راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

سه‌د رۆژ تێپه‌ڕی‌‌و مالیكی‌‌و خۆپیشانده‌ران متمانه‌یان به‌یه‌كتر نییه‌

موسته‌فا حه‌بیب
پاش سه‌د رۆژ هێشتا خۆپیشاندانی‌ سوننه‌كان له‌دژی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ مالیكی‌ هه‌ر به‌رده‌وامه‌و له‌گه‌ڵیشدا ئاستی‌ داواكاری‌…
4.04.2013  |  به‌غدا
Sunni protestors in Iraq hope for victory.
Sunni protestors in Iraq hope for victory.

سه‌ركرده‌و لایه‌نگرانی‌ ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ پێیان وایه‌ ئه‌وه‌ یه‌كه‌مین كاردانه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ سوننه‌یه‌ له‌به‌رامبه‌ر زوڵم‌و په‌راوێزخستنیان له‌لایه‌ن زۆرینه‌ی‌ شیعه‌وه‌ كه‌ له‌ساڵی‌ 2003وه‌ وڵات به‌رێوه‌ ده‌بات، ده‌شڵێن خۆپیشاندانه‌كان كۆتایی‌ نایه‌ت هه‌تا زوڵم‌و زۆر له‌سه‌ر پارێزگا سوننه‌نشینه‌كان هه‌ڵنه‌گیرێت.

چاودێران كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و زۆرینه‌ شیعه‌یه‌ی‌ له‌پاش كه‌وتنی‌ رژێمه‌كه‌ی‌ سه‌دامه‌وه‌ جڵه‌وی‌ فه‌رمانڕه‌وایی‌ گرتووه‌ته‌ ده‌ست‌و به‌شێكی‌ زۆریان سه‌ر به‌ئێرانن یان سۆزیان بۆ ئه‌و وڵاته‌ هه‌یه‌، هێشتا پێیان وایه‌ سوننه‌كانی‌ عێراق سه‌ر به‌سه‌دام حسێنن به‌و پێیه‌ی‌ له‌ماوه‌ی‌ فه‌رمانڕه‌وایی‌ ئه‌ودا تایبه‌تمه‌ندییان پێدراوه‌.

دانیشتوانی‌ سوننه‌و نوێنه‌ره‌كانیان له‌حكومه‌ت‌و په‌رله‌مان گله‌یی‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ شیعه‌كانه‌وه‌ په‌راوێز خراون، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ رووبه‌رووی‌ كوشتن‌و گرتن‌و راوه‌دونان‌و پاكتاوكردن بوونه‌ته‌وه‌ له‌بواری‌ وه‌زیفه‌ مه‌ده‌نی‌‌و سه‌ربازییه‌كاندا، بۆیه‌ وایده‌بینن كه‌ خۆپیشاندانی‌ سوننه‌كان كاردانه‌وه‌یه‌ دژی‌ ئه‌و سیاسه‌تانه‌.

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ خۆپیشاندانه‌كان سه‌د رۆژی‌ تێپه‌ڕاند، هێشتا ئه‌وان بڕوایان به‌و رێوشوێنانه‌ نییه‌ كه‌ حكومه‌ت گرتوێتیه‌ به‌ر بۆ به‌جێگه‌یاندنی‌ خواسته‌كانیان، جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ خۆپیشاندان درێژه‌ی‌ هه‌یه‌، به‌ڵام عێراقییه‌كان ترسیان له‌وه‌ هه‌یه‌ خۆپیشانده‌ران ده‌ستبه‌رداری‌ خواستی‌ ئاشتیانه‌ ببن‌و په‌نا بۆ چه‌ك ببه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌سوریای‌ هاوسێیان روویدا.

