راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

موتڵه‌گ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ باوه‌شی‌ مالیكی‌

داود ئه‌لعه‌لی‌
هێشتا قه‌یرانی‌ سیاسی‌ له‌نێو گێژاوی‌ ناكۆكییه‌كاندا په‌نگی‌ خواردووه‌، به‌ڵام له‌م سه‌روبه‌نده‌دا هاوكێشه‌یه‌كی‌ نوێ‌…
28.03.2013  |  به‌غدا
The next Defence Minister? Saleh al-Mutlaq (Centre) one of Iraq’s three deputy Prime Ministers.
The next Defence Minister? Saleh al-Mutlaq (Centre) one of Iraq’s three deputy Prime Ministers.

ساڵح موتڵه‌گی‌ سه‌رۆكی‌ به‌ره‌ی‌ دیالۆگی‌ نیشتیمانی‌‌و جه‌مال كه‌ربولی‌ سه‌رۆكی‌ كوتله‌ی‌ حه‌ل خۆیان ئاماده‌ ده‌كه‌ن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نێو ئه‌و حكومه‌ته‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ بایكۆتكردنی‌ له‌لایه‌ن ره‌وتی‌ سه‌دره‌وه‌ ژماره‌ی‌ كورسی به‌تاڵی‌ وه‌زیره‌كانی‌ گه‌یشتوه‌ته‌ بیست دانه‌.

ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌نگاوه‌ی‌ موتڵه‌گ‌و كه‌ربولی‌ سه‌ربگرێت له‌و كاته‌ی‌ كه‌ سه‌درییه‌كان له‌حكومه‌تدا كشاونه‌ته‌وه‌، ئه‌وا ئاڵوگۆڕێك به‌شوێنی‌ یاریزانه‌ سه‌ره‌كییه‌كان ده‌كرێت، گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ موتڵه‌گ بۆ لای‌ سه‌رۆكه‌كه‌ی‌ –كه‌ پێشتر به‌دیكتاتۆرێكی‌ هاوشێوه‌ی‌ سه‌دام ناویهێنابوو- ئه‌گه‌ری‌ كه‌رتبوونێكی‌ تر له‌ریزه‌كانی‌ عێراقییه‌ ده‌هێنێته‌ ئاراوه‌و ده‌بێته‌ فریادره‌سی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ مالیكی‌ كه‌ ئێستا له‌هه‌ڵدێر نزیكه‌، له‌به‌رامبه‌ریشدا سه‌در ده‌كه‌وێته‌ به‌ره‌یه‌كی‌ تره‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ چه‌ند هاوپه‌یمانێكی‌ تر كه‌ لێیانه‌وه‌ نزیكه‌، ئه‌وانیش بریتین له‌هێزه‌ سوننی‌‌و كوردییه‌كانی‌ نه‌یاری‌ مالیكی‌.

ساڵح موتڵه‌گ جێگری‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "هێشتا بڕیاری‌ گه‌ڕانه‌وه‌مان نه‌داوه‌، ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌مان گرێداوه‌ به‌جێبه‌جێكردنی‌ خواستی‌ خۆپیشانده‌رانه‌وه‌و داوا له‌مالیكی‌ ده‌كه‌ین دانیشتنێكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران گرێ‌ بدات كه‌ كارنامه‌كه‌ی‌ بریتی‌ بێت له‌گفتوگۆكردن له‌باره‌ی‌ ئه‌و داواكارییانه‌وه‌".

ده‌نگۆی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ موتڵه‌گ‌و كه‌ربولی‌ بۆ ناو حكومه‌ت له‌شه‌وی‌ 17ی‌ ئازار (مارس)ه‌وه‌ دزه‌ی‌ كردووه‌، كاتێك مالیكی‌ ئێواره‌خوانێكی‌ ئاهه‌نگ ئامێزی‌ بۆ هه‌ردوو سه‌ركرده‌كه‌ رێكخستبوو، دانیشتنه‌كه‌ش به‌رێكه‌وتنێكی‌ سه‌ره‌تایی‌ كۆتایی‌ پێهات بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئه‌و دوانه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگادار له‌كۆبوونه‌وه‌ی‌ "ئاهه‌نگی‌ ئێواره‌خوانه‌كه‌" به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "سه‌ركرده‌ی‌ به‌ره‌ی‌ دیالۆگ‌و كوتله‌ی‌ حه‌ل بڕوای‌ ته‌واویان به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ راگه‌یاندنی‌ بڕیاری‌ گه‌ڕانه‌وه‌ به‌م خێراییه‌، قه‌یرانێكی‌ نوێ‌ له‌گه‌ڵ‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی‌ عێراقییه‌ ده‌خولقێنێت كه‌ عه‌لاوی‌ رێبه‌رایه‌تی‌ ده‌كات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌كێشه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ كه‌ رووبه‌روویان ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ ره‌نگه‌ پاڵێوراوی‌ ئه‌و دوو كوتله‌یه‌ له‌و ناوچانه‌ی‌ چه‌ند مانگێكه‌ خۆپیشاندانیان تێدایه‌ دژی‌ حكومه‌ت دوچاری‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ كوشتن ببن".

