راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

په‌یه‌ده‌
ئه‌گه‌ر ئیسلامییه‌كان ده‌سه‌ڵاتی‌ سوریا بگرنه‌ ده‌ست په‌نا بۆ كوردستانی‌ باكورو باشوور ده‌به‌ین

قاسم خدر محەممەد
له‌و كاته‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ په‌یه‌ده‌ له‌ناوچه‌ كوردنشینه‌كانی‌ سوریا ده‌سه‌ڵاتیان گرتووه‌ته‌ ده‌ست، ئه‌و ناوچانه‌…
4.04.2013  |  هه‌ولێر

جه‌عفه‌ر ئاكاش حه‌ننا نوێنه‌ری‌ (په‌یه‌ده‌) له‌هه‌ولێر له‌چاوپێكه‌وتنێكی‌ "نیقاش"دا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌وان له‌خۆسازداندان بۆ قۆناغی‌ دوای‌ شۆڕشه‌كه‌ی‌ سوریا.

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ كورده‌كانی‌ سوریا ئاسووده‌ن به‌وه‌ی‌ له‌رێی‌ فه‌رمانڕه‌وایی‌ په‌یه‌ده‌وه‌ ناوچه‌كه‌یان پارێزراو بووه‌ له‌وێرانكاری‌، به‌ڵام هاوكات ره‌خنه‌ له‌و حیزبه‌ش ده‌گرن كه‌ ده‌یه‌وێت به‌زۆره‌ملێ‌ ده‌سه‌ڵات‌و بیروبۆچوونی‌ خۆی‌ به‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌دا بسه‌پێنێت.

جه‌عفه‌ر عه‌كاش كه‌ خۆی‌ چه‌ند جارێك گوێی‌ له‌و ره‌خنانه‌ بووه‌، ده‌ڵێت "ئێمه‌ كه‌سانێكی‌ نموونه‌یی‌ نین‌و به‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌ڵه‌ ده‌كه‌ین، به‌ڵام هه‌موو جارێك په‌ند له‌هه‌ڵه‌كانمان وه‌رده‌گرین، هه‌موو ئه‌و ئامانجه‌ی‌ له‌ئێستادا حیزبه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ هه‌وڵی‌ بۆ ده‌دات ئه‌وه‌یه‌ ناوچه‌ كوردییه‌كان پارێزراوبن له‌وێرانكاری‌‌و شه‌ڕی‌ كوردو عه‌ره‌ب یان شه‌ڕی‌ ناوخۆی‌ كورد تیایاندا روونه‌دات".

ئه‌و ناوچانه‌ی‌ ئێستا په‌یه‌ده‌ تیایاندا باڵاده‌سته‌، پێشتر سوپای‌ سوریا ده‌ستی‌ لێهه‌ڵگرتوون‌و بۆ ئه‌و هێزانه‌ی‌ جێهێشتووه‌، په‌یه‌ده‌ش به‌باڵه‌ سه‌ربازی‌‌و ئیداری‌‌و سه‌ربازیه‌كه‌وه‌ ته‌واوی‌ باكورو باكوری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ سوریای‌ كۆنترۆڵ‌ كردووه‌.

هه‌نگاوه‌كه‌ی‌ سوپای‌ سوریا به‌چۆڵكردنی‌ ناوچه‌ كوردنشینه‌كان بۆ په‌یه‌ده‌ یه‌كێك بوو له‌و خاڵانه‌ی‌ گومانی‌ توركیا زیاتر كرد، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ ئه‌و وڵاته‌ پێی‌ وایه‌ رژێمه‌كه‌ی‌ ئه‌سه‌د بۆ لێدانی‌ توركیاو به‌هێزكردنی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ پارتی‌ كرێكاران ئه‌و ناوچانه‌ی‌ چۆڵكردووه‌ كه‌ هاوسنوری‌ توركیان.

