راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

مالیكی‌ پاشه‌كشه‌ ده‌كات‌و هێزه‌ بچوكه‌كان سودمه‌ند بوون

داود ئه‌لعه‌لی‌
هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكانی‌ عێراق كۆتایی‌ هات، به‌ڵام هێشتا مۆری‌ په‌نجه‌ی‌ ده‌نگده‌ران لێنه‌بووه‌ته‌وه‌و…
25.04.2013  |  به‌غدا
A campaign poster emphasising tribal affiliations.
A campaign poster emphasising tribal affiliations.

رۆژی‌ 22ی‌ نیسان كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌نجامی‌ به‌رایی‌ ده‌نگه‌كانی‌ له‌رێی‌ سیدییه‌كه‌وه‌ دابه‌شكرد به‌سه‌ر كیانه‌ به‌شداره‌كاندا كه‌ ژماره‌ی‌ كورسییه‌كانی‌ هه‌ر یه‌كێكیانی‌ تیا تۆماركراوه‌.

به‌پێی‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ به‌راییانه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ لیستی‌ عێراقییه‌ به‌هه‌موو باڵه‌كانیه‌وه‌ 70 كورسی‌ به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌كۆی‌ 378 كورسی‌ كه‌ به‌سه‌ر 12 پارێزگادا دابه‌شبوون، ره‌وتی‌ سه‌در 50 كورسی‌‌و ده‌وڵه‌تی‌ یاسا 115 كورسی‌‌و ئه‌نجومه‌نی‌ باڵاش 80 كورسی‌ به‌ده‌ستهێناوه‌.

ئیحسان شه‌مه‌ری‌ نوسه‌ری‌ سیاسی‌ له‌باره‌ی‌ ئه‌و ئه‌نجامانه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "مالیكی‌ ده‌یویست له‌رێی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پارێزگاكانه‌وه‌ توانای‌ خۆی‌ تاقیبكاته‌وه‌، به‌جۆرێك ژماره‌یه‌ك كورسی‌ زۆر به‌ده‌ستبهێنێت‌و له‌وه‌ دڵنیا بێت كه‌ ده‌نگه‌كانی‌ ئه‌وه‌نده‌ زۆرن له‌داهاتوودا پێویستی‌ به‌هیچ هاوبه‌شێك نییه‌ بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌ت، به‌ڵام ده‌ركه‌وت ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و ده‌یه‌وێت زۆر زه‌حمه‌ته‌".

به‌ڵام عه‌دنان سه‌راج سه‌رۆكی‌ ناوه‌ندی‌ عێراقی‌ بۆ گه‌شه‌پێدانی‌ میدیا له‌گه‌ڵ‌ ئه‌م بۆچوونه‌دا هاوڕا نییه‌و پێی‌ وایه‌ مه‌سه‌له‌ی‌ زۆرینه‌ی‌ سیاسی‌ ته‌نها له‌هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ی‌ 2014دا یه‌كلایی‌ ده‌بێته‌وه‌.

سه‌راج ده‌ڵێت "كێبركێی‌ پارێزگاكان ته‌نها له‌سه‌ر دۆسێی‌ خزمه‌تگوزاری‌‌و پرۆژه‌كانی‌ وه‌به‌رهێنانه‌".

تێڕوانینێكی‌ سه‌رپێی‌ بۆ ئه‌و ئه‌نجامانه‌ ده‌ریده‌خات مالیكی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌نگێكی‌ زۆری‌ به‌ده‌ستهێناوه‌، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌ له‌به‌ده‌ستهێنانی‌ زۆرینه‌ی‌ سیاسی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان، تێبینی‌ دووه‌میش له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌نجامانه‌ كه‌ مایه‌ی‌ تێڕامانه‌ ئه‌وه‌یه‌ جارێكی‌ تر عه‌ممار حه‌كیمی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ گێڕایه‌وه‌ ناو دیمه‌نی‌ سیاسی‌، له‌به‌رامبه‌ریشدا ره‌وتی‌ سه‌در دوچاری‌ شكستێكی‌ چاوه‌ڕواننه‌كراو هات.

به‌بڕوای‌ چاودێران حاڵه‌تێكی‌ تر له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا كه‌ سه‌رنج هه‌ڵده‌گرێت ئه‌وه‌یه‌ هێزه‌ لیبرالییه‌كان توانیویانه‌ له‌هه‌ر پارێزگایه‌ك دوو بۆ سێ‌ كورسی‌ به‌ده‌ست بهێنن، ئه‌مه‌ش به‌هۆی‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ یاسای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ بووه‌.

