی دەستوورییەو هەرگیز نامرێت، بەڵام لەم قۆناغەدا جێبەجێكردنی وەستاوە، ئەوەیش بەشێكی پەیوەندی بەحكومەتی ناوەندەوە هەیە كە كەمتەرخەم بووە لەپەلەكردن بۆ راپرسی‌و سەرژمێری، بەڵام پێش ئەوەی ئەو راپرسیە بكرێت دەبێت ئێمە لەگەڵ لایەنەكان كۆببینەوەو بەرنامەی خۆمانیان پێ بڵێن، چونكە عەرەب‌و توركمانی كەركوك نزیكەی نیوەی پێكهاتەی كەركوك پێك دێنێت، ئەگەر ئەو خەڵكە زۆرە دژی گەڕانەوەی كەركوك بێت بۆ سەر هەرێمی كوردستان ناتوانیت باری كەركوك ئاسایی بكەینەوە، بەشێكی تری ئەم كێشەیە پەیوەندی هەیە بەلایەنی كوردییەوە، من پێم وایە نوێنەرانی كورد لەپەرلەمان‌و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كەمتەرخەمییان هەبووە، ئەبوایە زیاتر پێداگریان بكردایە لەسەر جێبەجێكردنی مادەی 140 كە وایان نەكردووە.

نیقاش: لەدەستوردا بەرۆشنی ئاماژە بەوە كراوە كە دەبێت تا كۆتایی ساڵی 2007 مادەی 140 جێبەجێ‌ بكرێت، باشە ئەمە مانای ئەوە نییە تازە جێبەجێكردنی زەحمەت بێت؟

نەجمەدین كەریم: پێم وایە هەر لەسەرەتاوە دانانی سەقفی زەمەنی بۆ ماددەی 140 هەڵەبوو، چونكە دەستور ساڵی 2005 نوسراوەتەوەو بیركردنەوەیەكی لۆژیكانە نییە پێت وابێت لەدوو ساڵدا دەتوانیت بارودۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بكەیتەوە، هەرچەندە ئەم قسانە مانای ئەوە نییە دەستبەرداری جێبەجێكردنی مادەكە ببین.

نیقاش: دیسانەوە بەهۆی كێشەی پێكهاتەكانی كەركوكەوە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەو پارێزگایەی ئەنجام نەدرا، دەتوانین بڵێین چ كاتێك لەكەركوكدا هەڵبژاردن دەكرێت؟

نەجمەدین كەریم: پێش هەموو شتێك دەبێت ئەوە بزانین لایەنی كوردی هۆكار نەبووە بۆ دواكەوتنی هەڵبژاردنی كەركوك، چونكە ئێمە هەموو كات داوای هەڵبژاردنمان كردووە بەبێ‌ مەرج، بەڵام لایەنی عەرەبی چەند تێبینیەكیان هەبووە هەرچەندە ئەوە ئەبینرا ئەو مەرجانە زۆر بەپێداگرییەوە نەبێت‌و مەبەستیان بێت هەڵبژاردن بكرێت، چونكە عەرەبەكانی كەركوك بەهۆی ئەوەی لە 2005 بەشداری هەڵبژاردنیان نەكردووە زەرەرمەند بوون‌و تەنها 6 ئەندامیان هەیە لەئەنجومەنی پارێزگای كەركوك(لەكۆی 41 ئەندام).

نیقاش: قسەكانت ئەوە دەگەیەنێت كە توركمانەكان ناڕازی بوبن؟

نەجمەدین كەریم: توركمانەكان چەند مەرجێكیان هەبووە كە جێبەجێ‌ نەدەكرا، بۆنمونە داوای كۆتا‌و چەند خاڵێكی دیكەیان دەكرد كە ئاستەم بوو جێبەجێكردنی.

نیقاش: هێشتا وەڵامی ئەوەمان دەست نەكەوت، كەی ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەیە لەكەركوكدا؟

نەجمەدین كەریم: بەراستی ئەوە لەلای ئێمەش رۆشن نییە، هەرچەندە داوامان لە نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە جارێكی تر خەمی هەڵبژاردنی كەركوك بخوات.

نیقاش: بەڵام ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، ئێوە وەك لایەنی كوردی لەوە ناترسن ئەنجامەكەی لەبەرژەوەندی ئێوە نەبێت؟

نەجمەدین كەریم: نەخێر، چونكە دڵنیاین خەڵكی كەركوك بەگوڕوتینەوە دەچن بۆ دەنگدان.