به‌بڕوای‌ زۆرێك له‌چاودێران به‌هێزبوونی‌ په‌یه‌ده‌ له‌سوریاو هێزه‌كانی‌ په‌كه‌كه‌ له‌قه‌ندیل‌و جموجۆڵی‌ هێزه‌ كوردییه‌كانی‌ ناوخۆی‌ توركیا هه‌موویان خاڵی‌ به‌هێزبوون كه‌ وای‌ له‌حكومه‌تی‌ توركیا كردووه‌ بكه‌وێته‌ دانوستان له‌گه‌ڵ‌ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانی‌ سه‌رۆكی‌ دیلكراوی‌ په‌كه‌كه‌.

ئه‌و چاودێرانه‌ پێیان وایه‌ توركیا هیوایه‌كی‌ زۆری‌ له‌سه‌ر په‌یامه‌كه‌ی‌ ئۆجه‌لان له‌نه‌ورۆزی‌ ئه‌مساڵدا هه‌ڵچنیوه‌و به‌و هیوایه‌یه‌ لانی‌ كه‌م له‌رێی‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌وه‌ خۆی‌ له‌مه‌ترسییه‌كانی‌ په‌یه‌ده‌ بپارێزێت به‌تایبه‌تی‌ كه‌ ناوچه‌ هاوسنورییه‌كانی‌ ئه‌ویان له‌سوریا به‌ده‌سته‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ مه‌ترسییه‌كانی‌ په‌كه‌كه‌شی‌ له‌سه‌ر كه‌م ده‌بێته‌وه‌.

ره‌نگه‌ ئه‌و په‌یامه‌ په‌یه‌ده‌ش ناچار بكات به‌سیاسه‌ته‌كانی‌ خۆیدا بچێته‌، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ په‌یه‌ده‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌شێك نه‌بوو له‌و هێزانه‌ی‌ دژی‌ سوپای‌ سوریا وه‌ستانه‌وه‌و چه‌ند جارێكیش كه‌وتنه‌ شه‌ڕه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ سوپای‌ "سوریای‌ ئازاد" كه‌چی‌ ئه‌وه‌تا نوێنه‌ری‌ ئه‌و هێزه‌ له‌هه‌ولێر ئه‌وه‌ روونده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان پابه‌ندن به‌بڕیاره‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ هێزه‌ كوردییه‌كان له‌سوریاو ئاماده‌ن پاڵپشتی‌ نه‌یارانی‌ رژێمی‌ سوریاو ئیئتیلافی‌ نیشتیمانی‌ هێزه‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كان بكه‌ن.

ئه‌م هه‌نگاوه‌ی‌ په‌یه‌ده‌ ره‌نگه‌ زۆر لایه‌ن له‌هاوكێشه‌ی‌ سیاسی‌ ناوخۆی‌ سوریا بگۆڕێت‌و له‌چاوه‌ڕوانی‌ كه‌وتنی‌ رژێمه‌كه‌ی‌ ئه‌سه‌ددا جارێكی‌ تر هێزه‌ سیاسییه‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌ به‌په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوانیاندا بچنه‌وه‌‌و خۆ ئاماده‌ بكه‌ن بۆ قۆناغی‌ پاش به‌شار ئه‌سه‌د.

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌موو هێزه‌كان ئێستا چاویان بڕیوه‌ته‌ قۆناغی‌ پاش روخانی‌ رژێمه‌كه‌ی‌ ئه‌سه‌د، به‌ڵام جه‌عفه‌ر ئه‌كاش پێی‌ وایه‌ رژێمه‌كه‌ی‌ ئه‌سه‌د به‌م زوانه‌ ناكه‌وێت، هۆكاره‌كه‌شی‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆ په‌رته‌وازه‌یی‌ هێزه‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كان نه‌ك به‌هێزی‌ سوپاكه‌ی‌ ئه‌سه‌د، له‌م رووه‌وه‌ ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر هه‌موو هێزه‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كانی‌ سوریا یه‌ك بگرنه‌ به‌هێزه‌ كوردییه‌ چه‌كداره‌كانیشه‌وه‌، رژێمه‌كه‌ی‌ ئه‌سه‌د به‌رگه‌ی‌ یه‌ك هه‌فته‌ ناگرێت".