سه‌عید لافی‌ وته‌بێژی‌ لیژنه‌كانی‌ رێكخستنی‌ خۆپیشاندانی‌ رومادی‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "حكومه‌ت هه‌ڕه‌شه‌ی‌ له‌خۆپیشانده‌ران كردووه‌ یان چه‌ندین ده‌ستكه‌وتی‌ داونه‌تێ‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ واز له‌خۆپیشاندا بهێنن، له‌گه‌ڵ‌ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "حكومه‌ت یاری‌ له‌گه‌ڵ‌ كات ده‌كات‌و پێی‌ وایه‌ خۆپیشانده‌ران ماندوو ده‌بن‌و رۆژێك دێت بچنه‌وه‌ ماڵه‌كانیان، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ به‌هه‌ڵه‌دا چووه‌".

حاڵی‌ خۆپیشانده‌رانی‌ عێراق زۆر له‌حاڵی‌ هاوشێوه‌كانیان ده‌چێت له‌و وڵاتانه‌ی‌ به‌هاری‌ عه‌ره‌بییان به‌خۆوه‌ بینیوه‌، ناڕه‌زاییه‌كانی‌ عێراق له‌بیستی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌م (دیسه‌مبه‌ر)ی‌ ساڵی‌ رابردوو سه‌ریهه‌ڵدا كاتێك نوری‌ مالیكی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران فه‌رمانیدا به‌ده‌ستگیركردنی‌ پاسه‌وانه‌كانی‌ رافع عیساوی‌ وه‌زیری‌ دارایی‌ (كه‌ خۆی‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌نباره‌) به‌تۆمه‌تی‌ تێوه‌گلانیان له‌كاری‌ تیرۆریستی‌، له‌گه‌ل تێپه‌ڕبوونی‌ كات گه‌شه‌ی‌ زیاتری‌ كردوو ئێستا خۆپیشانده‌ران داوای‌ رووخانی‌ حكومه‌ت ده‌كه‌ن.

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌مانه‌شدا ئه‌و ناوانه‌ی‌ خۆپیشانده‌ران له‌رۆژانی‌ هه‌ینی‌ ده‌نێن نزیكه‌ له‌وه‌ی‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌، وه‌ك دروشمی‌ "نا بۆ حكومه‌تی‌ بێ‌ سه‌روبه‌ره‌" یان "بڕۆ" كه‌ مه‌به‌ستیان له‌مالیكییه‌، یان "ده‌ست له‌ناو ده‌ست بۆ گێڕانه‌وه‌ی‌ مافه‌كانمان".

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران چه‌ندین لیژنه‌ی‌ سیاسی‌‌و وه‌زاری‌‌و عه‌شایه‌ری‌ پێكهێناوه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی‌ خواستی‌ خۆپیشانده‌ران‌و ئه‌و لیژنانه‌ش چه‌ندین بڕیاریان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌ركردووه‌، كه‌چی‌ خۆپیشانده‌ران متمانه‌یان به‌بڕیاره‌كان نییه‌و ده‌ڵێن مێژووی‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ پڕیه‌تی‌ له‌بڕیاری‌ جێبه‌جێنه‌كراو.

عه‌لی‌ ئه‌لحاته‌م شێخی‌ عه‌شایه‌ری‌ دلێم له‌ئه‌نبار، ئه‌و كوڕه‌ گه‌نجه‌ی‌ پێشوتر له‌رێی‌ سه‌حوه‌كانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌ت كاری‌ كردووه‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "به‌داخه‌وه‌ خۆپیشانده‌ران متمانه‌یان به‌مالیكی‌ نییه‌، چونكه‌ پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه‌ له‌و به‌ڵێنانه‌ی‌ به‌نه‌یاره‌كانی‌ ده‌دات له‌ناو پرۆسه‌ی‌ سیاسیدا".

له‌به‌رامبه‌ردا مالیكی‌‌و كه‌سه‌ نزیكه‌كانیشی‌ متمانه‌یان به‌خۆپیشانده‌ران نییه‌، ئه‌وان پێیان وایه‌ ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌، جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌ناو خۆپیشانده‌راندا كه‌سانی‌ سه‌ر به‌گروپی‌ قاعیده‌ هه‌ن.