نیقاش: بەڵام لەهەڵبژاردنەكەی ئازاری ئەمساڵ كورد بەشێكی زۆری دەنگەكانی لەناوچە جێناكۆكەكان دۆڕاند؟

نەجمەدین كەریم: راستە كورد لەو هەڵبژاردنەدا بەشێكی كورسیەكانی دۆراند، ئەویش بەهۆی ئەوەی یاسایەكی سواو بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاكان لەپەرلەمانی عێراقدا تێپەڕكرا، هەروەها خەڵك بەو شێوەیە لەو ناوچانە نەچۆتە دەنگدان كە چاوەڕوان دەكرا، ئەمە جگە لەوەی چەندان كورد لەخانەقین‌و دوزخورماتوو سەعیدەو قەرەتەپە بێبەشكران لەهەڵبژاردن كەبەهۆی ئەوەی پێشووتر ئەو ناوچەنەیان لەترسی شەری تیرۆر چۆڵكردبوو، هەرچەندە بەرپرسەكانی ئێمەش لەوێ‌ كەمتەرخەم بوون بەتایبەت لەڕووی خزمەتگوزاری كە خەڵكی پێوەی پابەندە، بەڵام نازانین هۆكارەی سەرەكیە چیە كە خەڵك نەچۆوە بۆ دەنگدان

نیقاش: یەكێك لەو كێشانەی لەناوچەكەدا قەیرانی دروست كرد مەسەلەی پێكهێنانی ئۆپەراسیۆنی دیجلە بوو، چارەنووسی ئەو دۆسێیە چی بەسەرهات؟

نەجمەدین كەریم: چارەنووسی ئەو ئۆپەراسیۆنە وەكو خۆی ماوەتەوە، ئێمە وەكو پارێزگارو ئەنجومەنی پارێزگا رەتمانكردۆتەوە، بەڵام رێكەوتوین لەبەغداد لەسەر ئەوەی لیژنەیەك دابنرێت تاوەكو ئەو كێشانە چارەسەر بكرێت، سەرەنجام بەهیچ شێوەیەك قبوڵمان نییە ئۆپەراسیۆنی دیجلە بمێنێتەوە.

نیقاش: لەپاڵ هێزەكانی دیجلە، هەر پاش رووداوەكەی قەزای حەویجە، ژمارەیەكی زۆری پۆلیسی ئیتحادی‌و هێزەكانی سوات رەوانەی كەركوك كران، هۆكاری ئەوە چییە؟

نەجمەدین كەریم: ئەو هێزانە بەناو كەركوكدا نەهاتوون‌و راستەوخۆ لەپارێزگایەكی دیكەوە بەهێلیكۆپتەر چوونەتە حەویجە، هەرچەندە هەوڵیانداوە بێنە ناو كەركوك بەڵام ڕێگریمان لێكردووە، لەدوا كۆبوونەوەدا مالیكی گلەیی ئەوەی لێكردم ووتی ئێوە تەنها پارێزگان ناهێڵن ئەو هێزانە بێتە كەركوك.

نیقاش: تائێستا لایەنی كوردی خۆی یەكلای نەكردۆتەوە كە ئەوانەی لە ڕووداوەكەی حەویجە كوژراوو بریندارن خۆپیشاندەرن یان تێكدەر؟ ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

نەجمەدین كەریم: ئێمە دڵنیاین زۆربەی ئەوانەی كە كوژراون یان بریندار كراون خۆپیشاندەرن‌و بێتاوانن، بەڵام لەهەموو قەیرانێكی سیاسیدا خەڵكی تێكدەر هەیە بۆ ئاڵۆزكردنی بارودۆخە ئەمنیەكە، ئێمە وەكو چۆن دڵنیاین لەوەی بێتاوان هەبووە، بەڵام زانیاریشمان لابووە كە لەگۆرەپانی خۆپیشاندەران سەركردەی گەورەی بەعسی تیابووە.

نیقاش: دوای ئەو رووداوانە ئێستا مەلەفی ئەمنی كەركوك لەدەست كێدایە؟

نەجمەدین كەریم: مەلەفی ئەمنی كەركوك تێكەڵەیەكە هەرچەندە دەبێت لەژێر دەسەڵاتی پارێزگاردا بێت، بەڵام گەورەترین هێز كە فیرقەی 12ی سوپای عێراقیە هیچ پەیوەندییەكی بە ئێمەوە نیە، ئەو هێزە زیاتر لە 15 هەزار سەربازیان هەیە جگە لەچەكی قورسی‌و دەبابە‌و ناقیلە‌و تۆپ‌و هێلكۆپتەر كە هەیانە، بەڵام هێزەكانی پۆلیس هەرچەندە مووچەو پلەبەرزكردنەوەیان لە بەغدادەوە بەڵام لەژێر ركێفی ئێمەدان، هاوكات هێزی پێشمەرگە كە لەدەوروبەری كەركوك جێگیر كرا بەشێوەیەكی فەرمی لەژێر فەرمانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە.