له‌خوێندنه‌وه‌یدا بۆ رووداوه‌كانی‌ ناوخۆی‌ سوریا ئه‌كاش وایده‌بینێت كه‌ ئێستا هه‌ردوو لایه‌نی‌ سوپای‌ سوریاو هێزه‌ نه‌یاره‌كانی‌ ماندوو بوون له‌شه‌ڕكردن، بۆ ئه‌مه‌ش نموونه‌ی‌ ئه‌وه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ هیچ كام له‌و هێزانه‌ توانای‌ ئه‌وه‌یان نییه‌ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر له‌و ناوچانه‌ بمێننه‌وه‌ كه‌ ده‌یگرنه‌ ده‌ست‌و هه‌ر زوو لایه‌نه‌كه‌ی‌ به‌رامبه‌ر لێیان وه‌رده‌گرێته‌وه‌، هه‌ر وه‌ك چۆن پێی‌ وایه‌ هێزه‌كانی‌ رۆژئاوا پاڵپشتی‌ گه‌لی‌ سوریا ناكه‌ن بۆ كه‌وتنی‌ رژێمه‌كه‌ی‌ ئه‌سه‌د، چونكه‌ ترسیان هه‌یه‌ له‌وه‌ی‌ هێزه‌ توندڕه‌وه‌كان ده‌سه‌ڵات بگرنه‌ ده‌ست.

مه‌ترسی‌ گرتنه‌ ده‌ستی‌ ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن هێزه‌ ئیسلامییه‌ توندڕه‌وه‌كانه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌و ئه‌گه‌رانه‌ی‌ وه‌ك جه‌عفه‌ر ئه‌كاش ده‌ڵێت په‌یه‌ده‌ پلانی‌ روونی‌ بۆ ئاینده‌ی‌ سوریا داناوه‌و له‌و ئه‌گه‌ره‌ی‌ هێزه‌ ئیسلامییه‌ توندڕه‌وه‌كان ده‌سه‌ڵات بگرنه‌ ده‌ست "ئێمه‌ رێكه‌وتننامه‌ی‌ بازرگانی‌ له‌گه‌ڵ‌ باكورو باشوری‌ كوردستان مۆر ده‌كه‌ین‌و سنوره‌كانمان به‌روویاندا ده‌كه‌ینه‌وه‌".

نوێنه‌ره‌كه‌ی‌ په‌یه‌ده‌ باس له‌وه‌ ده‌كات ناوچه‌ كوردنشینه‌كانی‌ سوریا چانسی‌ گه‌شه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ بازرگانیان له‌به‌رده‌ستدایه‌ به‌هۆی‌ ئه‌و پاڵپشتیه‌ی‌ له‌كوردستانی‌ عێراق‌و توركیاوه‌ به‌ده‌ستی‌ ده‌هێنن، به‌هه‌مان شێوه‌ ناوچه‌ شیعه‌نشینه‌كانی‌ سورییاش ده‌وڵه‌مه‌ندن، ئه‌وه‌ی‌ ده‌مێنێته‌وه‌ خه‌ڵكه‌ سوننه‌كه‌ی‌ ئه‌و وڵاته‌ن.

جه‌عفه‌ر ده‌ڵێت "عه‌ره‌به‌كانی‌ سوریا نموونه‌یه‌كیان هه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت كه‌سێك به‌هه‌ژاری‌ له‌دایك بوو هه‌ر هه‌ژار ده‌مێنێته‌وه‌"، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "به‌ڵام بۆ كورده‌كان ئه‌مه‌ جیاوازه‌، ئێمه‌ سوود له‌په‌نده‌كانی‌ مێژوو ده‌بینین‌و ئاینده‌ش بۆ ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ به‌زانسته‌وه‌ خۆ سه‌رقاڵ‌ ده‌كه‌ن".

جه‌عفه‌ر ئه‌كاش حه‌ننا پێی‌ وایه‌ شۆڕشه‌كه‌ی‌ سوریا دره‌نگ یان زوو یه‌كلایی‌ ده‌بێته‌وه‌و ئه‌و قوربانیه‌ش كه‌ خه‌ڵكی‌ داویانه‌ بێسوود ناڕوات، به‌ڵكو "گه‌لی‌ سوریا زوڵملێكراوه‌و پێویستی‌ به‌م شۆڕشه‌یه‌ بۆ هه‌ستانه‌وه‌ی‌".