له‌كاتێكدا مالیكی‌ له‌وتاره‌كانیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ هه‌ندێ‌ له‌داواكاری‌ خۆپیشانده‌ران ره‌وایه‌، به‌ڵام ترسی‌ له‌وه‌ش هه‌یه‌ كه‌سانی‌ تیرۆریست‌و ئه‌ندامانی‌ پێشووی‌ حیزبی‌ به‌عس ده‌ستیان له‌كاره‌كه‌دا هه‌بێت.

له‌مڕووه‌وه‌ عه‌لی‌ شه‌لاه په‌رله‌مانتاری‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "ئه‌ندامانی‌ قاعیده‌ چوونه‌ته‌ ناو خۆپیشانده‌رانه‌وه‌و هه‌مان دروشمه‌كانی‌ ئه‌وان ده‌ڵێنه‌وه‌، به‌ڵام له‌راستیدا ئامانجیان ئه‌وه‌یه‌ خۆپیشاندانه‌كان له‌شێوازێكی‌ ئاشتیانه‌وه‌ بگۆڕن بۆ جه‌نگ".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "هه‌ندێك ده‌یانه‌وێت ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ به‌ره‌و توندوتیژی‌ بڕوات‌و چه‌ك هه‌ڵبگرن، چه‌ند لایه‌نێكیش هه‌یه‌ ده‌یانه‌وێت پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌‌و ده‌ستور بخه‌ن، ئه‌مه‌ش كارێكی‌ مه‌ترسیداره‌ كه‌ حكومه‌ت له‌روویدا وه‌ستاوه‌".

دانیشتوانی‌ ئه‌نبارو سیاسه‌تمه‌دارو پیاوانی‌ ئاینی‌ ئه‌و شاره‌ بۆچوونی‌ جیاوازیان هه‌یه‌ له‌باره‌ی‌ شێوازه‌كانی‌ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌و فه‌رامۆشكارییه‌ی‌ حكومه‌ت، دیارترین بیرۆكه‌ش پێكهێنانی‌ هه‌رێمێكی‌ سوننه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ دژی‌ فه‌توا ئاینی‌‌و بنه‌ما مێژووییه‌كانه‌ كه‌ زۆرێك پێیان وایه‌ ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكه‌ بۆ دابه‌شكردنی‌ وڵات.

ته‌نانه‌ت مه‌رجه‌عی‌ رۆحی‌ خۆپیشانده‌رانی‌ ئه‌نبار شێخ عه‌بدولمه‌لیك سه‌عدی‌ كه‌ مانگرتووه‌كان رێزی‌ زۆری‌ ده‌گرن‌و پێیان وایه‌ رێبه‌ریانه‌، داوایكرد خۆپیشانده‌ران ده‌ستبه‌رداری‌ خواستی‌ بوونه‌ هه‌رێم ببن‌و ده‌ست بگرن به‌یه‌كگرتوویی‌ وڵاته‌وه‌.

ئه‌حمه‌د عه‌لوانی‌ په‌رله‌مانتار له‌پارێزگای‌ ئه‌نباره‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند سیاسه‌ته‌كانی‌ حكومه‌تی‌ ئیتیحادی‌ زاڵمانه‌یه‌و له‌ ده‌ ساڵی‌ رابردوودا دژی‌ رۆڵه‌كانی‌ سووننه‌ بووه‌، هه‌ر بۆیه‌ وایكردووه‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ داوای‌ پێكهێنانی‌ هه‌رێم بكه‌ن تا له‌و حكومه‌ته‌ رزگاریان ببێت.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "ئێستا بیرۆكه‌ی‌ داواكردنی‌ هه‌رێمی‌ سوننه‌ نه‌خراوه‌ته‌ روو، به‌ڵام كه‌س نازانێت له‌ژێر رۆشنایی‌ سیاسه‌ته‌كانی‌ ئه‌م حكومه‌ته‌دا ئاینده‌ چی‌ حه‌شارداوه‌".

كێشه‌ی‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌ كه‌ رووبه‌رووی‌ خۆپیشانده‌رانی‌ ئه‌نبارو موسڵ‌‌و سه‌لاحه‌دین‌و دیاله‌و كه‌ركوك بووه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌ركرده‌كانیان پیاوانی‌ ئاینین‌و له‌بواری‌ كاری‌ سیاسی‌‌و دانوستان شاره‌زاییان نییه‌، زۆربه‌ی‌ ئه‌وانه‌ خۆیان له‌حكومه‌ت توڕه‌ن، خۆپیشانده‌رانش ترسی‌ ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌سانی‌ سیاسی‌ ببه‌نه‌ گۆڕه‌پانه‌كانیان، هه‌تا ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ بۆ سوودی‌ خۆیان به‌كار نه‌هێنن.

غانم عابد چالاكوانی‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ موسڵ‌ دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه‌ پیاوانی‌ ئاینی‌ هه‌موو شتێكی‌ گۆڕه‌پانی‌ خۆپیشاندانه‌كانیان به‌ده‌سته‌، عابد به‌"نیقاش"ی‌ وت "پیاوانی‌ ئاینی‌ گوتاره‌كانیان قۆرخ كردووه‌و زۆربه‌ی‌ ئه‌و وتانه‌ی‌ ده‌یده‌ن بزوێنه‌ره‌و توڕه‌یی‌ خۆپیشانده‌ران دژی‌ حكومه‌ت‌و سیاسه‌ته‌كانی‌ زیاد ده‌كات".

پاش تێپه‌ڕبوونی‌ سه‌د رۆژ هێشتا خۆپیشانده‌ران‌و نوری‌ مالیكی هیچیان تاقه‌تیان نه‌چووه‌، مالیكی‌ هێشتا سیاسه‌تی‌ بێنه‌و به‌رده‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ناڕه‌زاییانه‌ په‌یڕه‌و ده‌كات، هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ به‌رده‌وام هه‌ڵمه‌تی‌ گرتن له‌پارێزگا سوننه‌نشینه‌كان ئه‌نجام ده‌ده‌ن‌و پاش ئه‌وه‌ش رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ژماره‌یه‌ك گیراوی‌ به‌رداوه‌و لیژنه‌ پێكده‌هێنێت بۆ گێڕانه‌وه‌ی‌ ئه‌فسه‌رانی‌ سوپای‌ پێشوو هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ یاسای‌ ریشه‌كێشكردنی‌ به‌عس، به‌ڵام هه‌میشه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ باسكردنی‌ تێكه‌ڵبوونی‌ ئه‌ندامانی‌ قاعیده‌و به‌عس به‌و خۆپیشاندانه‌.

له‌به‌رامبه‌ردا خۆپیشانده‌ران سوورن له‌سه‌ر داواكارییه‌كانیان‌و چادریان له‌سه‌ر شه‌قامه‌ گشتییه‌كان هه‌ڵداوه‌ كه‌ شه‌وان لێی‌ ده‌مێننه‌وه‌، كه‌سیش نازانێت ئاینده‌ی‌ خۆپیشاندانه‌كه‌یان چی‌ ده‌بێت.

سه‌لام عیساوی‌ كه‌ سه‌رۆك عه‌شیره‌تێكه‌و به‌شداری‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ فه‌لوجه‌ ده‌كات به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "خۆپیشانده‌ران له‌پاڵ‌ شه‌قامه‌كه‌دا دار خورمایان رواندووه‌، چاوه‌ڕێی‌ ئه‌وه‌ین به‌ر بگرێت لێی‌ بخۆین" سه‌لام مه‌به‌ستی‌ ئه‌وه‌یه‌ خۆپیشانده‌ران ده‌ست له‌خواسته‌كانی‌ خۆیان هه‌ڵناگرن‌و به‌رده‌وام ده‌بن.