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات "مالیكی‌ ئاگای‌ له‌م مه‌ترسیانه‌یه‌و باش لێیان تێده‌گات، به‌ڵام ئه‌و په‌له‌یه‌تی‌ له‌گه‌ڕانه‌وه‌یان، چونكه‌ كات له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ نییه‌، به‌تایبه‌تی‌ پاش رۆیشتنی‌ سه‌در بۆلای‌ نه‌یاره‌كانی‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ بڕیاری‌ كشانه‌وه‌ی‌ یه‌كجاری‌ له‌حكومه‌تی‌ لێبكه‌وێته‌وه‌، له‌كاتێكدا پێشتر به‌شداری‌ ئه‌ندامه‌كانی‌ له‌دانیشتنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران هه‌ڵپه‌ساردبوو".

له‌رووی‌ ئه‌منییه‌وه‌ كێشه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌تر رووبه‌رووی‌ موتڵه‌گ‌و كه‌ربولی‌ ده‌بێته‌وه‌، به‌و پێیه‌ی‌ تیمی‌ هه‌ردوو سه‌ركرده‌كه‌ له‌م مانگه‌دا چه‌ند راپۆرتێكیان به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات ئه‌گه‌ر رایبگه‌یه‌نن كه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ناو حكومه‌ت، ئه‌وا لایه‌نگران‌و پاڵێوراوانی‌ هه‌ردوو كوتله‌كه‌ رووبه‌رووی‌ كوشتن ده‌بنه‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ له‌لایه‌ن نه‌یاره‌كانی‌ مالیكییه‌وه‌ په‌راوێز ده‌خرێن، به‌تایبه‌تی‌ له‌پارێزگای‌ ئه‌نبار.

سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ سیاسی‌ كه‌ پێی‌ باش بوو ناوی‌ ئاشكرا نه‌كرێت به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "موتڵه‌گ به‌شێوه‌یه‌كی‌ راسته‌وخۆ چه‌ندین جار هه‌ڕه‌شه‌ی‌ لێكراوه‌، دیارترینیان له‌لایه‌ن ئه‌و كه‌سه‌وه‌ بووه‌ به‌رێنوێنیكاری‌ لیستی‌ عێراقییه‌ ناسراوه‌، ئه‌ویش گه‌وره‌ سه‌رمایه‌داری‌ عێراقی‌ خه‌میس خه‌نجه‌ره‌ كه‌ له‌ئه‌رده‌ن داده‌نیشێت‌و بڕیاری‌ سیاسی‌ لیستی‌ عێراقیه‌ی‌ به‌ده‌سته‌، ئه‌ویش له‌لایه‌ن چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ جیاوازه‌وه‌ به‌رێوه‌ ده‌برێت".

سه‌رچاوه‌كه‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ "په‌یوه‌ندییه‌كی‌ ته‌له‌فۆنی‌ له‌نێوان موتڵه‌گ‌و یه‌كێك له‌سه‌ركرده‌كانی‌ عێراقییه‌دا روویداوه‌، ئه‌وه‌ی‌ دووهه‌میان به‌سه‌رۆكی‌ به‌ره‌ی‌ دیالۆگی‌ وتووه‌ ئه‌گه‌ر له‌حاڵه‌تی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ت بۆ حكومه‌ت له‌توڕه‌یی‌ شه‌قام نه‌ترسیت، ئه‌وا ده‌بێت ترست هه‌بێت له‌سه‌ر ژیانی‌ خێزانه‌كه‌ت".

له‌و كاته‌وه‌ی‌ باس له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ موتڵه‌گ‌و كه‌ربولی‌ ده‌كرێت بۆ ناو حكومه‌ت، ئه‌ندامانی‌ حیزبی‌ ده‌عوه‌ یه‌ك له‌دوای‌ یه‌ك له‌رێی‌ راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ پێشوازی‌ له‌و بڕیاره‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌و راگه‌یاندنه‌ پێشوه‌خته‌ سه‌ركرده‌كانی‌ حه‌ل‌و به‌ره‌ی‌ دیالۆگی‌ بێزار كردووه‌و تووشی‌ روگیری‌ كردوون، به‌و پێیه‌ی‌ ئه‌وان پێویستیان به‌كاتی‌ زیاتر بوو بۆ راگه‌یاندنی‌ مه‌سه‌له‌كه‌.