نیقاش: لایەنی عێراقی هێزە كوردییەكان تۆمەتبار دەكات بەوەی چەندین دەزگای ئەمنی نایاساییان لەشارەكەدا هەیە، رای ئێوە چییە؟

نەجمەدین كەریم: هێزێكی نایاسایی نیە لەكەركوكدا، بەڵام ئەوان مەبەستیان هێزی پێشمەرگەو ئاسایشی هەرێمە كە هێزێكی تەواو نیزامین، هەموو سێشەمەیەك لەكۆبوونەوەكانی لیژنەی ئەمنی ئامادە دەبن‌و كارێكی شاراوەیان لەكەركوكدا نەكردووە، بەڵام رەخنەی گەورەی خۆم‌و خەڵكی كوردستان بەگشتی‌و خەڵكی كەركوك بەتایبەت ئەوەیە كە خۆزگە هەردوو ئاسایش لەژێر بریاری یەك فەرماندە بوایە (هەریەك لەیەكێتی‌و پارتی ئاسایشی خۆیان هەیە).

نیقاش: ئێوە لەدواین كۆبوونەوەی وەفدی كوردی لەگەڵ مالیكی سەرۆك وەزیراندا ئەندامی شاندی دانوستكار بوون، لەسەر چی ڕێكەوتون؟

نەجمەدین كەریم: واسیقەیەكی حەوت خاڵی لەنێوان هەردوو لا واژوو كراوە كە ناوەڕۆكی گەرانەوەی وەزیرە كوردەكانە لەسەر بنەمای ئەو حەوت خاڵە، ئەوانیش بریتین لەقەرەبووكردنەوەی كەسوكاری ئەنفال، باشتركردنی بارودۆخی ئەمنی ناوچەكە، گەرانەوەی بودجە بۆ پەرلەمان تاوەكو دەنگی لەسەر بدرێتەوە، لیژنەیەك دابنرێت تاوەكو پرۆژە یاسای نەوت‌و غاز خوێندنەوەی بۆ بكرێت تا دەنگی لەسەر بدرێت، گەڕانەوەی سنوری پارێزگاكان كە لەلایەن پەرلەمانەوە كاری بۆ بكرێت‌و هەڵوەشاندنەوەی بریارەكانی قیادە سەورەی رژێم.

نیقاش: لەدەرەوەی كاری پارێزگار، بەو پێیەی بەرێزتان پزیشكی تایبەتی تاڵەبانین، ئێستا تەندروستی لە چ ئاستێكدایە؟

نەجمەدین كەریم: تەندروستی مام جەلال زۆر باشتر بووەو گۆرانكاری باشی بەخۆیەوە بینیوە، پزیشكە تایبەتەكانی زۆر رازین لەوەی تەندروستی بەرەو پێش چووە، بەم نزیكانە هەواڵی گرنگتری تەندروستی بەڕێزیان بڵاوئەكرێتەوە .

نیقاش: زۆر كات لەلێدوانەكانت باسی ئەوەتكردووە تاڵەبانی قسەی لەگەڵ كردویت ئەو قسانە چین كە كردویەتی؟

نەجمەدین كەریم: ناتوانم ئەوانە باس بكەم، بڕیاری باسكردنی بەدەست ئەندامانی خێزانەكەیەتی.

نیقاش: دەوترێت غیابی تاڵەبانی بۆشاییەكی دەستوری دروستكردووە، ئەو وادەیە كەیە كە خەڵكی عێراق دەتوانن چاوەڕێی گەڕانەوەی تاڵەبانی بكەن؟

نەجمەدین كەریم: ناتوانم هیچ وەڵامێك بدەمەوە لەسەر كاتی هاتنەوەی جەنابی مام جەلال، چونكە ئەو پزیشكە تایبەتانەی لەوێ‌ لەگەڵیدان ئەتوانن بریاری لەسەر بدەن، هەرچەندە لەڕووی زانستیەوە ناتوانرێت ئەو وادەیە دیاریبكرێت.