له‌گه‌ڵ‌ هه‌موو ئه‌م گۆڕانكاریانه‌شدا، به‌ڵام عه‌زیز جه‌بر نوسه‌رو توێژه‌ری‌ سیاسی‌ پێی‌ وانییه‌ گۆڕانێكی‌ گه‌وره‌ له‌نه‌خشه‌ی‌ هێزه‌ سیاسییه‌كاندا روویدابێت، له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "رێژه‌ی‌ به‌شداری‌ كه‌می‌ ده‌نگده‌ر رێگه‌ ده‌گرێت له‌ده‌رخستی‌ توانای‌ راسته‌قینه‌ی‌ هێزه‌كان، بۆیه‌ ئه‌و هێزانه‌ی‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا سه‌ركه‌وتوو بوون براوه‌ی‌ راسته‌قینه‌ نین".

جه‌بر پێی‌ وایه‌ حاڵه‌تی‌ هه‌ره‌ خراپی‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ئه‌و بێباكییه‌ بووه‌ كه‌ شه‌قامی‌ عێراقی‌ ده‌ریبڕیوه‌و ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ گوێ‌ به‌هیچ ناده‌ن‌و بڕوایان به‌گۆڕانكاری‌ نییه‌.

كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان رایگه‌یاند رێژه‌ی‌ به‌شداری‌ خه‌ڵك گه‌یشتووه‌ته‌ له‌سه‌دا په‌نجا، به‌ڵام رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵی‌ مه‌ده‌نی‌ رایه‌كی‌ تریان هه‌یه‌.

له‌مڕووه‌وه‌ عه‌لی‌ دوجێلی‌ سكرتێری‌ تۆڕی‌ ته‌موز بۆ چاودێری‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ڵێت "رێژه‌ی‌ به‌شداری‌ خه‌ڵك زۆر لاواز بووه‌، به‌پێی‌ ئه‌و ئاماژانه‌ی‌ تۆڕی‌ چاودێره‌كانمان كۆیانكردووه‌ته‌وه‌ رێژه‌ی‌ به‌شداری‌ ده‌نگده‌ران گه‌یشتووه‌ته‌ له‌سه‌دا 37".

ئه‌م جیاوازی‌ ژمارانه‌ی‌ نێوان كۆمسیۆن‌و رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵی‌ مه‌ده‌نی‌ مشتومڕێكی‌ زۆری‌ دروستكردووه‌ له‌باره‌ی‌ ئاستی‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ سیاسی‌ لایه‌نه‌كانه‌وه‌.

پارێزگای‌ سه‌لاحه‌دین شوێنی‌ له‌دایكبوونی‌ سه‌دام حسێن سه‌رۆكی‌ له‌ناوچووی‌ عێراق پله‌ی‌ یه‌كه‌می‌ به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌رووی‌ ئاستی‌ به‌شداری‌ خه‌ڵكه‌وه‌ كه‌ رێژه‌كه‌ی‌ گه‌یشتووه‌ته‌ له‌سه‌دا 61، به‌غداش له‌پله‌ی‌ هه‌ره‌ دواوه‌ بووه‌ به‌رێژه‌ی‌ له‌سه‌دا 33و ئه‌و پارێزگایانه‌ی‌ تریش كه‌ ماونه‌ته‌وه‌ ده‌كه‌ونه‌ نێوان ئه‌م دوو رێژه‌یه‌وه‌.

رۆژی‌ هه‌ڵبژاردن له‌كاتژمێر پێنجی‌ پاشنیوه‌ڕۆوه‌ سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌كانی‌ ده‌نگدان داخران، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مینجار، به‌بێ‌ درێژكردنه‌وه‌ی‌ ماوه‌ ناوه‌نده‌كان دابخرێن، ره‌نگه‌ هۆكاره‌كه‌شی‌ ئه‌وه‌ بێت كه‌ كارمه‌ندانی‌ كۆمسیۆن پێیان وابووه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ی‌ به‌درێژایی‌ رۆژه‌كه‌ نه‌چوون بۆ ده‌نگدان، ئه‌وا به‌و ئێواره‌یه‌ش بیر له‌ده‌نگدان ناكه‌نه‌وه‌.

له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ رابردوودا كۆمسیۆن ناچار ده‌بوو به‌هۆی‌ زۆری‌ رێژه‌ی‌ به‌شداربوانه‌وه‌ ماوه‌ی‌ ده‌نگدان درێژ بكاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ به‌بڕوای‌ چاودێران بێهیوایی‌ خه‌ڵك وایكردووه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان بایكۆت بكه‌ن، جا جیاوازی‌ نێوان ژماره‌كانی‌ كۆمسیۆن‌و رێكخراوه‌كان هه‌رچییه‌ك بن، ئه‌وانه‌ی‌ ده‌نگیان داوه‌ ته‌نها نیوه‌ی‌ ده‌نگده‌رانی‌ عێراقن.

ئه‌نجومه‌نی‌ باڵا به‌رێبه‌رایه‌تی‌ عه‌ممار حه‌كیم به‌به‌هێزیه‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ ناو هه‌ڵبژاردنی‌ پارێزگاكان‌و له‌پاش مالیكییه‌وه‌ به‌پله‌ی‌ دووهه‌م هات، ته‌نانه‌ت له‌هه‌ندێ‌ پارێزگا جیاوازییه‌كانیان ئێجگار كه‌م بوو، هه‌ر بۆ نموونه‌ له‌بابل مالیكی‌ ته‌نها به‌یه‌ك كورسی‌ پێش حه‌كیم كه‌وته‌وه‌.

له‌مڕووه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ جێگری‌ پێشووی‌ سه‌ره‌ك كۆمار له‌په‌یجه‌كه‌ی‌ خۆی‌ له‌فه‌یسبوك نوسیبووی‌ "ده‌وڵه‌تی‌ یاسا به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ نوری‌ مالیكی‌ پله‌ی‌ یه‌كه‌می‌ چوار پارێزگای‌ له‌ده‌ستداوه‌، له‌وانه‌ی‌ پێشتر هه‌ر خۆی‌ تیایدا یه‌كه‌م ده‌بوو".

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ ره‌وتی‌ سه‌در له‌هه‌ندێك پارێزگا تووشی‌ شكستهاتووه‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌نه‌جه‌ف كه‌ به‌پێگه‌ی‌ ره‌وته‌كه‌ی‌ موقته‌دا سه‌در داده‌نرێت، له‌پارێزگا شیعه‌نشینه‌كانی‌ وه‌ك بابل‌و واسیت‌و قادسیه‌ دابه‌زیوه‌ بۆ پله‌كانی‌ سێهه‌م‌و چواره‌م.

بردنه‌وه‌ی‌ عه‌لی‌ داوی‌ پارێزگاری‌ میسان بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی‌‌و كۆی‌ دانیشتوانی‌ پارێزگاكانی‌ باشوور مایه‌ی‌ سه‌رسوڕمان نه‌بوو، به‌وپێیه‌ی‌ له‌و كاته‌ی‌ پۆسته‌كه‌ی‌ وه‌رگرتووه‌ ئاستی‌ خزمه‌تگوزرای‌ ئه‌و پارێزگایه‌ زۆر به‌ره‌و باشی‌ چووه‌.

له‌ماوه‌ی‌ سێ‌ ساڵی‌ رابردوودا فۆكه‌سی‌ میدیاكان هه‌ر له‌سه‌ر داوی‌ بووه‌، ئه‌و پارێزگاره‌ی‌ زۆربه‌ی‌ كات جلی‌ كرێكاری‌ له‌به‌ر ده‌كردو به‌گسكه‌كه‌ی‌ شه‌قامه‌كانی‌ پاكده‌كرده‌وه‌، به‌ر له‌سێ‌ مانگیش له‌گه‌ڵ‌ ژماره‌یه‌ك خه‌ڵكی‌ پارێزگاكه‌ بۆ خۆپیشاندان له‌به‌رده‌م باره‌كای‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران چووه‌ به‌غداو داوای‌ زیادكردنی‌ به‌شه‌ بودجه‌ی‌ پارێزگا هه‌ژاره‌كه‌ی‌ ده‌كرد بۆ فراوانكردنی‌ پرۆژه‌كانی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌.

ئه‌وه‌نده‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ئه‌یاد عه‌لاوی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیرانی‌ پێشوتره‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌ویش تووشی‌ گورزێكی‌ به‌هێز هات، كاتێك لیسته‌كه‌ی‌ "عێراقیه‌ی‌ یه‌كگرتوو" ئه‌نجامی‌ باشی‌ به‌ده‌ست نه‌هێناو جه‌ماوه‌ره‌كه‌شی‌ دابه‌شبوون به‌سه‌ر ئه‌و باڵانه‌ی‌ هه‌ریه‌كه‌یان به‌لیستی‌ جیا به‌شدارییان كرد، وه‌ك ئوسامه‌ نوجێفی‌ سه‌ركرده‌ی‌ سوننه‌ كه‌ لیستی‌ موته‌حیدونی‌ هه‌بوو، هه‌روه‌ها ساڵح موتڵه‌گیش كه‌ به‌ره‌ی‌ دیالۆگی‌ نیشتیمانی‌ به‌رێوه‌ ده‌بات.

نوجێفی‌ زۆربه‌ی‌ ده‌نگه‌كانی‌ پارێزگا سوننه‌كانی‌ برده‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ به‌شی‌ كه‌رخی‌ به‌غدا كه‌ زۆربه‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ سوننه‌ن، به‌ڵام ساڵح موتڵه‌گ ده‌نگه‌كانی‌ له‌و ئاسته‌دا نه‌بوون كه‌ چاوه‌ڕێی‌ ده‌كردن.

هه‌ڵبژاردن كۆتایی‌ هاتوو ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كانی‌ كۆمسیۆنیش له‌گه‌ڵ‌ زیادكردنی‌ ده‌نگدانی‌ تایبه‌ت گۆڕانكاری‌ زۆر كه‌می‌ به‌سه‌ردا دێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ له‌م هاوكێشه‌یه‌دا گۆڕا ده‌نگی‌ عێراقییه‌كانه‌ كه‌ له‌لیستێكه‌وه‌ چوو بۆ لیستێكی‌ تر.