به‌هۆی‌ ئه‌و روگیرییه‌وه‌ هه‌ندێ‌ له‌ئه‌ندامانی‌ كوتله‌كه‌ی‌ موتڵه‌گ ناچار بوون هه‌واڵه‌كه‌ به‌درۆ بخه‌نه‌وه‌، له‌مڕووه‌وه‌ حه‌مزه‌ كرتانی‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "ئه‌و وه‌زیرانه‌ی‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناو حكومه‌ت ئه‌وا به‌یاخیبوو له‌بڕیاره‌كانی‌ كوتله‌ی‌ عێراقییه‌ هه‌ژمار ده‌كرێن‌و له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ ئیراده‌ی‌ ئه‌و لیسته‌وه‌ن".

پێده‌چێت گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ چاوه‌ڕوانكراوی‌ وه‌زیره‌كانی‌ موتڵه‌گ‌و كه‌ربولی‌ له‌به‌ر یه‌كهه‌ڵوه‌شانی‌ له‌نێو لیستی‌ عێراقیه‌دا دروست كردبێت، له‌مڕووه‌وه‌ ناكۆكییه‌ك به‌روونی‌ له‌نێوان ئوسامه‌ نوجێفی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان‌و دیارترین بڕیار به‌ده‌سته‌كانی‌ كوتله‌كه‌ی‌ عه‌لاوی‌ له‌گه‌ڵ‌ موتڵه‌گدا دروستبووه‌.

نوجێفی‌ به‌ره‌ی‌ دیالۆگی‌ به‌وه‌ وه‌سف كرد كه‌ "گروپێكی‌ بچكۆله‌ن‌و ناتوانن بڕیاری‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ حكومه‌ت بده‌ن" له‌به‌رامبه‌ردا موتڵه‌گ به‌وه‌ وه‌ڵامی‌ دایه‌وه‌ كه‌ به‌ره‌ی‌ دیالۆگ "دڵی‌ لیستی‌ عێراقیه‌یه‌و ئه‌و كۆڵه‌كه‌یه‌یه‌ كه‌ لیسته‌كه‌ی‌ له‌سه‌ر دروست بووه‌".

رای‌ گشتی‌ پێویستی‌ به‌شه‌ڕه‌ قسه‌ی‌ موتڵه‌گ‌و نوجێفی‌ نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بزانن ئه‌و كوتله‌یه‌ چه‌نده‌ له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شاوه‌، چونكه‌ بۆ خۆیان به‌سێ‌ لیستی‌ جیاواز به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكانیان كردووه‌ كه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌عێراقیه‌ی‌ عه‌ره‌بی‌‌و عێراقیه‌ی‌ حوره‌و گروپی‌ موته‌حیدون.

ره‌نگه‌ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردنیش بۆخۆی‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ موتڵه‌گ بێت كه‌ له‌ئاینده‌ی‌ پێگه‌ی‌ خۆی‌ له‌ناوچه‌ سوننییه‌كان ده‌ترسێت، رووداوی‌ په‌لاماردانیشی‌ له‌گۆڕه‌پانی‌ مانگرتنی‌ ئه‌نبار باشترین نموونه‌ی‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌یه‌، وه‌ك چۆن ئه‌و رووداوه‌ ئاستی‌ ناكۆكییه‌كانی‌ نێوان سه‌ركرده‌كانی‌ عێراقیه‌ ده‌رده‌خات.

به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ ماكیكی‌ قازانجێكی‌ رێژه‌یی‌ ده‌ست ده‌كه‌وێت له‌كه‌رتبوونی‌ عێراقیه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ موتڵه‌گ بۆ حكومه‌ت، چونكه‌ ئه‌و بۆخۆی‌ تووشی‌ بارێكی‌ ناجێگیر بووه‌و به‌هۆی‌ ئاماده‌نه‌بوونی‌ 20 وه‌زیره‌وه‌ حكومه‌ته‌كه‌شی‌ له‌مه‌حه‌كدایه‌، ره‌نگه‌ بۆمالیكی‌ "ئاشتبوونه‌وه‌ی‌ ناچاری‌" له‌گه‌ڵ‌ موتڵه‌گ‌و كه‌ربولی‌ چاره‌سێكی‌ كاتی‌ بێت بۆ ئه‌و گورزه‌ی‌ له‌لایه‌ن ره‌وتی‌ سه‌درو نوجێفیه‌وه‌ به‌ریكه‌وتووه‌.

ئه‌گه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ موتڵه‌گ‌و كه‌ربولی‌ سه‌ربگرێت ئه‌وا كوتله‌كه‌یان شوێنی‌ وه‌زیره‌كانی‌ عێراقیه‌ پڕده‌كاته‌وه‌، به‌پێی‌ ئه‌و زانیاریانه‌ش كه‌ لێره‌و له‌وێ‌ دزه‌یان كردووه‌، ئه‌وا موتڵه‌گ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام ناكۆكییه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ‌ مالیكی‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ موتڵه‌گ چی‌ ده‌بێت له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ مالیكی‌ وه‌ك فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان.